خێزانی ھەردی!

رابون مه‌عروف
  2022-11-28     928

ئەم رۆژانە، جارێکیتر، خێزانی نەجیبزادە و تێکۆشەری ھەردی کەوتونە بەر پەلامار و تەشھیر و ناوزڕاندن. خێزانێك کە لە ھەردی، شاعیر و نیشتیمانپەرەوە، ھیچ شانازییەکی کورد نیە تێیدا بەشدار نەبوبن. بەڵام ئەمجارە، شاڵاوی تەشھیر و بوختان و درۆ و ناوزڕاندنەكە ئیسلامیەکان بەڕێوەی دەبەن: ئەو ئیسلامیانەی کە ماڵی ھەردی رۆڵی پێشەنگیان گێڕا لە ئاساییکردنەوەی ھەبونیان وەك ھێزی سیاسیی: ئەو ئیسلامیانەی دەستیان لە حیزبەکانی دەسەڵات بەرداوە و یەك جوڵە ناکەن کە نێوانیان لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات تێکبدا و ئێستا ھەمو بەرنامە و ھێز و توانایان تەرخانکردوە بۆ پەلاماردانی ھەر ئەکتیڤیستێکی بێھێز و لاواز و بێ پشت و پەنا، کە جوڵەیەکی پێچەوانەی ئەجێندا ترسناك و تۆقێنەرەکانی ئەوان بکات و بۆ ئەمەش سڵ ناکەنەوە لە بەکارھێنانی نامەردانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و خراپ بەکارھێنانی دڵپاکی موسڵمانانی کورد و پەنابردن بۆ درۆ و بوختان.

ھەڵبەت، زۆر ئاساییە، کەسێك لەگەڵ فڵانە ئایدیا و بۆچونی ئەندامێکی خێزانی ھەردی جیاواز بێت. بۆ نمونە، کاتێك رێبین ھەردی لە کەناڵێکی تیڤی یەوە پەڕلەمانتارە ئیسلامیەکان وەك نوێنەری راستەقینەی خۆی دەبینێ، ئا لەوێدا من دەبینم کە رێبین ھەردی کەوتوەتە ناو ھەڵەیەکی گەورە و ترسناکەوە، کاتێك بەسەر ئەو پەڕلەمانتارانەدا ھەڵدەدا کە ھێشتا حیزبەکانیان دەسەڵاتی موختاری گەڕەکێکیان نیە، بەڵام تەنھا لەسەر ئیجتیھاد و بۆچون شکات تۆمار دەکەن و داوای دادگایی و گرتنی خەڵك دەکەن. یان رێبین ھەردی، ھێشتا ئومێدی بە پەڕلەمان و ھەڵبژاردن ھەیە بۆ گۆڕانکاری سیاسی، بەڵام لە دیدی منەوە، پەڕلەمانی کوردستان کارتۆنە و ھەڵبژاردنەکان تەنھا شکڵین و ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ساختە (ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ) لە حیزبە فاسدەکانی دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) ترسناکتر و قێزەونترن. بەڵام ئەو ھەڵانە ئەو راستییە لە من ناشارنەوە کە رێبین ھەردی یەکێکە لە دەنگە ھەرە ئازا و بوێرەکانی ئەم سەردەمەی کورد بۆ بەرگری لە ئازادییەکان و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و داخوازی رەوای خەڵك.

بێگومان ئێمە ناتوانین نەتەوەیەکی مۆدێرن و شارستانی و ھاوچەرخ دامەزرێنین، کە تێیدا ھەزاران خێزانی تۆکمەی کراوە و ھۆشیارمان نەبێت کە خەون و خولیای مەعنەوی و کولتوری سەرو مادییان ھەبێت، لە چەشنی خێزانی ھەردی. ئەوروپا و بەریتانیا، ئێستاش قەرزاری خێزانە ئەریستۆکراتەکانی سەدەکانی رابردون لە داھێنان و بەرھەمھێنانی کەلەپور و کولتوری ئەدەبی و ھونەری و تەنانەت بنیاتنانی خێزانی تۆکمە و بەڕێز و سەنگین و سەلار. ئەگەر نەتەوەی کورد، ئەو بەختەی ھەبوایە کە ھەزاران خێزان و بنەماڵەی وەك ھەردی ھەبوایە، ئێستا چارەنوسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی کورد، لە ئاست و سەردەمێکیتر دەبو. لێرەوە، ئەم ھەمو ھێرش و بوختان و تەشھیرە بە خێزانی ھەردی، ھەوڵی دوژمنە ناوخۆییەکانی کوردە بۆ ئەوەی ئەم نەتەوەیە ھەمیشە لە کەنار و پەراوێزی شارستانێتییدا بمێنێتەوە و نەگات بە کاروانی گەشەکردن و بەرەو پێشەوە چون.

کەسانێك پەلاماری خێزانی ھەردی دەدەن، بە ناوی گوایە پاراستنی خێزان، لە کاتێکدا، بێگومان لە ھەمو کوردستان خێزانی وەك ھەردی نمونەیی کەمە، کە تێیدا لە بری بێڕێزیی و سەرکوت و تەعزیب و فێڵ و تەڵەکەبازی، رێز و خۆشەویستی و ھاوخەمی ھێڵی گرێدانی خێزان بێت. بێگومان ئەگەر لە پێناوی سازکردنی نەتەوەیەکی مۆدێرن و شارستانیی، چاومان لە بنیاتنانی خێزانی تۆکمە و کراوە و بەڕێز و ھۆشیار بێت، کە رێز و خۆشەویستی خاڵی کۆکردنەوەی بێت، ئەوا بێگومان خێزانی ھەردی نمونە ھەرە دیار و زیبدوەکەیە. خێزانی ھەردی شایستەی پێزانین و رێزلێنانە نەك تەشھیر و ناوزڕاندن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×