یەکێتی، بایکۆت و نیوە بایکۆت

عەبدوڵا مەحمود
  2022-12-27     327

دوای قوڵبونەوەی رۆژ لەرۆژ زیاتری ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، لەسەر دەسەڵات و پێگەی زۆرتر... لە حکومەتی هەرێمی!! کوردستاندا، قوباد تاڵەبانی بەوێنەی جێگری سەرۆکی حکومەت، وەکو نارەزایەتی بە پارتی و دەسەڵاتەکانی، بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد. سەرۆکی یەکێتیش پەیتا پەیتا نارەزایەتی لە دەسەڵاتی پارتی رادەگەیەنێت و حکومەت تۆمەتبار دەکات بەوەی کە تاکڕەوانە کار دەکات و جیاوازی لەنیوان ناوچەکان دەکات، و سلێمانی پەراوێز خستووە... لەوەش زیاتر دۆخی نەخوازراو و پر کێشەی زۆنی سەوزی خستۆتە ئەستۆی پارتی و باڵادەستی ئەوان بەسەر حکومەت و بڕیارەکانیدا.

ململانێی یەکێتی و پارتی تازە نییەو کۆنیش نابێت... تازە نییە بە مانایەی لەوەتەی گۆرەپانی کوردستانیان پاوان کردووەو بۆ درێژەدان بەدەسەڵات و تاڵانی داهاتی خەلکی کوردستانیان، پشتیان بە هیزی چەکدار و ئەمنی حزبی و هاوکات خۆشیان هاویشتۆتە باوەشی یەكیک لە وڵاتانی ناوچەکەوە، کێشمەکێشیان بۆ دەسەڵاتی زۆرتر بۆتە تایبەتمەندیەکی جێکەوتووی کۆمەڵگەی کوردستان و لەهەموو ئاستێکدا خۆی نمایش کردووە. کۆنیش نابێت چونکە هەموو روداوە ئاڵوگۆرەکان لە ناوچەکەو عێراقدا، کاریگەری راستەخۆی دەکاتە سەر پێگەو قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان و ململانێکانیان نوێ دەکاتەوە بە نوێی رایدەگرێت.

پارتی هەژموونی خۆی زاڵکردووە و هەرچی جومگە هەستیار و گرنگەکانی کۆمەڵگەن چ لەسەر ئاستی حزبی و چ لەسەر ئاستی حکومی لەدەستی خۆیدا پاوانی کردوون یان هەژموونی زۆرتری بەسەریاندا هەیە... یەکێتی نیشتیمانی نیگەرانی ئەم هەیمەنەی پارتییە لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان و ناوچەکەدا و دەیەوێت بە فەرمی هاوبەش بێت و لە قەڵەمرەوی سیاسیدا لەگەڵ پارتی بەرابەر بێت... پارتی بە کردەوە نیشانی داوە وەکو حزبی یەکەم و خاوەن بریار مامەڵە دەکات و ئامادەنییە پێگەی یەکێتی بە پێوانەی سەردەمی مام جەلال بە رەسمی بناسێت. لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی نایەوێت مل بەو واقعیەتە بدات کە داسەپاوە. لەوەش زیاتر یەکێتی لە زۆنێکدا خاوەنی دەسەڵاتە، کە چەندین هێزی تر و حزبی تری لە بەرامبەردایەو لە هێز و جەماوەری یەکێتی بۆخۆیان دەبەن و کێرڤی یەکێتی لە زۆنی یەکێتی خۆیدا هێناوەتە خوارەوە، ئەمەش لە دۆخ و ژینگەیەکدا کە نارەزایەتی جەماوەریش لە ئاستی هەرە بەرزو زۆرجار توندکەیدا ئامادەیی هەیە.

ئەوەی کەوای کردووە پارتی هەژمونی لە حکومەتدا زۆرتر بێت، رەنگدانەوەی پێگەی حزبی و چەکداری و ئەمنی و دەسەڵاتە زۆرترەکەیەتی بەسەر جغرافیای هەرێمدا و لەبەرامبەردا یەكیتی قەڵەمرەویی جغرافیایی کەمتر و لاوازترە، بۆیە لە حکومەتیشدا پێگەی لاوازترە... دیارە حکومەت لە دنیای واقعیدا، لەچاو حزب و قەڵەمرەوی حزبیدا جێگاو رێگایەکی نییە، تەنها دیکۆرێکە بە فریودانی رای گشتی و ناوخۆ و دنیای دەرەوە... ئەوەی حکومەت دەجوڵێنی و ئاراستەی دەکات حزبە، ئەوەی بریار دەدات حزبە... لەدۆخی سیاسی کوردستاندا، بە پێچەوانەی هەموو دنیاوە، حکومەت گوێگری حزبە، لە کاتێکدا لەتەواوی دنیادا، توانا و دەسەڵاتی حکومەت باڵادەستر لە ئەحزابی سیاسییە و حزبە سیاسیەکان ناچارن ملکەچی حکومەت و دەسەڵات و بڕیارەکانی بن. لە هەرێمی کوردستاندا ئەو هاوکێشەیە لینگەو قوچە ئەحزابی سیاسی پابەند بە بریاری حکومەت نین و حزب باڵادەستی بەسەر حکومەت و کابینەکانیدا هەیە. حزب لەهەموو گۆشەیەکی کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەیە، لە حاڵیکدا حکومەت لەبەرامبەر حزبدا لە هیچ جێگایەک بوونی نییە...حزب هەمیشە دەتوانێت حكومەت پەک بخات. ئەوە حزبە هێزی چەکدار و ئەمنی و هەواڵگری و میدیای هەزار سەری هەیە و حکومەتیش هیچیان و لەجیاتی ئەوەی حکومەت حزب بپارێزێت، حزب و هێزی چەکداری حزبە پارێزگاری لە حکومەتی حزبۆکراتیان دەکات. لە دۆخێکی ئاوادا، رەخنەگرتن لەوەی حکومەتی هاوبەش نییە، جیاکاری لە ناوچەکاندا هەیە، رەخنەیەکی بێ جێگا نادروستە لە واقعیەتی هەریمی کوردستاندا.

حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بۆئەوەی کێبەرکی لەگەڵ یەکتری بکەن، چونکە پرۆژەی سیاسییان نییە، و ململانێیان لەسەر پرسەکانی خەڵک و ئاییندی سیاسی کوردستان و مافە فەردی و مەدەنی و خزمەتگوازارییەکان، نییە، ناچارن هێزی چەکداری زۆر، هێزی ئەمنی بەرین و جغرافیای زۆرتر و پشتیوانی دەرەکی بە‌هێزتریان هەبێت... پارتی و یەکێتی حزب نین بۆ حکومەتداری، بەڵکو خاوەنی ئەزمونێکی بێ کۆتان  لە دژی حکومەتداری بەشێوازی حزبی و میلیشیایی و بەپشت بەستن هێز و نۆکەر پیشەیی...

لەناو دۆخێکی ئاوادا، کاردانەوەکانی یەکێتی، ناتوانێت گوشار لە پارتی بکات... هێزێک کە خۆی خاوەنی دەسەڵاتی زۆنێک بێت و بەرپرسیاریەتی دانیشتوانی ئەو زۆنەی لە ئەستۆ بێت، ناتوانێت ببێت بە ئۆپۆزیسیۆنی زۆنێکی تر و حکومەتێکی حزبی... هاوکات یەکێتی بە بایکۆت و نیوە بایکۆت و راگرتنی دەوام... ناتوانێت پارتی رابگرێت و لە جغرافیای خۆیشدا بە نەگۆڕی بمێنێتەوە. ئەو رێگایانەی یەکێتی بەرامبەر بە پارتی گرتونیەتە بەر لەوانە بایکۆتی دەوام، بەشداری نەکردنی لە چالاکی و بۆنە حکومیەکان!! هەرەشەی کشانەوە لە حکومەت و پاشەکشەی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان... ناتوانن هیچ بگۆڕن و گوشارێکی بەرجەستە دروست بکەن... لەوانەیە ئەم هەنگاوانە سەریەشە، ئازارێکی کەم بە پارتی بگەیەنن، بەڵام هیچ جێگایەکی زامدار و بریندار ناکەن و شوێنک لە جەستەی پارتی ناکوتن... بەتایبەتیش ئەگەر ئەو واقعیەتە لەبەرچاو بگرین، کە گوشاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پارتی و یەکێتی بە جێگایەک گەیشتووە، کە ئەگەر زۆر پێی لێ درێژ بکەن و بژاردەی یەکگرتن و یەکریزی و تیکەڵکردنی هێزە چەکدارەکانیان... بخەنە لاوە، هێندەی تر کەنار دەکەون و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریش وەکو کابوسێک قورسایی لەسەریان زیاد دەکات. پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر بە بەغدا و لە ئاستی ناوچەکەشدا، لە دۆخێکی روو لەداکشاندان و پێگەیان زۆر لەوە لاوازترە، بتوانن بەتەواوەتی پشت بکەنە یەکتری و ئەو نیعمەتە لەدەست خۆیان بدەن، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە، لێی دەخۆن و بنەماڵەکانیانی پێ قەڵەو دەکەن... هەموو ئەو کاردانەوانەی یەکێتی لە پارتی کارتی گوشارن بۆ نەرمی نواندنی پارتی، و هەموو ئەو کەللەرەقی و توندی و بێ منەتیەی پارتیش، بۆ خاوکردنەوەی پلە پلەی یەکێتییە بۆ رازیکردنیان بە قبوڵکردنی واقعیەتی سیاسی ئێستای هەرێم، لە دەسەڵات و لە حکومەتدا.

گرتنە بەری سیاسەتی نیوە بایکۆت و بایکۆت، رێگایەکی گونجاو نییە، یەکێتی بە خستنە رووی ئەلگۆیەکی تری دەسەڵاتدارێتی کە لانی کەمی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و زۆنەکەی خۆی بەهەند وەرگرێت کاریگەری زۆر لە بایکۆت و نیوە بایکۆت زیاتر دەبێت... بەلام ئەو رەفتار و مامەڵەیەی یەکێتی لە زۆنەکەی خۆی پیادەی دەکات، ئەو شانسەی لە یەكێتی سەندۆتەوە، رێگا لەرەوتی روو لە داکشانی رۆژ لە رۆژ زیاتری بگرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×