لە مێژەوە دژی مێینەیی ئێوە، پیت بە پیتو وشە بە وشە ڕیز دەکرێ شەریعەتو دەستورو ڕێساو یاسای دەستەلاتی پێ دەنوسرێ؛ پەیامو فتوای پیاوانی پێدەدرێ، تا ئەفسانەیەک،تا مانایەک،تاحەقیقەتێک، بە کۆیلەبونی مێینەیی ئێوە ببەخشرێ..!
لەو سەردەمەوەی جێگاو پێگەی بەرزو نزم لە نێو مرۆڤەکاندا دابەشکرا، ئێوەی مێینە بونە خاوەنی نزمترین پێگەو جێگا، لە نێو کۆمەڵگا..!!
لەو زەمەنەوەی کە مرۆڤ دەستی کردووە بە کوشتنی مرۆڤ، لە کوشتنی جەستەی مێینەیی ئێوەوە دەستی پێکردوە..!
لەو ڕۆژەوەی مرۆڤ بیری داگیرکاری لە زەین و ھزریدا پێگەیشتوە، لە داگیرکردنی جەستەی مێینەی ئێوە دەستی پێکردوە..!
لەو زەمەنەوەی شەرەف بوەتە پێوەری بەهای بەرزی کەسایەتیو کۆمەڵایەتی، شەڕەف بە نێوەندی لەشی مێینەی ئێوە بەخشراوە..!
لە شەڕی نێوان هۆزو خێڵەکاندا بۆ وەرگرتنەوەو شکاندنی شەرەف، جەستەی ئێوەی مێینە کەوتۆتە بەر هێرشی شمشێرو خەنجەر و کەسیەتی مێینەی ئێوەی پێ ئەتک کراوە..شەڕەکانیش بە خەڵاتی شەرەفی ئێوەی مێینە کپ کراوە..!!
لەو کاتەوەی مرۆ جۆرەکانی هێزی بە ( دەست و بازو و دار و بەرد و ئاگر و ئاسن ) بەخشی، هەموو هێزەکانی بۆ سزای مێینەی ئێوە کردە هێزی ئازارو ئەشکەنجە..!!
پیاوان هێزیان بە دەست و بازویان بەخشی تا پڕچی درێژی ئێوە پێ دەسکەنە بکەن..!
هێزیان بە دار بەخشی تا دارکاری جەستەی ئێوەی مێینەی پێ بکەن..!
هێزیان بە بەرد بەخشی تا ڕەجمی کەسیەتی مێینەی ئێوە پێ بکەن..! هێزیان بە ئاگر بەخشی تا لە ژێر زەبری سوکایەتیو ناچاریدا، جەستەی مێینەتان لە سەر زەویو لە جەهەنم، بە ئاگر بسوتێنن..!!
پیاوان ئاسنیان کردە کۆتو زنجیرو دەرگای ئاسنین؛ تا جەستەی مێینەیی ئێوەی پێ بەند بکەن..!
ئاسنیان کردە چەقۆ و گوێزان؛ تا لەشی مێینەی ئێوەی پێ بشێوێنن..!
ئاسنیان کرد بە چەک و تفەنگ؛ تا ناوچاوانی مێینەی ئێوەی پێ نیشانە بکەن..!!
کاتێک شۆڕشی پیشەسازی سەری هەڵدا، مانیفاکتۆرا و کارگەی ڕستن و چنین لە سەر دەست و پەنجەکانی ئێوەی مێینە داهێنرا، (پیاوان) خوریان لە پێستی مەڕ و بزن ڕنی و دزی..! خوریان کردە پەت و گوریس؛ گوریسیان کردە گەردنی ئیوەی مێینە، تا ھاواری ئازادی ئێوەی مێینەی پێ بخنکێنن..!
خورییان کردە خامە و قوماش..قوماشیان کردە عابا و نیقاب و حیجاب، تا ڕوخساری میهرەبانی مێینەیی ئێوەی پێ داپۆشن.. تا سەر ڕێگای ئازادی ئێوەی مێینەی پێ تاریک بکەن..!!
هەرچەند بۆ نان..بۆ ژیان لە زیندانی ماڵەوە چون بۆ بازاڕی کار..بازاریش بە بازرگانی جەستەی جوانی مێینەیی ئێوە پڕ فرۆشکرا.. !
تا ئێستاش لە ھەر شوێنێک بن لە ھەر جێیەک لە ژێر سایەی هەر دەستەڵاتێکدا بن، پیاوانی دەستەڵاتخواز خاوەنی جەستەی مێینەیی ئێوەن، بۆ سەپاندنی نەریتی خیڵ یان دەستەڵاتی شەریعەت و یاسا، یان بۆ هەوەسی نێرینەیان بێت، دەبێت وەک بوکە شوشە بێ لەبەر دەستیاندا بن..!
مێژوو هاتو چوو دەستەڵات دوای دەستەڵات ڕوخاو دروستبو، حوکمی خەلیفە بە دوای خەلیفە..پاشاو دوای پاشا..سەرۆک دوای ڕابەر چونە سەر حوکم و حوکمیان لە دەستچو، بهرنامه و دەستور ڕێسا لە کۆشکی ڕابەرو پاشاو سەرۆکەکان بە دەست و قەڵەمی دادوەران داڕێژرا، دیسان پێگەی نزمو ژێردەستەیی مێینەیی ئێوەی تێدا نەخێشنرا، ئەفسوس مافو ئازادی ئێوەی مێینەی تێدا نەنوسرا، زام و ئازاری ئەشکەنجەی ئێوەی مێینهی تێدا ساڕێژ نەکرا..!
تێبینی/ ئەم تێکستە لە ساڵی ٢٠١٠ لە ساتی بەردباران کردنی (دۆعا)دا نوسیمەو بڵاوم کردۆتەوە..ئێستا بە پێویستی زانی لە ساتی کوشتی نا مرۆڤانەی (ژینا)دا بە کەمێک دەستکاریەوە،بڵاوی بکەمەوە.