ژینا، مەرگێک بە ووزەیەکی گەورەوە، خۆپیشاندانەکان و دروشمبازیی کامپنشیینان

ئەحمەد ڕەسوڵ
  2022-09-23     337

 زۆرینەمان ئەو دەستەواژەیەمان بیستووە کە دەڵێت فەلسەفاندن واتا فێربوونی ئەوەی چۆن بژیین، بەڵام ڕێک لە پێچەوانەی ئەمەدا سیسرۆ یان سیسرۆن  "فەیلەسوف و وتاربێژی گەورەی ڕۆمانیی ١٠٦ پ.ز. – ٤٣ پ.ز." لەبارەی فەلسەفە و مەرگەوە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، دەڵێت: "فەلسەفاندن ئەوەیە فێر ببیت چۆن بمریت" هەرچەندە لە ڕواڵەتدا ئەم دوو دەستەواژەیە لەبارەی فەلسەفەوە پێچەوانەن بەڵکو لە ناواخندا هەمان شتمان پێذەڵێن. ئەگەر فەلسەفە ئەوە بێت فێرببین چۆن بژیین هەڵبەت ئەوەش فێر دەبین چۆن بمرین. سیسرۆن لە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی دیکەیدا دەڵێت: "با مردن ژیانت بگۆڕێت" بە واتای ئەوەی کە مرۆڤ نەوەکو لە ژیاندابوونی گۆڕانکاری بسازێنێت ڕووداو دروستکەر بێت و کاریگەی بەسەر تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکانەوە و کۆمەڵگاوە بە گشتی دابنێت، بەڵکو مردنیشی گۆڕانکاری و ڕووداو بێت هەم بۆ خودی خۆی و هەم بۆ ئەوانیدیکەش. مەرگێک کە مێژوو دروستبکات یان وەرچەرخان دروست بکات لە نێو مێژوودا.

ئەوەی ئێمە بەرەوڕووی بووینەتەوە مەرگێکە بەبێ بیرلێکردنەوە و بەبێ فەلسەفاندن. هێزی ئەم مەرگە و ئەو ووزەیەی دەیخاتە نێو جڤات و مێژووەوە لە بەرائەت و پاکیییەکی بێئەندازە لەلایەکەوە و زوڵم و ناحەقییەکی بێئەندازە لەلایەکیترەوە سەرچاوە دەگرێت. ژینا ئەمینیی، مەرگی بوونێکی پڕ لە بەرائەت و مەرگێکی هێندە ستەمگەرانە و بە زوڵمێکی هێندە گەورەوە، لە مێژوودا دەنگدانەوە و تێپەڕینی بە نێو زەمەن و شوێندا ناکۆتا و ئەبەدییە.

...

خۆپیشاندانی ئازایانە و ئازادییخوازانەی خەڵکی کوردستان و تەواوی گەلانی ئێران دژ بە کۆماری کۆنەپەرستیی دژە مرۆڤ و دژە ئازادیی سێدارەی ئێران، سەرباری ڕەوایەتیی و حەققانییەتی بێئەملا و ئەولای، بۆ هەر ئینسانێکی داکۆکییکار لە ئازادیی و دادپەروەریی و وەکیەکیی مرۆڤەکان، پشتگیریی و هاوسۆزیی دەربڕین لە تەکییدا بێچەندوچوونە.

...

خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران نە دەرگیرن بە شەڕێکی قەومیی و نە شەڕێکی مەزهەبیی. بەڵکو لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدان دژ بە سەرانی بازرگانانی مەوادی موخەدیر و مەزهەب لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی جمهوریی سێدارەی ئیسلامیی و دەستوپێوەندەکانیان. هاوبەشیی و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران وەکو ئاوی کانیاوەکانی کوێستانەکانی کوردستان ڕوون و وەکو خۆری نیوەڕۆ ڕۆشنە.

ئەوانەی دەیانەوێت ئاسۆی ئەم هاوبەشیی و هاوچارەنووسییە لێڵ و تاریک بکەن بە دروشمبازیی ناسیۆنالیستیی و شۆڤێنیی نەوەکو هاودەرد و هاوخەمی خەڵکی کوردستان نیین و بە بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک ناکۆکن، بەڵکو هێندەی کۆماری شەللاق و سێدارە دژ بە ئازادیی، ژیان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانن.

گرنگە خەڵکی هۆشیار و ئازای کوردستانی ئێران لەسەرووی هوتافاتی کۆنەپەرستانە و چەواشەکارانەی قەومیی شۆڤێنییانەی بەشێک لە تاقمە سیاسییە چەکدارە پڵاوخۆر و ویسکییخۆرەوە کامپنشینەکان جێگەبگرن. هەروەک گرنگە بە شیعاراتی سیاسیی ئەو حزب و گروپانەش فریو نەخۆن کە بەیاننامە و نەخشەڕێگای ڕاپەڕین و ۺۆڕش دەخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و بە دەستەواژەگەلی لەبابەت "چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان" دەستپێدەکات.

هەموو ئەو کۆمەڵە و گروپە سیاسییە لە ڕواڵەتدا جیاوازانە، نەوەکو خۆشخەیاڵن بە دەستگرتن بەسەر "بە ئەگەرێک" شۆڕش و ڕاپەڕینی بەئاکام گەیشتووی خەڵکی کوردستان و جێگە و ڕێگە سازکردن بۆ خۆیان لەسەرەوەی کۆمەڵگا و مامەڵەکردنی خەڵک وەکو ڕەشەخەڵک، عەوام و ڕەعیەت و سەپاندنی ژێردەستەیی و ژیانێکی نە ئازاد و شکۆمەندانە و نە خۆشگوزەرانانەش بەسەریاندا و لە بەرامبەردا خۆیان ژیانێکی شاهانە و ئەریستۆکراتیک، بگرە هەر ئێستا لەم ڕۆژگاری کامپنشینییەیاندا سەرانی زل و سەرەوەی ئەو حزبانە لە ژیانێکی ئەریستۆکراتیی هەر لە خواردن، خواردنەوە و پۆشاکی گرانبەها و گەشتە ڤی ئای پییەکانیان بۆ ووڵاتانی خۆرئاوا و ماڵ و خانەوادەشیان هەمانشێوە بەڵام لە مامەڵەیەکی سەردار و کۆیلە ئاسادان لەگەڵ خودی ئەو چەکدارانەی کە پاسەوانیی دەکەن لە خۆیان و ژیانە خۆشگوزەرانەکەیان و کامپ و شۆڕشە کامپنشیینییەکەیان و ئەو پێشمەرگانەیان "بە قەولی خۆیان" لە بێپارەیی و بێئاسۆیی کۆمەڵایەتیی و بەڵکو لە برسێتییدا ڕاگرتووە تا ڕاددەی ئەوەی کە تەنها صەمونە ڕەقە و شۆربایەکی نیسکێنە لەگەڵ بڕێک پووڵ کە بەشی جگەرەکانیان دەکا و ناکا. ئەم پێکهاتە و مامەڵە ئەریستۆکراتیک و عەقڵییەتە شێخایەتیی و ئاغاواتییە وێنەیەکی ڕۆشن بە هەرکەسێک کە لانیکەمی ئاگایی و سەرنجدانی هەبێت لە شێوازی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتییان پیشاندەدا ئەگەر لە ئاییندەدا شتێک لە دەسەڵات و هەژموونیان بەسەر خەڵکدا هەبێت.

هەروەها گرنگە خەڵکی ڕاپەڕیو و خۆپیشاندەر نەکەونە ژێر کاریگەریی گوتاری پفدراوی لەلایەک زوڕناژەنە ناسازەکانی کەناڵە نەوتییەکان و خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکیی، ئاغاواتییە تاڵانچییەکەی کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانەوە کە ناسیۆنالیزمێک دەڕشێنەوە لە فاشیزمێکی ڕووت زێدەتر چیدیکە نییە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەمە سەرباری بووقی دڕاوی ئەو دەیان و بگرە سەدان بڕوانامەدارانەی خەڵکی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران و نیشتەجێی وڵاتانی خۆراوا "ئەمریکا، کانەدا و ئەوروپا" و ئوستڕالیا کە لە مووچەی قەبەی بندیواریی دەسەڵاتدارێتییە کلیپتۆکراسییە ئۆلیگارشییەکەی کوردایەتیی مشەخۆرن و دەلەوەڕێن و لەبەرامبەردا سەرقاڵ بە حەقارەت و تەحقیریی ناسیۆنالیستیین.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران جگە لە ڕەوایەتیی و بەرحەقبوونیان، لە ئەگەری بەئاکام گەیشتنیان گرنگە خەڵک فۆڕمێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتیی لەبەرچاوبگرن کە لێوە بەرهەمهێنانی ستەم و بێمافیی و پلەبەندیی هاونیشتمانییان و مشەخۆربوون و بەئاغابوونی دەستە و تاقمێک یان چەند دەستە و تاقمێک بەسەر خەڵکەوە، ئەگەرێکی هەرە لاواز بێت، هەروەها بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەکان لەگەڵ تەواوی گەلانی دیکەی ئێران.

نە حزب و گروپە کامپنشیینەکان و نە کەڕەنا دەنگ نەشازە خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە ئاغاواتییەکەی هەرێم و نە بڕوانامەدارەکانی نیشتەجێی ئەوروپا و ئەمریکا بۆیان نییە ڕێگە چارە و نەخشە و پلان بخەنە بەردەمی ئێوە و فۆڕمی ئایندەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاتان بۆ بخەنە ڕوو، هەڵبەت منیش وەکو نووسەری ئەم نووسینە نە ڕێگە بە خۆم ئەدەم و نە ئەو مافەشم هەیە بەدیل و پلاتفۆڕمی سیاسیی و ئیداریی بۆ بەڕێوەبردن بخەمە بەردەمتان.

ئەوە ئێوەن خۆتان لە ڕووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ ئاگر و ئاسنی سوپای کۆماری ئیسلامیی و ئەوە ئێوەن بە خوێنی خۆتان و قوربانییدانی خۆتان ئەگەرێک بۆ باشترکردنی ژیانتان دەسازێنن. ئەوە ئێوە خۆتانن لەگەڵ ووردەکارییەکانی ژیانی پڕ لە قەساوەت و هەژارانەی خۆتان دەرگیرن. ئەوە ئێوەن لەگەڵ ستەم و نادادیی و ڕەشەکوژیی دەسەڵاتداران بەرەوڕوون.

لەبەر هەموو ئەوانە، هەر ئێوەش بۆتان هەیە بیربکەنەوە و گفتوگۆ بکەن و شێوازێک لە بەڕێوەبردنی جڤاتتیانە بۆ ئاییندەی خۆتان و منداڵەکانتان هەڵبژێرن کە ئەگەری لێوە فەرامەهەمبوونی ژیانێکی باشتر، شارستانییتر و دادپەروانەتر ئەگەرێکی بەهێز بێت.

هەموو خۆپیشاندانە جەماوەرییە فراوانەکان لە هەموو شار و ووڵاتێک لە دنیادا  دژ بە هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک کە بەبێچەندوچوون ڕەوا و حەقخوازانەن لەسەر بنەمای ئەو ئارگیومێنتەی هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک بەرمەبنای کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتیی و دابەشبوونە چینایەتیی و بونیادە خۆسەپێنیی و هەژموونگەرەکەی دەکەونە خانەی دژەحق و خەڵکیش جا کۆی گروپ و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا بن پێکەوە یان توێژێک و چێنێک وە یان چەند چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی پێکەوە لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانیاندا لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێک و دەسەڵاتدارێتییەکدا لە خانەی حەقخوازانن، کۆمەڵێک ئەگەر و شەیمانە بەڕوویاندا کراوەیە، هەروەک چۆن لە بەرئەنجامی پێکدادان و ململانێی هێزەکان و سەنگی هێزەکان و ئەگەرەکان، هەمیشە ئەگەرێکیان ڕوودەدات و ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە دواتر دین بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە ئەگەرەکە هەڵگریێتیی. خۆپیشاندانەکانی شارەکانی کوردستانی ئێرانیش، بە ئەگەرێکی دیکە ئەگەر لە هەمان دۆخی ئێستای خەڵکدا کۆتاییان بێت، هێشتا سەرکەوتنێکی گەورە و قۆناغێکی نوێ دەبێت لە پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییەکەیاندا. سەرکەوتن لە پاشەکشەپێکردنی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لە هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئازادیی، ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت، ئەمە سەرباری پیشاندانی خواستە کۆمەڵایەتتیە فراوانەکەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیی و ژیانێکی شکۆمەندانە و بەرجەستەبوونی ئیرادە و هێزی دەستەجەمعیی خەڵک.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×