بۆچی پێویستە بەرگریی لە 'خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران' بکەین؟

به‌هار مونزیر
  2022-10-05     480

خەڵکی کوردستان و ئێران، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دژ بە دەسەڵاتی ستەمکاری کۆماری ئیسلامیی دەخرۆشێن و ڕوخانی ئەو ڕژێمە دژە ئینسانییە بووەتە کاری لە پێشینەیان، ئەمەشە ھۆکاری بەردەوامیی ڕاپەڕینەکەیان، وێڕای ئەو ھەموو سەرکوتییەی ڕژێم و دەستنەپاراستنیان لە ھەر جۆرە کردەیەکیی نائینسانیانە دژ بە خەڵکە ڕاپەڕیوەکە.
 
ھەر ئەوەی کە مانەوەی «کۆماری ئیسلامیی ئێران»، دەکەوێتە مەترسییەوە، گرووپە ئیسلامییەکان و ئەو ھێزانەی کە دەزانن بە کەوتنی ڕژێم ئەمانیش باریان دەکەوێتە لێژیی، بە لێدوان و ھەواڵەکانیان و ڕوماڵی ئەم ڕاپەڕینە دەرخەری ئەوەیە کە دڵیان لای ئاغاکانیانە و، ھەوڵی ئەوە دەدەن دۆخەکە بکەنە تەپوتۆز تا ھەقیقەتەکان ون بن! 

ئەوەی پێویستە و وەکو ئەرک دەکەوێتە سەر کۆمەڵگە، ئەوپەڕی ھاوپشتیی ئەو ڕاپەڕینە کە بکرێت؛ لە هەرە بەرچاوترین ستەمەکان لەسەر ژنانە کە خۆی لە (سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ)ـدا دەبینێتەوە، کە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی زوڵم و زۆری شا، کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانیی باڵاپۆشی بەزۆری کچان و ژنان بوو لە ئێراندا، کە زۆرێک لە ئێمە لە ڕێگەی وێنەکان و ئەرشیڤی ئەوکاتەوە(لەسەروبەندی سەپاندنیی ئەو یاسایانەوە)، بە بەرپەرچدانەوە و ڕەتکردنەوەیەکی فراوانی جەماوەریی ئاشناین، یەکێکی تر لە یاساکانیان سزای سەر شەقامەکان بوو، هەر لە (سەنگەسار) یاخود (بەردبارانکردن)ـی ژنان و پیاوان بە پاساوی بێبنەما و ئەتککردنی چەندان کەس، سزای لە سێدارەدان بە بەرچاوی خەڵکەوە کە مەبەستیی سەرەکی لەم کارانە چاوترسێنی خەڵک بوو، تاکو لەو ڕێگەیەوە خەڵکەکە بەتەواوی ڕام بکەن و خۆشیان لە دەسەڵات بمێننەوە.

لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی ئێران ژیانێکی سەخت و کولەمەرگی دەگوزەرێنن، پشکی شێر لەم چەرمەسەرییەی خەڵکی کوردستان و ئێران بەر ژنان کەوتووە، چەندین هەوڵ هەبووە بۆ گۆڕانکاریی و وەستانەوە بەرامبەر بە زوڵـم و زۆرداریی و خراپی ژیانی خەڵکی کوردستان و ئێران، ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەریهەڵدا کۆکراوەی ئەو هەموو زوڵمەیە، کە لە ئێستادا ئەوەی لێی دڵنیاین ناڕازیبوونی خەڵکە بە گشتیی؛ بەو سیستمەی کە مرۆڤەکان ساڵانێکە تێدا خنکاون و بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕان بۆ ڕزگارییان، دۆخی ئێستا ئەو دەرچەیەیە، بۆیە ڕاپەڕیوان دەست دەبەن بۆ تەواوی ڕەمز و موقەدەساتیی «کۆماری ئیسلامیی».

ئێمەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، گرنگە وێڕای پشتگیریی و ھاوپشتیی لەم شۆڕشەی خەڵکی کوردستان و ئێران، دەتوانیین گوشاریش بخەینە سەر دەسەڵاتدارێتیی ھەرێم کە لەو دەستنەپاراستنەی کۆماری ئیسلامیی کە ھەرجارە و بە بیانوویەک ھەم بۆردوومانی بارەگاکانی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات و ھەمیش تیرۆری سەرکردە و کادیرانیان، ئەم کارە بووە بە نەریتیی کۆماری ئیسلامیی و ھەرجارێک بییەوێت دەیکات، دەسەڵاتی ھەرێمیش بە بەیاننامەیەکی شەرمنانە «ئەگەر ئەمەش بکەن»، ئیدانەیەکی سەرپێیی دەکەن! ھاتنە مەیدانی گەنجانی زانکۆکان و خەڵکی ناڕازی لە ھەموو توێژەکان کە پێوستییەکی پلە یەکە، تا پێکەوە ھەم گوشار لەسەر دەسەڵاتیی ھەرێم بکرێت بەھۆی وابەستەییانەوە بە «کۆماری ئیسلامیی»، چاودانەخەن لە ئاست ئەو دەستدرێژییانەیان کە دەیکەنە سەر ھێز و کەسانیی ئۆپۆزسیۆنیی دەسەڵاتدارێتی ئێران کە نیشتەجێی ھەرێمن، ھەم ھاوپشتییەکی باشی ڕاپەڕیوانی کوردستان و ئێرانیش بن.

بەداخەوە بڵاوکردنەوەی نائومێدی کەسانێکی خوێنەوار لە ئاست ئەم پرسە گرنگەدا، زیانی بە ھاوپشتیی بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران گەیاندووە؛ ئەو جۆرە گوتارانە خەڵکی ڕەشبین درووسدەکات، کە خۆی لە «ھیچ نەکردن»ـدا دەبینێتەوە!

ئەسڵ وابوو ڕێپێوانیی ملیۆنی لە شارەکانی ھەرێم کرابایە، بۆ پشتگیریی لەو خەڵکەی ھەموو جۆرە ستەمێکیان بە درێژایی مێژووی «کۆماری ئیسلامیی»، بەسەردا تاقیکراوەتەوە.

بەهار موونزیر 
٤/١٠/٢٠٢٢ 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×