ئەو هۆکارە سەرەکیانەی کاریگەرن لەسەر نرخی نەوتی خاو؟

یادگار سدیق گەڵاڵی
  2022-12-03     444

بەردەوام نرخی نەوت لە هەڵکشان و داکشاندایە و بەتایبەتیش لەچەند مانگی ڕابووردوودا هەڵکشان و داکشانە کە زۆر زیاتر بوو، کاریگەرییەکانی سەر دیاری کردنی نرخی نەوت فرە رەهەند و جۆراوجۆرن. لەم وتارەدا هەوڵدەدەین جەخت بخەینە سەر هۆکارە سەرەکییەکان و لە ١٠ خاڵدا چڕیان بکەینەوە.

هەموومان ئەو بنەما  ئابوورییە دەزانین کە ئاماژە بەوە دەکات کاتێک خستنەڕوو کەم و خواست زۆرە، نرخەکان بەرز دەبنەوە (و بە پێچەوانەشەوە). بەڵام، خواست و خستنەڕوو تەنها یەکێکە لەو هۆکارە زۆرانەی کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر نرخی نەوتی خاو. بە لەبەرچاوگرتنی ئابووری و بازاڕە داراییەکان و دۆخی ئێستای سیاسەت لە جیهاندا (شەڕی بازرگانی، لێپێچینەوە و هتد)، چەند گۆڕاوێک هەن کە لە دیاریکردنی نرخی نەوتی خاو و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەدا دێنە ئاراوە. پێشتر چەندجارێک باسی ئەو  هۆکارانەمان کردووە کە لەماوەی درێژ و کورتدا کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەکەن، لێرەدا بەکورتی ئەو هۆکارانە باس دەکەین کە لەچەند مانگی رابردوودا کاریگەربوون لە سەر هەڵکشان و داکشانی نرخ  کە تێکەڵەیەکە لە کاریگەری درێژ مەودا و کورت مەودا.

 کەواتە، ئەو هۆکارە سەرەکیانە چین کە کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوتی خاو هەیە؟ لەم کاتەدا ئەمانە لە دیارترینەکانن.

1. خواست و خستنە ڕوو

ئەوەی نرخی نەوت دیاری دەکات و کاریگەری راستەوخۆی لەسەری هەیە بریتییە لە بنەماسەرەکییەکەی نرخ کە خواست و خستنە ڕووە.

هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ دەربازبوون، ڕەنگە ئەمە ئەو هۆکارە بێت کە زۆرترین کاریگەری دەبێت لە ڕەچاوکردنی ئەو هۆکارە سەرەکیانەی کە کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوتی خاو هەیە، یان نرخادن بۆ هەر کاڵایەک. تا نەوتی خاو زیاتر بەرهەم بهێنرێت، لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە، نرخی هەر بەرمیلێک هەرزانتر دەبێت.

- دابینکردن و داواکاری چۆن کاریگەرییان لەسەر نرخەکان هەیە؟

- دابینکردنی کەم و خواستی کەم، نرخەکان زۆر ناگۆڕێن

- دابینکردن کەمە و خواست زۆرە، تێچووی هەر بەرمیلێک بەرز دەبێتەوە

- دابینکردن زۆرە و خواست زۆرە، نرخەکان بەو پێیە بەرز دەبنەوە/دەگۆڕدرێن

- دابینکردن زۆرە و خواست کەمە، پێویستە نرخەکان دابەزن.

بێگومان ئەوە نەخشەیەکی نەگۆڕ نییە  کە هەمیشە خواست و خستنە ڕوو ئاوا یاری پێبکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بازاڕەکان بەم شێوەیە کاردەکەن. تەنها لەگەڵ نەوتی خاو نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەر شتێکی تر راستە (خواردن، جلوبەرگ، تەکنەلۆژیا و هتد). بۆیە تێگەیشتن لە سووڕەکانی خواست و خستنە ڕوو چۆنە، دەبێتە نیشاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی کەی نەوتی خاو بکڕدرێت، بۆ دڵنیابوون لە کەمترین نرخ. هۆکارەکانی تر هەمووی لەچوارچێوەی ئەم بنەمایە دەسورێنەوە.

2. رێکخراوی  ئۆپیک و هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس

ئەم هاو پەیمانیە لە لە کۆتای ساڵی ٢٠١٦ لە جەزائیر پێک هات و ڕێککەوتن کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ وە سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێننەوە( نرخی نەوت لە ئاستێکدا بهێڵنەوە کەبەد ڵی بەرهەم هێنەرانی نەوت بێت).

هاوپەیمانیەکە لە     ٢٣ وڵات پێک هاتووە ١٣ وڵاتی ناو ڕێکخراوی ئۆپێک و ١٠ وڵاتی دەرەوەی ڕێکخراوەکە.

بەرهەمی هاوپەیمانی یەکە بەیەکەوە نزیکەی ٤٤٪ ی بەرهەمی نەوتی جیهان پێک دەهێنێت. روسیا و سعودییە بەکردەیی سەرۆکایەتی دەکەن کە پێکەوە  ٥٠٪ ی بەرهەمی هەوپەیمانیەکە پێک دەهێنن.

ئۆپیک پلەس لەسەرەتای پێک هێنانی هاوپەیمانیەکەیەوە بڕیارەکانی بە یەکگرتووی داوە و ئاستی پابەندی وڵاتانی ئەندامیش لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری بازاڕ و کاریگەری لەسەر ڕێکخستنی نرخ .

لەیەک قۆناغی دیاریکراودا لەسەرەتای بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید ١٩  و بەدیاری کراوی لەمانگی  ٨ی ئازاردا سعودیە و روسیا لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەم ڕێک نەکەوتن و جەنگی نرخیان  راگەیاند( بەشێوەیەکی نافەرمی هاوپەیمانییەکە سڕ کرا) ، لە ماوەیەکی کەمدا نرخی نەوت زۆر بە خێرایی دابەزی تا لە ٢٠ی نیساندا دابەزینە مێژوییەکەی بەخۆیەوە بینی کە بۆیەکەمجار لە مێژودا نەوت  بۆ ژێر سفر دابەزێ. لێرەوە جارێکی تر هاوپەیمانیەکە و لەناویاندا روسیاو سعودیە پتەو تر دەردەکەون، هەرلەهەمن ماگدا ڕێکەوتنی  کەمکردنەوەی مێژووی بەرهەمی لێکەوتەوە بەبری ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

راستە هۆکاری تر هەبوو لەو کاتەدا بەڵام ئەمە دەرخەری کاریگەری گەورەی هاوپەیمانیەکە  و لە ناویشیاندا روسیا و سعودیە یە لەسەر سەقامگیری نرخ.

هەرکاتێک لێدوانێکی ئەندامێکی هاوپەیمانیەکە بڵاو دەکرێتەوە بەتایبەت "سعودیە، روسیا، ئیمارات، عێراق و کووەیت" بە ئەرێنی یاخود نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخ دەکات. ئەم دوو خاڵە بەرهەمی ئۆپیک و ئۆپ پلەس لەگەڵ لێدوانی بەرپرسانی وزە تێکەڵەیەکە لە کاریگەری درێژ مەودا و کورت مەوداش.

لەماوەکانی رابردودا بینیمان کاتێک بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەم دەدەن و پلانی چەند مانگ یان ساڵ دادەنێن چۆن نرخ بە ئاراستیەک دەڕوات و لە ئاستێکدا دەمێنێتەوە وەکاتێک لێدوانێک بەناوی وەزیرێکی نەوتی ئەو وڵاتانەوە بڵاو دەکرێتەوە چەند بە خێرایی کاریگەر دروست دەکات.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە  ٤ی دیسەمبەر لەڕێی ئۆنلاینەوە هاوپەیمانییەکە کۆ ببێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بازاڕی نەوت، ئەم دانیشتنە تەنها ٢ رۆژ دوای بڕیاری ئەکێتی ئەوروپا و بەریتانیایە لە سەر دیاریکردنی سەقفی نرخی نەوتی روسیا و رۆژێک پێش ئەوەیە کە بریاری قەدەغەکردنی کڕینی نەتی روسیا لە لایەن یەکییەتیەکەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لە ٥ی دیسەمبەر  رۆژی دوو شەممە (دوارت باسی ئەم خاڵە دەکەین).

نرخی نەوت پێش دانیشتنەکان بەرزو و نزمیی بەخۆ وە دەبینێت بەپێی هەڵسەنگاندەن و چاوەڕێیەکان لە دانیشتنەکە. چاوەڕێ ناکرێت ئاستی بەرهەمیان گۆرانکاریەکی وای بەسەردا بێت.

3. گەشەسەندن یان پاشەکشەی ئابوری جیهان

دابەزینی بازاڕەکانی بۆرسە و ڕەوتی فۆڕێکس و کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و هۆکارەکانی دیکەی پاشەکشەی جیهانی، کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوتی خاو دەبێت. لە ئابووری ئێستادا، ئێمە لە یەکێک لە خراپترین کاتەکانداین کە وڵاتان لە ماوەیەکی زۆردا بینیویەتی. ئەمریکا کاریگەری لەسەر ناوچەکانی تری جیهان هەیە و بە پێچەوانەشەوە. بازاڕە گەورەکان، و باری داراییان کاریگەری دەبێت لەسەر نرخی نەوتی خاو و کاڵاکانی تر.

کاتێک ئابوری لەگەشەسەندندایە خواست لە زیادبوندا دەبێت و نرخیش بەرز دەبێتەوە و بەپێچەوانەشەوە. گەشەی ئابوری جیهان کاریگەری دەبێت لەسەر بواری پیشەسازی و گەشت وگوزار  و لە ئەنجامیشدا هەمووی پەیوەستە بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانەوە. 

کاریگەریەکانی سستی ئابوریمان بینی لەکاتی پەتای کورۆنا و تائێستاش کە کاریگەرییەکانی بەردەوامە، چۆن خواست بۆ نزمترین ئاست دابەزی و نەوتێکی زۆریش دەخرایە ڕوو هەموو ئەنبارەکانی وشکانی و دەریا و زەریاکانیش پڕبوو بوون.

کاتێک باسی گەشەی ئابوری دەکەین ناتوانین کاریگەری چین و هیندستان نادیدە بگرین وەکو دوو وڵاتی بەهێزی ئابووری و دوو بەکاربەری گەورەی جیهان، هەر خاوبونەوەیەک لە ئابوریان دا ڕووبدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابوری جیهان دەبێت و لە ئەنجامیشدا لەسەر نەوت ، بەتایبەت چین. لەماوەی رابردوودا یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کەنرخی نەوت ناجێگیر بووە. لەبەرئەوەی  چین سیاسەتی زیڕۆ کۆڤید  پەیڕەو دەکات لەم وەرزەدا بڵاوبونەوەی کۆڤید لە زۆر شاری گەورەیدا بەدی کراوە و ئەو ڕێکاران ی کە دەگیرێتەبەر لە ڕووی هاتو وچۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڤید کاریگەرە و زۆر جار جێی دڵە ڕاوکێیە لەسەر خواست لەسەر نەوت و بەرهەمەکانی.

4. پاڵاوگەکانی ئەوروپا

خاڵێکی تری کاریگەر لەسەر بەرزو نزمی نرخی نەوت خواستی ئەوروپایە و مەترسی دابینکردنی سونەمەنییە لەوەرزی زستاندا، لەماوەی رابردوودا بەهۆی گەمارۆکانی سەر سەکتەری وزەی روسیا  بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا وە پاڵاوگەکانی ئەوروپا بەڕێژەیەکی زۆر کەوتنە کڕینی نەوت، ئەمەش وایکرد خواست زۆربێت لەسەری بەتایبەت نەوتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکا و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ. لەم نێوەندەشدا عێراق پشکەکانی بۆ بازاڕی ئەوروپا زیادکرد. بەڵام دواتر دەرکەوت پاڵاوگەکان زیادەڕەویانکردووە لەکڕینی نەوتدا و ئەمبارەکانیان پڕبووە  بۆیە خواست لەسەری کەم بوویەوە  جارێکی تر نرخی نەوت دابەزیەوە.

5. بەهای دۆلار ی ئەمەریکی

بەهای دۆلاری ئەمەریکی هەمیشە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر نرخی نەوت. پەیوەندیەکی پێچەوانە هەیە لەنێوان بەهای دۆلار و نرخی نەوت، تا بەهای دۆلار بەرزبێت نرخی نەوت دادە بەزێت و بەپێچەوانەشەوە.

زۆر بەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان  مامەڵەی نەوت بەدۆلاری ئەمەریکی دەکەن، کاتێک دەیانەوێ نەوت بکڕن پێویستیان بە کڕینی دۆلار دەبێت، ئەگەر بەهای دۆلار بەرزبێت ئەوکاتە  خواستیان کەم دەبێتەوە بۆ کڕینی  و نرخێکی کەمتر دەدەن.

6. پچرانی دابینکردن بەهۆی کەش و هەواوە و کێشەی تەکنیکی یەوە

ئەم دوو خاڵە کاریگەری کورت مەودا یان دەبێت لەسەر نرخی نەوت چونکە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دابینکردن کەم دەکات و نرخ بەرز دەکاتەوە تا ئەوکاتەی کەش وهەوا باشدەبێت یان کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر دەبێت. زریانەکانی ئەمریکا باشترین نمونەن کە لەگۆڵفی مەکسیکۆ کە بەشێوەیەکی وەرزی دوبارە دەبنەوە و دەبنە هۆی پچرانی دابینکردنی نەوت و گاز بۆ ماوەیەکی کاتی.

7. تەنگژە سیاسییەکان و جەنگ

جەنگی ئۆکرانیا و پێشتر لیبیا و هەندێ جاریش نەیجیریا باشترین نمونەن بۆ ناسەقامگیری بازاڕی نەوت بەتایبەتی ئەو وڵاتانە یان ڕێڕەوی وزەن یاخود بەرهەم هێنی وزەن کە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی بەرهەم و مەترسی لەسەر گەیاندن دروست دەبێت و لە ئەنجامدا کاریگەری لەسەر نرخ دروست دەبێت.

پێش چەند ساڵێکیش تەنگژەکانی گەەروی هورمز  و ئەو هەرەشانەی ئێران دروستیدەکرد بۆ سەر کەشتییەکان راستەوخۆ کاریگەری کورت مەودای هەبوو لە سەر نرخ.

8. بەرهەمی نەوتی ئەمەریکا

زیاد و کەم کردنی بەرهەمی نەوتی ئەمەریکا بەتایبەت نەوتی شێڵ و ئاستی ئەمباری ستراتیجی ئەمەریکا و بوژانەوەی ئابوری ئەو وڵاتە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر نرخ.

ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی بەکار بەرێکی گەورەی نەوتە لەهەمان کاتدا گەورە ترین بەرهەمهێنی نەوتی جیهانیشە  لە. ئێستا بەرهەمی نزیکەی ١٢ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

9. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە  لەگەڵ قەیرانی نەوتی ساڵانی 1973-1974 دروست بووە، کاتێک وڵاتانی پیشەسازی بۆیان دەرکەوتووە کە ئامرازی پێویستیان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەمارۆیەی نەوتەی کە لەلایەن بەرهەمهێنەرانی گەورەوە سەپێندرابوو کە ئەوکات  نرخەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرز بوویەوە.

ئاژانسەکە دەڵێت: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە وەک کۆڕبەندی سەرەکی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاری وزە لەسەر چەندین بابەتی وەک ئاسایشی دابینکردن، سیاسەتی درێژخایەن، شەفافیەتی زانیاری، کارایی وزە، بەردەوامیی، لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان، هاوکاری تەکنەلۆژیا، و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وزە دامەزراوە.

راپۆرتەکانی ئەم ئاژانسە گرینگی و کاریگەری خۆی هەیە، زانیارییەکانی لەسەر  خواست و خستنە روو لە رابردودا و پێشبینیە کانی بۆ ئایندەی خواست و خستنە روو کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر نرخ .

10. دەڵاڵەکانی نەوت Speculators

دەڵاڵەکان   پێشبینی دەکەن کە شتێک دەبێتە هۆی دابەزینی خواست یان بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو ، بۆیوە بازاڕ بەپێیە کاردانەوەی دەبێت و فرۆشیارانیش نرخی هەربەرمیلێک بەو پێیە کەم یان زیاد دەکەن. ئەگەر دەڵاڵەکان ئاماژەی جەنگ یان تەنگژەی بازرگانی ببینن ئەوا ئەو وڵاتەی دەستەڵاتی بەسەر ئەو بارودۆخەدا هەیە دەتوانێت نرخ بەرزبکاتەوە.

ئەمە یەکێکە لە کاریگەرە سەرەکییەکانی سەر رەوتی نرخی نەتی خاو ، کڕیار چەندە پرەدەن و فرۆشیار چەند ئامادەیە نرخ کەم بکاتەوە بە رەچاوکردنی ئەو تەنگژەیە یان روداوە جیهانییەی کە لەماوەیەکی دیاریکراودا روودەدات. 

دیاری کردنی سەقفی نرخ لەسەر نەوتی روسیا

دوێنێ هەینی ٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٢ یەکێتی ئەو روپا و بەریتانیا و ئوسترالیا رێکەوتن لەسەر ئەوەی سەقفێک بۆ نرخی نەوتی ئۆراڵی ڕوسی دابنێن واتە لەو نرخە زیاتر مامەڵەی پێوە نەکەن.

ڕێککەوتن کە ٦٠ دۆلار دیاری بکەن بۆ سەقفی نەوتی ڕوسی. بڕیارە ئەم بڕیارە لە مانگی ئایندەوە چاوی پیا بخشێنرێتەوە و پاشتریش هەر دوو مانگ جارێک. ئەم بڕیارە بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی G7   و یەکێتی ئەو روپا بۆ ئەوەیە کە روسیا نەتوانێت لە فرۆشی نەوت داهاتی زیاتری دەست بکەوێت و پشتیوانی و ئیدارەی جەنگی ئۆکرانیای پێبکات.

چاودێران پێیان وایە کە  ئەم بڕیارە لەوانەیە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی روسیا کەم بکاتەوە، بەڵام چەندە کاریگەری لەسەر نرخی نەتی ئەو وڵاتە دروشت دەکات؟   ئاراستەی بازاڕی روسیا لەماوەی ٩ مانگی رابوردودا بەرەو ئاسیا ڕۆشتووە و نەوتەکەی بەنرخی داشکاندن هەندێ جار تا ٣٥ دۆلار لەژێر نرخی برێنت وە فرۆشتووە هەفتەی پێشو نەوتی روسیا بە ٥٢ دۆلار بارکراوە،  لە کاتێکدا لە پێش جەنگ لەمانگی شوباتدا جیاوازییەکە ١ بۆ ٢ دۆلار بوو.

هەریەک لە چین و هیندستان و تورکیا گەورە بەکار بەرانی نەوت و گازی روسین و  پابەندنین بەگەمارۆکانی ڕۆژاواوە بۆ سەر ڕوسیا، نەوتیشەخۆیان بەنرخی داشکاو دەکڕن بەڵکو روسیا خۆی هەر نەوتەکەی بەنرخی داشکاو دەفرۆشێت. بۆیە لە کاتێکدا نرخی نەت زۆر بەرزبێت لە دوورمەودا دا روسیا زەرەری دارایی دەکات لە ئێستدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەری وەکو باسمانکرد خۆی لەونرخە کەمتر دەیفرۆشێت.

بڕیارە لە  ٥ی دیسەمبەری٢٠٢٢ واتە دوو شەممە بڕیاری قەدەغەکردنی نەوتی روسیا لە یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا  بچێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە و هەروەها لە بەرواری ٥ی شوباتی ٢٠٢٣ ش بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×