بەحیزبیکردنی چەمکی خیانەت و بەتاڵکردنەوەی لە ناوەڕۆکە نیشتیمانییەکەی

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-08-31     366

لە سۆنگەی نانیشتیمانییانە وروژاندن و مامەڵە لەگەڵ کردن و بە حیزبیکردنی چەمکی خیانەت و سەقەت دەست بۆ بردنی لە باشوری کوردستاندا، چەمکەکە تا ڕادەیەکی زۆر شێواو سواوەو ناوەڕۆکە نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقییەکەی خۆی لەدەستداوە. تەنانەت لە ھەندێ ڕووەوە، وەزیفەی پێچەوانەی خۆشی دەبینێت؟ واتە لە جیاتی ئەوەی وروژاندنی ھوشیاری و بەربەستی دەرونیی بەرامبەری بەھێزبکات، ئینتیماو ڕێز بۆ نیشتیمان و گەلی کوردستان بەھێ لە ویژدانی گەلدا قوڵتر بکاتەوەو خیانەت لە ھەست و ئاگایی و فەرھەنگی ژیانکردنی ھاوڵاتیاندا نامۆو بێزراوبکات، نائومێدی و ھەست بە پوچگەرایی سیاسی و ئەخلاقیی زیاتر پەرەپێدەدات و نیشتیمان بێ خاوەنتردەکات!

چەندین ھۆکاریش لە پشت ئەم دۆخەو جۆری مامەڵەکردنەیە لەگەڵ چەمکی خیانەت، لەوانەش:

١- ناڕوونی و لاوازی نەگۆڕەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئامانجە نەگۆڕ و تەوافوق لەسەرکراوە نەتەوایەتیەکان و ملکەچ بوونیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ خواستی ھێزە ناکۆکەکان و گەمەو پێچکردنەوە سیاسییەکان لە ھەل و مەرج و ڕەوشە جۆراوجۆرەکاندا، کە ئەوەش یەکسانە بە بوونی ناسیونالیزمێکی شێواو کرچ و کاڵ.

٢- نەبوونی ناسنامەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو کە پێویستیەکی خەمڵاندنی ناوەڕۆکی گەلی کوردستان و ھەست و ئامانجی ھاوبەشی کوردستانیانە.

٣- نەبوونی دەسەڵات و قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتوو بەدامەزراوەیی کراو لە ھەرێمدا.

٤- نەبوونی دام و دەزگای داوەری بەھێز و بێ لایەن و سەربەخۆ.

لە سایەی بوونی ئەو ھۆکارانەی سەرەوە، بەزیندوویی ھێشتنەوەو وروژاندنی حیزبیانەو تەقلیدیانەی باسی خیانەت و بەپڕوپاگەندەکردنی، لە جیاتی ئەوەی ببێتە ھۆکاری بنبڕکردنی و بەھێزکردنی ڕیزەکانی گەل دژ بە خیانەتکاران، خیانەتی لە ناوەڕۆکە نیشتیمانیەکەی بەتاڵکردۆتەوە، تەنانەت لە ھەندێ ڕووەوە گۆڕیویشیەتی بە ماف. واتە، بیرکردنەوە بە گوێرەی ئەو پێوەرەی کە مادام بەرامبەرەکان پەنایان بردۆتە بەر دوژمن و بێگانەو پەلکێشی کوردستانی کردووە بۆ مافی من نەبێت بەھەمان پێوەر لە کاتی پێویستدا ھەمان ڕەفتار بنوێنم!!

ھەروەھا وروژاندنی باسی خیانەت لە مێژووی ھاوچەرخی ئێمەدا، وەك ئامرازێکی ئاسایی تۆڵەکردنەوەی سیاسی و سەربازی و ڕێکارێك بۆ گۆڕینی ھاوسەنگی ھێز بە قازانجی خودی حیزبی وب ەکارھێنانی وەك کەرەسەی پڕوپاگەندەی سیاسی و حیزبی بۆ ناوزڕاندن و ئیحراجکردنی بەرامبەر و ناچارکردنی بۆ ھەڵنەدانەوەی لاپەرە تاریکەکانی ئەم لەم بارەوە!

لەو سۆنگەشەوە، کە ھەر دوو تایەفە سیاسیەکەی کوردستان، لە ڕوانگەی خۆیانەوە پێناسەی خیانەت دەکەن و پێناسەیەکی نیشتیمانی یەکگرتوو ھاوبەشمان بۆ چەمکەکە نیە، کە دام و دەزگایەکی نیشتیمانی بەرجەستەی بکات و ڕایەکی گشتی لە پشتەوە بێت، وروژاندنی بابەتەکە لە جیاتی ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی، زۆرتر ئاسایی دەکاتەوە! ناکۆکی و ڕقی دووسەرە بەرامبەر یەکتر زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە، کە لە ڕابردوودا بەشێکی گرنگی ژێرخانی خیانەتی پێکھێناوە.

جگە لەوە، بەردەوام بوون لەسەر یەکتر تۆمەتبارکردن بە خیانەت بە دیدو،باگراوندە حیزبی و تایەفیەگەریەی ئێسا، ھێندەی تر دامەزراوە گشتیەکان بێ بەھاتر دەکات، زۆر واتا بۆ گەلی کوردستان ناھێڵێتەوەو ئەوەندەی تر کەم ڕەنگتری دەکات و لە ناوەڕۆکەکەی خاڵیی دەکاتەوە. ھەموو ئەوانەش وا دەکات لە چاوی ئەنجامدەرانیدا، خیانەتکردنەکان ببنە خیانەتی پارتی و یەکێتی بەرامبەر یەکتر نەك خیانەت لە گەلی کوردستان و نیشتیمان و مەسەلە ڕەواکەی و ناسیونالیزمی کوردی! ئەوەی ئەم تایەفە بە خیانەتی دەزانێت ئەوی تر دەشێ جێی شانازی بێت! ئەوەی لای ئەمیان خائینە لای ئەوی دی قارەمانە!! کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ھێمای ژیانە لە دۆخی کارەساتێکی ڕاستەقینەدا ،لەبەرئەوەی حیزب و تایەفەی سیاسی دەکات بە ئامانج و،گەل و نیشتمان و مەسەلەی کوردستانیش بە ئامراز؟!

ھەموو ئەوە دەخوازێت، ئەم یادکردنەوە حیزبیانە قەدەغە بکرێن، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ھاووڵاتیان نائومێد نەکرێن و یاری بە پاشماوەی ھەستی نیشتیمانیان نەکرێت و بریندار نەکرێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×