شکستی بەشارستانی کردن! "لە پەراوێزی ڕووداوی هوانە".

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-12-31     566

لە 2018 ڕێکخراوی سپارکی هۆڵەندی، داوەتییان کردم بۆ کۆنفڕنسێك بەناوی "ئاشتی لەڕێگای میانڕەوی". کۆنفڕانسەکە بەگشتی تایبەت بوو بە توندوتیژی و پێکەوە ژیان. بابەتەکەی من توێژینەوەیەک بوو لەسەر وتاری مزگەوتەکان و شڕۆڤەکردنی وتاری هەینیی ژمارەیەک مزگەوتی هەولێر، کە بە مەبەستەوە هەڵبژێردرابوون، لەهەر سێ جۆری وتاری تەقلیدی و ئیسلامی و سەلەفیی.

لەکاتی باسکردنی بابەتەکەم، نموونەیەکم بۆ رەفتاری کۆمەڵگەی دوای جەنگ و جینۆساید و کاریگەری ئەو وتارانە هێنایەوە، لەجۆری هەراسانکردنی کچێکی بێ لەچک لەبازاڕی شێخەڵا لە هەولێر، بۆ نموونە. کە من بۆخۆم چەندین جار نموونەی ئاوام دیون. بێجگە لەوەی کە لەناو کۆنفڕانسەکە، مەلایەک کە پێی دەڵێن دکتۆر، بە کۆممێنتێکی خۆبەپاك و زانا دانان، پەلاماری دام بەمەبەستی شکاندنم، کە دواتر قسەکانی ئەو لە چەندین پەیجی ئیسلامی داندرابوو، تەلەڤیزیۆنی ڕووداویش ئەو لەقتەیەی شێخەڵای لە ئینستاگرام دانابوو، کە درێژیەکەی تەنها چەند چرکەیەك بوو. ئەوانەی کۆممێنتییان بۆ ڤیدیۆکە نوسیبوون، تەنها لە رۆژی یەکەم لە پێنجسەد کۆممێنت تێپەڕیبوو، ئاساییترین کۆممێنت لەدژی من ئەوە بوو (براکەم گووبخۆ)، تەنانەت خێزانم ومنداڵەکانم و دایک و باوکیشم لەو جوێنانە رزگارییان نەبوو. ئەمڕۆ هەستم دەکرد هەموو ئەو جوێندەرانە، لە هوانە بوون، سوپایەکن ڕۆژانە بەخەڵکی ڕێزداردا هەڵدەشاخێن و گازیان لێ دەگرن.

من لەمێژە موتابەعەی وتاری ئایینی، بەتایبەتیش وتاری هەندێك لە مەلا توندڕەوەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی دەکەم. ئەم وتارانە، کە بێ سانسۆر، بەڕێوە دەچن، بەناوی ئەخلاق و ئایین، لەلایەن کۆمەڵێک مەلای تازە کە دەرچووی کۆلێجی شەریعەن و لەژێر کاریگەری ئیسلامیزم و سەلەفیەت دان، یا دەرچووی قوتابخانە ئایینیەکان، هەمووشمان ئاستی دەرچووانی کۆلێجەکان بەگشتی دەزانین چەند و چۆنە، گەنجێك تەنها بە وەرگرتنی بڕوانامەی کۆلێجی شەریعەت و لەبەرکردنی چەند ئایەت و حەدیسێک، دەبێتە موفتی زەمان و ئامۆژگاریکەری خەڵك و ریشسپی سەر مینبەرەکان. ئەوانە، بەخۆیان بزانن یان نا، گەورەترین مەترسیین لەسەر پێکەوە ژیان و میانڕەوی و تەنانەت دینداریی خەڵك. ئەو مەلا توندڕەوانە، کە هیچ شتێک لەسەر سایکۆلۆجیای جەماوەر و کاریگەریی وتارەکانیان نازانن، بوونەتە هۆکاری تێکدانی ژیانی دەیان خێزان. لەیەکێک لە وتارەکان مەلایەک دەڵێت "ئەوەی کچەکەی بەلاقی ڕووت و بە قژی ڕووتەوە بچێتە بازاڕ، دەییوسە" واتە قەحپەیە. ئەو مەلایە لەوە بەئاگا بێت یا بێ ئاگا، لەوانەیە دەیان کەس لەو مزگەوتە نوێژخوێن و خواپەرستن و ژنەکانیان یا کچەکانیشییان بێ لەچک بن، دەبێت چ کاریگەرییەک لەسەر دڵ و دەروونی ئەو باوک و برایانە دروست بکات، یا دەبێت چ فیتنەیەک لەناو ئەو خێزانانە بنێتەوە؟ ئەمڕۆش، یەکێک لە ئەنجامەکان، پەلاماردانی کچێکی بەستەزمانە لە هوانەی سلێمانی، کە بەجلوبەرگێکی مۆدێرن چۆتە دەرەوە.

ئەوەی کەمێک لەو دۆخە شارەزایی هەبێت، لەوە تێدەگات کە جۆرێك لە ڕێککەوتنی نەنوسراو لەنێوان حیزبەکانی دەستەڵات و سەلەفییەکان و هەندێك مەلای توندڕەوی سەر مینبەرەکان، کە بەشێکییان خاوەنی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و ڕادیۆشن، هەیە، وەکو دابەشکردنی ڕۆڵ. سیاسەت و ئابووری بۆ دەستەڵات و کۆمەڵگەش بۆ سەلەفیەکان و مەلا توندڕەوەکان و ئیسلامیەکان. ئەو جۆرە ڕێککەوتنە ئەنجامی کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتن نیە، بەڵکو ئەنجامی هەڵومەرجێکی تایبەتە، دوای ئەوەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان هیچ ڕوانگەیەکی نیشتمانیییان بۆ خەڵك پێ نیە، هیچ ستراتجییەتێک نابیندرێت بۆ ئایندەی هەرێم و ئاڕاستەکانی کۆمەلگە، بەکورتی هەڵگری هیچ فەلسەفەیەکی سیاسی نین، بێجگە لە کاردانەوەی ڕۆژانە و چارەسەری کێشە هەنوکەییەکان بە نیوەچڵی و لەیەکتر گرێدانەوەیان و موچە هات و موچە چوو، لەهەمووش بەئازارتر ئەو چەلەحانێ و دووبەرەکییە سیاسییەی کە ساڵەهایە بەردەوامە و رۆحی خەڵك ئازار دەدەن، سوودمەندەکەش پۆلیسەکانی ئەخلاقن.

ئەوەی کە جێگای داخە، ئەو مەلا توندڕەوانە هەموو ئەخلاق و دونیابینیی ڕۆژانەیان چڕ کردۆتەوە لە ناو سێکس و گەڵی ژن و پیاو و شتێکی دیکە نابینن، تەنانەت وتارەکانی هەینیش بەگشتی هەر لەو پانتاییەدا چڕ دەبنەوە. ئیسلامیەکان لەو چەند هەفتەیەی دوایدا هەموو خەم و کێشە و دونیابینیان لە یەکسانکردنی مەسەلەی جێندەر و هاوڕەگەزبازی کورت کردۆتەوە و لەو ڕێیەوە خەڵک بەکار دێنن و مۆبیلیزەیان دەکەن، سەمینارەکان لە زانکۆکان قەدەغە دەکەن. کەسێکی نەشارەزا بێت وادەزانێت هەموو خەڵكی کوردستان چاوەڕێی دەرفەتێک دەکەن ببن بە هاوڕەگەزباز، کەسیش نازانێت ئەو زەندەقبردنەی خەڵك کەی دەوەستێنن. لەکاتێکدا دەیان پرسی چارەنوسساز یاخەی کۆمەڵگەی ئێمە گرتووە و ئەو بەناو سیخوڕانەی خوا نە بایان دێت نە باران، وەکو ئەوەی لێ هاتووە کە تاکە کێشەی ئیسلام کپکردن و پۆشتەکردن و لەماڵ هێشتنەوەی ژن بێت.

ئەو سەلەفی و مەلا توندڕەوانە، هەر چی شتێک لەسەر تایبەتییەکانی ژیانی خەلک بڵێن ئاساییە، هەراسانکردنەکە گەیشتۆتە ناو خەڵكی ئەفەندیش و ناو جانتای کچەکانمان دەگەڕێن. بەو جۆرە، کۆمەڵگە بەتەواوی کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو دونیابینییە سەلەفیە توراسییە زەندەقبەرە. تەنانەت ئەو مەلایانەش کە رێزی خۆیان دەگرن، ناوێرن ڕەخنە لەو توندڕەوانە بگرن. سەلەفیزم، چی بە سعودییە و جیهادیزمیش چی بە ئەفغانستان و بە نەتەوەی ئێمە نەکرد لە 2014؟ ئاوا بڕوات دۆخی داهاتووی کوردستان زۆر باشتر نابێت ئەگەر کۆمەڵگە ئاوا بەبێ هیچ ستراتیجییەتێکی نیشتمانسازی بەڕێوە ببرێت.

کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە بزووتنەوەیەکی مەدەنی مۆدێرن هەیە بەرگری لە ئەخلاق بەمانا گەردوونییەکەی و ئازادییەکان بکات، مادام حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان خەریکی موزایەدەی ئەخلاقیی سەلەفیزمن لەگەڵ توندڕەوەکان. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم پێویست ناکات لە حەمرین شەڕی داعش بکەن، چونکە شەڕەکە کەوتۆتە کۆڵانان و ئەگەر ڕاست دەکەن با خەمێك لەو کۆمەڵگەیە بخۆن. بارودۆخی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵك چاک بکەن. سنوورێک بۆ ئەو مەلا توندڕەوانەی کە خاوەنی مینبەری مزگەوت و تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆن، دابنێن. ئەگینا لەوەها دۆخێکدا نەك هەر کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، بەڵکو خودی ئیسلامێك کە چەندان کەسی وەکو مەلا عەبدولکەریمی مودەرریسی بەرهەمهێناون، لەکەدار دەبن و زیانێکی جەوهەرییان بەردەکەوێت. هەر دوێنێ بوو بە نمایشەکانی داخستنی چەند شوێنێک لە سلێمانی ملایەکی هەولێر باسی لەچەك هەڵگرتن دەکرد. هەڵوێستەکە لەگەڵ جیاوازییە یەک لایەنییەکەی، لەهەڵوێستی ئەمینداری جیهادی فەڵەستینی دەچوو، کە لەسەروبەندی داگیرکردنی کوێتدا هاتە بەغدا و ڕوو بە ڕوو بە سەددامی گوت؛ خۆت وەکو خەلیفەی موسوڵمانان ڕابگەیەنە با شەڕی ئەوانە بکەین کە موبایەعەت ناکەن. (اعلن نفسک خلفة عل المسلمن حتی نقاتل من لا بایعك).

حکومەتی هەرێم، بەرپرسیارییەتێکی ڕاستەوخۆی مێژوویی لەئەستۆدایە، کە سنوورێک بۆ ئەو سەلەفییەتە دینییە دابنێت و فریای گەنج و لاوی کورد بکەوێت و بەدیلی دروستیان بۆ بدۆزێتەوە، ئەگینا شکستێکی گەورە لە چاوەڕوانی دایە، لەوانەش کۆمەڵگەیەک بۆ چەندین دەیە ئارامی بەخۆوە نەبینێت. چونکە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا مشتێکە لە خەروانێک، ئەگەر پەیوەندی ڕووداوەکە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆش بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×