هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەكە كۆتایی هاتووە ؟

عیماد عه‌لی
  2022-09-13     394

خەریكە گرێكوێرەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق بەناچاری بەرەو چارەسەر دەروات و هەنگاوەكان هەمووی بەرەو گرتنەبەری رێگەی ناچاری دەرۆن و هەر لایەك فریای خۆی دەكەوێت و كۆتا بریاری خۆی دەدات و ئەوەی دەمێنێتەوە كە رەوتی صەدرە تەنها دوو ئەگەر لەبەردەمیدا دەمێنیتەوە؛ یان بەەناچاری رازیبون بە پێكهێنانی حكومەت لە لایەن چوارچێوە و كورد و سونە و مانەوە وەك ئۆپۆزسیۆن وەك خۆدەربازكردن بە دەرچەیەكی گونجاو  یان پشێوی و بەردەوامی ململانێی سەختی لەگەڵ هەمووان تەنانەت گرتنەبەری كردەوەی چەكداری، لەو بارەوە صەدر تەنها رێگەی لەوەدا دەمێنیتەوە بۆ دواخستنی ئەو هەنگاوە ناچاریانەی لایەنەكان دەیگرنە بەر. 
پاش كۆبونەوەكەی پارتی و سیادەی سونە دەرچەیەك كرایەوە و هەموو ئەگەرەكان روو لەوەیە كە حكومەتێك ئەگەر كاتیش بێت پێكبهێنرێت و وادەی هەڵبژارنی پێشوەختە كە ئەویش ئەگەرێكە  بەم بارودۆخەی عیراق دوور دەبێت و لەم نێوەندەدا صەدر و جادەكەی بە تەنها دەمێننەوە و هەنگاوی كردەیی تەنها لە هەوڵدان بۆ پشێوی زیاتر و دانەنیشتنی یان دواخستنی كاری پەرلەمان خۆی دەبینێتەوە، ئەگینا پارتی تیشكی سەوزی وەرگرتووە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هاوبەشی هەردوو حزب بە دڵخوازی پارتی و بەشداری كارای لە حكومەتی نوێی عیراق كە بەرای زۆرینەش باشترین رێگەیە بۆ پارتی لەبەر ئەوەی هەنگاوەكانی صەدر متمانەپێكراو نین و هەر رۆژەو لەسەر رایەكە و تەنانەت لە بنەرەتدا زۆریش باوەری بە مافە كانی كورد و سونە نیە و ئەگەر ئەو هاوپەیمانیەی لەگەڵ سونە و كورد پێكهێنابێت بەڵام كارێكی تەكتیكی بووە.
بە پێی سەرچاوەكانیش لەوە دەچێت كە لە 20 ی ئەم مانگە پەرلەمانی عیراق دانیشتنی خۆی ببەستێت و پرسی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكرێتەوە و تەنانەت لەوەش دەچێت سەرۆك وەزیرانی نوێش تەكلیف بكرێت و لایەنەكان بەناچاری زۆر نزیكن لەوەی حكومەتی كاتی پێكبێت. ئەوەی زیاتر هەنگاوەكانی خێراتر كردووە بریاری داداگای فیداراڵی بوو لە مەر هەڵوەشانەوەی پەرەلەمانی عیراق و هەموو رێگەكانی لەوە كۆكردەوە كە هەموو ناچاربن تەنها پێكهێنانی حكومەت تاكە دەرچەیەكی كراوە بێت لە بەردەمیاندا، ئەوە ئەگەر دۆخەكە بوار بدات حكومەتەكە كاتی بێت نەك هەمیشەیی. هەنگاوەكانیش هەمووی ناچاری دەبێت بەو پێیەی كەس نایەوێت پێشێلكردنی ماوە دەستوریەكان بەردەوام بێت و هەر هیچ نەبێت لە بەرژەوەندی هەمووانە كە بریاری ناچاری بدەن ئەگەر رازیش نەبن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هاوپەیمانێتیە سێ قوڵیەكە كۆتایی هاتووە و سونە و كوردیش لە حكومەتی نوێ بەشدار دەبن و چوارچێوەش ئەمەی لەخودا دەوێت. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×