خوێندن بەکەڵکی چیدێ؟

هاوڕێ جەمال
  2022-09-14     581

بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە رۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/٩/١٣، یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندن لە قوتابخانەکان دەستیپێکرد.
ساڵانە بەنزیکەیی لەھەرێمی کوردستان سی ھەزار خوێندکار لە زانکۆو پەیمانگاکان دەرئەچن و بڕوانامە بەدەسئەھێنن، ئەم خوێندکارانە جگە لەوەی تا خوێندن تەواو ئەکەن بارگرانیەکی زۆر دەخەنە سەرخێزانەکانیان، گەورەترین کێشەش کە رووبەڕوویان ئەبێتەوە لە پاش تەواو کردنی خوێندن بریتیە لە دامەزراندنیان لە کەرتی حکومی، یان دۆزینەوەی کار لە کەرتی تایبەت.
جیلی نەوەتەکان بەرەوخوار گەر کێشەی داراییان ھەبووبێ لە تەواوکردنی خوێندن، بەڵام ھیوایەکیان بە خوێندن ھەبووە کە لە دوارۆژدا بەھۆی ھەلی دامەزراندن لە کەرتی حکومیدا، لەبەر سێبەری ئەو بڕوانامەیەی بەدەستی ئەھێنن بحەسێنەوەو قەرەبووی ئەو خەرجی و ماندووبوونە بکەنەوە کە لەو بڕوانامەیەدا کردویانە و کێشاویانە، بەڵام جیلی ئێستا لەسەروو ئەوەوە کە خەرجی خوێندن رۆژ لەدوای رۆژ زیاد ئەکا، لەھەمانکاتیشدا ھیچ چانسێک نیە بۆ دامەزراندن و سود وەرگرتن لەو بڕوانامەیەی کە بەدەستی دێنن.
گەر پرسیاری دوێنێی دایکان و باوکان ئەوە بووبێ چۆن بەو داھاتە کەمەی بەردەستیان خوێندن بەمنداڵەکانیان تەواو بکەن؟ ئەوا لەئەمڕۆدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کاتێک رۆڵەکانیان خوێندنیان تەواو کرد دوای ئەوە چی بکەن؟ ھەر بۆیە ئەبینین و ئەبیستین کە رۆژ لەدوای رۆژ بەھای خوێندن لەم مەملەکەتە رووی لەدابەزینەو بەئاشکرا دایکان و باوکان ئەوە ئەڵێن: وا منداڵەکانمان خوێندنیشیان تەواو کرد گەر دانەمەزرێن یا کارێک نەبێ بیکەن، ئەو خوێندنە بەکەڵکی چیدێ؟!
پرسیاری جەوھەری ئێستا لەناو خێزانی کوردا ئەوەیە ئایا تەواو کردنی خوێندن جا چ قۆناغی زانکۆ بێ یا پەیمانگا یا ئامادەیی، ھیچ لە ژیانی نەوەکانیان ئەگۆڕێ؟
چەمکی خوێندن و خوێندەواری لە ئەمڕۆدا نامۆترین و لاوازترین چەمکە لە ھزری تاکی کوردیدا، نامۆیی و لاوازی بەو مانایەی داکۆکیکارێکی سەرسەخت نیە بۆ بەرگری لێکردن و ھاندانی نەوەکانمان بۆ خوێندن.
پرسیاری ئێمەش ئەوەیە؛ ئایا خوێندن لەدەرەوەی دامەزراندن و دۆزینەوەی (وەزیفەیەک) کە ببێتە سەرچاوەی بژێوی تاکەکان نەک سەرچاوەی ھۆشیاری و مەعریفی ھیچ بەھایەکی ھەیە؟
مامۆستا عەلائەدینی سوجادی لە رشتەی مرواری بەسەرھاتێکمان بۆ دەگێڕێتەوەو دەکرێ وەڵامێکی سەرپێیی ئەم پرسیارەمان باتەوە، رۆژێکیان
مەحمود پاشای جاف لە (باخە کۆن) لە دیواخانی شێخی حیسامەدیندا پێکەوە دائەنیشن، لەو وەختەدا زابتێکی ئەفەندیش دێتە دیوەخان و مەحمود پاشا ئەیناسێ و بەشێخی ئەناسێنێ و ئەڵێ: یاشێخ ئەمە لەمەکتەب خوێندویەتی و بووە بەزابت، بائێمەش منداڵەکانمان بخەینە مەکتەب و فێری خوێندەواری ببن.
ئەوان لەم قسانەدا ئەبن، ئەفەندیەکە ھەڵئەستێ و ئەچێ تۆزێک لەولای ئەوانەوە، بەپێوە دەسئەکا بەمیز کردن، شێخ حیسامەدین ئەڵێ: پاشا ئەمەیە مەکتەبێ کەوا تۆ ئەوەندە بەتان و پۆیا ئەچی؟ مەحمود پاشاش ئەڵێ: یاشێخ ئەگەر لەمەکتەب نەیخوێندایە میزەکەی ئەکرد بەسەرووچاوی ئێمەدا.!ل٣٦
جا ھەر یەکەمان با خۆی ئازادبێ لەوەڵامێک بۆ پرسیاری، ئایا خوێندن بەکەڵکی چیدێ؟ پرسیاو وەڵامێک، دەکرێ لێیەوە بزانین کۆمەڵگە بەرەو کوێ ملدەنێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×