درۆکردن...

زەبەنگ بەهادین
  2022-10-19     817

مرۆڤ خودی خۆی و ئەو دۆخانەی لە ژیانیدا پێیدا تێدەپەرێت ناجێگیرە، بۆیە هەمیشە دەترسێ بە مانا ترس لە ناخیدا دروست دەبێ، هەر لە سەرەتای دروستبونییەوە ئەم ترسە هۆکاری سەرەکی دروستبونەکەی ئەنجامی ناجێگیربونیەتی لە هەمو دۆخەکاندا، ئەم ناجێگیربونە پاڵنەرێکە وا لە مرۆڤ دەکات بەدوای هۆکارەکانی مانەوەو بەردەوامی بدات هەوڵ دەدات جێگیربون دروست بکات بە هەر رێگەیەک بێت، یەكێک لە رێگە سەرەکییەکان بۆ شاردنەوەی ئەو ترسەو هیوا بۆ جێگیربون درۆیە. سەرەنجام  ئەمە وا لەو مرۆڤە دەکات درۆ بکات بە واتا درۆ بۆ شاردنەوەی ترسەکانی و تا رادەیەک پاراستنی کەمێ جێگیری لە ناجێگیرییەکانیدا، فراوانکردنی سنوری پەیوەندییەکان ناجێگیری زیاد دەکات ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ درۆ زیاتر بکات، لە کەم دۆخدا مرۆڤ دەتوانێ درۆ نەک.ا بۆ نمونە سوفییەت یان تەنهایی ئاسایی یان لە تەنهایی دروستکراودا یان جێگیربونی پەیوەندییەک کە هەردو لایەنەکە ترسی لە دەستدان یان نەمان یا تێکچونی پەیوەندییەکەیان  نەبێت، کە ئەم دۆخانە زۆر زەحمەتە، بۆیە مرۆڤ بونەوەرێکی درۆزنە، لەئەنجامی ستراکچەری دروستبونییەوە کە خراوەتە ناو ناجێگیریەتەوە، بۆیە هیچ مرۆڤێک نییە لە ستێپەکانی ژیانیدا کە پێیدا تێپەڕیوە درۆیەکی نەکردبێ، ئەنجام من درۆ بە بەشێکی سروشتی مرۆڤ دادەنێم پەیوەست بە شێوەو شێوازی پێکهاتنییەوە لە بنەرەتدا .

درۆ لەکوێدا شەرعیەتی هەیەو لە کوێدا نییەتی؟

کاتێک بەرامبەرەکەت دێتە ناو ژیانتەوە لە ئەنجامی ئەو ترسەی خۆی هەیەتی بۆ مانەوەی هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی ئەدا بەسەر تۆدا، بۆیە دێت لە بری تۆ بیردەکاتەوەو رێگاکانت بۆ دیاری دەکات. لێرەدا پێویستە درۆی لەگەڵ بکەی بە مانا رێگا راستەکانی نیشان نەدەی، بەڵکو رێگای وەهمی بۆ دروست بکەی با بۆ خۆی بڕوات لەو رێگایانە بڕیارو بیرکردنەوەکانی بدات، چونکە ئەو بەرامبەرە مافی ئەوەی نییە لە بری تۆ بیربکاتەوەو لە بری تۆ بڕیار بدات، چونکە ئەو لە ئاستی بیرو ژیری تۆدا نییە کەواتە نابێت تۆ بچیتە ئاستەکەی ئەو و رێگاکانی بۆ واڵا بکەی تا چۆنی بوێت وەها دیاریان بکات بەڵکو درۆی لەگەڵ بکەو ئاڕاستەکانی بۆ بگۆڕە تا خۆی لەوێدا ون دەبێ.

لە دۆخی پەیوەندی جێگیر یان پەیوەندی ناوەکی بنیاتنراو لەسەر بنەمای ئازادی هەردولاو ژیری بیرکردنەوە درۆ شەرعیەتی نامێنێ، چونکە لێرە تا رادەیەک جێگیربونێک بونی هەیە، ئەگەر کاتییش بێت، یان نەمانی جێگیرییەکە کاریگەری نەرێنی ناکاتە سەر هیچ لایەک بۆ لیرەدا نابیت درۆ بونی هەبێت .

ئەم دو ئاڕاستەیە پێچەوانەی یەکن لە هەمان کات بە یەک ئاڕاستە کاردەکەن چونکە مەبەستە سەرەکییەکە پاراستنی مانەوەو دەسەڵاتە لەبنەڕەتدا، بەڵام دۆخی ئەوەی بە بەرامبەرەکەت بڵێی درۆزن و لە هەمان کاتدا پەیوەندیت بمێنێ ئەمە ناتەندروستە، چونکە ناکرێت دو ئاڕاستەی جیا لە یەک پەیوەندیدا بهێڵیتەوە. بە دڵنیاییەوە کە دڵنیابوی لە درۆی کەسێک دەبێت پەیوەندییەکە بپچڕێنیت چونکە ئەو جۆرە پەیوەندییە خۆی ناجێگیرەو بە ناجێگیری دەمێنیتەوە.

لێرە ئەو پرسیارە دروست دەبێت تۆ چۆن دەزانیت بەرامبەرەکەت درۆ دەکات، ئایا تۆ مافی ئەوەت هەیە بە بەرامبەرەکەت بڵێی درۆ دەکەی لەسەر چ بنەمایەک ئەم بڕیارە دەدەی؟

ئاوێنەبونی خۆمان هەڵە گەورەکەیە کە تێیدەکەوین بۆ بڕیارەکان بە مانا مەرج نییە ئەوەی لای خۆمان شیکراوە بێت ئەوە راستییەکە بێت، زۆرجار ئێمە بەرامبەر تاوانبار دەکەین بە درۆ، بێ ئەوەی دڵنیاییمان هەبێت ئەمە تاوانێکەو هیجی لە کوشتن کەمتر نییە چونکە وا لە کەسەکە دەکەین ئاڕاستەی درۆی بۆ دیاری دەکەین و رای دێنین لەسەر ئەو کارە، لە کاتێکدا رەنگە ئەو لە بنەڕەتەوە درۆی نەکردبێ.

بە مانا دەبێت لە جۆری پەیوەندییەکە  بڕوانین بۆ شیکاری درۆکردن یان نەکردن وە بۆ دیاریکردنی شەرعیەت یان ناشەرعیەتی درۆکردنەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×