بۆچی یەکێتیی بەخێرایی زۆر توند ھێرشی کردە سەر خۆپیشاندانەکەی سلێمانی!؟

شه‌ریف عەلی
  2022-09-30     995

لە ھێرشکردنەسەر خۆپیشاندانەکەی سلێمانیی، تا کردنە ئامانجی فەرماندەکانی پارتیی لە چەمچەماڵ!

یەکێتیی بەخێرایی و زۆر بە توندی خۆپیشدانەکەی 'دەستەی رێکخەری خۆپیشاندان بۆ پشتگیریی لەڕۆژهەڵات' سەرکوت کرد. لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکەی 'ئەوان' زۆر مەدەنیانەو ڕێکخراو بو!

لەکاتێکا لە تەواوی جیھان، تەنیا یەکێتیی و بزوتنەوەی تاڵیبان خۆپیشاندانەکانیان بۆ پشتیوانی ئازادیخوازانی ئێران، سەرکوت کرد. بەمەرجێ تاڵیبان کاتێک خۆپیشاندەرانی پەرش و بڵاو کرد کە دۆخەکە گەشتە ئەوەی کە باڵوێزخانەی ئێرانیان بەردباران کرد! بەڵام خۆپیشاندەرانی سلێمانی ھەمویان ڕوناکبیر، مامۆستای زانکۆ، ھونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین بون و، زۆر بە ئەدەبانەو مەدەنیانە و ڕێکخراوانە خۆپیشاندانیان کرد، کەچی یەکێتیی زۆر توندوتیژانە بەخێرایی ڕوبەڕویان بویەوەو لێی گرتن و، بە گاز لێشی بریندار کردن! لەھەمان کاتتدا حەشدی شەعبی ڕوبەڕوی ھەمان جۆر خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی ئازادیخوازانی ئێران نەبۆوە لە نەجەف دا، بە مەرجێ خۆپیشاندەرانی نەجەف چەندین جار ئاڵای ئێرانیشیان سوتاند. تەنانەت خودی سوپای پاسداران لە ناو خاکی ئێران بەوشێوەیەی یەکێتیی ڕوبەڕوی خۆپیشاندانی مەدەنی نەبۆتەوە! ئەمەی یەکێتیی ئەیکات، زۆر گومان ھەڵدەگرێ: ئایا یەکێتیی بەکردەوە بەشێک نییە لە ھێرشەکەی ئێران! بەیاننامە گرنگ نییە، گرنگ بەنھێنیی و کردەوەیە!

پارتیی گروپێکی ناسیۆنال خێڵەکین و، گەندەڵن و، ھەرچییەکی تریش بن، ئەوە مەسەلەیەکی ترە. بەلام لەم مەسەلەیەدا ھەندێک ئاماژە، جێی پرسیارە!

ماوەیەکە خەڵکێک لە کەرکوک، چەمچەماڵ تا دەگاتە سلێمانیی دەبنە پارتیی. ئێرانیش لەم کاتەدا ھەڵدەستێت فەرماندەکانی پارتیی دەکاتە ئامانج! ئایا ئەمە بە قازانجی کێیە!؟ بێگومان بە قازانجی یەکێتییە! کەوابو دیسانەوە شیکاری سیاسیی بێلایەنانە ئەوەیە: ئایا یەکێتیی بە نھێنیی بەم مەسەلەیەوە نەگلاوە!؟

بەو مانایەی، ئێران ھەم لەبەر ئەوەی چەمچەماڵ و ئەو ناوچانە ڕێژەیەکی گرنگ گازی سروشتییان تێدایەو، ھەم جیۆپۆلەتیکێکی گرنگن بۆ کەرکوک-حەمرین و، ھەمیش ئێران زۆنی سەوز بە ھی خۆی دەزانێ و، بەنھێنیی ھەندێک لە یەکێتیی [زیاتر] بۆ ئێران دەکەن تا حەشدی شەعبیی، بۆیە ئێران فەرماندەکانی پارتیی لەو ناوچانە دەکاتە ئامانج.

پێشتر بۆیە ئێران نەی دەکردنە ئامانج، چونکە بەشێکی خەڵکی ئەو ناوچانە یەکێتیی بون. بەڵام ئێستا زۆرینەی خەڵکەکەی لە یەکێتیی ناڕازیین و بەشێکیشیان ڕووەو پارتیی دەکشێن، بۆیە ئێران فەرماندەکانی پارتیی دەکاتە ئامانج. بۆ ئەوەی خەڵک و کەسایەتییەکانی ئەو دەڤەرە بترسێنێ کە ھی تریان نەبنە پارتیی و، ئەگەر ببنە پارتیی، ئەوا گیان و ماڵیان پارێزراو نابێت! ئایا ئەمە بە قازانجی کێیە!؟ بێگومان ئەمەش ھەر بە قازانجی یەکێتییە!

ھەروەھا، مەبەستێکی تری ئێران لەم ھێرشانەی بۆ سەر فەرماندەکانی پارتیی: بۆ ترساندن و فشارخستنە سەر پارتییە کە تەسلیمی داواکانی میلیشیاکانی سەر بە بەرەی ھەماھەنگی شیعەکان 'مالیکی، حەکیم، غەز عەلی، بافڵ تاڵەبانی و ھادی عامری' ببێت بۆ پێکھێنانی حکومەتی عێراق.

لێوردبونەوەیەکی تر ئەوەیە: بۆچی سێ-چوار کۆمەڵەکانی «ئیمپراتۆری گوندی زڕگوێزەڵە!!» لەم بۆردومانانەدا کەسیان لێ شەھید نەبوە. لەکاتێکا بەشێک لە گرنگترین بارەگاکانیان تەختی زەوی کراون. کەچی دیموکرات و پارتیی ئازادی شەھید و برینداری زۆریان داوە! ھەمو لایەکیش دەزانن کە کۆمەڵەکان دروست کراوی مام جەلال بون و، بەشێکی ناڕاستەوخۆن لە یەکێتیی!! ئایا چۆن کۆمەڵەکان بەخێرایی ھەمو بارەگاکانیان چۆڵ کرد!؟

ھەمو ئەمانە گومانەکان سەبارەت بە یەکێتیی زیاتر دەکەن، کە ئایا بەنھێنیی و بەکردەوە لەم مەسەلانەدا تێوەگلاوەو لەگەل ئێران دا ھاوپیلانە، یاخود نا!؟

ڕونە کە یەکێتیی ناشیەوێت ھەڵبژاردنیش بکرێت، چونکە دەیەوێت بەم دۆخەیەوە، خۆ فەرزکردنی بەسەر زۆنی سلێمانیی دا بھێڵێتەوە! کەوابو لە دۆخێکی وادا کە یەکێتیی لە بەغدادیش سەرۆک کۆماری دەوێ و، ھەمو ئەگەرەکانی سەرەوەش زیاتر گومانەکانی شیکاری سیاسیی بێلایەنانە دەبەنەوە سەر ئەوەی: ئایا یەکێتیی بەکردەوە و بەنھێنیی لە کوێی ئەم ھێرش و پیلانانەی ئێران دایە!؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×