تورکیا ئەڵقەیەکە لەئەڵقەکانی ئیمپریالزمی سەرمایەداریی

عەلی حەمە
  2022-11-21     584

تورکیاش وەک هەر دەوڵەتێکی ئیمپریالی و سەرمایەداری ئەمەریکی ، فەرەنسی ، روسی ، چینی و بەریتانی …بەدوای بەرژەوەندیە جیۆسیاسیەکانی خۆیدا دەگەڕێ.

*~ تورکیا بەهۆی پێگەی جیۆپۆلیتیکی و بونی پردی زەمینی و ئاوی و بەستنەوەی بەشێکی گرنگی ئاسیا بە ئەوروپاوە و هەڵکەوتەی ئەو وڵاتە لەسەر دەریای رەش و رێگەی راستەوخۆی ئاوی هاتوچۆو بازرگانی بەناو تەنگە ئاویەکانی ( بوسفور ودەردەنێڵ ) ئەو وڵاتە بۆ بەشێکی زۆری ئەوروپا و باکوری ئەفەریقیا لەرێگەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە گرنگی گەورەی بۆ پێگەی تورکیا دروست کردوە . ئەوە سەرەڕای پێشکەوتن و بەدەستهێنانی تەکنۆلۆژیای سەربازی هەمەلایەنەی گرنگ و بەتایبەتیش باڵادەستی لە دروستکردنی درۆنی سەربازی پێشکەوتو کە ئێستا دوای ئەمەریکا و اسرائیل وەک سێیەم وڵاتی خاوەن درۆنزی پێشکەوتو لەسەرئاستی جیهاندا ئەژمار دەکرێت کە لەم سەردەمەدا شەڕی بۆشایی شەڕی یەکلاکەرەوە و کێ کۆنترۆڵی زیاتری بۆشایی بکات براوەی جەنگەکان دەبێت .
*~ کێشەو ئاڵۆزی یەکانی ئاسیای ناوەڕاست و بەتایبەتی شەڕ روسیاو ئۆکرانیا و نزیکی و پێگەی تورکیا لەو ناوچەیە جارێکی تر رۆڵ و ئامادەیی تورکیا چ وەک هێزێکی ناوچەیی چ وەک کارەکتەرێکی نێوەندگیر و پردی هێنان و گەیاندنی ئاڵوگۆریە بازرگان لە کاڵاو خۆراک و وزە لە بازاڕەکانی ئاسیاوە بۆ ئەوروپا و دەریای سپی ناوەڕاست جێگرتر و بەهێزتر کرد .
*~ شایانی باسە تورکیا توانیویەتی پێگەیەی بەهێز بۆخۆی لە کێشوەری ئەفریقیا دروست بکات و سود لە پەیوەندیە مێژوویی و ئایینی و کلتوریەکانی ناوچەکە وەربگرێت و بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانی خۆی بەتایبەتی لە رووی کایەی ئایینیە پەرەپێ بدات و فشار وکاریگەری جدیشی بخاتە سەر بەرژەوەندیەکانی فەرەنسا کە هەر لەدێر زەمانەوە فەرنسیەکان وەک بەهێزترین وڵاتی ئیمپریالیزمی سەرمایەداری لەو کێشوەرە بونیان هەبوە .
لەلایەکی تریشەوە هەر وەک ئەوەی بەپێی ئەو بەڵگانەی کە خراونەتەڕوو لە بونی پەیوەندی نهێنی و تایبەتی لە نێوان تیرۆرستەکانی داعش و تورکیا ، بە هەمان شێوە ئەوروپی و فەرەنسیەکان لە ئێستادا چەندین بەڵگە و زانیاریان دەست کەوتوە لەسەر بونی پەیوەندی نهێنی لە نێوان چەکدارە تیرۆرستیەکانی بۆکۆ حرامی باشوری ئەفریقیا و دەوڵەتی تورکیا بۆ لێدان و فشار خستەسەر بەرژەوەندیەکانی فەرەنسا لەو کێشوەرە و تەنگاوکردنی ئەوروپیەکان بە نانەوەی ئاڵۆزی و شێواندنی ئاشتی و ئارامی ئەوروپیەکان نەک هەر لە دەرەوەی ئەوروپا بەڵکو لەناوجەرگەی دەوڵەتانی خۆیاندا ..
*~ تورکیا دەیەوێت لە ناوچەکەدا وەک دەوڵەتێکی بێ رکابەر و بەهێز دەربکەوێت و بەردەوام هەرەشە و فشار دەخاتە سەر بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتانی هاوپەیمان لە ناوچەکە لە هەرەشەکانی لە دەریای سپی ناوەڕاست بۆسەر هەریەک لە میسر و یۆنان و لەلایەکی تریشەوە لەرێگەی پەیوەندی دیپلۆماسی و کۆڕو کۆبونەوەکانی لوتکە و هەماهەنگی سەربازی و هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی وەک ئێران و روسیا کە هەردوکیان سانسۆر و کۆمەڵێ سزای جۆراوجۆری نێوەدەوڵەتیان خراوەتەسەر ، بێ گوێدان و لەبەرچاوگرتنی هەوڵ و کۆششەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەوروپاو وڵاتە رۆژئاواییەکان لەسەر ئەو پێشلکاری و تاکڕەویەی کەهەریەک لە روسیاو لە ئێران لەبەرامبەریاندا گرتویانەتە بەر .
تورکیا لە ئێستادا لەنێو ئاڵۆزی و کێشمەکێشەکانی شەڕی ئۆکرانیاو روسیاو ئەو دەرئەنجام و کاریگەریانەی کەلێی کەوتۆتەوە لەهەوڵی ئەوەدایە رۆڵی خۆی وەک زیاتر لە دەوڵەتێک و تاڕادەیەک وەک بڕیاردەرێک لە ناوچەکە و هێزێکی یەکلاکەرەوە خۆی نمایشت بکات و بچێتە نێو یاریەک کەبەیاری گەورەکان ناسراوە!
*~ تورکیا بەو شێوازەی کەلەئێستادا پراکتیزەی جۆرە سیاسەتێک دەکات زیاتر گرنگی بە سیاسەتی دەرەوە و فەرامۆشکردنی دۆخی ناوخۆ و پشتکردنە چاکسازیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوریەکانی گرتۆتەبەر و چۆتە ناو مغامەرەیەکەوە کە تێجوەکەی گەورەترە لە دەستکەوتەکانی !
تورکیا بەو رێوشوێنانەی کە پەیڕەویان دەکات لەوانە بکەوێتە ناو ئەو هەڵە مێژووییانەی کە کاتی خۆی بەچەند ساڵێک پێش روخانی محمد رەزا پەهلوەی شای ئێران ئەنجامی دان هەر لە خۆ پڕ چەککردن و پەلاماردانی دورگەکانی (تومبی گەورە و تومبی بچوک و ابو موسی لە خلیجی عەرەبیدا کە ئەو کاتە لە ژێر سەروەری بەریتانیەکاندا بو ، هەروەها پەیرەو کردنی سیاسەتێکی دوژمنکارانە دژ بەدەوڵەتانی خلیج کە لەوانە بوو زیانێکی گەورە لە رێرەوی گواستنەوەی سەرەکی ئاوی
کەنداو بدات کە زۆرترین بڕی نەوتی جیهانی لێوە دەگواسترایەوە ، سەرەڕای ئەوەش
محمد رەزا وەک دیکتاتۆرێک ئەیویست وێنایەکی گەورەی خۆی لە ناوچەکەدا نیشانی دەوروبەر بدات و بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابو کە هەیمەنەی خۆی بسەپێنێ و وەک کوێخای ناوچەکە بێ گوێدانە بەرژەوەندی و راسپاردەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا رۆڵ ببینێت و دەسەڵاتی خۆی لەسنورەکە فراوانتر بکات .
تورکیاش لە ئێستا لەوانەیە هەمان هەڵەی مێژوویی دووبارە بکاتەوە و بێ دەنگی و ناجدیەتی ئەوروپی و ئەمەریکیەکان سەبارەت بە پێشێلکاری و پەلامارە سەربازیە بەردەوامەکانی نەک هەر بۆ سەر سنورەکانی رۆژ ئاوا و ناو دەوڵی عێراق ،بەڵکو لەسەر کۆی هەمو ئەو دەستتێوەردان و جموجۆڵ و یاریانەی کە لە شەڕی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا لە فەلەکی بەرەی ئێران - روسیا هەڵدەسوڕێ و دەستێوەردانەکانی لە باکوری کێشوەری ئەفریقیا و تەواوی ئەفریقیا لەدژی بەرژەوەندی فەرەنسیەکان و بەریتانیەکان گرتویەتیە بەر و ئەو زانیاری و بەڵگانەی کە کەوتونەتە بەردەستی فەرەنسیەکان گومانی زۆر هەیە لە بونی پەیوەندی تورکیاو تیرۆرستانی بۆکۆ حرام .
ئەوە جگە لەو هەڵمەتە ناوخۆییەی کە دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان دژ بە دیموکراسی و ئازادی بیروڕا و مافە سەرەتاییە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد و پێکهاتەکانی تر پەیڕەوی دەکات و بە هەزاران کەسایەتی و چالاکوانی خەباتی مەدەنی و نوسەر و کەسانی نیشتیمانی و سیاسی و سەرکردەو سیاسەتمەداری تری کوردی خستۆتە زیندانەکانی دەوڵەتەوە ، بۆیە دوور نیە ئەم بێ باکی و خۆبەزلزانین و دەستێوەردانە بێ سنورانەی سیاسەتی حکومەتەکەی ئەردۆگان ، سەرەتایی کۆتایی یەکجارەکی دەسەڵاتەکەی بێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×