حكومەتی هەرێم وەك هاندەری سپیكردنەوەی پارە.. چەكی بەڵێندەران بە نمونە

زەیدان مەلا تەها
  2022-10-08     470

چەكی بانك كۆڵەكەیەكی گرنگی مامەڵەی ئابوری و بازرگانییە، ئاسانكارییەكیشە بۆ پاراستنی پارە لە دزی و ون بون بەو پێیەی چەك كە كاغەزێكە جێگەی پارەیەكی زۆری كاش دەگرێتەوە، سروشتی ئەم كاغەزە یاساییەش وەهایە هەركاتێك بخرێتە ڕو، دەبێت یەكسەر ببێتە پارەی وشكە، هەر لەبەر ئەو گرنگییەشی چەكی پارە هەیەتی یاسای بازرگانی عێراق (30 / 1948) ئەوەی یەكلایی كردوەتەوە كە چەك یەكسانە بەپارە ئەگەر مەرجە یاساییەكانی تێدا بێت.

لە ساڵانی قەیرانی دارایی و پاش ساڵی 2021 حكومەتی هەرێم وەك زۆر هەنگاوێكی تری نابەجێی، چەكی پارەی بێ بەها كردو لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵی كردەوە، ئەویش بەدەركردنی چەك بۆ بەڵێندەران بەبێ ئەوەی لانیكەم لە بەرامبەریدا پارەی وشكە لە بانكەكاندا هەبن، ئەمەش بەگوێرەی یاسا سەرپێچی و پێشێلكاری و بیدعەیەكی داهێنراوە كە مافی داهێنانەكەی تەنها بۆ هەرێم پارێزراوە، چونكە بەگوێرەی مادەی 459 لە یاسای سزادانی عێراقی (111/ 1969)  كە وڵاتی بنەڕەتیی ئێمەیە، دەركردنی چەك بەبێ هەبونی ڕەسیدی فیعلی لە بەرامبەریدا تاوانە، بەوپێیەی چەكی بێ ناوەڕۆك دەبێتە هۆی لەرزاندنی بازاڕ، هەروەها  یاریكردن بە دارایی وڵات و لەسەر ئەم تاوانەش سزای پێ بژاردن و زیندانی كردن بۆ ئەوانە دانراوە كە كاری وەها دەكەن.

چەكە بێ رەسیدەكانی حكومەتی هەرێم كە بەڵێندەرانی بێ خڵافێنرا بەرامبەر پڕۆژەكانیان، كارەساتی گەورەی ئابوری بەدوای خۆیدا هێناوە، دەرگای كردوەتەوە بۆ گەندەڵی و ڕەشوە و یاری كردن بە سامانی گشتی، خەڵكێكی زۆر لە بازاڕ ئەو چەكانەیان دەكڕی بەنیوەی بەهای خۆی، پاشان بە بەرتیل و رێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی دەستڕۆیشتوی دارایی و بانكی دەیانكردە پارەی نەخت، لەمەشدا قازانجێكی زۆریان دەكرد. زەرەرمەندی یەكەمی ئەم پرۆسەیەش ئەوانەبون كە پارەی كاشیان لە بانك داناوە یان موچەخۆر بون و قەرزیان لای حكومەتە چونكە پارە وشكەكە دەچو بۆ بەرتیل و بۆ قازانجی ئەوانەی مامەڵەی پێوە دەكەن، بەشێك لەوەش بۆ بەڵێندەران كە شمەك و خزمەتگوزارییان پێشكەش بە حكومەت كردوە، بەڵام ئەوانەی پارەی كاشیان لە بانكدا داناوە پارە نەبو وەری بگرنەوە!.

یەكێك لە لێكەوتەكانی ئەم بیدعە یاسایی و داراییەش قەرزاربونی حكومەتی هەرێمە بەرامبەر بە بانكی بازرگانی عێراق (TBI) بە پارەیەكی زۆر كە بڕیاربو لە ساڵی 2021 بەدواوە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە قیست بیبژێرێت، چونكە ئەو بانكە فیدراڵییەی عێراق بەنرخی كەمتر لە هی خۆی، هەزاران لەو چەكە بێ ناوەڕۆكەی كڕیوە لەسەر متمانەی ئەوەی لە حكومەتی هەرێمەوە دەرچون و فەرمین و دەبێت خەرج بكرێن. بژاردنی ئەو قەرزانەش پێشمەرجی خەرجكردنی پشكی هەرێم بوە لە بودجەی عێراق و هەركاتیش باسی پشكی هەرێم بێتەوە كایە لە بودجەدا دەبێت ئەو قەرزانە ببژێرێتەوە و باس لەوە دەكرێت بڕەكەی 4 ملیار دۆلارە! كە بێگومان بەشی زۆری بۆ قازانجی بانكەكەیەو سورە لەسەر ئەوەی داوای سوی قەرزەكانیشی لە حكومەتی هەرێم بكاتەوە.

بەگوێرەی هەندێ داتای لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا تەنها لە سلێمانی بڕی 470 ملیار دینار چەكی بێ ناوەڕۆك لە بانكەكاندا ساغ كراونەتەوەو كراون بەپارەی كاش، لە یەكێك لەو سپیكردنەوانەشدا دۆسیەیەك لە دادگای سلێمانی هەیە لە سلێمانی خاوەن كۆمپانیایەك كە تەنها 50 هەزار دیناری لە بانكی ئاشتی داناوە، لە ساڵی 2016 كەچی بەهای 9 (نۆ) ملیار دینار چەكی بانكیی ڕاگیراوی بەڵێندەرانی بە نیوەی بەهای خۆی كڕیوەتەوەو حەواڵەی هەژمارە بانكییەكەی خۆی كردوە كە تەنها 50 هەزار دیناری تێدا بوە، پاشان بە خاترانەو ڕێككەوتن لەگەڵ ژنێكی تری دەستڕۆیشتوی بەرپرس لە بانك هەر 9 ملیارەكەی كردوە بە پارەی كاش، بەمەش كێشەیەكی گەورەی پارەی وشكەی دروستكردوە، ئەوەی جێگای سەیرە لیژنەی لێكۆڵینەوە پاش سەلماندنی ئەم پارە سپیكردنەوە و فرت و فێڵە تەنها سزای سەرنجڕاكێشانی (لفت النظر) بۆ بەرپرسە ژنەكەی بانك دەركردوە، لە كاتێكدا ئەو بەرپرسە بانكییە پارەی "الحساب الجاري" بە فیڕۆ داوە هەروەها كاتێك ئەمەی كردوە قەیرانی دارایی لە هەرێمدا لە لوتكەدا بوە، جگە لەوەش دو ساڵ پێشتر مامەڵەكردن بە چەكی بەڵێندەران قەدەغە كراوە، ئەم لێپێچینەوە سەرپێی و چاوپۆشییەش هیچ جێگای سەیر نییە چونكە لە بنەڕەتدا حكومەت خۆی داهێنەر و هاندەری ئەم قۆڵبڕینەی بەڵێندەران و دەرگا كردنەوەیە بۆ ڕەشوە و پارەخۆری بەرپرسانی بانك و ئەوانەی لە پشت ئەوانەوەن.

* زەیدان مەلا تەها، دەرچوی كۆلێژی یاسایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×