بۆکان لە ژێر پۆستاڵ و گەمارۆدا …خنکاندنی شارێک لە بێدەنگیدا

محەمەد ئەمینی
  2022-12-04     366

هەواری گۆرانی و شمشاڵ، یەک لە شارە زیندوو و سەربزێوەکانی رۆژهەڵات، بۆکانی بوکی موکریان چەندین رۆژە پۆستاڵی حکومەتێکی سەربازی لە سەر گەروویەتی و بە گەمارۆ و گرتن و ئەشکەنجە لە بێدەنگییەکی کوشندەدا هەوڵی کپکردنی دەدرێت.
کوشتوبڕ، تۆقاندن، رەشبگیری، ئەشکەنجە و دەستدرێژی بەرامبەر بە دەستگیرکراوان و ئازاردانی خەڵک کورتەی ئەو کارەساتەیە کە ئێستا لەو شارە روودەدات.
“ئەو تاوانانەی لەم ماوەیەدا رژێمی نائینسانی و نائیسلامی ئێران لە بۆکان و شارەکانی تری رۆژهەڵات خوڵقاندوویەتی نە قەڵەم توانای نوسینی هەیە و نە زمان توانای باسکردنی هەیە” ئەمە وتەی ژنێکی دانیشتووی بۆکان، وەک خۆی بە دەنگی پڕ لە گریانەوە باسی لێدەکات پووری دوو مێرمنداڵ کە دوو هەفتە بەر لە ئێستا دەستگیرکران، یەکیان کوڕە و تەمەنی ١٦ ساڵە و ئەویتریشیان کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ بووە.
ئەو ژنە کە بەهۆی کەشی ئەمنی ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد، بەم جۆرە و لە زمانی کچە ١٤ ساڵەکەوە درێژە بە گێڕانەوە دەدات: “دوای ئەوەی دەستگیرکراین، ١٥ کچ و ١٦ کوڕ بووین، ئێمەیان بردە فەرمانداری بۆکان، لەوێ بە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هەموو لەشیان تەڕ کردین، دواتر جیاجیان کردینەوە و تا توانیان ئەشکەنجە و ئازاریانداین، ئەنجا وتیان جلوبەرگەکانتان دەربهێنن و بە کابڵ دەستدرێژیان کردینەسەر و دواییش یەکێک لە جاشەکان و بەسیجە تاوانکارەکان هەرچی خراپە بەسەریان هێناین”.
ئەو ژنە بەم جۆرە بەردەوام بوو لە گێڕانەوەکەی، “پاش هەوڵێکی زۆر و بە بەرتیل و واسیتە توانیمان کچەکە ئازاد بکەین بەڵام دوای هەفتەیەک هەوڵی خۆکوشتنیدا، لە ئێستادا خوشکێکم و سێ برام بریندارن.. ئەوەندە دڵم پڕە کەناتوانم چۆن باس لە هەموو تاوانەی کۆماری ئیسلامی بکەم، داوادەکەم دەنگم بگەیەنرێتە دادگای لاهای، بەسە با لەوە زیاترگەنجانی کورد کۆمەڵکوژ نەکرێن، هەزاران کەس لە زیندان و رووبەڕووی ئەشکەنجە و سوکایەتی دەکرێنەوە، چەندین تەرم لە نەخۆشخانەی بۆکانن”.
هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی بۆکان یەکێک لەو شارانەبوو کە هاتە مەیدان، تا بەر لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ واتە لە رۆژانی ١٥، ١٦ و ١٧ی نۆڤەمبر دوو خۆپیشاندەر لەو شارە شەهید ببوون، بەڵام لە ناڕەزایەتیە سەراسەریانەدا خرۆشانێکی بەرین بۆکانی گرتەوە.
کەم گەڕەکی ئەو شارە مابوو کە تێکەڵ بە خۆپیشاندان، گردبوونەوە و رێپێوانەکان نەبن. ژن، پیاو، گەنج و پیری شارەکە بەشداربوون و گەورەترین ناڕەزایەتییەکانیان خوڵقاند، ئەم رابوونەش بە بێ تێچوو نەبوو، چەندی کەس شەهید بوون و دەیان و سەدانیش برینداربوون و راپێچی زیندان کران.
ناوی ئەو شەهیدانەی یەکلایی بووەتەوە ئەمانەن:
۱. سامان قادر بەگی
۲. ئەسعەد رەحیمی
۳. محەمەد حەسەن زادە
٤. سالار موجاور
٥. غەفور مەولودی
٦. هەژار مام خسرەوی
۷. هیوا جان جان
٨. ئەمجەد عینایەتی
۹. مستەفا شەعبانی
۱۰. میلاد مەعروفی
۱۱. شهریار محەمەدی
۱۲. سولەیمان شوکری
۱۳. سەعد شاهرخی
١٤. هێمن ئامان
١٥. کەمال فەقیهی
١٦. ئیبراهیم شەریفی
۱۷. ئاوات قادرپور
بە وتەی چالاکوانانی شارەکە کردنە ئامانجی بەشێک لەو خۆپیشاندەرانە لە لیدەر و پێشەنگی خۆپیشاندانەکان بوون، بە تایبەتی محەمەد حەسەن زادە، شەهریار محەمەدی و هێمن ئامان پلانبۆداڕێژراو بووە و ئەمەش دەکەوێتە خانەی “تیرۆری سیاسی”ییەوە.
نە ئەمانە تەواوی شەهیدەکانی بۆکانن و نە شەهیدبوونیان کۆتایی ئازاردانی ئەو شارەبوو.
بە پێی زانیارییەکان سوپای پاسداران بە هەڕەشەکردن بەوەی منداڵەکانی دیکەشیان بە هەمان چارەنوس دەبات، بەشێک لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بێدەنگ کردووە، ئەمە جیا لەوەی چارەنوسی بەشێک لەو کەسانەی بێسەروشێنن دیار نیە و نازانرێت دەستگیرکراون یان ژیانیان لەدەستداوە، هەر بۆیە دەوترێت ژمارەی شەهیدەکان رەنگە دوو هێندەی ئەوانە بێت کە ناوەکانیان دەزانرێت.
تەقەکردن لە جەعفەر فەقیهی برای کەمال فەقیهی یەکێک لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکان پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەڕەشەیەی سوپای پاسدارانە بۆ بێدەنگکردنی کەسوکاری شەهیدەکان، تا هەواڵی شەهیدبوونی رۆڵەکانیان رانەگەیەنن.
جەعفەر فەقیهی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر لەکاتێکدا لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی لەناو ئۆتۆمبێلدا کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ران و سکیەوە بە سەختی بریندارکرا.
دوای بەسەربازگەکردنی زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵات بۆکان یەک لەو شارانە بوو کە زۆرترین هێزی سەرکوتکاری بۆ رەوانەکرا، یەکە تایبەتەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس و کرێگرتەکانی شارەکانی دەوروبەر وەک سایین قەڵا و تیکاب و میاندواو لەو شارە جیگیرکران.
جیالەوانە وەک چالاکوانانی بۆکان باسی لێدەکەن، هێزەکانی ناسراو بە نەخسا (هێزە خۆڕسکەکانی وڵاتە ئیسلامییەکان) کە هێزێکی میلیشیایی سەر بە سوپای پاسدارانە و ئەزمونی شەڕ لە عێراق و سوریایان هەیە و لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی پێشوو بەتایبەتی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩دا هەبووە، رەوانەی شارەکە کراون و رۆڵی سەرەکییان لە سەرکوت و توندوتیژییەکاندا هەبووە.
بە گوێرەی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکرانەتەوە، هێزێکی زۆری سەربازی بە ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل بە شارەکەدا دەسوڕێنەوە و لە هەموو شەقام و گۆڕەپان و شوێنە سەرەکییەکانی شارکەدا هێزێکی زۆر مۆڵدراوە و ناوە ناوە وەک نمایشی هێز و بۆ تۆقاندن بە شارەکەدا دەسوڕێنەوە.
لە وەها کەشێکی پڕ لە سەرکوت و زەبر و زەنگ، دەستخستنی زانیاری دژوارترین کارە، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر توانیم پەیوەندی بکەم بە چەند چالاکوانێکی بۆکان و پاڵپشت بە زانیارییەکانی ئەوان ئەم راپۆرتە ئامادە کراوە.
بە وتەی چالاکوانانی بۆکان لە دەرەوەی شار و ناو شارە چەندین بازگە و خاڵی پشکنین دانران، ئەمەش وەک راگەیاندنی حکومەتی سەربازییە لە شارەکە.
لە بازگەکان وێڕای کۆنتڕۆڵی ناسنامەی هاوڵاتیان، ئۆتۆمبێل و تەنانەت موبایلەکانیشیان دەپشکنرێت. رەنگە هەر ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کەمترین وێنە و دیمەنی دۆخی ئەم دواییەی بۆکان بڵاوکرابێتەوە.
بازگەکان لە دەرەوەی شارەکانیش جیا لەو کارانە و گەڕان بە دوای ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا داواکراون، لەهەمان کاتدا رێگری لە بردنەناوەوەی هەموو جۆرە دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی دەکەن بۆ ناو شارەکە و ئامانجی گەمارۆکەش گوشار خستنە سەر ئەو بریندارانەیە کە خۆیان حەشارداوە.
هەر بەمەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان چاودێرییەکی چڕ خراوەتە سەر ناوەندەکانی تەندروستی و دەرمانخانەکان و پەستانی زۆر لە سەر پزیشک و تیمە تەندروستییەکانە و ژمارەیەکی بەرچاویشیان بە تۆمەتی تیماری بریندارەکان رووبەڕووی گرتن و سزادان بوونەتەوە.
شەوانی پڕ لە ترس و تۆقاندن لە بۆکان
شەو نییە هێزە سەرکوتگەرەکان هەڵنەکوتنە سەر ماڵی هاوڵاتیان، بە لێدان و ئەشکەنجە و سوکایەتی خۆپیشاندەران و چالاکوانان دەستگیر دەکەن و زۆر جار لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵاندا دەست بۆ تاڵان و ئازاردانی ئەندامانی بنەماڵەی دەستگیرکراوەکەش دەبەن.
لەکاتی ئەو پەلامارانەدا و بۆ چاوترسێنکردنی هاووڵاتیان بە وتنەوەی دروشمی وەک “حەیدەر.. حەیدەر” و تەقاندنەوەی بۆمبی دەنگی و تەقەکردن کەشی تۆقاندن دەخوڵقێنن.
ژمارەیەکی ورد لەبارەی دەستگیرکراوان لەبەردەستدا نییە و هەڵمەتی رەشبگیری هێشتا بەردەوامە و زۆرینەی دەستگیرکراوان بۆ شارەکانی تر بەتایبەتی ورمێ گواستراونەتەوە، کە بەشێکیان ئەو خۆپیشاندەرە بریندارانەن کە لە هەڵمەتەکانی هەڵکوتانە سەرماڵاندا دەستگیرکراون و تائێستا چەند کەسێکیان ژیانیان لەدەستداوە و لە ورمێوە تەرمەکانیان گەڕاوەتەوە.
چالاکوانانی بۆکان لەو بڕوایەدان بێدەنگی و بێهەڵوێستی رای گشتی و نێودەوڵەتی بەرامبەر بە رووداوەکانی ئەو شارە دەستی هێزەکانی رژێمی ئێرانی ئاوەڵا کردووە، بۆیە شکاندنی ئەو بێدەنگییە بە گرنگترین هەنگاو دەزانن بۆ رێگریی لە تاوانی زیاتر لە شارەکەیان.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×