نەوشیروان مستەفا هەڵەو باجەکانی ژیانی سیاسی‌و خۆپەرستەکانی گۆڕان

چیا عەباس
  2022-12-06     747

کاک نەوشیروان لە دوا قۆناغی ژیانیدا راشکاوانە باسی لەوە دەکرد کە لە چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی سیاسدا وردبینانە هەڵسەنگاندن و بریاری بۆ بەشێک لە دۆخ و روداو وکەسایەتی و هاوکارەکانی نەکردوە و نەداوە، هاوکاتیش بە پرسیارێکی بێ پێچ و پەنا رایگەیاند ئایا سیستەمی پەرڵەمانی کوردستان رێگا دروستەکەیە بۆ گۆرانکاری و چاکسازی. ئاماژەیەکی حاشاهەڵنەگر بو کە رۆڵی گۆڕان لەو سیستەمەدا کەوتبوە ژێر پرسیارەوە.
زۆر جار رویداوە کە سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی خاوەن کاریزمای بەهێز لە گۆرەپانێکی سنوردار و تەنراو بە شەر و کێشەی دژوار و سەخت و ململانێی حزبی و فکری و سیاسی و لە هەمو لایەکیشەوە گەمارۆدراو و لە غیابی دەزگای پێویست و راوێژ توشی هەڵسەنگاندن و بریاری نادروست بێت. وێرای ئەوەی کاک نەوشیروان لە بیری ستراتیژیدا سەرکردەیەکی زۆر دوربین و راستگۆ بوە، بەڵام ئەم بەهرەیە سەرکردە گەورەکانی بێبەری نەکردوە لە هەڵەی هەستیار.
کاک نەوشیروان لە سەرەتای ژیانی سیاسیدا نیشتمانپەروەرێکی پێشکەوتنخواز یوە و لەو رێگەیەدا زیندانی کراوە و دوچاری گرفتی گەورە بوە، کاتێک بە خوالێخۆشبوان ابراهیم احمەد و مام جلال و هاورێکانی تر ئاشنا دەبێت، وەک خۆی وەسفی کردوە، هەست و هزرێکی ناجێگیر لای سەریان هەڵداوە، لەو سەردەمەدا وەک خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری ئاراستەی گوڤارەکە بەرەو چەپی رادیکالی دەبات. نوسینەکانی دواتریشی لە ئۆرگانەکانی سەردەمی دروستبونی کۆمەڵە و یەکێتی ( ژمارە سەرەتاییەکانی ئاڵای شۆرش) رەنگدانەوەیەکی زەق لە شێوازی بیرکردنەوە و ناجێگیریەکەی کاک نەوشیروان دەردەخەن. لەگەڵ ئەوانەشدا خودی خۆی باسی کردوە باوەری توندی جێگیری بە هزرە چەپە باوەکانی ئەو سەردەمە نەبوە، چونکە بە قەناعەتی خۆی چینی جوتیار و زەحمەتکێش و توێژی رۆشنبیر و خوێندکاری ئەو سەردەمەی کوردستان لە هزری نەتەوایەتی کلاسیکیدا گۆشە و پەوروەردە بون، وەرچەرخاندنێکی نەوعی بۆ هزرێکی نوێی تا رادەیەک نامۆ بە کۆمەڵگای کوردەورای گەلێک ئەستەم و کێشەی قوڵیان لێ چاوەرەوان دەکرا. بە هەڵسەنگاندنی خۆم و پشتئەستور بە دورەرپەرێز راگرتنی خۆی لە قەناعەتکردن بە هزری چەپی ئەو سەردەمە خودی ئەم هزرەی وەک پلاسیبۆیەک بۆ دامرکاندنەوەی  پارادۆکسی سیاسی و فکری خۆی بەکارهێناوە.  کەم نین ئەوانەی ئەم قۆناغەی ژیانی سیاسی کاک نەوشیروان بە وەرچەرخاندنێکی گرنگ دەزانن. 
هەرچەندە کاک نەوشیروان مام جلالی وەک سەرکردەیەکی گەنجی علمانی و پێشکەوتنخواز بینیوە و پشتیوانیشی کردوە، بەڵام بە باوەری خۆم لە ناخیدا جەلالی نەبوە، چونکە جەلالیزم نە هزر بوە و نە رێباز، بەڵکو دیاردە و روداوێک بوە وەک ئاوێنەیەکی رەتکردنەوەی چەند پراکتیک و هەڵوێستی سەرکردایەتی مەلا مستەفا، دیاردەیەک لە بنەرەتیشدا هەڵقوڵاوی سروشتێکی سەرەتایی خێڵەکی کۆمەڵگای کوردەورای بوە کە بە قەتماغەیەکی تەنکی مۆدێرن داپۆشرا بو. کاک نەوشیروان ئەو سەردەمە بەئاگا نەبو کە مام جلال لە ژێر کاریگەری و هاندانی سەرکردە ناودارەکانی ( حرکة القومیین العرب) وەک جمال عبدالناصر، جۆرج حبش و احمد الخطیب دوای بەرپابونی شۆرشی ئەیلول هێدی هێدی لە مەلا مستەفا دوردەکەوتەوە. مەبەستیان بو زەمینە بۆ بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی هاوشێوەی ئەوەی خۆیان برەخسێنن و هاوپەیمانیەک لە گەڵیدا سازبکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی رۆژهەڵاتی " الوطن العربي" ( دۆکیۆمێنت لەبەر دەستدایە باس لە رۆڵی جمال عبدالناصر لەو پرۆسەیەدا دەکات و هانی مام جلال دەدات لە واقعی جیۆپۆلیتیکی بزافی کوردایەتی لە باشور یاخێ بێت و بەرەنگاری بێتەوە).       
رکابەریەکانی نێوان مەلا مستەفا و دواتر ناسراو بە باڵی مەکتەبی سیاسی لە بنەرەتدا دەگەڕێنەوە بۆ ناکۆکیەکانی نێوان مەلا مستەفا و ابراهیم احمد و لە دور و نزیکەوە پەیوەندی بە چەپ و راست و لێکەوتەکانی ئەم دو هزرەوە نەبوە. روداوەکانی کۆنگرەی شەشی پارتی و و روداوە چەکداریەکانی ناوچەی شلێر و رۆشتنی دەستەیەکی باڵی جەلالی بۆ هەمەدان و چۆنیەتی گەرانەیان بۆ کوردستان ئەو راستیە دەسەلمێنن. ابراهیم احمد یادەوەریەکانی خۆی لە چەند سەد لاپەرەیەکدا نوسیوە  کە ساڵانێکی درێژە لای زاواکەی دکتۆر لەتیف سەرۆکی کۆماری ئێستای عێراقە، تەنها چەند کەسێک، یەکێک لەوانە کاک نەوشیروان، بەشێکیان بینیوە.
لە نوسینە ناودارەکەی کاک نەوشیروان لە " هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین" راشکاوانە پاشەکشەی  خۆی سەبارەت بەو متمانە مێژوییەی بە مام جلال و باڵەکەی هەبو رادەگەیەنێت، لەو باوەرەشدام کرۆکی ئەو پاشەکشەیە بە ماوەیەکی کورت دوای راپەرین سەری هەڵدابو و هۆکارێکی گرنگ بو بۆ دورکەوتنەوەی پچرپچری کاک نەوشیروان لە کوردستان.
کاک نەوشیروان لەم پرسە زۆر هەستیارەدا هەڵەی کرد کاتێک نەیتوانی هەر زۆر زوتر خۆی لەو ئاراستەیە دور رابگرێت، لە ئاکامدا ئەوە کاک نەوشیروان بو کە قورسترین باجی ئەو ئاراستە وەهمیەی داوە، ئەو بۆ خۆی دەمێک بو دەرکی بەم واقعە تاڵە کردبو، بۆیە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ دوای روداوە قێزوەنەکانی ناوچەی بادینان دژ بە تێکۆشەرانی یەکێتی لەلایەن پارتیەوە کاک نەوشیروان لە کۆبونەوەکانی سەرکردایەتی ئەو سەردەمەی یەکێتی جەختی لە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە گەڵ پارتیدا کردوە و ئاکامەکەشی چەندین دانیشتن نێوان هەر دولا لە ڤێنا و لەندەن بو. بەشێک لەوانەی ئەو سەردەمە بە توندی دژ بە بۆچونەکانی کاک نەوشیروان بون و شەرەنگخوازی عەیارە ٢٤ دژ بە پارتی بون ئێستا وەک سواڵکەرێکی سیاسی سەرقاڵی بازرگانی و پارە پەیداکردنن بە بازرگانیکردن بە سومعە و ناوی کاک نەوشیروان ەوە. ( کۆنوسی کۆبونەوەکان وەک خۆیان پارێزراون و لە نامیلکەی یەکەمی وێستگەکانی شەری ناوخۆ کە بەندە ئامادەی کردوە بە دورودرێژی باسیان لێکراوە).  
کاک نەوشیروان ئەم ئەزمونە زۆر تاڵەشی لە ناو باڵی ریفۆرم و گۆڕاندا دوبارە کردەوە.
لێرەدا هەڵەیەکی هەستیاری تری کاک نەوشیروان چاوەروانیاکانی بۆ ریفۆرم بو لە ناو یەکێتی و لەسەر دەستی سەرکردایەتیەکەیدا وەک تۆۆی بنەرەتی بۆ گۆرانکاری ریشەیی لە فەرمانرەوایی باشوردا . کاتێک لە هەڵبژاردنەکانی مەڵبەندەکانی یەکێتی بۆ ریفۆرم شکستێکی گەورەی دروێنەکرد بیری لە رێگەیەکی تر کردەوە، دواتر لە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕاندا گەڵالەی کرد. هەرچەندە ئەو دروستکردنە پێداویستیەکی ئەو سەردەمە بو و پشتگیریەکی زۆر بەرفراوانی جەماوەری بەدەستهێنا، بەلام شێوازی ئاراستەکردنەکەی هەر لە سەرەتاوە هەڵەکانی تری مۆتۆربەکرد ، بۆچی؟
لەژێر کاریگەری زۆربەی باڵی ریفۆرمی ناو یەكێتی کە بەشێک لییان بە دودڵی و مەرجیشەوە هاتنە پاڵ گۆڕان کاک نەوشیروان رەزامەند بو ئەو تەوژمە بەهێزە جەماوەریە لە رێکخستنی نیمچە هەرەمیدا رێکبخات، بەم هەنگاوە رەحیقی خۆش بۆنداری بەهاداری ئەو بزافە جەماوەرییەی بەیەخەی کۆمەڵێک سیاسەتمەدرا و تێکۆشەری دیڕین کە نامۆ بون بە پرسی گۆرانکاریی ریشەییدا پرژاند. لێرەوە لێکترازان و دورەپەرێزی ناو گۆڕان سەریان هەڵدا.
کاتێک چەندین دۆست و کەسایەتی لێیان پرسی بۆ ئەمەت کرد؟ دەیگوت پێویستمم بە دەنگە بۆ گۆڕان و ئەوانە دەتوانن دەنگ کۆبکەنەوە. هەرچەندە ئەم بۆچونە راستیان لە خۆ گرتبو، بەڵام دەبو کاک نەوشیروان ئەم دۆخە بۆ دانی دەسەڵاتی زیاتر بە جەماوەر ببەخشێت نەک بە کۆمەڵێک سیاسەتمەدرای موخەزرەمی خاوەن فکر و ئەزمونی زۆر کلاسیکی و سنوردار.
کاک نەوشیروان بەدەست کێشمەکێشی ناو گۆران و لە گەڵ هێزەکانی تر گیرۆدە بوبو، چەند هاوکارێکی لە گۆڕاندا بە هۆکاری جیاجیاوە هێدی هێدی لێی دوردەکەوتنەوە و لە میدیاکاندا وەک ئۆپزسیۆنیکی نێو گۆران خۆیان عەرز دەکرد، هاوکارەکانی تریش کە ئەمەیان دەقۆستەوە و روکەشانە پشتگیریان لە رێکخەری گشتی دەکرد و ئاگری ناکۆکیەکانیان خۆش دەکرد، بە کورتی خەریکی تەسفیەی حساباتی کۆنی ناو یەکێتیان بون لە گۆرەپانی گۆراندا.
کاک نەوشیروان بەرامبەر ئەم دیاردە قێزەونە جوڵەی پێویستی نەکرد، ئاکامەکەی خەستبونەوەی تەسفیاتەکە بو لە ناو گۆڕان و لەسەر حسابی گۆران، ئەم هەڵەیە بونیادی گۆڕانی کلۆر کرد بێئەوەی تروسکاییەک روناکی بۆ چارە بەدیبکرایە.
تا دەهات ئەم هەڵانە کەڵەکە دەبون و بونیادی گۆرانیان لاواز دەکرد، دەبوا کاک نەوشیروان دانی بەو واقعەدا بنایە کە ئەم دەستە تێكۆشەرە دێرینە ئولفەتیان لە گەڵ ئەم نەریتە  رێکخراوەیی و سیاسییە گرتوە و بێ ئەمە هەست بە رۆڵ و ئێگۆ و پێگە و دەسەڵاتی خۆیان ناکەن، ئەو نەریتە بۆتە بەشێکی ناسنەمەی مێژو و ئێستا و ئایندەشیان و ئیرسێکە لە مێژوی یەکێتیبونیان بۆیان ماوەتەوە. ئاکامەکەی تا ئەم چرکەیەش گوزرێکی کوشندەیە لە هزری گۆرانکاری، لە دوا مەتافیشدا هەر ئەوانە رویاندا.
لە دوا ساتەکانی ژیانیدا دەیگوت زۆر پەشیمانە لە پشتیگیریکردن لە چەند هەڵسوراوێکی گۆڕان، هەرچەندە کاک نەوشیروان لای چەند دۆستێکی خۆی هەمان بابەتی باسکردوە، ئەوەندە دەڵێم لە هەڵسوراوە ناودارەکانی گۆڕان بون لە ناو گۆڕان و حکومەت و پەرڵەمان و فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکانیش، ئێستا لە هەڵسوراوەوە بون بە بادراو.
نەخۆشی خۆی و بێباکی و لاوازی هاوکارەکانی دەرفەتیان نەرەخساند تا کاک نەوشیروان هەوڵێک بۆ راستکردنەوەی ئەم دۆخە بدات. لە دوری چەند هەزار کیلۆمەترێکیشەوە نەیدەتوانی سنورێکیان بۆ دابنێت. هەر لەو سەردەمەدا زۆر بەئاگا بو چی لە گردی زەرگەتە لە سەرجەم بوارەکانی گۆڕاندا دەگوزەرێت، تایبەت دۆخی رێکخراوەیی و راگەیاندن و دارایی و ململانێ نارەواکان، لەبری ئەوەی سەرکرداتیەکی سێبەری بەتوانا و کاریگەر بۆ بزوتنەوەکە دروست بکات هات لە سەبەبکارانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ناو گۆڕان دەستەیەکی بەناو راوێژی دروستکرد، ئەم هەڵەیە ئەو دلۆپە ئاوە بو کە ئیتر ئاو لە سەتڵەکە برژێت. هەرچۆنێک بێت ئەم هەنگاوەی کاک نەوشیروان، خۆشمان بوێت یاخود ترش، زەمینەخۆشکەرێکی گرنگ بو کە بزوتنەوەی گۆڕان دوای وەفاتی بەرەو پروکانەوە رۆیشت.
لە کۆی گشتی ئەو هەڵسوراوانەی کاک نەوشیران پشتگیری کردون زیاتر لە نیوەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت سەنگەری گۆرانکاریان جێهێشتوە و بەشێکیش لێیان لە جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێم لە لوتکەوە تا خوارەوە تا سەر ئێسک لە نادادپەروەریەوە  تێوەگڵاون و بەشێکی بەرچاویش لە ماڵی خۆیان دانیشتون.
کاک نەوشیروان بێ یەک و دو بەرامبەر بە هەستیارترین پرس کە پرسی تەوریسە دەبو زۆر راشکاوانە قسەی خۆی بکات، زۆر باش دەیزانی کە ماوەیەکی کەمی لە ژیاندا ماوە، لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەی لەسەر ئەو پرسە تا ئێستا زانراوە کۆبونەوەیەکیەتی لە گەڵ عومەر سەید عەلی لە لەندەن و وەک نمای کوریشی دەڵێت تۆمارێکی دەنگی باوکیەتی لەسەر ئەو پرسە.
ئەم دو ئەڵقە تەماویە لە پرسێکی وا گرنگ و هەستیاردا زەمینەیەکی زۆر بەپیتی بۆ نەیارەکانی کاک نەوشیروان لە ناو گۆڕان و دەرەوەشی رەخساند تا هەوڵێکی چروپڕ بدەن  بۆ لەکەدارکردنی ناو و ناوبانگی.
هەرچەندە مێژو ناگۆردرێت بەڵام دەکرێت دەستی تێوەربکرێت و بیشێوێنن و بە ئاوێنەیەکی شکاوی رزیوی کەرودار نمایش بکرێت.
کاک نەوشیروان تەنانەت دوای ماڵئاوایشی باجی دڵپاکی و بەرزنرخاندنی رەوشتە بەرزە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی دەدات، ئەوە زۆر جێگەی داخە بەشیک لە دۆست و هاوکارە دێرینەکانی هۆکارێکی گرنگی ئەو دۆخەن.
کاک نەوشیروان سەبارەت بە هەڵەی ستراتیژی ژیانی سیاسی کە گۆرانکاری لە فەرمانرەواییدا  بە چاکسازی حزبیەوە دەست پێدەکات پەشیمان دەبێتەوە، و سیستەمی پەرڵەمانی کوردستانێش بە کەعبەی گۆرانکاری نازانێت کاتێک لە کۆرێکی گۆران لە لەندەن لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ دا دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، دواتر پرسیاری ئەڵتەرنەتیڤەکانی لێکراوە،
لە واقیعدا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەبو، پێشەکی گوتیویەتی بەرپابونی تسونامیەکی سیاسی کۆتایی بە هەمو ئەم سەرکردە و بنکردانە بە خۆشمەوە بهێنێت، یاخود دو ئیداریەکی ئەرێنی لەسەر بنەمای ململانێی دروست و کێبرکێ بۆ خزمەتکردن خەڵک.
سەرەرای ئەو پروکانەوەیە هەڵسوارە دڵسۆزەکانی گۆران چەندین هەوڵی جدیان دا تا سەرکردایەتی نوێی گۆران بە ئاگا بێتەوە، مەخابن ئەوان فێری ئەوە نەبون کەس رەخنەیان لێبگرێت و خۆیان لە سەروی حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە دەبینی. ئەم غرورە رێکخراوەیی و حزبیە ئاستی متمانەی خەڵک پێێانی تا ئاستی سفر هێنا، لە گەڵ ئەوەشدا فێرنابن و دان بەهەڵە کوشندەکانیاندا نانێن. لە بری ئەوە دێن ئەم و ئەوی دەروبەریان هاندەدەن بە پرۆژە و بەڵێنی بێ گەرەنتی و بنەما جەماوەرە رەسەنەکەی گۆران لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، تێناگەن لەوەی ئەو جەماوەرە مارانگخواز بوە و بە بۆشی متمانەیان پێ نابەخشنەوە.
هەڵسوراوە رەسەنەکانی گۆرانکاری زۆر باش دەزانن کێ لە پشت ئەم کارەسات و ماڵوێرانیەی گۆرانکاریەوەن، زۆر تایبەت لە ناو خودی بزوتنەوەی گۆڕاندا، کەسانیک دەمامکێکی تەنکی بێشەرمیان لە روخسار و پێگەیان ئاڵاندوە، ئەوەی زۆر ئازارادەرە ئەمانە تا ئەم چرکەیەش لە گەورەیی و ناو و ناوبانگی و هەڵە و باجەکانی کاک نەوشیروان حەزە وردیلە و زەبەلاحە شەیتانیەکانیان تێردەکەن. بێگومان ئاراستەی ئایندە وەک مێژو نامێنێتەوە.


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×