لە ڕۆژی جیهانی وەرگێڕان ناوەندە ڕۆشنبیرێکان نایانەوێ خەمێک  لەم توێژە بخۆن؟؟؟؟

یاسین نادر ڕەحمان
  2022-09-30     289

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2017 ڕۆژێكی جیهانیی تایبەتی بە وەرگێڕان دیاریكردووە کە لە 30ی ئەیلولدا یادی دەكاتەوە کە مەبەست لێی بەرزنرخاندنی كاری وەرگیڕەكانە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی زمانی جیاواز دەزانن.

 

بەگشتی زاراوەی وەرگێڕانیش با ئاوا پێناسە بکەین کە گەیاندن و گواستنەوەی واتای وشە و دەق ووتەگەلێكە بۆسەر زمانێكی دیكە یان گۆڕینی بۆ شێواز و دیالێكتێكی دیكە، ئەویش بە ڕەچاوكردنی چەند بنەمایەکی گشتی وشەسازی وواتاسازی و ڕستەسازی و شارەزابوون لە زمانەکەی خۆی و زمانە فێربووەکەش.

بۆیە وەرگێڕان پێش هەموو شتێک بەرپرسیارێتییە چونکە دەبێتە هێڵی پەیوەندییەکی بتەوی ڕۆشنبیری دوو گەل و نەتەوە و زمان.

وەرگێڕان بەڕای من لەئێستادا بەهۆی زمانزانین زۆر کەسەوە وەختە بایەخی خۆی پەیدا دەکات و هەر لە کارێکی ئاساییەوە بگرە تا بوارێکی ڕۆشنبیری کە مەبەستی ئەم نوسینەیە خەریکە ڕێچکە باش و زانستێکەی خۆ وەردەگرێت، بەڵام بەگشتی ئەمکارە ڕێکخستنێکی تایبەتی دەوێت تا بتوانرێت وەرگێڕی شارەزا و زانستی بەرهەم بهێنرێ و پێشكەوتنی زیاتر لەو بوارەدا بهێنرێتە دی.

با لەمە تێپەڕین لەکوردستان چەندە ڕێزی ئەم توێژە دەگیرێت نازانرێت و دیارنییە؛ بەڵام  بەگشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەک لایەنی خەمخۆری ئەم بوارەو ئەرک لەسەرشان بەڕاستی من بەخەوتووی یەکەمی ئەم بوارە و بگرە ئیهمالکەر دەزانم، چونکە وا دەبینین وەرگێڕەکان و بەرهەمەکانیان بێناز وا دەمرن و  لە بێنازی و بێڕێزی کردندا وا دەژین و بازرگانان و نەزانانی بواری بەرهەم و  نوسینەکانیان وەک کاڵایەک ئەوانیان لێدەکڕنەوە. ئیدی چ جۆرە کڕینێکیش کە بۆ نمونە وەرگێڕێکی بواری ڕۆشنبیری کتێب هەزاران پەڕە کتێب کە بچووکترین مافی ئەوانە بەبێ عەقد و تەنانەت هەندێکجار بە بێ نرخکردنی و  نەزانین لە مامەڵەکردن و هەستنەکردن بە ماندوویەتییان لێدەکڕنه‌وه‌ وەک کەرەستەیەکی دیکەی مامەڵەکردنی ڕۆژانە نەک زانستیانەو ڕۆشنبیریانە.

 ئیدی‌ ئەوەش بوەستێت بیانووی نەدانی پارەی ماندوویەتی بەرهەمی وەرگێڕ و نووسەر کە ئاوا بەرهەمێک شتێکی بەهاداری باڵا لای ئەوە، لە ماوەی ساڵێک تا دو ساڵ بۆ دەبژێرن و لە دونیای ڕێزگرتنی ئاوا خاوەن قەڵەمانێک ئیسفادەی خراپ دەبرێت و هەر لەهەمان سەرەتادا بێ ئەمەل و گیرفان بەتاڵ ئەوان مایەپووچی دونیای جوانی وەرگێڕانی بەرهەمەکان و کتێبەکان و هەوڵدانیان بۆ نووسینی بەپێزتر دەکەن، كه‌ هەندێ جار ئەم توێژە لەئاست ئەم بێمنەتییەدا جگە خەمبار بەنووسین و هەڵبژاردنێ ئاوا کارێک لە ژیانیدا چیی بۆ دەمێنێتەوە؟

ئاواتی وەرگێڕان و نووسەران لەم ڕۆژانەدا بەڕای ئێوە دەبێ چی بێت؟ جگە لەوەی تکایە ماف بۆ خاوەن بەرهەمه‌ وەرگێڕانەكان هیچ نه‌بێت بگەڕێننەوە!!

 یاساو پارە و سامانی زۆرمان بۆ فیستیڤاڵ و بۆنەکان و کۆنسێرتی هونەرمەندانمان تەرخانکرد، کەچی یاسایەک نییە نووسەران و وەرگێڕان و قەڵەم بەدەستان و خاوەن بەرهەمەکان ماف بۆ بگەڕێنێتەوە.

 به‌ڕاست یاسایەکی ئاوا زۆر زەحمەتە یان وەزارەتی ڕۆشنبیری و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانمان ئاگاداری ئەم شێوازی کارکردنە نین و ڕۆژانە دەبینین هەر بەرهەمی وەرگێڕانەو چاپدەکرێت و ژمارە سپاردن و ناوی نووسەری پێوەیەو بەس مافە شەخسییەکانی وەرگێڕەکانی هێشتاکە نەدراوە.

 هیچ نەبێ کاتی ڕێگەپێدان بۆ بڵاوکردنەوەی‌ به‌رهه‌مه‌كان گرێبەستێكی کاری بکەنە مەرجی ڕێگە پێدانەکان و له‌ ئه‌گه‌ری‌ پابه‌ندنه‌بوون غەرامەی شکاندنی گرێبەستەکانیان بەمەرجی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان بکەن.

ئەمڕۆ چ ڕۆژگارێکە وا ئەم توێژە شەرمنە ناخ جوان و داهێنەرە شوێنیان نابێتەوەو هیچ نەبێ بەرهەمەکانیان بێنرخ لەئاستی کومەڵگادا نەبینینەوە.

 کورد و مەینەتییەکانی جوانترین نووسەرەکانی لەمێژووی خۆیدا شاردووەتەوە، ئایا لە سەردەمی نوێدا بە ماف گەڕانەوە بۆ وەرگێڕەکان  تۆ بڵێی بەزیانمان بێت کە بێبەش لەزۆر مافیان دەکەین و هەنگاوی پێویستی بۆ ناهاوین.

یانیش بەدیدێکی تر هەر ئاوا دەمانەوێ ئەم توێژەش بێناز خۆیان و بەرهەمەکانیان بمێننەوە و ئیتر ڕۆژی جیهانی وەرگێڕان بێت یان نوسەران؛ بۆ هەر کێ بێت بۆ خاوەن بەرهەمی وەرگێڕەکان و  نووسه‌ری‌ کورد نەبێت و دەبێ بەدوای دونیای دیکە لە ژیانیان کە دوورە لە حەزو خولیایانە بۆ مانەوەو ژیانکردن هەردەم بگەڕێن.

ئۆمید وایە کە نووسەران و وەرگێڕان و خاوەن بەرهەم و قەڵەم دەستە بە بڕشتەکان چیدی لەبیر نەکرێن و ئاوا ڕۆژێکیش بۆ ئەم توێژە جوانەی کوردستانیش جێی بایەخی  تایبەت بێت و بەرهەمی ئەوان بەرەو ڕووگە جیهانییەکان هەنگاو بنێت و بتوانین ئێمەش بزوێنه‌ری‌ گەیەنەری دونیای بەرهەمی جوانی کوردی بە جیهانیان لەڕێگای دانانی یاسایەکی بەهێز به‌ گەڕانەوە و حه‌قدان بە مافەکانیان بین، کە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرپرسی یەکەمی ئەم هەنگاوانە لەئێستاوپلاندانان بۆ داهاتووشیەتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×