کانت‌و ڕۆشنگەری (ئایا ئێمە بەسەردەمی ڕۆشنگەری گەیشتووین؟)

ئازاد شکور
  2022-11-03     233

ئەمە ئەو پرسە گرنگ و پڕ بایەخەیە بۆ هەموو تاکێک کە ڕەوا بێت بپرسێت: ئایا کۆمەڵگاکەی بە ڕۆشنگەری گەیشتووە یاخود نا؟ هەرچەند کەسانی زرنگ و هۆشیار و تەیار بە مەعریفە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی زیاتر ئەم جۆرە پرس و ئاکتەیان لە لا گەڵاڵە دەبێت، نەک کەسانی ئاسایی، بەڵام ئەگەر  ئەم پرسە بۆ هەموو تاکێک و کۆمەڵگایەک ڕەوابێت، ئەوا بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی  کە سیخناخن بە توندوتیژی و یەکتر سڕینەوە و  مۆنۆپۆڵکردنی دەنگە ئازادەکان، زیاتر و زیاتر ڕەوایەتی هەیە کە ئەم پرسە بکاتە کرۆکی بیرکردنەوەکانی خۆی، چونکی دواجار ئەرکی سەرەکی و دوماهی "ڕۆشنگەری" هەڵتەکاندنی ئەو جۆرە عەقڵیەتە سواو نەزۆکانەیە کە دێن دەخالەت لە ژیانی یەک بەیەکی تاکەکان و ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان تاکەکان دەکەن، ناهێڵن تاک بە ئازادانە بیربکاتەوە و تێڕوانین و بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی هەبێت، زۆرینە بە ناوی نەریت و کەلتور و ئاین و پیرۆزیەوە دێن ئامۆژگاری تاک دەکەن و قوفڵی پۆڵاین لە مێشکی دەنگە ئازاد و سەربەستەکان دەدەن، بۆیە ڕۆشنگەری دێت ئەو هەموو پۆخڵەواتیانە لە خۆی دەتەکێنێت و خۆی دادەماڵێت لەو یاساو ڕێسا و بۆتە کۆمەڵایەتیانەی کە بەزۆر سەپێنراون بەسەریاندا و ئامانج لێیان توانەوەی ئەو دەنگانەیە کە مەیلی سەربەخۆییان هەیە، ئەوا هەوڵێک هەیە ئەو دەنگە ڕەسەنانە  لە ناو یەک بیر و یەک ڕێسا و یەک مەزهەب و یەک سیاسەت و یەک زمان و یەک ئاکت و یەک مێژوو و یەک بۆچوون، دیل و قەتیس بکەن. ئیتر ئەو کات داماڵین لەم تاکڕەهەندیە دەبێتە ئەرکێکی ئەخڵاقی، ئەمەش تەنها و تەنها  بە بەگەڕ خستنی عەقڵی خۆمان مەیسەر دەبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم پرسانە هەمیشە لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا، ئامادەگیان هەیە، پەیوەست نین بە قۆناغ و سەردەمێکی دیاری کراوەوە، واتا ناتوانین تەنها بە پرسێکی مێژووی پەتی ناوزەندی بکەین، ئەم پرسە یەکێک لەو پرسە گرنگانەی فەیلەسوف "ئیمانوێل کانت" کە ساڵی (١٧٨٤)زاینی لە ژێر ناوی وتارێک بە ناوی (ڕۆشنگەری چییە؟) خستیە بەرباس.  ئامانجیشی لە درکاندنی ئەم پرسە بۆ پەردەلادان بوو لە سەر ئەو ڕاستیەی، ئایا سەردەمەکەی ئەو بە سەردەمی ڕۆشنگەری گەیشتووە؟

یەکێک لە و فەلسەفەکار و بیرمەندە بەناوبانگەی کە گەنگەشەو شڕۆڤەی ئەو پرسەی کانت ی کردووە، فەیلەسوفی فەرەنسی "میشێل فۆکۆ"یە، فۆکۆ تێڕوانینی خۆی سەبارەت بەو دەقەی کانت بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو دەڵێت: (کانت ویستوویەتی جیاوازی سەردەمی ئێستای خۆی، لەگەڵ سەردەمی پێشتر و ڕابردوو بەراورد بکات، ئەوەش لای "فۆکۆ" وا لە کانت دەکات، ببێتە یەکەم فەلسەفەکار، کە بیرکردنەوە لە ئێستای خۆی و سەردەمی خۆی بکاتە بابەتی بیر کردنەوە، فۆکۆ پێمان دەڵێت: ئەم پرسەی کانت، پەیوەستە بە هەڵوێست و مۆدێرنەوە، نەک ئەوەی بە تەنها قۆناغێک و سەردەمێکی مێژوویی بێت، وە نابێت وەک سەردەمێکی مێژووی تەماشای بکەین و لێی بڕوانین، بەڵکو پێویستە وەک هەڵوێستێکی مێژوویی تەماشای بکەین.)١  ئێستا دەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بڵێین مادامەکی پرسەکە سنوردار نەکراوە، کەوایە دەتوانین ئاماژە بکەین بەوەی کە کۆمەڵگای ئێمەش وەک باقی کۆمەڵگاکانی تری گێتی، تینووی  "ڕۆشنگەری"ە، مەگەر گەل و کۆمەڵگایەک باردۆخی وەک ئێمە وابێت، بۆیە لە پێودانگەوە بە گرنگی دەزانین پێش ئەوەی  گەنگەشەو شرۆڤە بۆ   ئەم پرسە بکەین،  بە پێویستی دەزانین  ئاوڕێک لە چەمک و مێژووی "ڕۆشنگەری" بدەینەوە تاوەکو لەو دەرچەیەوە بتوانین زیاتر خزمەتی پرسەکە بکەین.

ڕۆشنگەری بزاڤێکی فکریی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی فراوان بوو، لە چەرخی ١٨ لە ئەوروپا سەری هەڵدا، بووەتە میراتگری ئەم سەدەیە و تاکو ئێستاش مێژوو سەدەی ١٨ی بەسەدەی "ڕۆشنگەری" ناوزەند کردووە.
مەبەستیش لەم لڤینە بۆ ئەوە بووە تاکو فکرو فەلسەفە لە بورجە عاجێکەی بێنێتە خوارەوە و تێکەڵ بە ژیانی کۆمەڵاتی تاکەکان ببێت و تاکو لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفت و پرسە ڕۆژانەیەکانی کۆمەڵگاکەی بێت.
مەبەستی سەرەکی پشت ئەم بزاڤەش بۆ ئەوە بوو کە عەرشی دەسەڵاتی ئاینی و کۆنەپارێزی بهێنێتە لەرزین، چونکە ئاین کە لە چاخەکانی ناوڕاستدا باڵادەست بوو، کۆنتڕۆڵی هەموو جۆرە بیرێکی کردبوو، تەنها پێشوازیان لەو جۆرە بۆچوونانە دەکرد کە ناکۆک ناتەبا نەبێت لەگەڵ بیرکردنەوەی ئاین و دەسەڵاتەکەی، بەدەر لەوە هەر دەنگێکی تر خاوەنەکەی خۆی لە بەردەم سوتاندن و دانپێنان و ملپەڕاندن دەبینیەوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە تاکەکان دژی ئەو دۆزەخە شۆڕشێکی ناوەکی ئەنجام بدەن پاشان ئەو ڕاپەڕینە بۆ کۆمەڵگاش پەخش بکەن، ڕۆشنگەری ئەو هەیبەتەی بۆ تاک گەڕاندەوە، تاکەکان خۆیان بەهاو نرخ بۆ خۆیان دابنێن و لە هزری داتەپیوی پیاوانی ئاینی ڕزگاریان بێت، پەنا بردن بۆ زانست و مەعریفە لە بری ئەفسانە و جەهل، واتا بنەمای سەرەکی ڕۆشنگەری بڕواهێنان و بەکارهێنانی عەقڵە وەک یەکەمین ژێدەری بە دەستهێنانی مەعریفە.

لە سەدەی هەژدەهەمدا کۆمەڵێک بیرمەندو فەیلەسوف بوون بە داینەمۆو  ڕێبەر و سەر مەشقی بزاڤی ڕۆشنگەری، لەوانەش (دیکارت و ڤۆڵتێر و تۆماس هۆبس و جان جاک ڕۆسۆ و ئیمانوێل کانت) بوون کە لە هەرە دیارینەکانی ئەو مەیدانە بوون. شایانی وتنە "ڕینیە دیکارت"ی فەرەنسی یەکێک لەو بیرمەندە بە ناوبانگانە بوو کە بۆ یەکەم جار چەمک و مانای ڕۆشنگەری لە سیاقێکی دینیەوە گۆڕی بۆ سیاقێکی عەقڵانی بەڵام بە بێ ئەوەی ئاین بخاتە دەرەوەی پرۆژەکە، لەو قۆناغەدا هەوڵی دەدا ئاین دۆستان پراکتیزەی پیرۆزیەکانی خۆیان بکەن بە بێ دەستێوەردان لە کاروبارە دنیایەکان و کێشە ڕۆژانییەکانی تاکەکان، بۆ ئەم مەبەستە دیکارت تێگەیشتنی خۆی سەبارەت بە ڕۆشنگەری  ئاماژە بە چەمکی "ڕووناکی گشتی" دەکات و بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە:(مەبەست لە ڕووناکی سرووشتی کۆمەڵێک لەو ڕاستیانەن کە مرۆڤ تەنها لە میانەی بەکارهێنانی عەقڵی خۆیدا بە دەستیان دەهێنن) ٢ ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە تاکە بنەما کە پێوەر بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بە دووی ڕاستی و درووستیەکانەوە بێت تەنها عەقڵی مرۆڤ خۆیەتی، بۆیە تەواوی هزرڤانانیش گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە مرۆڤ کائینێکی جیاوازە، لە بونەوەرەکانی تری سەرگۆی زەوی بەهۆی ئەوەی تاکە بونەوەرە کە خاوەنی عەقڵ و تێهزرینە و توانای بیرکردنەوەی هەیە هەر لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ڕووبەڕووی جەهل و ئەفسانه بێتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەر هەر ئاکتێک یان بۆچوون و ڕایەک ئەگەر بە فلتەری عەقڵدا تێپەڕ نەکات  ئەوا شایەنی وەرگرتن نییە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە یان ڕەتدەکرێتەوە.  ئەو بیرەکۆنانەش خۆراک و ئۆکسجینیان لە نەریت و ڕێبەرانی ئاین و کەلتور و ژینگە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێسا سونەتیەکان وەرگرتووە، چونکی لە ئەگەر ناکامی و ناکامڵی و جەهل دەبێتە هۆی سود گەیاندن بەوان و زاڵبوونی ڕێساکان و نەریت.

یەکێکی  دی لە کەسە دیارەکانی ناو سەردەمی ڕۆشنگەری "ڤۆڵتێر"ی فەیلەسوف و ئەدیب و ڕۆمانووسە، (کاندید) یەکێک لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانیەتی، نوسەر لەم ڕۆمانەدا، هزرگەلێکی جیاواز لەم بارەیەوە بەیان دەکات، فەزای ناو ڕۆمانەکە باسی کاندید دەکات، کە کاراکتەری سەرەکی نێو ڕۆمانەکەی ڤۆڵتێرە، کاندید کوڕێژگەیەکە لە قەڵایەکی شاهانەیی دەژێت لە لای فەیلەسوفێک دەخوێنێت بەناوی بانگڵۆس کە هەموو ڕووداوەکان بە گەشبیینانە لێکدەدەاتەوە پێی وایە هەموو شتێک باشە، کاندید دەکەوێتە نێوان دووجۆر بۆچونەوە بۆچونێک کە گەشبینانەیەو بانگڵۆس خاوەنی ئەو جۆرە ئاکتەیە وە بۆچونێکی ڕەشبینانە کە مارتنی فەیلەسوف پیادەی دەکات، کاندیش جێبەجێکاری هەردوو بۆچونەکەیە، هەمیشە کاندید لە نێو ڕۆمانەکەی ڤۆڵتێر کەسێکی ماندوو بێ شانس و چارەنووس خراپە و ڕووداوەکان بە قورسی بەسەریدا تێ دەپەڕێت و لە ماوەی ژیانیدا ئاوارەیی و تەنگ و چەڵەمەیی و سەختیەکانی ژیان بەشی کاندیدن)٣. کاندید باسکردنە لە مێژووی سەدە تاریکەکانی چەڕخی ناوەڕاست، نوسەر باسی ساڵانی ١٥٠٠زاینی دەکات، لێرەوە ڕەخنە لە دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی ئەو سەردەمە دەگرێت کە دەسەڵاتی ئاینی دەسەڵاتێکی سەرکوتکار و داپڵۆسێنەر و دڵڕەق و نالێبوردەبوون هەمیشە دژی هەموو جۆرە ئاکت و بۆچونێک دەوەستانەوە ئەگەر پێچەوانەی دەسەڵاتی کەنیسە بێت، دەسەڵاتێکی سیخناخ لە ڕەشبگیری و سوتاندن و هەڕەشەکردن لە هەر نوسەر و ڕۆشنبیرێک ئەگەر لەدرەوەی ڕێساکانی دەسەڵاتی ئاینی بیربکاتەوە، ڤۆڵتێر دەیەوێت لەم ڕێگەوە جاڕی سەربەخۆی تاک و بەگەڕخستنی عەقڵەکان بدات تاکو تاکەکان هەوڵی خۆ ئازادکردن بدەن ڕاپەڕن و ئازادی کەسی بەدەست بهێنن، دژی جەور و ستەم و بیری کۆن بوەستنەوە، نوسەر بە شێوەی تەنز ڕەخنە لە دەسەڵاتی ئاینی و نالێبوردەی و گەشبینی و دڵڕەقی دەگرێت کە هەموو ئەمانە پیاوانی ئاینی بەرپرسن لەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر جڤات هاتووە، هاوکات بانگەوازێکە بۆ دەرچوونە لەو بە دۆزەخ کردنەی کە پیاوانی بۆ تاکەکانی خولقاندووە.

"تۆماس هۆبس" یەکێکی ترە لەو بیرمەندانەی کە سوارچاکێکی زرنگ و دەنگ زوڵاڵی گۆڕەپانەکەیە،  یەکێک لەو ناوە دیارانەیە کەڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بەرچاو ڕۆشنکردنی تاکەکان کە چۆن لە هەناوی خۆیاندا شۆڕشێکی خودی ئەنجام بدەن و ئەو زنجیرەی کە پیاوانی ئاینی و نەریت بە گەردنی کۆمەڵگادا ئاڵاندوویەتی لە ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆی خودەوە بیپچڕێنن. هۆپس لەو باوەڕەدابوو: (کە تێوری مافی خوداوەندی لە فەرمانڕەوایەتی کردندا، بە کەڵکی پاساو هێنانەوە نایەت، بۆ شەرعیەتدان بەدەسەڵات، بەڵکو زیاتر بڕوای بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی هەبوو، بۆ ئەم مەبەستە ڕەخنەی ئاڕاستەی ئاین و داب و نەرێتە کۆمەڵایەتیەکان دەکرد، تاوەکو بتوانێت پەیوەندی ئاین بە کۆمەڵگاو دام و دەزگا سیاسیەکانیەوە دەستنیشان بکات، وە هێرشی توندی کردە سەر سیحر و غەیبانیەت چونکی پێی وابوو ئەمانە ئامرازێکن کە پیاوانی ئاینی بەهۆیانەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکیدا دەسەپێنن.)٤
لەم ڕێگەیەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کە هۆپس لەگەڵ ئەوەدا بووە کە ئاین ڕۆڵی خۆی هەبێت لە ئاشتەوایی نێوان جڤات، بەڵام هاوکات دژی ئەو بۆچونەش دەوەستایەوە کە ئاین وەک دەزگایەکی خواوەندی لێبێت لەسەر زەمین بە مەبەستی لێپێچینەوە لە خەڵکی، هۆپس ڕەتیدەکاتەوە کە ئاین هاوشانی دەسەڵاتی دەوڵەت ڕۆڵی هەبێت، بەڵکو وای پێباش بووە، کە دەسەڵاتی زەمینی و کارووباری تاکەکان لە ئەستۆی دەوڵەت بێت، واتا ئاین ببێتە بەشێک لە دەوڵەت، واتا ئەرکی ئاین جگە لە ڕێنمایکردنی خەڵک هیچی دیکە نابێت ئەو فێرکردنەش مەرجدارە دەبێت ڕێوشێونی پێویستی لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ بگێرێتە بەر
بەگشتی ئەو بونیادە تیۆلۆژیەی کە ئاین لە خۆی گرتبوو، ئەمانجێکی دیارو ڕەخنەی بیریارانی سەردەمی ڕۆشنگەری بوو، بۆ ئەوەی دەسەڵات تەنها لە ژێر دەسەڵاتی ئاین دەربهێنرێت بخرێتە ئەستۆی دەوڵەتەوە، لێرەوە ڕەخنە دەبێتە چەکێکی بەهێزی دەستی بیریاران و داوایان دەکرد خەڵک بە ئازادی بیر بکاتەوە و خەڵک دەسبەرداری دەمارگیری ببن، بە ئازادانە لە پرسەکان بکۆڵنەوە.
بەڵام شایەنی باسە لە کۆتایدا چەمکی ڕۆشنگەری لە سەردەمی فەیلەسوفی ئەڵمانی(ئیمانوێل کانت ١٧٢٤-١٨٠٤) گەیشتە ترۆپک و ڕەگی داکوتا، کە بەناوبانگترین فەیلە سوفی ڕۆشنگەرییە، دوای ئەوەی وتارێکی بەناوبانگی لە ژێر ناونیشانی "ڕۆشنگەری چییە" بڵاوکردەوە، بە جۆرێک ئێستا لە سەر ئاستی جیهان"کانت" زیاتر لە هزرڤانانی پێش خۆی وەک داڕێژەری فەلسەفە و ڕۆشنگەری ناسراوە.

کانت لە باسی ڕۆشنگەری چییە؟ بەم شێوەیە گوزارشتی خۆی لە هەمبەر ئەم چەمکە دەردەبڕێت دەڵێت: (ڕۆشنگەری بریتیە لە دەرچوونی مرۆڤ لە حاڵەتی ناکامی خوود، دلێر بە و عەقڵی خۆت بەکار بهێنە، بە بێ ئەوەی هیچ کەسێک لە دەرەوە بتوانێت هیچ جۆرە ئاکتێک بەسەریدا بسەپێنێت، ئەمە سەردەمی ڕۆشنگەریە)٥ بەمەش تێدەگەین کە کانت دەیەوێت ئەوە بە گوێی تاکەکاندا بچەپێنێت، کە ئەوە کارێکی نادرووست و نا مومکینە و بەدەرە لە عەقڵ و دونیابینی خۆمان، هیچ بۆچوون تێڕوانین و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت ببێتە میراتگرو جێگرەوەی عەقڵی خۆمان، بەتایبەتیش هەموو ئەو بەهایانەی کە بە زۆر بەسەرماندا سەپێنراون! 

کانت لەو وتارەیدا تیشک دەخاتە سەر دوو فاکتەر کە تێیدا کە بەربەستێکی گەورەیە لە پێش گەورەبوون دەرچوون لە ناکامڵی خود ئەوانیش: (ترسنۆکی و تەمبەڵی)ن، هەرچەند سرووشت ئەوانی بە ئازادی درووست کردوون، بەڵام بەهۆی ئەو ترس و تەمبەڵییەی لە ناخیاندا ڕەگی داکوتاوە، هەمیشە کۆمەڵ و دەوروبەر ترساندیانن و دەستیان بەسەر بیرکردنەوەیاندا گرتوون، هەمیشە بۆ ڕایکردنی کارەکانیان پێویستیان بەدەرچەو ڕێبەر هەبووە، ئەو ڕێبەرانەش هەمیشە ترسی ئەوەیان لە دڵیاندا چاندووە، نابێت بە تەنها هەنگاو بنێن هەمیشە ئاگاداریان دەکەنەوە کە شکست دێنن و دەکەون.)٦

          ئایا ئێمە بەسەردەمی ڕۆشنگەری گەیشتووین؟

دوای ئەو هەموو ڕاستیانەی کە سەبارەت بە ڕۆشنگەری لە ڕۆژئاوا خرانە ڕوو، دەتوانین لەوە تێبگەین، نەک ئێمەی ڕۆژهەڵاتی نە گەیشتووین بە سەردەمی ڕۆشنگەری، بەڵکو لە قۆناغی تەواو سەرەتایی و پێش ڕۆشنگەریداین، جگە لە دروشم و چەند هەنگاوێکی نەزۆک و لەرزۆک  لە سەر ئاستی نوخبە، ئەوا هیچ هەنگاوێک شک نابەین کە بیسەلمێنێت ئێمە لە قۆناغی ڕۆشنگەریدا بین. گەرچی لڤینی ڕۆشنگەری "٣ سەدە" پێش ئێستا لە ئەوروپا سەری هەڵداوە، کە لە سەر دارووپەردو و میراتی کەلتور ئاین و بیری کۆن، فەرهەنگ و بیرێکی نوێ دامەزرێنرا، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە بگوازرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و هێشتا گەلانی ڕۆژهەڵات لە نێو بۆتەی هەمان بیری کۆن و تاریکبینی کۆیلایەتی و دیلیدان، هێشتا فەرهەنگ و بیرکردنەوەو دونیابینی ئەم دەڤەرە بە هەمان میتۆدی توندوتیژی، بە هەمان بیری نا لێبوردەیی و توندوتیژی و میتۆدی سەرەڕۆیی و یەکتر سڕینەوە و نەریت و خێڵ و ڕەتکردنەوەی ڕاو بۆچونی یەکتری و ئەوی دی نەویستی و خۆویستی کاردەکەن، لەگەڵ پیادەکردنی دەسەڵاتێکی پڕ لە زەبرو زەنگ و چەوسێنەر و ملهوڕ، دەسەڵاتێک کە بۆتە داینەمۆ لە چاندنی ڕق و کینە لە نێو دڵی تاکەکاندا، بێ سڵەمینەوە لە تیرۆری کەسی و بۆهتان و جنێو تیرۆری جەستەییانە و هەزاران ڕێگای لە نێوبردن.
بێگومان ئەوەی ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی تاکەکانی ئەم دەڤەرە نەیانتوانیوە ئاشنای  ڕۆشنگەری ببن دەرئەنجامی کۆمەڵێک بەربەستن، کە هەمیشە پاڵنەرێکی گەورەبوون بۆ بە بچوک کردنەوەی خودی تاکەکان. ئەوانیش:

١- بەربەستی ئاینی: هەڵبەت ڕێبەرانی ئاین هەمیشە ڕۆڵێکی نەرێنیان هەبووە، لە ئاڕاستەکردنی تاکەکان، هەمیشە هەوڵی باڵادەستی ئاین بەڕەهای سەپنراوە بەسەر تاکەکاندا، هەمیشە گەر کەسێک یان بۆچونێک ئەگەر یەکانگیر نەبووبێت لەگەڵ ئەو جۆرە بیرکردنەوە ئاینیانەدا، ئەوە هەوڵدراوە وەکو دژە ئاین دژە خودا وێنا بکرێت، بە کافر و بێ باوەڕ بشوبهێنرێت، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدار و خەتەر ناکە هەم بۆ خاوەن بۆچونەکە هەم بۆ ئەوانەش کەلێی نزیک دەبنەوە، چونکی داتاشینی ئەم جۆرە ناسنامەیە مردن لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بەڵام ئەگەر ئێمە بێین تێبهزرین و ڕابمێنین دەبینین ئەوەی پیاوانی ئاینی بانگەشەو بانگەوازی بۆ دەکەن جیاوازە لە دەقە ئۆرجیناڵەکەی ناو ئاین، چونکی هەمیشە ئەو پیرۆزیانەی کە دڵخوازی زۆرینەی کۆمەڵگان هەمیشە بازرگانیان پێوە دەکرێت و بۆ مەرامی تایبەتی و بۆ ڕاکێشانی هەستی زۆرینە دەقەکان بەکار دەهێنرێن و دەشێونرێن، واتا لە ڕێگا حەقیقەتەکەی دوور دەخەنەوە، ئەوەی بانگەشەکارانی ئاینی تەواو جیاوازە ، پەیوەستە بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و زیاتر خۆ قایم کردن، چونکە بەرژەوەندی و مانەوەی ئەوان پەیوەستە بە مێگەلکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەوە، هەتا کۆمەڵگا دەرگا بەڕووی کرانەوەی خودی خۆی و ئاستەنگ لە بەردەم بیرکردنەوەکانی خۆیدا دابنێت ئەوا زیاتر ڕێبەرانی ئاین دەتوانن زیاتر لە سەر قاژە کێکەکە سودمەند بن، هەمیشە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە مێگەلی و دەستەمۆکراوی بمێننەوە تۆوی ترسنۆکی لە ناخیاندا دەچێنین، ترسنۆکیش خۆراکی لە هەندێک شتی خورافی و ئەفسانەیی وەردەگرێت، هەمیشە وا وێنا کراوە دەرچوون لە لە قسەی کاهینێک وەک دەرچوون لە فەرمانی خوودا بینراوە و شوبهێنراوە،  ئەمەش وادەکات هەمیشە کۆدێکی گەورە بێت خەڵکی سادە نەتوانێت بیکاتەوە و بە ئارەزووی خۆیان بەدەیان ناو چەمک و زاراوەو پێناسەیان بۆ دەتاشن، زۆرینەش بەهۆی بەکارنەهێنان ئەنێشەیان هەمیشە باوەڕدەکەن هەر بۆیە ئەمە وادەکات هەمیشە تاکی نوخبە بۆ ئەوی لەو تیرۆرە کەسی و جەستەیی و نازڕاندنە بە دوور بێت هەمیشە دەستەوەستان بمێننەوە هەوڵ نەدەن لەو بازنەیەی کە ئاین بۆی دیاری کردوون هیچ جوڵەیەک بکەن، ئەمەش وا دەکات ئەگەر ئیرادەیەکیش هەبێت بۆ ئازادی نەتوانرێت هیچ هەنگاوێک بنێن.ئەمە ئەوە نییە کە سرووشت ئەوانی بە بێ فکر و بێ ئەندێشە درووست کردبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە بیرکردنەوە لای تاکەکان ئامادەگی هەیە، بەڵام ئەوەی کە ونە لە ناو پرۆسەکە نەبوونی ئیرادەیەکی جدی و هەوڵنەدانە بۆ پچڕاندنی زنجیری جەهل خورافات. هەمیشە ئاین وێنەیەکی وەهای پیشانی مرۆڤەکان داوە هەمیشە مرۆڤی وەک کەسێکی دەستەمۆ و ترسنۆک و ڕەشبین و بێ ئیرادە و بێ تواناو بێ دەسەڵات پیشانی کۆمەڵگاکان مرۆڤایەتی داوە، هەمیشە ئەم چەمکانەی وەک چەمگەلێکی باش و ڕەسەن دۆستی خودا پیشان دەدات، هەمیشە ئەوە نیشان دەدات کە مرۆڤ بۆ ئەوەی پاداشتی خودا بە دەستبێنێت دەبێت دان بە خۆدا بگرێت و نابێت دەنگ هەڵبڕێت و تەنها سکاڵاکانی بگەیەنێتە لای پەروردگار و نابێت خۆ نیشان بدەیت لە هەمبەر وەرگرتنی مافی خۆت دا دەبێت داوا لە خودا بکەی مافت بۆ وەربگرێتەوە، هەمیشە لە سەر دیندار پێویست کراوە ئەگەر سەرداری وڵات چەند ستەمکار و خراپەکارو چاوبرسی  و سەرەڕۆ بێت، نابێت ڕووبەڕووی بوەستی و لە دژی دەنگ هەڵبڕن هەمیشە وەکو نوێنەری خودا سەردارانیان بە کۆمەڵگا ناساندووە کەوابوو مادام نوێنەری خودایە ئەوە بۆ گەل نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات ئەوە مافی خودا خۆیەتی لێپرسینەوەی لێبکات، هەمیشە ئیماندار وەها گەوجێنراوە دەبێت تاکەکان خۆیان تەسلیمی خودا بکەن، دەنگ هەڵبڕین و گەیشتن بە ماف تابۆ و یاساخ کراوە، بۆیە باڵادەسی ئەو جۆرە عەقڵیەتە لاهوتیانە، بەسەر عەقڵی گشتی جڤاتدا، هەمیشە وادەکات تاکگەلێکی ڕاڕاو ترسنۆک و ڕەشبین درووست ببێت، هەمیشە ئەم ژیانەیان بە ژیانێکی بێ ئەرزش و کاتی و تێپەڕ ناساندووە، هەمیشە وایان کردووە کە کۆی کۆمەڵگا لە بەڕەنگاربوونەوەو ململانێدا بن لەگەڵ ئەم ژیانە، وەها وێنای ژیانیان کردووە تەنها تاقیکردنەوەیەکە و ئامادەکاریە بۆ ژیانێکی دواتر کە نەبڕاوەیە، بۆیە هەمیشە ئەم ترسەیان لەدڵ و دەروونی گۆمەڵگادا چاندووە، پێیان دەڵێن دنیا ئەوە ناهێنی و بەقەد باڵە پێشوویەک نرخ و بەهای نیە، هەمیشە وەها لە هەژاریان ڕوانیوە کە کارێکی باشە و سۆزی خودا هەمیشە لەگەڵ هەژاراندا دەجوڵێت، هەمیشە ئەوەش بەرگوێمان دەکەوێت کە پیاوانی ئاینی دەڵێن هەمیشە هەژارەکان هەزار ساڵ پێش زەنگین و سەرمادارەکان دەچنە بەهەشت و بە دیداری خودا شاد دەبن، ئەمە وادەکات هەمیشە هەمووان شانازی بە هەژاریەوە بکەن، ئەمەش هیچ بنەمایەکی زانستی نیە جگە لە ئەوەی کە بەرژەوەندیەکی شەخسی هەندێک لە پیاوانی ئاین، بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونەش دەتوانین بڵێین ئەگەر هات و تاکەکان لە ڕووی داهاتەوە سەربەخۆبن ئەوا بە دڵنیاییەوە سەربەخۆی فکریشی بەدواوە دێت، چونکە  هەمیشە ئابوری سەربەخۆ وادەکات تاکەکان گوێڕایەڵ نەبن بێ منەت بن لە بەرانبەر هەر سیستەم و دەسەڵاتێک چونکە ترسیان لە بڕینی قوتیان نیە و  گیرفانیان سپۆنسەری داهاتیان بێت، بەڵام ئەگەر هەژاربن هەمیشە چاویان لە دەسەڵاتە و ناتوانن مل نەدەن بۆ پێویستیەکانی دەسەڵات، کە وایە ئامانج لە درکاندنی ئەم جۆرە ئاکتانە بە نێوی ئاینەوە تەنها بۆ بەنجکردنی کۆمەڵ و مانەوەی زیاتری پیاوانی ئاینی و پاراستنی بەرژەوەندیە کەسیەکانە،بە گشتی هەمیشە ترسی مردن دەچێنن وای وێنا دەکەن ژیان هیچ ناهێنێ  چونکە مردن هەیە، ئەی ئەگەر ژیان سودی نیە بۆچی پیاوانی ئاینی لەهەموو کەس زیاتر هەڵپەیانە و بە تەنگی ژیانەوەن؟ لە هەمووان زیاتر زەنگین تر گوزەران خۆشترن؟، ئەی بۆچی منداڵ و نەوەکانیان لە ڕەفاهیەت و باشترین زانکۆکانی جیهاندان؟، ئەی بۆچی لە ژیانێکی شاهانەیدان و لەبەرەی ستەمکار و تاغوتدان؟ ئەی بۆچ فرەژن و فرەگەشت و فرە پۆشاک و فرە ئۆتۆمبیلن؟  هەمیشە ئەم جۆرە بیرکردنەوە باڵادەستیە وا دەکات تاکەکان شەیدای ئازادی و ڕزگار بوون نەبن بەو بچوکردنەوەیەی کە خۆیان سەپاندویانن بەسەر خۆیاندا هێناون. بە گشتی ئەرکی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە باڵادەستیە هەمیشە پێمان دەڵێن بیرمەکەنەوە تەنها گوێڕایەڵ، بە سروشتیش مرۆڤ هەمیشە حەزی لە گەڕان و سەلماندن نیە، هەمیشە حازر خۆرن و دوای گشتی کەوتوون، زۆرینە ئیتر بیرناکەنەوە چونکە کەسانی تر بیریان بۆ دەکەنەوە. هەمیشە وشەی مەپرسە وێردە بەسەر زمانی کۆنتڕۆڵکەرانی دەوڵەتەوە،
دەسەڵات دەڵێت مەپرسن و بیرمەکەنەوە تەنها پاپەند بن و ئامۆژگاری وەربگرن، مەپرسن و باج بدەن، مەپرسن و داوای خزمەتگوزاری مەکەن، ڕەخنە مەگرن و بیر مەکەنەوە.

٢- بەربەستی کۆمەڵایەتی: ڕەهەندی کۆمەڵایەتی یەکێکی ترە لەو کۆت و بەندانەی بەردەم تاکەکان کە هەمیشە زنجیرێکی پۆڵاین بووە بە گەردن و دەست و قاچی تاکەوە، هەمیشە کۆمەڵگا دەخالەتێکی گەورەو بەربەستێکی گەوەرەی لە بەرانبەر تاکەکان درووست کردووە، هەمیشە ڕێگر بوون لەوەی کە تاک خۆی ڕایەڵەی بۆچوون و بیرکردنەوەکانی خۆی بکات، بە شێوەیەک ترس و دووڵیان چاندووە هەمیشە ئەوەیان بە گوێی تاکدا چەپاندووە ئەگەر پێچەوانەی زۆرینە بیربکاتەوە یان لە ژێر کاریگەری ئامۆژگاریەکانی کۆمەڵگا هەنگاو نەهاوێت ئەوا تووشی گرفت و مەترسی دەبێتەوە، هەرکات تاکێک هەنگاوێکی جیاوازی نابێت هەمیشە هاوڵیانداوە بیڕوخێنن یان ساردی بکەنەوە به نامرۆڤانەترین شێوە ڕووبەڕووی دەوەستنەوە، بە دەیان تۆمەت و بوهتان جنێو وشەگەلێکی وەک لادەر و ناڕەسەنی ئاڕاستە دەکەن، هەموو ڕێگەیەک دەگرنە بەر بۆ بە تیرۆرکردنی کە سایەتی و ناو بانگیان بێ سڵەمینەوە، کۆمەڵگا هەمیشە دەبێتە دەم ڕاست و ڕێنیشاندەر و سەرچاوەی بیرکردنەوەکانی تاک، هەمیشە ئەگەر تاکێک بیەوێت لەو پرۆژەو سنورەی کە چڤات کە کێشاوتی بچێتە دەرەوە ئەوا لە ترسی کۆمەڵگا نەتوانێت هیچ جۆرە هەنگاوێک بنێت بەرەو ئازادی یان سەربەخۆی، بەهۆی تیرۆرەی کە ڕوو بە ڕووی دەکرێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی بۆ تاک تاڕادەیەک قورسە لەو جۆرە کۆمەڵگایەدا هەنگاوی ئەرێنی بنێت، ئەگەریش تاک بە تەنها هەنگاوێک بهاوێت ئەگەری کەوتنی زیاترە چونکە قاچەکانی لە سەر ئازادی ڕانەهاتووە، بەهۆی ئەم بۆمب و تەقینەوانەی کە نەریت و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان چاندوویان باشترین ڕێگە ئەو ڕێگایانەن کە هۆشیاریەکە ڕەهەندێکی تەواو کۆیی لە خۆ بگرێت، ئەو کات ڕاپەڕین و بزاڤەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی ئاسانتر دەبێت.

بەربەستی سیاسی: ئەمەش یەکێکی ترە لەو بەربەستە سەختانەی بەرانبەر تاکەکان دەوەستێتەوەبۆ گەیشتنیان بە ڕۆشنگەری، دەسەڵاتی سیاسی بەدرۆ و فێڵ خۆیان سەپاندووە، هەمیشە لەمپەرێکی گەورەبوون لە پێش تاکەکان کە هەنگاو بەرەو خاوەندارێتی خود ببەن، چونکە ئەگەر تاک عەقڵ بەکار بهێنێت و بەرەو خاوەندارێتی خود هەنگاو بنێت ئەمەش مانای ئەوە دەبەخشێت ئیتر لەرزینی عەرشی دەسەڵات ئەگەرێکی نزیک و کراوەیە، بۆیه هەمیشە دەسەڵاتە شمولی و تاکڕەوەکان دوو ڕێگا بەکاردێنن  بۆ دەستەمۆکردنی ژێر دەستەکانیان:

ڕێگای یەکەم: ڕێگایەکی نەرم و لەسەرخۆیە، لەڕێگەی  بەکارهێنانی دروشم گەلێکی وەک نەتەوەو پیرۆزی و نیشتیمان و پاراستنی ئەمنی قەومی، یان بەهۆی ئەوەی دوژمنمان زۆرە هەمیشە ئەزمونەکە لە باردەچێت بەهۆی چاوتێبڕینی دەوڵەتانی نەیارەوە، ئەمانە چەمکگەلێکی هەڵخەڵتێنەر و چەواشەکارین، هەمیشە دەسەڵاتی سیاسیە تاکڕەوەکان بە درێژای مێژوو سودیان لەم جۆرە قسە سواو و باق و بریقانە وەرگرتووە، بۆ پاراستنی خۆیان و کورسیەکانیان ئەمەش لەلای ئەو جۆرە عەقڵیەتە لە دەسەڵات هەمیشە ڕێگایەکی گونجاو بووە بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی ژێر دەستەکانی، ئەمەش وا دەکات هەمیشە گەلی ژێر دەستە گەلێکی ترسنۆک تەمبەڵ تەوەزەل بن بە بیانووی لە دەست نەدانی ئەزموونەکە ڕازی بن بەو باردۆخە ناهەمووارەی کە دەسەڵات لە هەمبەر ڕەعیەتەکەی دروستی کردووە، ئەگەر چی دەسەڵات بەهۆی فەشەلی دەسەڵاتەکەیەوە دەستی خستووەتە بینا قاقای گەلەکەی، بەڵام لە بری بەرخودان و جوڵانەوە و ڕاپەڕین هەمیشە ئەو ترسەی چاندووە لە نێو مێشک و دڵی گەلەکەی کە دەست و بە خاک و نشتیمانەوە بگرن، هەمیشە وا وێنای دەکەن کە کێشەی خاک و نەتەوەو پیرۆزیەکان زۆر گەورەتر و پڕ بەهاترە لە هەندێک بابەتی لاوەکی وەک خزمەتگوزاری و مافی کەسی، بەڵام گەلەکەی بێ ئاگا لەوەی ئەمانە کۆمەڵێک درووشمی ساختە و گەوجێنەر و پوچن ئامانج لێی ترسە لە دڵی میلەتەکەی خۆی و مانەوەی خۆی لەسەر ئەو نازو نیعمەتەی کە بەهۆی گەلێکی بێ هزر و بێ فکر و تەسلیم بوو بە دەست هاتووە.

ڕێگای دووەم: ئەم ڕێگایە پشت بە توندوتیژی و تیرۆر و ناوزڕاندن و بەنیدینخانەو تۆمەت خستنەپاڵ دەبەستێت، ئەم جۆرەیان کاتێک بەکاردێت ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی نەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە ڕاکێشانی هەست و سۆزو هاونشتیمانیان ئەوە بە ڕێگای توندوتێژی و هەڕەشەلێکردنەوە، هەوڵدەدات ئەو ترسە لە هەناوی تاکەکان بخوڵقێنێت، ئەمەش ئەو ڕێگایەیە هەمیشە پیادەکراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە، بۆیە هەمیشە ئەگەر نوخبەیەک لە ڕۆشنبیران و نوسەران تەنانەت خەڵکە سڤیلەکەش ئەگەر بە کۆمێنتێک هەوڵیان دابێت دژی دەسەڵاتە پۆلیسەکەی دەڤەرەکە بۆچونێک دەرببڕن، ئەوا دەسەڵات بەبێ دوودڵی هەمیشە خاوەن ئەو بۆچونە ئازادانەی ڕووبەڕووی دادگاو بەندینخانە و تەنانەت تا دەگات تیرۆر کردنیش بردووە، کەم نین ئەوانەی بە هۆی بۆچونێکی تایبەتیەوە کە ئامانجیان بێدارکردنەوەی گەلێکی نووستوو بووە، لەو خەوە موگناتیزیەی کەدەسەڵات خەواندوویانن ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و هەڕەشە و  تیرۆر بونەتەوە و سەرنگوم کراون و شوێن بزر کراون، وە کەم نین ئەو هەموو ماڵپەڕو پەیج و ئەکاونتە بێ کەسانەی کە هەمیشە بەدووی کەم کورتی و هەڵەی نەیاری دەسەڵاتەوەن ئەگەر ئەو نەیارانە کەسانی دیار بن یان نە ناسراو بن، وە ئامانجیش لەو ماڵپەڕوو پەیجانە بە شێوەی تابووری پێنجەم کارو چالاکیەکانیان ئەنجام دەدەن، ئامانجیان تەنها دۆزینەوەو ئاگادار بوونە لەو کەسانەی تاکو بزانن خەڵکی چۆن بیردەکاتەوە و کێن دۆستەکانیان وە کێن نەیارەکانیان، واتا  وەک دەزگایەکی سیخوڕی خۆی بەیان دەکات، نەوەک پەیوەندی هەبێت بە پرسی دیمکراسی و ئازادی ڕادەربڕینەوە، وە کەمیش نین ئەوانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیەکان لا ئیرادانە بۆچونێکیان دەبڕیوە بێ ئەوەی هیچ مەبەستێک یان کەسێک لە پشت ئەو ئەو ئاکتانەوە بن، ئەوە دەسەڵاتە شمولیەکە بۆی هەزم نەکراوە و هەڵیان کوتاوەتە سەری و ناچاریان کردوون پەشیمان بێتەوە و لێدوانی پێچەوانە بدات، ئەمەش ترس و بیمێکی گەورەی دروووست کردووە کە هەمیشە تاک نەتوانێت ئەو تەوقە لە ملی خۆی بکاتەوە و بێتە دەرەوە، لەو دۆزەخەی کە دەسەڵات بۆ هاونشتیمایان دروووستی کردوون.

                   ئازادی و ڕۆشنگەری

دوای ئەو ڕاستیانەی کە باسکران، سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەمان توانیوە بگەینە سەردەمی ڕۆشنگەری ئەویش بەهۆی ئەو فاکتەرو بەربەستانەی کە دروست کراون، دەتوانین بگەینەی ئەو دەرئەنجامەی کە بڵێین، ڕۆشنگەری بۆ ئێمە و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵای ناوین نامۆ و تابۆ نییە، بەڵکو ئێمەش دەتوانین وەکو تێکڕای ئەو کۆمەڵگایانەی دی نە خاسمە ئەوروپا بە ڕۆشنگەری بگەین، بەڵام هاوکات هەروا سانا و ساکاریش نیە بەڵکو ئەم پرسە پێویستی بە کۆشش و ئیرادەی بەهێزو کارکردن هەیە، باشتریش کارو کۆششیش بریتیە لە ئازادی، کە پێویسترین شت بۆ ڕۆشنگەری ئازادبوونە، ئەویش بە بەکارهێنانی ئاشکرای عەقڵ، مەبەست لە بەکارهێنانی ئاشکرای عەقڵیش ئەوەیە کە ڕۆشبیرێک توانای دەربڕینی ڕاوبۆچونی ئازادانەی خۆی هەبێت بەبێ ئەوەی دەست ببرێت بۆ تیرۆری فیزیکی و کەسێتیانەی. تەنها بەکارهێنانی عەقڵیش دەتوانێت خەڵکی بەرەو ڕۆشنگەری بەرێت، کەواتە ئازادی گرنگترین و زەرورترین شتە بۆ ڕۆشنگەری، دەبێت خەڵکی توانای ئەوەیان هەبێت بە ئازادانە بیرو بۆچونی خۆیان دەرببڕن. بەهۆی ئایدیاو زانیاری ئازادانەوە خەڵکی دەتوانن ببنە سەرداری خۆیان و بەرگی کۆیلایەتی فڕێ بدەن و خۆیان خاوەندارێتی لە خۆیان بکەن و سەربەخۆ بن، چونکی لە کەش و هەوای ئازاددا هەموو پێداویستیەکان لە پێش تاکەکان ئاوەڵا دەبن، ئەو باوەڕەیان لە لا دروست دەبێت کە ببنە خاوەنی خۆیان.
ئازادی دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان لە چرکەساتی ناکامڵی خود ڕزگاریان بێت، ئیتر دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە بۆچونەکانیان بە یارمەتی کۆمەڵ دەرببڕن، مرۆڤی ئازاد پێی وایە نەریت و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان و پرنسیپە سونەتیەکان هەمیشە تاکەکان بەرەو نا تێگەیشتووی و چەق بەستووی دەبن، ئیتر تاکی ئازاد لە بری ئەوەی کۆمەڵ و نەریت بۆی بیر بکەنەوە ئەوا تاکی ئازاد  خۆی بیردەکاتەوە لە بری ئەوەی خەڵک و ئاین پێوەر دابنێن بۆ تاک ئەوا بە پێچەوانەوە تاکی ئازاد خۆی چەق و سەنتەرو پێوەر دادەنێت، بۆ گەیشتن بە ڕۆشنگەری تەنها ئازادی تاک گرنگ نیە بەڵکو گرنگتر لە ئازادی تاکەکان، باوەشکردنی کۆمەڵە بەڕووی ئازادی و سەربەخۆیدا، چونکە هەرچەند ئازادی تاک دەرچەیەکی باش و ئاسۆیەکی ڕوونە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کوڕی ژینگە و کەلتورو خێزانەکەیەتی هەمیشە پێیەکانی قورسە بۆ گەیشتن بە ڕۆشنگەری، چونکە بە ئازادی ڕانەهاتووە، بەڵام ئەگەر ئەو ئازادیە پەخش بکرێت بۆ تەواوی کۆمەڵگا ئەوا دەرچوون لە کۆنەپارێزی ئاسانترە.
گەیشتن بە ئازادی مرۆڤیگەلێکی  چەلەنگ و زرنگی دەوێت، مرۆڤ گەلێک بۆ خۆ تەکاندن لە پۆخڵەواتیەکانی ژینگە و ڕێساکۆمەڵایەتیەکان و بەها بە زۆر سەپێنراوەکان، ئیتر لەوە تێدەگات ئەوە کۆمەڵگا و کەسانی بەرژەوەندی خوازی ئاینی ۆ سیاسیە، کە لە ناو خۆیاندا ڕێککەوتوون کە بە ئارەزووی خۆیان ڕێساگەلێک بە ئارەزووی خۆیان لە هەمبەر هاونشتیمانیان بسەپێنێت، ئەگەرنا مرۆڤی زرنگ و ئازاد لەوە تێگات کە ئەو یاسایانە هیچ بنەماو ڕاستیەکی بۆ نیە، ئەم داتاشینە نە ڕێسایەکی زەمینی و نە ئاسمانیە، بەڵکو ئەمە خەڵک و دەوڵەت خۆیان درووستیان کردوون، بۆیە تاکەکان دەبێت لەوە هۆشیارتر و زرنگتر بن، عەقڵی خۆیان بەکار بێنن و نەکەونە ژێر کاریگەری هیچ قسەیەکی نەزۆک و سواوەوە، بۆیە مرۆڤ هەتاوەکو ئەو بۆتە و تەوقە لە ملی نەکاتەوە ناگاتە قۆناغی ڕۆشنگەری، کەوایە بۆ گەیشتن بە سەردەمی ڕۆشنگەری پێوستمان بە شۆڕشێکی ناوەکی هەیە، دوای ئەوەی توانیمان پرنسیپەکانی ئەو شۆڕشە خودیە لە نێو خۆماندا بچێنین، ئەو کات ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکی گەورەتر دەکەوێتە ئەستۆمان ئەویش گواستنەوەی ئەو شۆڕش و هۆشیارییە پەخشکردنێتی  بۆ تەواوی کۆمەڵگا، چونکە ئازادی کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بە گەیشتن بە ڕۆشنگەریەوە.

ئازاد شکور

پەراوێزەکان:

١- میشێل فۆکۆ: ڕۆشنگەری و شۆڕش لای کانت، و: ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، چاپی یەکەم- ٢٠١٨

٢- ئیمانوێل کانت، ڕۆشنگەری چییە؟، و: ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، چابخانەی حەمدی-٢٠١٧

٣- ڤۆڵتێر، کاندید، و: بەیان سەلمان، چاپی یەکەم-٢٠١٤- تاران.

٤- سەرەتاکانی سۆسیۆلۆژیا، کۆمەڵە وتار، و: شوان ئەحمد، چاپی دووەم، سلێمانی ٢٠٠٩.

٥- ئیمانوێل کانت، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٢٥.

٦- ئامانجی فەلسەفە، ئامادە و وەرگێڕان، شاسوار کەمال مەحمود، چاپخانەی حەمدی، ٢٠١٦.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×