دیداکتیک: پرۆژەی ستراتیژیی وەزارەتی پەروەردە

فایەق سەعید
  2022-10-07     623

«مامۆستا ئێمە هەست دەکەین لە مڕۆوە گۆڕانکاریمان بەسەردا هاتووە و وەکو دوێنێ نین»

دوو بەشداربووی خولەکە

                             

 ڕۆژی ٥ ی مانگ ڕۆژی دەستپێکردنی کارم بوو لە یەکێک لە گرنگترین پرۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەربارەی دیداکتیکی هاوچەرخ. هێزی پرۆژەکە لە بایەخدانی بێئەندازەی بەڕێز وەزیری پەروەردەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەسەر جێبەجێکردنی زۆر موکوڕە

من زۆر خۆشحاڵم کە ئەرکی بەجێگەیاندنی هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆژەیە بە بەندە سپێرداوە کە لەم بوارەدا ٤ کتێبم دەربارەی دیداکتیکی هاوچەرخ نووسیوە و لەم مانگەدا  بڵاو دەبنەوە.. ئەم کتێبانە زیاتر لە ٧٠ مۆدێل، میتۆد و ستراکچەری جیاوازیان لەخۆ گرتووە و نزیکەی ١٠٠٠ لاپەڕە دەبن و بە پاڵپشتیی ٢٧٠ سەرچاوەی ئینگلیزی و سویدی هاوچەرخ نووسراون. بەم شێوەیە ناوەڕۆکی پرۆژەکە لە ڕووی زانستییەوە هیچ کەموکورتییەکی تێدا نییە و هەمان ناوەڕۆک لە ناوەندە ئەوروپییەکاندا دەخوێندرێن.

 

ناوەڕۆکی پرۆژەکە

لە ماوەی پرۆژەکەدا هەموو بەشداربوویەک ٤٠ کاژێر و نیو لەگەڵ من و گرووپەکەی خۆیدا دەخوێنێت و ٣٠ کاژێری دیکەیش ئەرکی ماڵەوەی هەیە. بە داڕشتنەوەیەکی دیکە ڕۆژانە   ڕۆژانە ٤ کاژێر و نیو  بە یەکەوە کار دەکەین و لە ماڵەوەش دەبێ ٣ کاژێر و نیو خەریکی نووسینەوەی ئەرکەکان و خوێندنەوەی ٤٠ لاپەڕە ببێت. بەندەش دەبێ دەوروبەری ١٢ کاژێر لە ڕۆژێکدا کار لەم پرۆژەیەدا بکەم و بواری ئەوەم نییە تەنانەت یەک ڕۆژیش نەخۆش بکەوم.

ئەم خولەش وەکو هەموو کارەکانی دیکەی بەندە زۆر زانستی و چڕە و بواری گفتوگۆی لاوەکی تێدا نییە. هەموو بابەتەکان و گفتوگۆکان دەربارەی دیداکتیکی هاوچەرخن، واتە چۆن کتێبەکانی خوێندن بە خوێندکاران بگەیەنین، بە چ میتۆد و مۆدێلێک وانەکان بڵێینەوە.

ڕەنگە مامۆستاکان گلەیی ئەوە بکەن کە لە داهاتوودا ئەرکیان زۆر دەبێت، بەڵام ئەوە دروست نییە. ئێمە لەم پرۆژەیەدا فێری ئەوە دەبین مامۆستاکان چۆن وانەکانی خۆیان بەشێوەیەکی وا بڵێنەوە کە فێربوون و فێربوونی بەرجەستە پیادە بکەن. لە زۆرێک لە میتۆدەکاندا مامۆستا ئەرکی زۆر کەم دەبێتەوە و خوێندکارەکان کارەکانی مامۆستا دەکەن. مامۆستا دەبێتە سەرپەرشتیارێکی زیرەکی پرۆسەی فێربوون. ئامانجی پرۆژەکە لەوەدایە چۆن خوێندکاران وا لێ بکەین خۆیان بیر بکەنەوە و کارەکانی خۆیان بکەن بەبێ ئەوەی لەلایەن مامۆستاوە وەڵامی حازربەدەستیان بدرێتێ، ئەمەش بنەمایەکی سەرەکی تیۆریی مەعریفییە.

 

کێ دەڵێ دیداکتیک گرنگە؟

دیداکتیک سێ بەشی پەروەردە پێک دێنێت و گرنگترین فاکتەری پێشکەوتنی هەر سیستمێکی پەروەردەییە لە سەرتاسەری جیهانی هاوچەرخدا. لە توێژینەوە زانستییەکاندا میتۆدێکی ماتماتیکی بەکار دێت بۆ دەرهێنانی ئەندازەی کاریگەریی هەر فاکتەرێک لەسەر کارایی خوێندکار.  لە کاتێکدا ئەندازەی کاریگەریی فاکتەرێکی باش لەسەر بەرزکردنەوەی کارایی خوێندکار دەگاتە (0.4)،  دیداکتیک بە تەنها دوو ئەوەندە کارایی خوێندکار بەرز دەکاتەوە، واتە ئەندازەی کاریگەرییەکەی لەسەر کارایی خوێندکار دەگاتە (0.79).

ئەو ژمارانەی سەرەوە لە بانکێکی نێودەوڵەتیی زۆر گەورەوە وەرگیراوە کە گەورە توێژەری نێودەوڵەتیی جۆن هاتیی سەرپەرشتی دەکات و  ١٠٠ هەزار توێژینەوەی زۆر گرنگی لەخۆ گرتووە و ١٠٠ ملیۆن خوێندکار بەشداریی تێدا کردووە هەموو خوێندکارێک چەندین جار تاقیکردنەوەی کردووە.

چۆن بزانین ئەم پرۆژەیە کاریگەریی هەیە؟

ئەم پرۆژەیە بە ئەندازەی یەکەم بۆ بەهێزکردنی مامۆستاکانە، چونکە ئەوان بەردی بناغەی سیستمی پەروەردەن. کاتێک ئەم مامۆستایانە لە بواری دیداکتیکی هاوچەرخدا زانستی نوێیان پێ دەگات و ماوەیەک کاری لەسەر دەکەن، وەزارەتی پەروەردە لە ٣ ڕێگەوە هەوڵ دەدات بەدواداچوون بۆ ئەوە بکات ئایا هەموو مامۆستاکان بەکاری دێنن یان نا و کاریگەرییەکانی چین.

یەکەم: لە ڕێگەی خودی ڕاهێنەرەکانەوە کە ئێستا لەم پرۆژەیەدا ڕاهێنان دەکەن.

دووەم: لە ڕێگەی سەرپەشتیارەکانەوە.

سێیەم: لە ڕێگەی دەرهێنانی ئەندازەی کاریگەری لە ڕێگەی نووسینەوەی توێژینەوەیەک یان چەند توێژینەوەیەکی زانستی، ئەمەش لەلایەک دەبێتە یەکەمین توێژینەوەی زانستیی کوردی دەربارەی ئەندازەی کاریگەری و لەلایەکی دیکەشەوە دەبێتە یەکەمین جار کە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستییەوە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی خۆی بکات.

 

چی بۆ ئەم خولە پێویستە؟

بەشداربووەکانی خولەکە تەنها پێویستیان بە بیرکردنەوەیەکی دینامیکی هەیە، واتە دەبێ گەشبین بن، ئامادەی گۆڕانکاری و ئاڵنگاری بن، هیچ نەبێت لە ماوەی خولەکەدا واز لە گلەیی و گازندەکانی خۆیان بێنن لە سیستمی پەروەردەیی، بە ڕۆحێکی ئەرینیخوازییەوە پشتیوانی پرۆژەکە بکەن، گرفت بۆ چارەسەرەکان نەدۆزنەوە و لەمپەر لەبەردەم گەشەکردنی کۆنسترەکتیڤانەی خۆیاندا دروست نەکەن. هەموو ئەرکەکانی دیکە من دەیانگرمە ئەستۆی خۆم.

یەکێک لە ناخۆشترین و  خراپترین شت کە لە هەندێ لە خولەکانی پێشووترمدا هاتبوونە ئاراوە ئەوەیە کە ساردم دەکەنەوە، لەجیاتیی ئەوەی بڵێن چۆن ئەم کارە بکەم، پێیان وتووم ئەمە ناکرێت. لەم خولەدا هیوادام ئەمانە دووبارە نەبنەوە (بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی بیرکردنەوەی دینامیکی دەتوانن کتێبی فیدباک و کارایی خوێندکار بەندە بخوێننەوە).

لە یەکەمین ڕۆژی خولەکەدا لە هەولێر و دوای ڕۆژێکی سەخت کە پڕ بوو لە داواکاری ئاڵنگاری، دوو خانمی بەشداربوو هاتنە پێشەوە و بە دەنگێکی کریستاڵی ڕوون کە پڕ بوون لە وزە و گەشبینی پێیان وتم «مامۆستا ئێمە هەست دەکەین لەمڕۆوە گۆڕانکاریمان بەسەردا هاتووە و وەکوو دوێنێ نین».

ئەو جۆرە پەیامانە ئامانجی منە و هێزێکی بێئەندازەم پێ دەبەخشێت. لە ڕاستیشدا ئەگەر هەموو بەشداربوویەک لە کۆتایی خولەکەدا ئەو پەیامەم پێ نەڵێت، من خۆم بە سەرکەوتوو دانانێم. دەبێ ئەوەش یاداشت بکەم ئەو میتۆدانەی لەم خولکەدا کاریان لەسەر دەکەین، هەمان ئەو میتۆدانەن کە مامۆستایەکی هۆڵەندی، ئەڵمانی، فەرەنسی و ئەمریکی کاریان لەسەر دەکەن.

هەڵسەنگاندن و شێوازی کارکردن

ئێمە لەم خولەدا کار بە سیستمی «فیدباک» دەکەین و پشت بە مۆدێلەکەی جۆن هاتتی دەبەستین کە لەسەر ئاستی جیهانی پێشکەوتوو کاری پێدەکرێت. هەروەها کار بە مۆدێلی «هەڵسەنگاندنی فۆرماتیڤ» دەکەین کە تازەترین شێوازی هەڵسەنگاندنی بەرکارە لە وڵاتە پێشکەتوتووەکاندا. هەڵسەنگاندنەکان ڕۆژانەیە و بە چوار ئاستە کە یەکێکیان دەرنەچوونە لە خولەکە.

 

پەیامی کۆتایی

من دەزانم ئەم خولە زۆر چڕە، ئەرکی زۆری هەیە، زۆر زانستییە و ئاستێکی بەرزی هەیە، بەڵام من یەک بژاردەم لە پێشە ئەویش سەرکەوتنە. من زۆر گەڕام بەڵام هیچ بژاردەیەکی باشتر لە سەرکەوتنم نەبینییەوە. بۆیە من دەمەوێت هەموو ئەو کەسانەی چەندین ساڵە گلەییەکی شایستە لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە کاری چیدی بۆ تواناسازیی مامۆستاکان ناکات، ئێستا شانی بدەنە بەر، کەمێک عەزێت بکێشن، پشتیوانی پرۆژەکە بکەن و لە جیاتیی ئەوەی پێم بڵێن ناکرێ، دەمەوێ پێم بڵێن چۆنی بکەین.

لە کۆتاییدا سوپاسی پشتگیریی بێسنووری وەزیری پەروەردە دەکەم ، سوپاسی پشتیوانی جوانی تیمی وەزارەت دەکەم کە زۆر هاوکارم بوون، هەروەها سوپاسی بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەردە و مەشق و ڕاهێنانی شار و قەزاکان دەکەم کە پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوم و هەموو پێداویستییە لۆجیستیکییەکانم بۆ دابین دەکەن.

من ئەو هەموو پشتیوانییەم هەبێت ناتوانم لە کارەکەمدا سەرکەوتوو نەبم

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×