بۆ کوێ دەچیت ئایدا؟ (Quo Vadis, Aida؟)

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-12-29     430

میللەتێكی جینۆسایدکراو نەبێت، لە ژان و ئازارەکانی میللەتێکی دیکەی جینۆسایدکراو تێناگات. بۆیە، هەمیشە ئەو فیلمانە دەمجوڵێنن کە باس لە جینۆسایدی نەتەوەیەك دەکەن و دیوێکی چیڕۆکەکەیان باس دەکەن. لێرەشدا، لەوباوەڕەدام زۆربەتان گوێتان لە جینۆسایدی سرێبرینیچا بووە، کە ماوەیەکی باش لەدوای 1991 هەموو دونیای بەخۆوە سەرقاڵ کردبوو. سەبارەت بەو ڕووداوە، فیلمێك بەناوی (بۆ کوێ دەچیت ئایدا؟)، ساڵی 2020، لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی هاوبەشی نێودەوڵەتی، بەرهەمهێندراوە، دەرهێنەرەکەی ناوی جاسمیلا ژبانیچە، لە حەڤدەهەمین ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیزدا نمایشکرا و لە سی و چوارەمین خەڵاتی فیلمی ئەوروپیدا، خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێنا.

چیڕۆکی پشت فیلمەکە زۆر سادەیە، لە تاوانەکانی دژ بەکورد، دەکرێت دەیان فیلمی لەو جۆرە و زۆر کاریگەرتر بەرهەم بهێندرێن.  بەکورتی چیڕۆکەکە باس لە دایکێك دەکات بەناوی ئایدا، مامۆستای قوتابخانە بووە، لە دەستپێکی ڕووداوەکاندا، دەبێتە وەرگێڕ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، دواییش زۆر هەوڵ دەدات هاوسەرەکەی و دوو کوڕەکانی بپارێزێت، بەڵام ناتوانێت و هەرسێکییان وەبەر کۆمەڵکوژییەکە دەکەون، دوای ڕووداوەکان دیسان هەر لە سرێبرینیچا دەبێتەوە بە مامۆستای قوتابخانە.

پوختەی ڕووداوەکانی سرێبرینیچا هەر لەسەرەتاوە ئاڵۆز بوون. سرێبرینیچا دەکەوێتە سەر سنووری باکووری ڕۆژهەڵاتی سربیا و دانیشتوانەکەی لە ساڵ 1991، بریتی بوون لە 73٪ی موسولمان، ٪25 سربی ئۆرتۆدۆکسی بۆسنە. لە نیسانی 1992دا، چەکدارە سڕبەکان مۆڵەتی 24 کاتژمێرییان بە موسوڵمانەکان دا کە هەموو چەکەکانیان تەسلیم بکەن و شارەکە بەجێبهێڵن. پاشان لە هەمان مانگی نیسانی 1992دا، پەلاماری شارەکەیان دا و بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن سربەکانی بۆسنییەوە داگیرکرا. دواتر، لە 8ی ئایاری 1992 لەلایەن هێزەکانی بۆسنەوە پەلامار درا و شارەکەیان گەڕاندەوە ژێر دەستی خۆیان، بەڵام هەر زوو لەلایەن چکدارە سڕبەکانەوە شارەکە گەمارۆ درا و لە ناوچەکانی کۆماری بۆسنە دابڕێندرا.

ئەو شارە سێ ساڵ و نیو لەژێر گەمارۆی سڕبەکاندا بوو. لە ساڵی 1993، وەک "ناوچەیەکی پارێزراو" لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاگەیەندرا و خرایە ژێر پاراستنی کەتیبەیەکی هۆڵەندی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڕێککەوتنەکە وابوو، لە 8ی ئایاری 1993، جەنەڕاڵ سێفەر خەلیلۆڤیچ و ژەنەڕاڵ راتکۆ ملادیچ، ڕێککەوتن لەسەر ڕێوشوێنەکان کە تەواوی ناوچەی سرێبرینیچا و ناوچەی زێپا کە لە یەکەوە نزیکن لەچەك دابماڵرێت. بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنە نوێیەکە، هێزەکانی بۆسنە ئەو ناوچەیە ڕادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن. چەک و تەقەمەنی و مینەکانیان دەکشێننەوە. لەبەرامبەریشدا یەکەکانی سرب، چەک و یەکینەکانییان لە زێپا و سرێبرینیچا دەکێشێننەوە، بە تایبەتیش سرێبرینیچا دەبوو ببێت بە "ناوچەیەکی بێ سەرباز و داماڵراو لە چەک"، دوای ئەوەش گەمارۆکە بشکێت. بەڵام رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا. هێزەکانی سەر بە (UN)، نە توانییان چەکدارە موسوڵمانەکان لەچەک دابماڵن، نە هێزەکەی سڕبەکانیش گەمارۆکەیان شکاند. بەو جۆرە، دوای سێ ساڵ و نیو لەگەمارۆدان، سڕبەکان پەلاماری شارەکەیان دا. یەکێك لەو کێشانەی کە سڕبەکان گلەییان لە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد، پێیان وابوو، موسوڵمانەکان لەپەنا هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەلاماری هێزەکانیان دەدەن و ئەوانیش ناتوانن پەلاماری شارەکە بدەن.

کە سڕبەکان بەیانیی 10ی تەمموزی 1995،  لەپڕ پەلاماری شارەکەیان دا، لیوا کۆلۆنێل کارێمانس (هۆڵەندی) داوای لە هێزەکانی (ناتۆ) کرد بەرگری لە سرێبرینیچا بکەن، لەکاتێکدا خەڵکەکە بە مەدەنی و چەکدارەوە خەریک بوون شارەکەیان چۆڵ دەکرد. بەڵام بەهۆی خراپی کەش و هەوا بۆمب هاوێژەکانی ناتۆ پەلامارەکانییان هەڵوەشاندەوە. لەپەلاماری سڕبەکاندا 30 سەربازی هۆڵەندی سەر بە (UN) بە دیل کەوتنە دەست هێزەکان ملادیچەوە. چەکدارە موسوڵمانەکانی ئەو شارە بەرگرییان بۆ نەکرا و پاشەکشەیان کرد و زۆربەی خەڵکەکەش کۆڕەویان کرد و پەنایان بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان برد کە چەند کیلۆمەترێك لەدووری شارەکە بوون. وەکو لە پێشەوەش باسم کرد، هێزەکە بریتی بوون لە کەتیبەیەکی هۆڵەندی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. لەو رۆژەدا هێزەکانی سڕبیا سەدان تاوانی کوشتن و دەستدرێژیکردنیان لەو شارەدا ئەنجام دا.

بەرپرسی هێزەکانی هۆڵەندەی سەر بە (UN)، زۆر هەوڵ دەدات خواردن و خواردنەوە و شوێنێکی ئارام بۆ پەنابەرەکان دابین بکرێت، بەڵام بارودۆخ زۆر لەوە ئاڵۆزتر بوون کە یارمەتیان پێ بگات، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی کە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەرچوار لاوە گەمارۆدرابوو، لەلایەکی دیکەشەوە خەمساردییەکی زۆر هەبوو، بۆیە بەناچاری کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی کۆماری سربسکا ڕاتکۆ ملادیج. لە گفتوگۆکەدا سێ هاوڵاتی سرێبرینیچاش، وەکو نوێنەری پەنابەران لەگەڵ خۆی دەبات، گفتوگۆکە لە هۆتێلێکی شاری سرێبرینیچا بەڕێوە دەچێت.

ڕاتکۆ ملادیچ لە کۆبوونەوەکەدا زمانێکی شیرینی ژەهراوی بەکار دێنێت، قسە لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکەکە دەکات و پێیان دەڵێت، "تێناگەم ئێوە شارەکەتان بۆ چۆڵ کردووە". دەڵێت "ئێمە هچ کێشەیەکمان لەگەڵ خەڵکی مەدەنیدا نیە، ئەوەی دەیەوێت بگەڕێتەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان، ئەوەش دەیەوێت بچێتە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی بۆسنە، دەتوانن بچن، هەر خۆشمان پاسیان بۆ دابین دەکەین".

 

بەو جۆرە، لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون، هەر کەسێك بگەڕێتەوە، ئازادە، ئەوانی دیکەش بڕۆنە ناوچەکان ژێر دەستەڵاتی بۆسنە. هێشتا بەرپرسەکەی کەتیبە هۆڵەندییەکە و سێ هاوڵاتییەکە نەگەیشتبوونەوە کەمپەکە، کە ژمارەیەکی زۆر پاس لەژێر چاودێریی چەکدارە سڕبەکان گەیشتنە کەمپەکە. خەڵکەکە بەتێکڕا دەیانویست بڕۆنە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی بۆسنە و باوەڕییان بە بەڵێنەکانی ملادیچ نەدەکرد، بەڵام هەر لەوێ پیاو و گەنجەکان بەجیا سواری ژمارەیەک پاس کران و ژن و منداڵیش بەجیا. ژن و مندالەکانی بەگشتی گەشتنە ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی بۆسنە، بەڵام پاسەکانی پیاوەکان گەڕێندرانەوە بۆ شاری سرێبرینیچا.

بەپێی سەرچاوەکان، ژمارەی ئەو پیاوانەی کە ڕاپێچی ناو هۆڵی باڵاخانەیەکی ناو سرێبرینیچا دەکەن و لە پەنجەرەکانەوە دەستدرێژییان لێ دەکەن و هەموویان دەکوژن. ژمارەی کوژاراوەکان ٨٣٧٢ کەس بوون کە هەموویان نێرینە بوون. تاوانەکە زۆر لە جینۆسایدی بارزانیەکان دەچێت، کە دەسکاری ژن و منداڵەکانییان نەکرد، بەڵام پیاوەکان لەگۆڕی بە کۆمەڵدا نێژران. هەڵبەت پاساوی سڕبەکان بۆ کوشتنی ئەو پیاوانە، تۆڵەسەندنەوە بووە، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە  سەربازە بۆسنییەکانی سرێبرینیچا لە ژێر فەرماندەیی ناسر ئۆریچ، بەسەر ژمایەک هاوڵاتی مەدەنی سڕبییان داداوە و هەموویان کوشتوون، بەڵام ئەو بانگەشەیە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی یۆگۆسلاڤییای پێشوICTY)) و خودی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕەتکراوەتەوە و سەرکۆنە کراوە، چونکە تەنها پاساوێک بووە بۆ جینۆسایدی ئەو خەڵکە.

جیا لەوەش، سڕبەکان، بەتایبەتیش سڕبەکانی کۆماری سڕبسکا، کە هەندێك لە سەرکردەکانییان بەتایبەتیش ڕاتکۆ ملادیچ لە دادگای نێودەوڵەتی یۆگۆسلافییای پێشوو لە لاهای، تاوانبار کرا بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژ بە موسوڵمانانی بۆسنە و هێرزەگۆڤین، هێزێکی دڕندەی ناسیۆنالیستی سڕبی بوون.

بەوجۆرە، لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩، دادگای باڵای هۆڵەندا و دادگای ناوچەی لاهای،  دەوڵەتی هۆڵەندای بە بەرپرسیار زانی، بەوەی کە نەیتوانیوە کارێکی تەواو بکات بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠ هاوڵاتی سرێبرینیچا. دواتریش دەوڵەتی هۆڵەندا داوای بوردنی کرد لە هەر کەموکوڕیەکی کە هێزەکانی ئەوان کە نەیانتوانیوە ئەو خەڵکە بپارێزن. هەروەها لە لە نیسانی ٢٠١٣، تۆمیسلاڤ نیکۆلیچ سەرۆکی سربیا، بە ڕەسمی داوای بووردنی کرد، بەهۆی "تاوانەکەی" سرێبرینیچا ، بەڵام ئامادە نەبوو بە جینۆساید هەژماری بکات.

لە عێراق بەلانی کەمەوە سێ بڕیاری جینۆساید دژ بە کوردی فەیلی، بارزانیەکان و شاڵاوەکانی ئەنفال، لە بەغدای پێتەخت دەرچوون،  سەرکردەکانی عێراق ل دوای 2003، تا ئێستا داوای بووردنییان لەهیچ یەکێک لەو تاوانانە نەکردووە. نە هچ هەنگاوێکییان بە ئاڕاستەی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی جینۆساید کراو ناوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کورد بۆخۆی بەشداری حکومەتە یەک لەدوا یەکەکان بووە لە بەغدا. ئەمە هەر لەخۆیدا جێگای شرۆڤەکردن و گفتوگۆیەکی زۆرە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×