دادوەری بەرامبەر

زەبەنگ بەهادین
  2022-09-26     452

قورسترین دادوەرییەک مرۆڤ بیدات دادوەرییەتی بەسەر بەرامبەرەکەیدا، سەرەتا هیچ نازانین لە خەسڵەت و پێکهاتەی ئەو بەرامبەرەوە، هیچ شارەزاییەکمان نییە لەسەر ئەو ژینگەو کات و شوێنەی ئەو کەسەی تێدا گەورە بوە یان پەروەردە بوە، لە پاڵ ئەمانەدا هیچ زانیاریەکمان نییە لەسەر بیر و ئایدیای کەسەکەو تێروانینی بۆ خودی خۆی و بۆ دەوروبەرەکەی، هەڵسوکەوتی لە پێشترو لەئێستادا، ئەگەر سەرەتا سەیرێکی خۆمان بکەین بە ئاستەم خۆمان دەناسین لەگەڵ ئەوەی کە خۆمان لەگەڵ خۆمان گەورە بوین، بەڕادەیەک هەمو ژیانمان لەگەڵ خۆمان بوە، لەگەڵ ئەوەش هەر لەناو خۆماندا زۆر لایەنی شاراوەمان هەیە کە تا ئەم چرکەساتە درکی پێناکەین و زانیاری دروستمان نییە لەسەری، بگرە بەپێی ئەزمون و گوزەرەکانی ژیانمان چەندەها خەممان بەڕێکرد کە هەریەکیان شێوازێک بیرکردنەوەو ئەکتی هەبوە، لەو کات و شوێنەی ئەزمونەکەی تێدا کردوە، بەم هەمو بێ زانیارییەو بێ بونی داناییەکی هۆشیارانە، رۆژانە سەدەها دادوەری و سەدەها بریار ئەدەین، کیشە ئەوە نییە دادوەرییەکە تەنها پەیوەست بێت بە ژیانی خۆمانەوە، بەڵکو تەواو دەچینە کرۆکی ژیانی دەوروبەرەکەمان و بەئاسانی دادوەری دەکەین و جۆرەها بڕیاری لەسەر دەدەین تەنانەت ئامادەی شکاندنی بەرامبەرەکەمانین بە جۆرێک نەزانانە دادوەری دەدەین و هیچ بیر لە داهاتوی بەرامبەرەکە ناکەینەوە چی بەسەر دێت لە ئەنجامی دادوەرییەکی نەزانانەی کاتی ئێمە، بێ ئەوەی بزانین لە دوای خۆمان چ وێرانەیەک جێدێڵین، لە مانە گرنگتر ئێمە یان من یان تۆ یان ئەو کێین تا بتوانین دادوەری بەرامبەرەکەمان بکەین، ئێمە کێین تا بتوانین ژیرانە قسە لەسەر رابردو ئێستاو داهاتوی بەرامبەر بکەین، مەگەر خۆمان کەموکوڕی و نەنگییەکانی خۆمان زۆر پێچارەسەر کراوە تا دەستبخەینە ژیانی ئەوانی دی، مرۆڤ لە دو حاڵەتدا رەخنە لە بەرامبەرەکەی دەگرێت و دادوەری دەکات، یەکەم بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکانی خۆی، دوەم بۆ تێرکردن و زاڵکردنی دەسەڵات و سەپاندنی بیری خۆی و ئایدیاکانی بەسەر بەرامبەردا. هیچ کەس مافی ئەوەی نییە قسە بکات یان دادوەری لەسەر بەرامبەرەکەی بکات، زۆر ئەستەمە تەنانەت دادوەرەکانی یاسا بتوانن لەژێر کاریگەری هەستەکانی خۆیان دەربچن تا بتوانن دادوەرییەکی دادپەروەرانە بدەن، بەڵام رۆژانە بەم هەمو گرێ دەرونییانەی لەم کۆمەڵگایە هەیە هەر تاکێک دادوەرە بەسەر بەرامبەرەکەیەوە بەبێ ئەوەی کەس ئەو مافەی پێدا بێت. دەبێت تاک خۆی هۆشیارو دانا بێت و رێگەنەدات کەس پەنجەوەرداتە ژیانییەوە، مافی ئەوە بە کەس نەدات دادوەری ژیانی بکات یان قسەی لەسەر بکات، داخستنی دەرگای ئەم جۆرە پەیوەندییانە مرۆڤ ئارامترو هێمنتر دەکات لە هەمان کات دانایی مرۆڤ بەرەو هەڵکشان دەڕوات، ئەوە خۆمانین دەرگای هاتنە ناوەوە بۆ هەموان دەکەینەوە تا چۆنیان بوێت رێگاو رێساو دادمان بۆ دیاری بکەن، ژیری و دانایی بە مانای داخستنی هەمو ئەو دەرگایانەو پەرچدانەوەی دادوەرە بێ ئەرزشەکانە .

نمونەیەک لێرەدا دێنمەوە: کوڕێک لە دێیەک پەیوەندی سۆزداری دەبێت لەگەڵ کچێکی دێکەی ئەوبەر کە روبارێک بە نێوان دو دێکەدا دەڕوات، باوکی کچە رازی نییە کچەکەی هاوسەرگیری بکات لەگەڵ کوڕەکەی دێکەی ئەوبەر، کچەکە شەو دێتە دەرەوە لە ماڵ و رادەکات بچێتە لای کوڕەکە، باخەوانی ماڵەکە کەسێکی ژیرو دانایە زۆر هەوڵ ئەدات کچەکە بگێڕێتەوە ماڵەوەو واز لەم بیرۆکەیە بێنێت، بەڵام کچەکە گوێی بۆ ناگرێت و دەڕواو دەیەوێت لە روبارەکە بپەڕێتەوە بەلەمەوانەکە دەڵێت دەتبەمە ئەوبەری ئاوەکە بەڵام دەبێت هەمو پۆشاکەکەی لەبەرتایە بمدەیتی، چونکە کەسێکی پارەپەرستە، کچە ناچار دەبێت و دەیداتێ، بەلەمەوان دەیپەڕێنێتەوە. کە دەگاتە ئەوبەر پیاوێکی چاوبرسی کە کچە دەبینێ بێ پۆشاک پەلاماری دەدات، بەمشێوەیە کچە دەگاتە لای کوڕەکە بەخوێنەوە، کە کوڕەی کچەکەی خۆشدەوێت بەو شێوەیە کچە دەبینێت، فیشەکێک دەنێت بە کچەکەو دەیکوژێت .

لەم نمونەیە بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر تۆ دادوەر بیت بڕیاری لە سێدارەدان بۆ کام لەمانە دەردەکەیت، بە مەرجێک تەنها یەک کەسیان تاوانباری سەرەکییەو دەبێت یەک کەس بڕیاری لە سێدارە دان بیگرێتەوە، ئایا :

١- باوکی کچەکە .

٢- باخەوانەکە .

٣- بەلەمەوانەکە .

٤- پیاوە چاوبرسیەکە .

٥- کوڕەی خۆشەویستی کچەکە .

هەوڵبدە تۆ دادوەر بیت بەمەرجێک لەژێر کاریگەری هەستەکانی خۆت وەرە دەرەوەو دادوەری بکەو بڕیار بدە کێ تاوانباری سەرەکییە لەم تاوانەدا تا لە سێدارە بدرێ.

ئێستا تێدەگەیت دادوەری و بڕیاردان لەسەر خەڵک و قسەکردن لەسەر بەرامبەرەکەت چەندە کارێکی قورس و ترسناکە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×