یەکێک لەم دیبەیتانەی کە لەم دواییە بەشی زۆری هەواڵ و گفتوگۆکانی داگیرکرد بریتی بو لە بڕیاری وڵاتی قەتەڕ وەک میوانداری مۆندیال بۆ ڕەتکردنەوەی ئامادەبونی کۆمەڵەو ڕێکخراوی هاوڕەگەزخوازان و یەکسانی جێندەری و دروشمەکانیان و قەدەخەکردنی خوارندنەوە کهولییەکان بە بەهانەی ئەوەی کە ئەم دیاردانە پێچەوانەی ئەخلاقیاتی ئیسلامین و پێویستیشە تەواوی جیهان ڕێز لە ئەخلاقیاتی ئەمان بگرێت و پێشێلی نەکات. هەڵبەتە کاردانەوەکان بەسەر چەندین بەرە دابەشبون، ئێرە شوێنی ئاماژەپێدانیان نییە، بەڵام وەک هەمیشە ئەخلاقیاتی لیبرالیزمی خۆرئاوایی دەستەپاچە مایەوەو دواجار بەناچاری بەلای ئەخلاقیاتی ئیسلامیدا دایشکاندەوەو چوە ژێرباری بڕیارەکەی قەتەڕ.
لەم دیبەیتەدا سەرجەم جیهانی ئیسلامی بەیەک ئاوازو تۆن پێداگیریان کرد لەسەر رەتدانەوەی تەواوی بەها لیبڕال و مۆدێرنەکان بەوەی ئەم بەهایانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئیسلامن، تاکە ئارگیۆمێنتی گوتاری ئیسلامی بۆ دروستکردنی پاڵپشتییەکی لۆجیکیانە بریتی بو لە پێداگرتن لەسەر پرەنسیپەکانی یەکسانی، جیاوازی و هەمەڕەنگی، بەوەی کەلتوری خۆرائاوای تائێستاش پرەنسیپی ئەوڕوپا سەنتەریزم(eurocentrism) بەبنەما دەگرێت و باوەڕی بە بنەماکانی تر نییە. گوتاری ئیسلامی لە گفتوگۆ و بابەتە ڕۆژنامەوانییەکان پێداگیری دەکرد لەسەر ئەوەی پێویستە وڵاتانی لیبڕال دێمۆکراسی/خۆرئاوایی لەسەر بنەمای پڕەنسیپی جیاوازی و هەمەڕەنگی رێز لە کەلتوری ئیسلامی بگرن و فشار دروست نەکەن بەوەی ئەم کەلتورە بەهاو نۆڕمی جیاوازتر لەنێو خۆی جێگا بکاتەوە، نابێ کەلتورێک داوای جێگاکردنەوەی بەهاکانی خۆی لەنێو یەکێکیتردا بکات بەداواکاری، دەبێ خۆرئاوا ئەمە پەسەندبکات لەنێو کەلتورو وڵاتانی ئیسلامی تەنها ئەخلاقیاتی ئیسلامی فەرمان ڕەوایە.
هەڵبەتە کە زۆر ڕونە ئەم ئەرگیۆمێنتە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی ئەقلانی نیە و دروستکراوێکی ئیسلامیش نیە تاوەکو خوێندنەوەیەکی جدی بۆبکرێت، پڕەنسیپی یەکسانی و فرەیی چەمکێک نین ئەخلاقیاتی ئیسلامی بتوانێت بەرهەمیان بێنێت، ناشتوانێت لەخۆیان بگرێت و پەسەندیان بکات، چونکێ ئەم دو پرەنسیپە بەشێکی گەورەی ژێرخانی مۆدێرنە و ڕۆشنگەری وەک پڕۆسەی ئەقلانی و زانستی پێک دێنن کە پۆڵی پێچەوانەی ئەخلاقیاتی ئاینین، ئەخلاقیاتی ئیسلامی وەک فێندەمێنتاڵترین ئەخلاقیات کە دژ بە بچوکترین هەنگاوی جیاوازی و فرەی دەبێتەوە، بنەماکانی لەسەر ڕەچەتەیەکی گشگیری دوالیزمی ڕەش و سپی ، چاکەو خراپە ئیسلامی و نائیسلامی بنیات نراوە هەرگیز لەتوانای دانیە گەشە بە پرەنسیپەکانی یەکسانی، جیاوازی و فرەی بدات. بانگەشەکردن بۆ ڕێزگرتن لە ئەخلاقیاتی ئیسلامی لەسەر بنەمای پڕەنسیپی فرەی و جیاوازی بەهەمان ئاستی بانگەشە بەتاڵەکە نا لۆجیکیە کە دەی وت ئیسلام چارەسەری سەرجەم کێشەکانە.
دوڕویی (هیپۆکراسی) ئیسلامی لە بەکارهێنانی ئەم پڕەنسیپانە بۆتە گاڵتەیەکی ڕۆژانەی خۆیان کە لایان گرنگ نییە تا چ ئەندازەیەک کەوتونەتە نێو دونیایەک لە ئارگیۆمێنت و کردەی دژ بەیەک و پێچەوانە. ئەگەر پرەنسیپی ڕێزگرتن و پەسەندکردنی چەمکەکانی جیاوازی و فرەیی وەک نمونە وەربگرین دەبینین ئیسلامییەکان لەتەواوی وڵاتانی خۆرئاوا لەژێر سایەی ئەم پڕەنسیپانە لەباشترین دۆخ بەو پەڕی ئازادییەوە پێڕەوی لە ئەخلاقیاتی و کردارە ئایینییەکانی خۆیان دەکەن، هەزاران مزگەوت دروست کراون و بەشێکی زۆریشیان لەژێر سایەی یاسایی جۆراوجۆردا لەلایەن حوکومەتی ئەم وڵاتانە هاوکاری مادی دەکرێن ( بۆ نمونە تەنها لەبەریتانیا حوکومەتی ئەم وڵاتە ساڵانە نزیەکی 30 ملوێن پاوەند تەنها بۆ پاراستنی مزگەوتەکان تەرخان دەکات، زیاتر لە 2000 مزگەوت بەتەنیا لە بەریتانیا بەفەرمی بونی هەیە، وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەت قەتەر ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە دروستکردنی مزگەوت و هاوکاری گڕوپە ئیسلامیەکان سەرف دەکەن لە وڵاتانی خۆرئاوا) بۆ ئەخلاقیاتی ئیسلامی ئەمە کردەیەکی ڕەواو ڕاستە، ئەمان لەم وڵاتانە کەمینەن و پێویستە لە سەر بنەمای پڕەنسیپی ڕێزگرتن لە فرەی و جیاوازی ڕێز لە بەهاو نۆڕمەکانیان بگیرێت، بەڵام کاتێک پێویستە هەمان پڕەنسیپ لە وڵاتانی ئیسلامی جێبەجێ بکرێت و رێز لە جیاوازی و فرەیی بگیرێت و گڕوپ و کەمینەکان هەمان ماف و ئیمتیازیان هەبێ ئەوا دونیایی ئیسلامی زریکەی لێ بەرزدەبێتەوە و جارێکی تر هەمان ئارگیۆمێنت پارادۆکسانە بەکاردەهێنێتەوە بەوەی کە لەسەر بنەمای پڕەنسیپی فرەی و جیاوازی نابێت هیچ کەس سنورەکانی ئەمان بشکێنێت و قسە لەسەر نۆرم و بەهاکانیان بکات.
ئەگەر ئارگیۆمێنتەکە وەرگێڕینە سەر دیمەنێک، وێنەکە بەم شێوەیە دەبێت: پێویستە تەواوی دونیا لەسەر پڕەنسیپی (فرەی و جیاوازی) ڕێز لە کەلتور و ئەخلاقیاتی ئیسلامی بگرێت و دەست کراوەشیان بکات بۆ بانگەشەو بڵاوکردنەوەی ئەخلاقیاتی ئیسلامی لەنێو تەواوی میلەتاندا، لەهەمانکاتدا هەر لەسەر بنەمای هەمان پڕەنسیپ پێویستە هیچ کەسێک ڕێگا بەخۆی نەدات لەنێو خاکی موسوڵمانان بانگەشەی فرەی و جیاوازی بکات، چونکێ هەروەک میرو دەسەڵاتدارانی قەتەر دەیان وت، ئەمە پێشێلکردنی پڕەنسیپی فرەیی و جیاوازی کەلتوریە.
پارادۆکسی گوتاری ئیسلامی بەتەنها گرفتی سەرەکی نییە لەمامەڵەکردن لەگەڵ پرەنسیپە دێمۆکراسیەکان، بەڵکو خودی گوتارەکە هیچ پاڵپشتییەکی تیۆری نییە بۆ ئەوەی هەر گوتارێکی تر لەگەڵی بچێتە گفتوگۆوە. کاتێک ئیسلامییەکان دەڵێن پێویستە تەواوی دونیا ڕێز لە ئەخلاقیاتی کۆمەڵگای ئێمە بگرێت، ئەوا ئەم گوتارە کۆمەڵگای ئیسلامی وەک یەکەیەکی یەکپارچەو یەکڕەنگ پێشکەش دەکات کە هەر وەک ئەوەی میکانزمەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی تەندروست و دیمۆکراسیانە کاریان کردبێ لە بەرهەمهێنانی ئەم کۆمەڵگایە!! هەروەک ئەوەی بەڕاستی کۆمەڵگایەک بونی هەبێت کە بەمانا سۆسیۆلۆژیەکەی لە قۆناخی خێل تێپەڕیبێت و بریتی بێت لەگردبونەوەی کۆی تاکەکان، بریتی بێت لە ڕەزامەندی تاکەکان لەسەر بەهاو نۆڕمەکان!!، هەڵبەتە دیارە کە گوتاری ئیسلامی بەئەنقەست خۆی لادەدات لەوەڵامدانەوەی هەمو ئەم پرسیارانە، کە دەشچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ گوتاری دێمۆکراسی خۆرئاوایی، وا بەناوی کۆمەڵگا دەدوێت وەک ئەوەی تەواوی کێشمەکێشەکانی جیهانی ئیسلامی و پرسیارە جدیەکانی وەڵام دابێتەوە، وا مامەڵە دەکات وەک ئەوەی ئیسلامبون و پابەندبون بە ئەخلاقیاتی ئیسلامی لەنێو ئەم کۆمەڵگایانە بژاردەیەکی زۆر ئازادانە بێت، وەک ئەوەی سیستەمێکی دیمۆکراسی حوکم بکات کە هاوڵاتیان لانی کەمی ئیرادەی ئازادیان هەبێت و ئازادانە بڕیاریان دابێت که بەهاو نۆڕمەکانی ئیسلامی قبول بکەن!!، ئایدۆلۆژیستەکانی ئیسلامی کاتێک بانگەشەی کۆمەڵگای ئیسلامی دەکەن وەک ئەوەی ئەم کۆمەڵگایە بەنێو تەواوی ئەم قۆناغانە تێپەڕیبێت و ئەمانیش نوێنەری ئیرادەی ئازادبن!!!. ئەم ئایدۆلۆژیستانە کە دەنگیان تادێت دلێرتر دەبێت بە پارەی نەوتی خەلیجی بێشەرمانە دوڕوی دەنوێنن و هەمو هەوڵیان بریتیە لە جوان کردنی ئەم سیستەمە ئەخلاقیە کە بە جەهەنەمیترین دەزگاکانی حوکومێکی ڕەهاو کوێر لەسەر تاکەکانی دەکات و مرۆڤ بەر لەوەی لەدایک ببێت بڕیار لەسەر تەواوی چارەنوسی دەدرێت و بەڕەهای نامۆی دەکات بە ئیرادەی ئازاد، کەچی ئایدۆلۆژیستی ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی ئیرادەی مرۆڤە موسڵمانەکان دەکات!! مرۆڤێک هەرگیز نەیزانیوە ئیرادە چیە و پێی ئاشنا نەبوە کەچی جیهانی ئیسلامی نوێنەرایەتی دەکات!!
بۆیە ئەم ئەخلاقیاتە دوڕوە هەرگیز بەدوای پاڵپشتی تیۆری و لۆجیکیدا ناگەڕێت بۆ گفتوگۆ، تاکە تەکنیکی بریتییە لە هپۆکراسی و پارادۆکسی، هەر ئەمەش وادەکات ئەو باوەڕەی کە پێی وایە لەڕێگەی پڕۆژەی گفتوگۆی شارستانیەکان و کەلتورەکان لەگەڵ یەکتری، هەروەها تێکەڵبونی میلەتانی دونیاو زیاتر ئاشنابون بەیەکتری کاریگەری لەسەر ئەخلاقیاتی ئیسلامی دادەنێت و ئەگەری ئەوە هەیە لەم ڕێگەیەوە بتوانێت خۆی ریفۆرم بکاتەوەو گۆڕانکاری لەخۆیدا بکات جگە لە خەیاڵێکی دۆنکیشۆتیانە هیچیتر نەبێت.