بە شوێنپێی "ژینا"دا..

بەهزاد موحسین
  2022-09-25     389

بەهزاد موحسین

وەک چالاکوانێکی باشوری لە گردبوونەوەکەی بەردەم بارەگای یوئێن لە هەولێر بووین. بۆ ڕیسواکردنی کوشتنی بەناهەق و نامرۆڤانەی "ژینا ئەمینی" بە دەستی تاریکبیرانی کۆماری سێدارە، هەروەها بۆ پشتیوانی و پشتگیریی ڕابوونی گەلانی ئێران بە گشتی و کوردانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، لەپێناو سەرخستنی ژیانێکی بە کەڕامەت و دەستخستنەوەی ئازادیی تاک و پەیڕەوکردنی مافە کەلتوریە نەتەوەییەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات.

ئەگەرچی ئەم گردبوونەوەیە لە ڕووی ژمارەی ئامادەبووان تا ڕادەدەیەک فراوان بوو، بەڵام چەند سەرنجێکی لا جێهێشتم.

من وەک خۆم نەمزانی و نەمبینی، هیچ حیزب و هێزێکی سیاسیی باشوری کوردستان ترسی بەقەرزی ئێرانی تێپەڕاندبێ و بە فەرمی بە ناوی خۆیەوە لەم گردبوونەوەیەی پشتیوانی بۆ ڕابوونی کوردە ڕۆژهەڵاتیە بێکەسەکان لەوێ ئامادە بووبن. یان بە جۆرێک خاوەندارێتییان لە خوێنی "ژینا" و شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی براکانمان لە ڕۆژهەڵات نواندبێ.

هەروەک ئەوەی تا ئێستاش نە سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و نە هێزە سیاسیە کوردیەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی، سەبارەت بەو خوێنەی لە "ژینا"ی کچە کوردێکی ئازادیخواز و ئەو هەموو خوێنەش لە برا هاوخوێنەکانمان دەڕژێ، نققە و جققەیەکیان نەکردوە. وەک ئەوەی ئەوان کەمبۆدی یان تبتی بن و هیچ پەیوەندیەکی نەژادی و نەتەوەیی بە ئێمەیان نەبەستێتەوە. لە کاتێکدا لە بەرزترین ئاستی ڕەسمیی حکومەتی هەرێم پرسەنامەی قوڕپێوان بۆ مردنێکی ئاسایی پیرە شاژنێکی ئینگلیز دەردەکەین، کە هەموومان دەزانین، لەتکەری مێژوویی ئەم خاکەی کوردان و سەندنەوەی مافی دەوڵەت و ئەوپەڕی دژایەتیی کوردان، لە عەرشی ئەم مەملەکەتەی ئیگنڵستانەوە هات و ئێستاش ئەم عەرشە مەلەکیە لە زەلیلکردنی کوردان لە قسەی خۆی پەشیمان نیە! 

دیارە سەرۆکایەتیی هەرێم بەو پرسەنامەیە هیچ ئازایەتی و تەحەددایەکی کوردانەی لەسەر ناکەوێ و دەتوانێ هەر سبەی پرسەنامە بۆ مەرگی داپیری شاژنیش بنێرێ، بەڵام نەیتوانی یەک پیت بۆ شەهیدبوونی "ژینا" بنوسێ، ئەمە چەندە جوڵەیەکی سیاسی بێ، لەوە زیاتر کردەیەکی شەرماوەری نەتەوەییە. ئەمە بۆ هەر سێ سەرۆکایەتیەکە ڕاستە. گەر حکومەتی هەرێم خۆی بە جێئومێدی کوردانی هەر چوار پارچە دەزانێ، کە نەبووە و نیە، دەبێ خاوەن تەحەدا بێ، هەر بەلای کەمی گەر بە بەییاننامەیەکیش بێ، دەبێ داوای ڕونکردنەوەیەک بۆ ڕژانی خوێنی هاونەتەوەکانی لە باکوور و ڕۆژاوا و باکور بکا. 
دیارە ئێمە دەزانین، ستاتویەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، دەبێ بە دیپلۆماسیەتێکی زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ هاوکێشە ئیقلیمیەکەی بکا، لە هەمانکاتیش هەر لەبەر ئەوەی قەوارەیەکی دانپیانراوە و گەر پشتیوانی ئیقلیمیشی نەبێ، ئەوا جۆرێک لە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، دەشێ خاوەندارێتیەک لە نەهامەتیی کوردانی دەرەوەی هەرێم بکا، هەر هیچ نەبێ بوێری ئەوەی هەبێ، بە رەسمی پرۆتستۆی تۆپبارانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم و تەجاوزە داگیرکاریە بێپرسەکانی تورکیا بەسەر هەرێمدا بکا.
ئەوەی لەم گردبوونەوەیە جێی خۆشحاڵی بوو، خەڵکانێکی زۆر و هەوادارانی زۆربەی هێزە کوردیەکان بە ئاراستە جیاوازە سیاسیەکان لەوێ بینران، جگە لە هەوادارانی هێزە ئیسلامیەکان، کە ئەوان عوقدەی گەورەی لەچک بەرچاوی گرتوون و ئازادی تاک و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیان لێ دیار نیە.

لەم گردبوونەوەیە ژمارەیەکی بەرچاوی چالاکوانانی هەواداری پارتی ئامادە بوون، لە کاتێکدا ئەوا چەندین ساڵە بۆ ڕیسواکردنی هیچ کردەیەکی کوردکوژیی تورکیا لە باکور و ڕۆژاوا ئامادە نەبوونە و نابن، چونکە دیارە ئەوان چالاکوانی سەربەست و خۆلەمست نین، ئەوان چالاکوانی ئاراستەکراوی بەرژەوەندیی خودی و حیزبین.

ببینن، کۆماری ئیسلامی لەناو خاکی ئێران خۆپیشاندەران سەرکوت دەکا و دەکوژێ، کە ئەمە تاوانێکی زۆر گەورەیە و هیچ پاکانەیەکی بۆ نیە، ئیدارەی زەردی هەولێر مۆڵەتی گردبوونەوە بۆ ڕیسواکردنی دەدا و گردبوونەوەکەش هێندە ئارامە، شانۆیەکی بە ناوەڕۆک جوان و بە نواندن خراپی تێدا نمایش دەکرێ و بە کەسیش ناگوترێ، لە پشتی چاوت دوو برۆ هەیە. کەچی تورکیا سەرەڕای ئەو هەموو تاوان و کوشتوبڕەی بەرامبەر کوردانی باکور و ڕۆژاوا، تەنانەت لە ناو خاکی هەرێمیش خەڵکانی سڤیل و گەشتیار تۆپباران و کۆکوژ دەکا، بەڵام ئیدارەکەی هەولێر نەوەک هەر مۆڵەتی گردبوونەوە دژی ئەم تاوانانەی تورکیا نادا و لە هەمان شوێن هێزە ئەمنیەکانیان لە هاوڕێکانمان دەدەن و جلوبەرگی لەبەر دادەدڕێنن، تەنانەت داواکارانی گردبوونەوەکە دەسگیر دەکەن و هەندێکیان بە مانگ و دوو مانگ زیندانی دەکەن و ئەشکەنجەشیان دەدەن! هاوڕێیان! ئەمەی بینیتان، توخوا چەند فاقی نەتەوەیی بوو؟! کە دڵنیام لە دوو فاقی زۆر زیاتر بوو.
 هەر لەم گردبوونەوەیە دوو کچی ڕۆژهەڵاتی کە لە بازنەی وتافدان هاتبوونە دەرەوە و لە پشتی منەوە بەوپەڕی حەماسەوە دروشمیان دەدا و ڕوویان لە پۆلیسەکان وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم کردبوو، بە دەنگێکی بەرز و گریانی تەواوەوە دەپاڕانەوە و دەیانگوت، تکایە.. تکایە..! ئێستا کوردانی ڕۆژهەڵات.. تەواوی شار و شارۆچکەکان پێویستیان بە ئێوەیە.. تکایە یارمەتییان بدەن، ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لە لێقەومانەکانتان زۆر بە کەڵکی ئێوە هاتین و ماڵمان لەگەڵ بەش کردن. تکایە بۆ ئەوان شتێک بکەن، هەرنا شتێک بڵێن!

منیش وەک ئەو دوو کچە، نەمزانی ئەوان بەدەم پاڕانەوە زۆر گریان، یان بەدەم گریانەوە زۆر پاڕانەوە، کە پۆلیسەکان هیچ پەرچەکردارێکیان نەبوو و نەبوو، یەکیان بەوی دیکەی گوت، وەرە وازیان لێبێنە، ئەمانە نەک لەوێ (ڕۆژهەڵات)، لێرەش کۆمەکمان ناکەن..

لەو ساتەدا من وەک باشوریەک بەو دیمەنە شەرمێکی لە خۆم زۆر قرستر دایتەکاندم، هەر بە ڕاستی لەو ساتە زۆر بەسەر خۆمدا شکامەوە و سەرم کز کرد.. تینێکم دا بەر خۆم و هاتمەوە و ناو بازنەی ئاپۆراکە و هاوارمان کرد: ژن. ژیان. ئازادی!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×