چەند زەحمەتە ببین بەئینسان

مه‌ریوان وریا قانع
  2022-09-24     518

مرۆڤ بۆئەوەی کەسێکی باش و بەڕەوشت بێت، مەرجنییە کەسێکی دینیی بێت. مرۆڤ دەتوانێت بەئەخلاق و باش و سودبەخشبێت، ھەم بۆ خۆی و ھەم بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگاکەی، بەڵام دینیی نەبێت، یاخود دین ئاراستەکەری نەبێت، یان تێگەیشتنی بۆ خۆی و بۆ دونیا لە دینەوە نەھاتبێت. وەکچۆن مەرجنییە دین مرۆڤ لە کار و کردەوەی خراپ و زیانبەخش بپارێزێت. ئەزمونی تاڵەبان و داعش و ئەلقاعیدە، ئەزمونی ئێرانی خومەینیی و سعودیەی وەھابییەکان و سودانی ئیخوانی موسلیمین، سونیزمی تورکیای ئەردۆگان، ھەموویان، نە سیستمی سیاسیی و پەروەردەیی و ئەخلاقیی باشبوون و باشن، نە ڕێزیان لە مرۆڤ و مافە ھەرە سەرەتایی و سادەکانی گرتوە و دەگرن.

لە ئاستی تاکەکەسیشدا چەندەھا کەسایەتی دینیی ساختەچیی و فێڵکەر و دەستبڕ و ناپاک ھەبووە و ھەن. دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ مرۆڤی دینیی باش و مرۆڤی بێدینی خراپ، دابەشکردنێکی دوولایەنەی ھەڵە و ناڕاست و نائەخلاقییە. ڕەچەتەی وێرانکردنی بوونی ھەمەجۆر و ھەمەڕەنگ و جیاوازی مرۆڤە لە جیھاندا.

دەشێت مرۆڤ لە ژیانیدا پێویستی بە دین نەبێت، بەڵام ناتوانێت پێویستیی بە کۆمەڵێک پرنسیپی ئینسانیی و ئەخلاقیی نەبێت، کە وای لێبکەن ئازاری خۆی و ئازاری دەوروبەر و ئازاری کۆمەڵگاکەی، نەدات. ھەموو کەسێک پێویستیی بە لانیکەمی پرنسیپپی ئەخلاقیی ھەیە کە ڕێگەدەگرێت لەوەی ببێت بە بوونەوەرێکی جنێوفرۆش و جەردە و گەندەڵ و توندوتیژ و ترسناک و نائینسانی. ئەم لانیکەمە دەشێت دین دەستەبەری بکات، وەکچۆن دەشێت بیرکردنەوەی دەرەوەی دین دروستکەریبێت. ھاوکات ھەم دین دەشێت سەرچاوەی سوکایەتیکردن و بێنرخکردنی مرۆڤ بێت، ھەم فیکرێک لە دەرەوەی دین و دژی دینیش.

دینداریی ڕەچەتەی مرۆڤبوونێکی سەرڕاست و ئینسانیی و ئەخلاقیی نییە، وەکچۆن بێدینیی و دژەدین و نادینیش ڕەچەتەی ھەمانشت نییە. ئینسان بۆئەوەی ببێت بە ئینسان و وەک ئینسان ماڵەی خۆی و ئەوانیتر بکات، پێویستی بە کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقیی و ئیشکردنێکی بەردەوام لەسەر کەسایەتی خۆی ھەیە. بوون بە ئینسان کارێکی زەحمەتە و جنێوفرۆشیی و ھەڕەشە و دەنگەدەنگ و قیژەقیژ و سوکایەتیکردن و بێماف و بێئازادیکردن، چ بە ناوی دین و دیندارییەوە، چ بەناوی نادین و دژەدینەوە، دروستیناکات. بوون بە ئینسان پێویستی بە داھێنانێکی بەردەوامی کەسایەتیی و رەنجکێشانێکی گەورە و ماندوبونێکی ڕۆژانەی ئینسانییانە، ھەیە. ئەو ھەراو ھۆریا دینییەی ئەمڕۆکە لە کوردستاندا دەیبیستین، تەواو ناکۆکە بەو لانیکەمەی ئەخلاقیات کە مرۆڤ دەکات بە مرۆڤێکی خەمخۆر و چاکەکار و بەرپرسیار، مرۆڤیش بانگدەکات بۆ مرۆڤبوونێکی گرێدراو بە ڕێز و بە یەکتری قبووڵکردن و بە پێکەوەبوونێکی ئازاد و مانادارەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×