یەزدان و فێمینیستبوون

ھیوا محەمەد ئەمین
  2023-01-02     361

ماوەیەکە دۆز ی ( جێندەر ) لە مێدیا ، زانکۆ ، جێگە و پێگە کەسایەتییە ئایینیەکانەوە بووەتە ڕۆژەڤ ی ڕۆژ ، مشتومڕ ، باس ، پەیڤین و لێکدانەوە ی جۆراوجۆر ! پێشئەوەی بچمە نێو گوتارەکەمەوە ، دەخوازم چیرۆکێک بەبیر خوێنەران ی هێژا بهێنمەوە ، تاکو ببێتە بەرکوڵ و بەرچاوڕونیەك ، کە بتوانێت سەرنجمان بۆلا ی ئەو ڕاستییە ڕابکێشێت و تێبگەین کە کۆمەڵگە ی ئێمە ی کورد ، چۆن و بە چ شێوەزمانێك ڕوئیا ، خەون و جیهانبینیی خۆی بۆ ژیان و کێشە و گرفتەکان دەردەبڕێت ؟! ڕۆژگار ی دوا ی بۆردومانی کیمیاویی شاری هەڵەبجە بوو ، کە بەدوای دا نوسەر و شاعیری دیاری کورد ( حەمە سەعیدحەسەن ) شیعرێکی بۆ ئەو ڕۆژە خەمناکە بەناوی (( هەڵەبجە غەزەی خەمناکە )) نووسی . بەدوای دا نوسەرێك بەناوی  ( حەکیم کاکەوەیس ) نوسینێك ی ڕەخنەیی سەبارەت بەو شیعرە بەناوی { تیرۆژێ بە شەوەزەنگەکەی حەمەسەعید حەسەن دا } نووسی ، و لە بەرامبەر ئەم نوسینەش دا شاعیر هاتە وەڵام و لەتوێی نامیلکەیەك دا وەڵامێكی زۆر توندئاژۆی ئەوی دایەوە کە سەرتاپێ داشۆرین و لێواولێو لە جنێو ، هێرش و سوکایەتیی بوو بە کەسایەتیی ، بیروباوەڕ و مێژو ی سیاسیی حەکیم کاکەوەیس ؟! زبریی ، توندوتیژیی و هیستریا ی زمان ی شاعیر حەمەسەعیدحەسەن کار ی گەیاندە ئاستێك ی نزم کە نامیلکە وەڵامەکەی نزیکە ی  ١١٤ وشە ی جنێو ی نەشیاو ، ناپەسەند و تەنانەت ناوبازاڕیش لەخۆبگرێت !! بەداخەوە ئەم شێوەزمان ی پەیڤین و دیالۆگانە کە دەچنە خانە و پێناسە ی توندوتیژیەوە ، لە کۆمەڵگە ی کوردی دا برەوی هەیە و پانتاییەک ی گەورە و بەرفراوانیشی لە کایە مەعریفیی و زاتیەکان و بوارەکان ی  زمان ، ڕاگەیاندن ، سیاسەت ، ئەدەب و تەنانەت پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیش  … تاد دا داگیرکردووە . تێز ی جێندەر چیدی لەوە دەرچووە کە کایەیەکی مەعریفیی و زانستیی یان بابەت ، پێداویستیی و کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی ، دەرونیی ، ڕەگەزیی یان ئایینیی بێت ، کە مرۆڤ لە دید و ڕۆژنەیانەوە تێبگات و پرسیار ی ئەوەی لەلا دروست ببێت ، کە گەلۆ ئەم باسە چ ڕۆڵێك ی چاك یان خراپ ، سودبەخش یان زیانبەخش بە کۆمەڵگەکەمان کە کۆمەڵگە ی کوردییە دەگێڕێت ؟! باس ی جێندەر هێندە ی ئیسلامیست ، بانگخواز و پیاوانی ئایینیی پێی سەغڵەت بوون و چوونە ژێرباریەوە و شەلم کوێرم نابوێرم دژایەتیی دەکەن ، هێندە توێژ و چینە کۆمەڵایەتییەکان ی دی بەو شێوازە پڕ لە ڕق ، کینە ، بوغز و هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ نەکردووە ٠

لە چاوپێکەوتنێك ی تێلێڤیزیۆنیی کەناڵی (( پەیام )) کە لەگەڵ پەرلەمانتار { بەدریە ئیسماعیل } و پیاو ی ئایینیی { مەلا مەزهەر خۆراسانی } دا ئەنجام دراوە ، جگە لە ڕستێك دەربڕینی ناواخنکراو بە پەیڤ ی سوکایەتیی ، جنێودان ، هاویشتن ی وشە ی ناپەسەند ، ناقۆڵا ، ناوبازاڕیی ، سوکایەتییپێکردن و هێرشکردنە سەر کەسایەتیی مرۆڤ ی کورد ، نەمانتوانی مشتێك لە چەمك ی ڕەوشتی بەرز بە ئاراستەکردنی ئێمە بەرەو دروستکردن و بنیاتنان ی هەستی لێپرسراوێتیی ، بەرپرسیارێتیی و خەمخۆریی بەرامبەر کۆمەڵگە و کێشەکانمان لە توێ و کۆی 58: 50خولەك هەڤپەیڤین لەسەر بابەتی جێندەر و ( فرەژنیی ) ، بەدەستبهێنین . مەلا مەزهەر خۆراسانی هاوشێوە و هاوئاواز ی حەمەسەعید حەسەن ، بەڵام بە دوو دیو ی ئیسلامیی و کۆمۆنیستیی دا ڕستێك وشە ی ناپەسەند و دەستەواژە ی نەشیاو ی دوور لە ئاداب ، نەریت و ڕەوشتی بەرز ی کۆمەڵایەتیی کە خۆی دەدات زیاتر لە ٦٨ وشە ی جنێو و سوکایەتیپێکردن بە بەرچاو ی میلیۆنان بینەری کورد دا دەردەپەڕێنێت ، بەبێ ئەوەی میواندار ( حەکیم حەمەد ) ئاماژە یان هۆشداریەك بە میوانەکەی بدات کە شیاو و ڕێگەپێدراو نیە سوکایەتیی بە کەسایەتیی هیچ مرۆڤێك بکات !! هەڵڕشتنی کاسە ی ڕق و کینە بەجۆرێك لە سنگ و قوڕگی پیاوێکی ئایینیی دا ئاوێتە دەبێت ، کە لە شیرازە ی ئایین و پەیامە خوداییەکەی خۆی :  يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَومٌ مِنْ قَوْمٍ عَسَى أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ وَلَا نِسَاءٌ مِنْ نِسَاءٍ عَسَى أَنْ يَكُنَّ خَيْرًا مِنْهُنَّ وَلَا تَلْمِزُوا أَنْفُسَكُمْ وَلَا تَنَابَزُوا بِالْأَلْقَابِ بِئْسَ الِاسْمُ الْفُسُوقُ بَعْدَ الْإِيمَانِ وَمَنْ لَمْ يَتُبْ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ ، دەردەچێت ٠

لێرە دا و لە سۆنگە و ڕۆژنە ی ئەم شێوازی زمان ی گۆشبوون ، بەرجەستەبوون و بارگاوییبوونە بە ڕق ، کینە و مومارەسەکردنی ڕۆحیەتیی پەلاماردەریی و دوژمنکارییانە دا ، دەخوازم و ناچار دەبم ئاماژەیەك بە دیوێك ی گرنگ ، ڕوناك و تەندروست  بدەم ، تاکو لەلایەك ببێتە هۆکار ، و لەلایەکی تریشەوە لە توانای دا هەبێت ، کە دەروازەیەکی فراوانتر و گەشتر بە دنیابینیی ، و بەخشینی ڕەوشتێكی باڵاتر بە مەلا مەزهەر ئاساکان دا بکاتەوە ، ئەویش ( ئیمان ) ە ٠ ئیمان لە کورتترین و پوختەترین مانا و پێناسە ی خۆی دا ، بریتیە لە ئاودیوبوون یان ئاودیوکردنی مرۆڤ لە دنیا ی ڕەزالەت ، تاریکیی ، پوچیی ، ڕەوشتلێژیی و بێبەهاییەوە بەرەو دنیا ی فەزیڵەت ، ڕوناکیی ، ماناداریی و بەدەستهێنان ی ڕەوشت و ئاکار ی بەرز و باڵا . ( ئیمان )دوور و سەربەخۆ لە هەر چەمک ، سیستەم ، یاسا ی ئایینیی و شەریعەتێکەوە ، تێکۆشانێك ی ڕۆحیی ومەعنەویی خۆبەخشانیە لە ئاستی تاکەکەسیی مرۆڤ دا بۆبەدەستهێنانی سیفەت و ئاکار ی بەرز ی یەزدانیی ! هەروەها شێواز ، وێنە و دیاردەگەلی  پڕۆسەیەک ی بێکۆتای پڕ دیالۆگی لیبرالانەیە لە نێوان مرۆڤ و یەزدان بە مەبەستی  گەیشتن بە ئامانجێك کە حەقیقەت ، باڵابردن و کامڵکردن ی ئاست ی ئەخلاقیی ، ویژدانیی و هوشیاریی مرۆڤە ٠

مرۆڤ بۆ فراوانترکردن و کاریگەرترکردن ی جیهانێك ی مەعنەویی و ڕۆحیی لەوجۆرە ، بەپێویست ، پێویستی بە ڕوبەر ، پانتایی و زەمینەیەك ی قوڵتر و فراوانتر هەیە کە بتوانێت تیای دا ئازادانە و  ئیرادەخوازانە بجوڵێت ، بیربکاتەوە و ڕابمێنێت ! ڕوبەر و پانتاییەك ی لەوجۆرەش تەنیا کاتێك توانای بەرجەستەبوون ، مەیسەرکردن و خۆسەلماندنی هەیە کە هێز ، وزە ، سروشت و سیفات ی بوون ی خۆی لە دنیا ی سروشت و گەردونێکی بێکۆتا دا بەدەستبهێنێت ، سروشتێك ی لەوجۆرەیشە کە دواجار هێز و توانا ی ئەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت تاکو بە سروشت و ڕەسەنایەتیی  خۆی کە (( مرۆڤبوون)) ە بگات ٠ لە قۆناخ و پلەیەك ی وەهادایە ، کە دۆز و پەیڤ ی مرۆڤبوون دەبێتە سیمبول ، ناسنامە و ناوەندێك هەم بۆ پێشاندانی کاریگەریی هێز ی ئیمان لەسەر  کردار ، هەڵسوکەوت و مامەڵە ی زمانپاراویی مرۆڤ هەمیش دەبێتە پێوەرێك بۆ ڕادە ، ئاست ، نرخ و بەها ی بەمرۆڤبوون و پراکتیزەکردنی ڕۆح ی مرۆڤایەتیی لە بیر و ویژدانی هەر تاکێك لە دنیا ی سیاسیی وکۆمەڵایەتیی ئێمە دا ٠  دوور لە ڕاستیی نابێت ، ئەگەر بڵێین ئیمان و ئاراستەبوون ی مرۆڤ بەرەو دنیا ی ئیمان ، جۆرێکە لە پەروەردەکردنی خۆ بەرەو بەدەستهێنانی ئاکار و کردار ی بەرز و باڵا ، ئەوە ڕوناکایی ئیمان و هێز و کاریگەریی پەروەردەی ئیمانە کە مرۆڤ لە چەقبەستوویەتیی شەریعەت و یاسا ئایینییەکان ڕزگار دەکات ، و لە دواجار دا مرۆڤ لە دنیا ی ئاژەڵییەوە ئاودیوی دنیایەك ی باڵاتر لە ئاوەز و ویژدانێك ی بەرزتر و ستاتیکایەک ی نوێتر لە گەیشتن بە پلە ی یەزدان دەگەێنێت ٠ بەڵام لێرە دا ئامانج ی تێکۆشان ی مرۆڤ بۆ بوون بە یەزدان نیە ، بەڵکو ئاوێتەکردن و بەرجەستەکردنی سیفەت ی میهرەبانیی ، خۆشەویستیی ، پاکیی و خۆنەویستیی یەزدانییە لە زاتی خۆی دا ٠ تایبەتمەندایەتیەك ی لەوجۆرەیە ، کە یەزدان هەرگیز بوون ی مرۆڤ لەخۆی دا موستەحیل ناکات و دەیکاتە بەشێك لە پێکهاتە و حەقیقەت ی بێکۆتای خۆی ٠ ئەم هاوکێشە و شێوە تەریببوونە ی نێوان مرۆڤ و یەزدان ، توانایەك هەم بە مرۆڤ دەدات ، کە مانایەك بە یەزدان ببەخشێت هەمیش یەزدانە لەتوانای دا هەیە ، کە مرۆڤ لە سیفەت و غەریزە ی ئاژەڵییەوە ئاودیو ی جیهانێکی ڕوناکتر و باڵاتری مرۆڤایەتیی بکات ٠ لێرە دا ڕاستییەك خۆی دەخەمڵێنێت ، کە ئایین  وەك سیستەم و دەزگایەکی سیاسی - ئایدیۆلۆژیی و ئالودەبوو بە ڕەگەزە دنیایی و مێژوییەکانەوە ، هەرگیز ناتوانێت  حەقیقەتی بوون ، جەوهەری شتەکان ، یاسا سروشتییەکان ، مرۆڤ و تەنانەت یەزدانیش وەك خۆی ببینێت و بناسێت ، ناتوانێت پەی بە نهێنیی و کۆدی ئەو پەیوەندیی و بەهایانە ی نێوان مرۆڤ و ئیمان ببات کە بەهۆیانەوە ئاکار و کردەوەی مرۆڤ دەگەێننە ئاستێك ی باڵاتر و بەهادارتر ٠ کاتێک ئایین پێچەوانە ی ئاقار ی ئیمان مرۆڤ ئاراستە دەکات ، ئیدی چەمكی یەزدان  و بوونی ئەو سنوردار  ، پابەند و پەیوەست بەو یاسا ، ڕێسا ، ڕوبەر و پانتاییە مێژوییە دەکرێت ، کە تەنیا خواست ، ئارەزو و غەریزەیەکی مرۆڤایەتیی تێ دا بەرجەستە بووە . لە هەلومەرجێك ی وەهادایە کە دواجار ڕۆح و ڕوناکایی یەزدان هەم دەمرێت و هەمیش دەکوژێتەوە . بوون ی زەمینە و سەرئەنجامێك ی لەوجۆرەیە کە ڕێگە و شەرعیەت دەدرێت بە مەلا مەزهەر و حەمەسەعیدەکان کە بە زمان ی شمشێر و قامچیئاسایانەوە لەنێو کۆمەڵگە دا ئامادەییان ببێتەوە ؟! تایبەتمەندیی سیفەت ی باڵا ی یەزدان لە دنیا ی ئیمان دا ، لە هێز و دەستەڵاتی پاشایی و مەلەکوتیی ئەو دا نیە هەروەك سیستەم ، یاسا و بنەما ئایینیەکان پێناسە ی دەکەن ، بەڵکو لە ناموتڵەقبوون و بەشبەشبوون ی حەقیقەتی ئەو ، واتا یەزدان دایە ، کە دواجار ئەوە دەبێتە کار و ئەرکی مرۆڤ کە وێڵ و خولیا ی دۆزینەوەی ئەو حەقیقەتانە بێت کە دەشێت لە نێو هەر گؤشە و پەنایەکی ئێمە و نیشتیمانی ئێمە دا بوونی هەبێت ٠ لەم سۆنگە و لە ڕۆژنە ی ئەم ئەنجامبەندیەوە دەگەمە ئەو باوەڕ و بۆچونە ی کە هیچ دژایەتیی ، ناتەبایی و ناکۆکیەك لە نێوان یەزدان و فێمینیستبوونی  خاتو دوکتۆر { چۆمان هەردی } دا نابینم !! ئەگەر یەزدان سەرچاوە و بەشێك ی گەورە و گرنگ لە حەقیقەتەکانی ژیان ی ئێمە و کۆمەڵگەکەمان بێت ، ئەوا دوکتۆر چۆمان هەردی وەك مرۆڤێك گەڕیدە و وێڵبوو ی دۆزینەوە و بەدەستهێنانەوە ی پارچە دابڕاوەکان ی جەستەی حەقیقەتی یەزدانە ، کە لە نێو کۆمەڵگە ی ئێمە دا داپۆشراو و وون بوون ؟! فێمینیستبوون ی دوکتۆر چۆمان زرنگاندنەوە و دەنگدانەوە ی حەقیقەت و بوون ی یەزدانە لە هزر ، ئاوەز ، ویژدان ، ڕەوشت و کرداری ئێمە دا کە ئامانج و مەبەست تیای دا ، بەئاگاهێنانەوە و زیندوکردنەوە ی هەست ی خەمخۆریی و لێپرسراوێتییە بەرامبەر بەو ڕەوش ،  هەلومەرجە  دژوار ، نادادپەروەریی و نایەکسانییە ی کە ئافرەتی کورد لە کۆمەڵگە ی کوردی دا تێیدەپەڕێنێت ؟! فێمینیستبوون نە تاوانە و نە دیاردە و وێنە و نمونەیەكی ناپەسەند ، ناشیرین و زیانبەخش  . نیشانە و ناسنامە ی زیندو ی هەر کۆمەڵگەیەك لەوێ دا بەرجەستە دەبێت کە ، ئایا ئافرەت چەندێك ئازاد ، خاوەن ماف و ڕێزلێگیراوە ؟! فێمینیستبوون ی خاتو چۆمان نەخشەڕێگە ی تەبایی ، ئاشتبوونەوە ی ڕەگەز ی نێر و مێ ، توندکردنەوە و پەیوەستکردن ی زیاتر ی خێزان و تاك ی ئافرەتە بە کۆمەڵگە و بەها ئەخلاقییەکان و بنیاتنان ی ڕێز ، خۆشەویستیی ، دادپەروریی و یەکسانیی لە نێوان ژن و پیاو دا ٠ فێمینیستبوون ی خاتو هەردی بانگەواز نیە بۆ لێکترازان ی خێزان ، بڵاوکردنەوە ی ئیلحاد و برەودان بە ئیباحیەتی سێکس و برەودان و پەیوەستکردنی ئافرەت بە بازاڕ ی لەشفرۆشییەوە ، بەڵکو مانیفێستێكی کۆمەڵایەتیی ، ئەخلاقیی ، مرۆڤایەتیی و مرۆڤدۆستییە بۆ بنیاتنان ی کۆمەڵگەیەکی تەندروست ، ئازاد و هەروەها بەهاناهاتنی خێزان لە نەهامەتیی دابڕان و ترازان ٠ دۆز و پرس ی جێندەر لە دید و فەلسەفە ی دنیابینیی خاتو دوکتۆر چۆمان دا بریتی نیە لە زەمینەسازیی و بەواقیعییکردن ی نێربازیی و هاوڕەگەزبازیی لە کۆمەڵگە ی ئێمە دا ، بەڵکو چەسپاندنی فەلسەفەی ( بەبوونکردن ) ی کۆمەڵگە و تاك و کەسایەتیی ئافرەتی  کوردە  تاکو  ئاست و ڕادە ی کۆمەڵگە و کەسێك ی ئازاد ، چالاك ، ڕۆڵبگێڕ و خاوەن ئیرادە ، کارکردن و کۆششە لەپێناو گەڕاندنەوە ی ماف ، ئیعتیبار ، ڕێز ، حورمەت  و شکۆ بۆ ئافرەت ی کورد ، داننان و ڕێزگرتن لە شوێن و پایە ی کۆمەڵایەتیی ئافرەت وسەلماندن ی هێز و توانا ی عەقڵیی ، زیهنیی و هێز و توانا ی داهێنان  و ڕۆڵ ی گرنگی ئافرەت لە کۆمەڵگە دا ٠ خاتو دوکتۆر چۆمان هەردی لە لاپەڕە ی ئاوێنە لە 02 . 06 . 2022 دا دەنووسێت : پیاو ی ئازیز ! داکۆکی لە یەکسانی و هاوشانی ژن و پیاو بکە ! ئازادبوونی ژن واتە ئازادبوونی تۆش لە هەندێك بەرپرسیارێتیی و بارگرانی ، واتە دۆزینەوەی خۆشەویستی و پەیوەندیەکی دروست کە دڵ و ڕۆحت تێردەکات ، واتە دروستکردنی جیهانێکی دادپەروەرانە کە تیایدا ژن بەشخوراو و پڕووکاو نیە و دەتوانێت خۆشەویستی و هاوپشتیت پێ ببەخشێت.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×