کورد و دکتۆر یوسف قەرزاوی!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-09-28     939

دکتۆر یوسف قەرزاویش مرۆڤ بوو. دوێنێ 26/9/2022 دونیای فانی بەجێهێشت و برا ئیسلامییەکانی کوردستانیشی خەفەتبار کرد. مامۆستا سەڵاحەددین بەهائەددینیشی هەژاند، مامۆستایەک زانکۆش لە وەسفکردنیدا دەڵێت (له‌ ئیجتیهاد و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بابه‌ته‌ سه‌رده‌مییه‌كانیشدا دانسقه‌ بوو). دەی قەیچی ئەکا، مرۆڤ هەڵەش دەکات، بەڵام بەباش باس کردنی مردوو هەر باشە. بەتایبەتیش ئەگەر هاوئایدیۆلۆجیا و هاوئایین بێت، با هاوخەمیش نەبێت، قەی چی ئەکا. دڵمان گەورەیە. ئایا ئەوە ڕاستە، دڵمان گەورەیە، یا عەقڵمان ساویلکەیە؟

هەموو جارێ دەڵێن، مرۆڤ کە مرد، کردەوەکانی دەمێنن. ئەوەی بۆ دکتۆر قەرزاویش ماوەتەوە هەڵوێستەکانییەتی. ئەو یەکێك بوو لە سەرکردە باڵاکانی ئیخوان موسلیمین. ئەوەش زۆرمانابەخشە، یا باشتر بڵێم زۆر فرە مانایە. بەو مانایەی ئەو ئەندامی حیزبێك بوو کە هەڵگری ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت بوو. ئایدیۆلۆجیایەك لەسەر دوو بنەما دامەزراوە، یەکێکییان ئیسلامیزم، وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی گشتگیری هەڵێنجدراو لەبنەما ئاینییەکان، دووەمیش عروبە، کە باوەڕی بە ڕێبەرێتی عەرەب هەیە بۆ دونیای موسوڵمانان، هەڵبەت ئەوە باوەڕی دامەزرێنەری ئیخوان شێخ حەسەن بەننا و شێخ محەمەد غەزالی و چەندی دیکەشە. پێیان وایە تا عەرەب ڕێبەرێتی ئیسلامیان دەکرد، ئیسلام لەخێر و خۆشیدا بوو.

کەواتە، دکتۆر قەرزاوی بەر لەوەی مرۆڤێکی ئاسایی بێت، هەڵگری ئایدیۆلۆجیایەکە، بەدەست خۆی بێت یان نا، دونیا بە چاویلکەکانی ئەو ئایدیۆلۆجیایە دەخوێنێتەوە. یەك گەشتی زۆر سەرپێیی بە مام گوگڵدا، هەموو هەڵوێستەکانی دەخاتە سەر شاشەی لاپتۆپەکەت. مام گوگڵ، وەکو دەفتەری ئەعمال وایە، هەرچی مرۆڤە ناودارەکان بیڵێن و بیکەن، بۆیان تۆمار دەکات. دکتۆر قەرزاویش لەو قاعیدەیە بەدەر نیە، هەرچەندە ئەندامی ڕێکخراوی قاعیدەش نەبوو، بەڵام تا کۆچی کرد باوەڕی بە خۆتەقاندنەوە هەبوو و نەمزانیوە لێی پەشیمان ببێتەوە. زۆرێك لەو بیروباوەڕانەی کە مام گوگڵ پاراستوونی لە بەرنامەی (الشریعة والحیاة)ی ئەحمەد مەنسوڕی جەزیرەدا ڕایگەیاندوون. ئەحمەد مەنسوڕێك کە یەکێکە لە زوڕناژەنەکانی جەزیرەی قەتەرییە. ئەو جەزیرەیەی کە ناسراوە بە فیتنە و پیلان و دروستکردنی هەواڵی هەڵبەستراو.

ڕۆژنامەنوسی فەلەستینی ئوسامە فەوزی کە سەرنوسەری ڕۆژنامەی عەرەب تایمزە، دەڵێ؛ شێخی قەرزاوی دوو باڵی هەبوون، یەکێکییان کەناڵی جەزیرە بوو، کە یەکێك بوو لە سەکۆ بەردەوامەکانی شێخ، بەریتانیا دایمەزراند، باڵی دووەمیشی یەکێتی زانایانی جیهانی ئیسلامی بوو، لە لەندەن لە 2004 دامەزرا، لەژێر سەرپەرشتی موخابەراتی بەریتانیدا، واتە هەردوو باڵەکەی ئینگلیزین. ئەمە قسەی من نیە و باوەڕم بە فیکری موئامەڕە نیە، ئەوە قسەی عەرەبێکی فەلەستینییە، کە بە حیساب دکتۆر یوسف قەرزاوی هەموو ژیانی دژ بە ئیسڕائیل بوو لە پێناو پرسی فەلەستین. بەڵام، ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە یەکێتی زانایانی موسوڵمان، زیاتر یەکێتییەکی ئیخوانییە تا ئیسلامی. ئەو ئیخوانیبوونەش بە هەڵوێستەکانی یەکێتییەکە دەناسرێتەوە. ئوسامە فەوزیش ژماەیەك هەڵوێستی زۆری بۆ دکتۆر یوسف و ژمارەیەک ئەندامی ناسراوی دیکەی ئەو یەکێتییە تۆمار کردوون، کە بریتین لە زنجیرەیەك ناویان دەنێت فەزیحەت، بەڵام من کارم بەسەر هیچێك لەوانەدا نیە و خۆیان و خوای خۆیان.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگن، هەڵوێستەکانی دکتۆر قەرزاوین، پشتیوانی لە زۆرێك لە نەتەوە چەوساوە موسوڵمانەکانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان کردووە، لە دوو نەتەوەی نەگبەت نەبێت، ئەوانیش کورد و دارفوڕیەکانن. لە قەدەری ئەو دوو نەتەوەیە ژێر دەستەی ئەوانن، ئەگینا ئەگەر دوژمنەکەیان ڕوسیا یان بوداییەکانی میانمار بووبان، سەرکۆنەیەکی دوژمنەکانییان بەر دەکەوت. لێرەدا تەنها دوو هەڵوێستی پێچەوانە باس دەکەم، بۆ ئەوەی برادەران نەڵێن تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستن. یەکەمییان، پشتیوانیە بەردەوامەکانی بۆ سەرۆکی تورکیا رەجەب طەیب ئەردۆغان، وەختی پێی دەگوت (هذا الطیب الصالح)، ئەرێ برادەران بۆ ئەگەر کورد پەیوەندییەکییان بە ئیسڕائیلەوە هەبێت، حەڕامە، بەڵام بۆ ئەردۆغان و وڵاتی یەکەم و دووەمی شێخی قەرزاوی کە میسڕ و قەتەڕن، حەڵاڵە؟

هەر بۆ پشتیوانی یەکەم وڵاتی هاوپەیمانی ئیسرائیل لە ناوچەکە، کە تورکیایە، حێخی قەرزاوی بە ئامادەبوونی بەڕێز دکتۆر عەلی قەرەداغی لای خۆمان، پشتیوانییان بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆغان دووپات کردەوە سەبارەت بە داگیرکردنی شاری عەفرین و بە تیرۆریست ناساندنی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاڤای کوردستان. قەیدی ناکا، لەوەیان تێدەگەم کە بەلای ئەوانەوە پەکەکە ڕێکخراوێکی مارکسییە و ئەوانش ئیخوان و ئەردۆغانیش بۆ ئەوان هیوا و ئومێدی موسوڵمانانە، بۆیەش چووە عەفرین تا لە مارکسییە کوردەکانی پاك بکاتەوە، دیارە بۆخۆشتان چیڕۆکی پاکتاوکردنی کورد لە عەفرین دەزانن، بەڵام ئەوەش قەیدی ناکا، ئەی چی بەو هەڵوێستەی بڵێم کە لەسەر سەددام ڕایگەیاند؟ ئەو لە خوتبەیەکی دا لە شاری دۆحە بە چاوی بە فرمێسکەوە دوای لە سێدارەدانی سەددام گوتی: "وەکو پاڵەوانان مرد، وەکو شێر وەستا و دموچاوی خۆی دانەپۆشین".

بۆ خەڵکی خێرلەخۆ نەدیوی دارفوریش هەر وای کرد. خەڵكێک کە لەسەر دەستی عومەر بەشیر ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی ترسناک بوونەوە، کە کاتی خۆی بەڕێز دکتۆر حەسەن توڕابیش مامۆستای عومەر بەشیر، جیهادی دژ بە دارفوڕ ڕاگەیاند. بێجگە لە سەدان هەزار کوژراو، تا ئەو چرکەساتەش نزیکەی دوو ملیۆن دارفوری لەکەمپەکانی چاد و وڵاتانی دراوسێی سودان لەخراپترین دۆخدا دەژین. لە 2004 بەڕێز قەرزاوی چووە خەرتوم بۆ ئەوەی بزانێت ئەو هەرایەی دارفوڕ چیە. هەر لەوێ، بەپێی سەرچاوەکان، هەندێك ئینجیلیان بە زمانی فوڕەکان پیشان دان و پێیان گوت ئەوڕوپییەکان خەریکن دارفور دەکەنە مەسیحی، بۆیە سوارە عەرەبەکان (عرب جنجوید) دژ بە مەسیحیبوون دەجەنگ. ئەویش بەفەزڵی خۆی ڕایگەیاند، "زۆر باشە هەندێك بڵێسەی ئیمانییان بۆ بنێرن". پاشانیش هەر لە دۆحە، لەسەر هەمان ئەو مینبەرەی کە دوعای لێخۆشبوونی بۆ سەددام کرد، دارفورییەکانی بە چەتەی موعەممەر قەزافی ناوزەد کردن. ئاخر، خوات بێت ئەو شەش ملیۆن ڕەشپێستەی موسولمانەکانی دارفور، کە ملیۆنێک زیاتریان لێکوژران، چۆن هەموویان بوونە چەتە؟! خۆ باسی نوبییەکان هەر ناکەم کە چۆن جەنجەویدەکان تا هەنوکەش لەتوپەتیان دەکەن. هەمان بەزمیش بە ئەمازیغەکانی جەزائیر دەکەن کە دەمیان ناگرێت پێیان بڵێن ئەمازیغ، بەڵکو بە دانیشتوانی ناوچەی قەبائیلەکان ناوزەدیان دەکەن و سوپای جەزائیر قڕی کردن. ئەگەر شێخی قەرزاوی یەك فەتوای هەبێت دژ بە چەوساندنەوەی کورد، دارفوڕ، نوبییەکان، ئەمازیغەکان، یا شیعەکانی بەحرەین و سعودییە، بەڵێن بێت یەك داوای بوردنی گەورە دەنوسم و داوای لێخۆشبوونی بۆ دەکەم.

نەڵێن، ئاخر ئەو وردەکاری تاوانەکانی سەددام نازانێت. نەڵێن ئاخر ئەو ئاگای لە جینۆساید و ئیبادەکردنی کورد و دارفوڕییەکان نەبووە لەعێراق و سودان، یا ناوی نوبییەکان و ئەمازیغەکانی هەر نەبیستووە. هەنوکە، دوای حەفتا ساڵیش لە ڕوودانی هۆلۆکۆست، نوسەرێك لە ئەوڕوپا مەدحی هیتلەر بکات، کە هەر لەخۆشیانە، ڕۆژی ڕوناکی لێ دەکەنە تاریکستان. یان هەر کورد ئاوا دڵساف و خۆشباوەڕن؟ دڵیان گەورەیە، هەمیشە عوزر بۆ برا موسوڵمانەکان دێننەوە. قەیناکا با دڵمان ساف بێت. کابرا زانایەکی گەورە بوو، جاروبار هەڵەش دەکات، ئەوە ڕاست نیە کە دەڵێن: هەڵەی پیاوی گەورە، گەورەیە، یا هەڵەی پیاوی زانا فیتنەیە. کە مرۆڤ مرد، شەیتانیش دستی لێ دەشوات.

چەند جاری دیکەش باسم لەو دۆخەی زانا موسوڵمانە عەرەبەکان کردووە. توێژینەوەیەکم لەسەر وتاری عەرەبی بەرامبەر بە کورد هەیە و بە زمان ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە. با ئەوەندەش بڵێم، هەر برا موسوڵمانەکان نین هێندە بێویژدان بەرامبەر میللەتێکی موسوڵمان، بەڵکو عەلمانی و قەومی و تەنانەت مارکسیش زمانییان لە ئاستی نەتەوەکانی ناو وڵاتانی عەرەبی بە حەق ناگەڕێت. تاك و تیك نەبێت، عەرەبێك نابینین بەڕەهایی لەگەڵ سەربەخۆیی کورددا بێت. حەقی خۆیانە، عەفلەق کە لەگۆرەکەیدا بووە موسوڵمان و هاودینی مامۆستا قەرزاوی، "دەیگوت کوردستان بەشێکە لە دونیای عەرەبی و کورد لەوەتی هەبوون خزمەت بە قەزایای عەرەبی دەکەن، بەڵام کۆلۆنیالیزم هات ئەوانی لە ئێمە هەڵگەڕاندەوە". باشە، بووین بە هەڵگەڕاوەش و ئاگامان لەخۆمان نیە. ئەو کۆلۆنیالیزمە نەفرەتییە دانی نا بە سەربەخۆیی بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی و پشتیوانیشیان لێ دەکات، هێشتاش پێیان وایە کۆلۆنیالیزم زوڵمی لێ کردوون. بەلاش نەیانگوتووە، چاکەی سەربەخۆ سەر وە خاوەنەکەیەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×