رقی چێنراو

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2022-09-17     427


کوشتنی ژینا ئەمین تەنها هۆکار لەچکەکەی یان کوردبونەکەی نییە هێندەی رقێکی چێنراوە، رۆژانە هەزارەها ژینا ئەمین و هاوشێوەکانی جا چ کچ بێت یا کور بێت دەکوژرێ یان زیندان دەکرێ یان سوکایەتی پێدەکرێت، نەک تەنها لەئێران، بەڵکو تورکیا سوریاو عیراق یان هەر وڵاتێک کە رق تێیدا چێنراوە رۆژانە لەم کارەساتە دڵتەزێنانە دەبینین و دەبیستین.

رقی چێنراو دروستکردنی دۆخێکی دەرونییە لەناو تاکدا بۆ بە ئاراستە بردنی بەو رێگاو بیرەی کە خولقێنەری رقەکە دەیەوێت ئاراستەی کەسەکە بکات تا مەبەستە شاراوەکانی بپێکێت ئامانجە تایبەتەکانی بەدیبێنێت، سەرەتا دروستکردنی جیاوازی چینایەتی لەروی ئابوری بێت یان نەتەوەیی یان رەنگی پێست و زمان و رەگەز هۆکاری سەرەکی دروستکردنی رقە لە ناو تاکدا. هەر ئەم تاکە هێدی هێدی تەشەنە دەکات بۆ بەشەکانی دی کۆمەڵگاو بەرەو ژێرتری خۆی تا دەبێتە دیاردە لە ناو کۆمەڵگادا.

سەرتاکانی چاندنی رق لەکوردوستانیش بەدیارکەوتوە، لەجیاکردنەوەی ئەوانەی لەبەرزاییەکانی دەژین لەوانەی لەنزماییەکان، لەنێوان ئەوانەی لە مزگەوتەکانن لەگەل ئەوانەی لەدەرەوەی مزگەوتەکان مودێرنانە دەژین لە نێوان ئەوانەی لەخوێندنگای تایبەتن لەگەل خوێندنگای حکومیدا، لەنێوان ئەوەی لە ناو حیزبدایەو ئەوانەی لە دەرەوەی حیزبن، ئەم جیاکارییە دەبێتە هۆی دروستبوونی دوو فەزای جیاواز دوو بیر و دیدبینی جیاواز، ئەمە دروستە ئەگەر تاکەکانی دوو دنیاکە بەئاسانی تێکەڵبکرێن‌و بەشێوەیەکی زانستی و مۆڤدۆستانە پەیوەندییەکان رێکبخرێت، بەڵام دروستکردنی سیاجی بەرز لەنێوانیاندا جیاکردنەوەیان بەبیانوی جیاوازو دورخستنەوەیان لەیەک رق دروستدەکات لە ناو هەردولادا، ببینە لەشارەکانی هەرێم زۆنی ئاڵتونی و زۆنی قوراوی بە جۆرێک زەق کراوەتەوە وەک ئەوەی ئەوانەی زۆنی قوراوی لە جیهانی سێهەم بن و زۆنی ئاڵتونی لە چینە یەکەمەکانی کۆمەلگە بن.

چاندنی رق یان رەوانەوە و نەهێشتنی کاری دەسەڵاتە  لە هەر جێیەک ئەو جۆرە لەرق گەشەی کردو زەق بوەوە لەسودی دەسەلاتە، ئەو پولیسەی دارەکەی دا بەسەری مینایە نەلای خوداوە هاتبو نەخودا نامەی بۆ ناردبوو. لەپشتی مێشکی ئەو پۆلیسە بروانە هەموو جۆرەکانی رق دەبینی کە تێیدا چێنراوە ،رق بوونی لەجیاوازی جێندەری لەجیاوازی ئاینی و بیرورا  له‌جیاوازی نەتەوەی و زمان لەجیاوازی ئاستی رۆشنبیری و رەوشتیدا، ئەمە نمونەیەکە ئەگەر بەراودر بکرێت بە تاکێکی تورک پێی قبولناکرێک کوردێک لە ئەستەمبولدا بە کوردی قسە بکات هەمان ئەو رقە چێنراوەیە یان بەراوردی بکەی بە کەسێکی ئەمنی کاتێک لە خۆپیشاندانەکانی هەریمی کوردستان قاچ دەخاتە سەری هاولاتیەک یان شەق لە مامۆستایەک هەڵدەدات یان سوکایەتی با ئافرەتێک دەکات هەمان رقی چێنراوە. هەموو ئەمانە کاری دەسەڵات و پەروەردەیە کە ئەو رقە بچێنن و گەشەی پێبدەن یان بیرەوێننەوە کاڵی بکەنەوە و نەیهێڵن. 
دەبینین میناکان  بەرەو زۆر بوون و دەچن و پۆلیسەکانیش زیاتر دەکەن و رقەکانیش گەورەتر دەکرێن ئەمە سیستمی نوێی جیهانییە کە تێیدا دەژین.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×