ڕونکردنەوەکەی تەندروستیی سلێمانی و چەند سەرنجێک

د.هەژار مه‌عروف
  2022-09-01     1053

پاشنیوەڕی ڕۆژی ٢٤ ی ٨ ی ٢٠٢٢ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە ڕونکردنەوەیەک دا نکولیی لەوەکرد کە نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی سلێمانی فرۆشرابێت.

١. لە ڕونکردنەوەکەدا هاتوە (هەمو ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی نەخۆشخانەکە دەکرێت ڕەتدەکەینەوە)، هەروەها هاتوە (لە ئێستایا کاری نەخۆشخانەکە نەوەستاوە و بەردەوامە لە خزمەتکردن و ڕۆژانە نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ نەشتەگەریی تێدا ئەنجام دەدرێت و هیچ خزمەتگوزاریەک لە نەخۆشخانەکە ڕانەگیراوە).

ئایا بۆ دەرخستنی ناڕاستیی دەنگۆیەکی ئاوا بۆ خەڵک ترسناک ئەم زانیاریانە بەسە؟ ئایا نەدەبو بڵێن خەڵکی سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە پلانی فرۆشتنی ئەو نەخۆشخانەیە و هەر نەخۆشخانەیەکی تری حکومەتی نە لە ئێستا و نە لە ئایندەدا نیە و نابێت؟ ئایا نەدەبو لە ڕونکردنەوەکەدا بهاتایە هەروەها گۆڕینەوەی ئەو نەخۆشخانەیە و هیچ نەخۆشخانەیەکی تر بە هیچ پارچە زەوی یا بینای خەستەخانە لە شوێنێکی تری سلەیمانی  یا بە هەر پینەوپەڕۆیەکی تری یاسایی نە لە ئێستا و نە لە ئایندەدا لە ئارادا نیە؟ دەتوانی بە چەندین شێواز موڵکێک لە دەست کەسێک یا حکومەتێکی بێ خاوەن دەربێنی و بیکەی بە هی خۆت بێ ئەوی بیکڕیت!

٢ . ئەوە ڕاستە کە  قەیرانی کەمکردنەوەی موچە لە ساڵی  ٢٠١٥ وە و شەپۆلی کۆرۆنا لە  ٢٠٢٠ و٢٠٢١ دۆخی دەسگاکانی تەندروستیی شڵەژان وتێکدا، باشە خۆ ئێستا دۆخەکە تا ئاستێکی باش ئاسایی بۆتەوە، بۆچی وەک جارانی پێش ئەو ٢ قەیرانەی لێناکەنەوە؟ جاران لە نەخۆشخانەی فێرکاری دا هەم بەشی چارەسەرکردنی نەخۆشیە هەناویە گەرم و پەلەکان هەبو هەم بەشی چارەسەرکردنی نەشتەرگەریە گەرم و پەلەکان هەبو، ئێستا ئەم دو بەشە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار، هەروەها بەشی هەناویی نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن (جمهوری) کە لە چەند قاوشێک پێکهاتبو گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار، باشە بۆچی؟ ئایا نەخۆشخانەی شار جێگای ئەم هەموە نەخۆشەی تیادەبێتەوە؟ بێگومان نەخێر! ئەی چارە؟ دەبێت کەس و کاری نەخۆش بە هەر کوێرەوەریەک بوە نەخۆشەکانیان بەرن بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان کە وەک قارچک لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک هەر لە زیادبوندان. 

جاران لە هەردو بەشی نەخۆشیە نەشتەرگەریە گەرمەکان و سارەدەکان ی نەخۆشخانەی فێرکاری لە ڕۆژێکدا ژمارەیەکی زۆر زۆرتر لە ٢٥ یا ٣٠ نەخۆش عەمەلیات دەکران، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی نەدەبو بکەوێتە هەڵوێستی بەرگریکردن لە خۆی بەوەی بلێت (هیچ خزمەتگوزاریەک لە نەخۆشخانەکە ڕانەگیراوە) کە وەک لە سەرەوە ڕونمکردەوە ئەمە ڕاست نیە چونکە خزمەتگوزاریی چارەسەری نەخۆشی نەشتەرگەریی گەرم و هەناویی گەرم  لە نەخۆشخانەی فێرکاری لە مێژە ڕاگیراوە ، وە ژمارەی عەمەلیاتە ساردە ناپەلەکان لە نەخۆشخانەی فێرکاری لە چاو جاران دا زۆر زۆر کەمیکردوە. تەندروستیی سلێمانی  دەبو باسی پێشکەوتن و گەشەکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانی نەخۆشخانەی فێرکاری بکردایە نەوەک شانازی بەزانیاریەکی ناڕاستەوە بکات  کە گوایە (هیچ خزمەتگوزاریەک لە نەخۆشخانەکە ڕانەگیراوە).

بێگومان ئاوەکە گەورەکانی ناو دەسەڵاتی کوردی لە سەری سەرەوە ڕشتویانە بەوەی کە بە پلان و بە  هۆشیاریی تەواوەوە کەرتی گشتیی تەندروستی (کەرتی حکومەتی) ئیهمال دەکەن و وردە وردە دەیپوکێننەوە تا نابوت دەبێت، لە بەرامبەریشدا کەرتی تایبەتی تەندروستی گەشەپێدەدەن و بەم سیاسەتە تەندروستیە تەندروستیی چینەکانی خوارەی کۆمەڵ بێبەزەییانە وێران دەکەن.

ئیمڕۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دا هەیە (بازاڕی تەندروستی) یە نەوەک  (سیستمی تەندروستی) ، ئەو کاڵا هەرزانەی لەو بازاڕە بێ بەزەییەدا بازرگانیی پێوەدەکرێت ژیان و تەندروستیی مرۆڤەکانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×