له‌شکری کڕێوه‌ و شڵێوه به‌ڕێوه‌یه‌‌ ...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-12-21     607

ساڵێ چوار وه‌رزه‌، هه‌ردوو وه‌رزی به‌هاری سه‌وز و ته‌ڕ، به‌هاری گوڵی جوان و بۆنخۆش، زستانی پڕ له‌ ساردوسڕیی و قاتوقڕیی، ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ریان، له‌ هه‌ردوو وه‌رزی هاوینی گه‌رموگووڕ، وشک و برینگ، بووکی پاییزی زێڕی زه‌رد و گه‌ڵاڕیزان، باخی پڕ له‌ میوه‌ و فه‌ڕ گرتووه‌!

کاروانی زستانی دوورودرێژی تووڕه‌ی (کوردستان)، ورده‌ورده‌، به‌ره‌وپێشه‌وه‌دێ. هه‌موو شتێ ده‌گۆڕێ: چیاوچۆڵ، ده‌شتوده‌ر، شارودێ، به‌رگی زستان ده‌پۆشن. هاڕه‌وگرمه‌ی هه‌ور، وژه‌ی با، هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کان ڕاده‌چڵه‌کێنن. ڕایه‌خی به‌فری سپی، هه‌موو چیاوچۆڵه‌کان داده‌پۆشێ. سه‌رماوسۆڵه‌، قامکان ده‌ته‌زێنێ. له‌شکری کڕێوه‌ و شڵێوه‌، په‌لاماری وڵات ده‌ده‌ن، سه‌رتاسه‌ری داگیرده‌که‌ن و خه‌ڵکی له‌ ماڵ ده‌خزێنن. په‌له‌وه‌ڕ و باڵنده‌کان، له‌ کونه‌دار و هێلانه‌کانیاندا، خۆیان ده‌شارنه‌وه‌. گیانله‌به‌ره‌ کێویله‌کان، له‌ نێو ئه‌شکه‌وت و دارستانه‌کاندا، خۆیان حه‌شارده‌ده‌ن. ئیدی به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌، سه‌راپای ژیان، ڕه‌نگوڕوویه‌کی دیکه‌ وه‌رده‌گرێ! 1

دوێنێ ته‌رمی وه‌رزی پاییزی پرچ زه‌ردمان ناشت، ئه‌وڕۆش پێشوازی له‌ یه‌که‌مین ڕۆژی، له‌دایکبوونی وه‌رزی زستانی چاو سپی ده‌که‌ین. به‌ڵێ، وه‌رزی پاییزی پڕ له‌ کێشه‌ و گرفت، پڕ له‌ نه‌گبه‌تیی و نه‌هامه‌تیمان به‌ڕێکرد، وه‌رزی شه‌خته‌ و سه‌هۆڵبه‌ندانیش هات‌.

که‌واته‌، با خۆمان بۆ هه‌موو گرفت و ڕووداوه‌کان ئاماده‌که‌ین، به‌رگه‌ی پیره‌ زستانی بێ نه‌وت و کاره‌بای، پڕ له‌ تۆف و کڕێوه‌ی ئه‌م وڵاته‌ بێ خاوه‌نه‌ بگرین. چونکه‌ هه‌زاران وه‌رزی خۆش و ناخۆش، پڕ له‌ ئاشتیی و جه‌نگ، هه‌ژاریی و نه‌بوونیی تێپه‌ڕبوون، هێشتا ژیان هه‌ر به‌رده‌وامه‌!

ڕه‌وانشاد (شێرکۆ بێکه‌س)، ساڵی (1969)، له‌ هۆنراوه‌ی (زستانی ته‌مه‌ن)دا، به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر جوان، که‌ره‌سه و بە

چاوی زستان بێ وه‌نه‌وزه‌، پێڵووی ئارامی لێک نانێ

شه‌سته ‌باران، هه‌زار به‌هــــار، نادا به‌ کوڵی گریانێ

شه‌وی تاریک، وه‌ها چۆکی له‌سه‌ر سنگی شار داداوه‌

له‌ (ســــه‌یوان)ی‌ هه‌ر ماڵێکا، دارئه‌رخه‌وانێ ڕواوه‌ (2)

منیش ده‌ڵێم: خوایه‌ گیان!

زستانێکی پڕ به‌فر و باران بێ، ئاوی کانیی و بیره‌کان، چه‌م و ڕووباره‌کان، دار و دره‌خت، گیا و گوڵه‌ کێویله‌کانی ده‌شت و هه‌رده‌کانی نیشتمانه‌که‌مان ببووژێنیته‌وه‌. زستانێکی پڕ له‌ ئاشتیی و ته‌بایی، هێمنیی و سه‌رکه‌وتن بێ، (کوردستان)ه‌که‌مان له‌ هه‌موو به‌ڵایه‌ک بپارێزی!

 

سه‌رچاوه‌

1. دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، یاقووت و زمڕووتی کوردیی، به‌رگی 3، 2007، ل 17.1  

2. شێرکۆ بێکه‌س، دیوان، به‌رگی 2، چاپی 2، سوله‌یمانیی، 1993، ل 240-241.2

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×