بەندەر فەیلی، مانیفێستۆی ئەخلاقیاتی خۆرهەڵاتی

نەبەز ئەحمەد
  2023-01-06     444


بەندەر فەیلی، مانیفێستۆی ئەخلاقیاتی خۆرهەڵاتی
تەواوی مێژوی خۆرهەڵات تائێستا جگە لەفاشیزم هیچیتر نەبوە
 
زیندان یەکێکە لە تێما سەرەکیەکانی تەواوی بەرهەمە ئەدەبی و تیۆریەکانی بەختیار عەلی، کەم بەرهەمی بەختیار هەیە چەمکی زیندان یەکێک نەبێ لە تێما سەرەکیەکان، لە هەورەکانی دانیال تەواوی شاری دێلاوار بەدەوری زیندان گەشەی کردوە و ئەخلاقی زیندان رۆحی شارەکەیە. لە کەشتی فریشتەکان لیڤیتانت یەکەم کاری گرنگی لەدوای ڕاپەرین بریتیە لە دروست کردنی گەورەترین زیندان بەنێوی (زیندانی مەرکەزی کوردستان) و دەزگایەکی سەربەخۆ بە ناونیشانی ( مودیریەتی زیندانیە تایبەتیەکان) ئیتر تا دەگات بەوەی زیندان لە شێوەی بورج و قەلای هێندە ئالۆز و نائاسایی بەرهەم دێت کە هیچ کەس ناتوانێت سەر لە نەخشەو پێک هاتەکەی دەربکات. لە دواهەمین هەناری دونیا کە ڕۆمانی دلخوازی بەختیار خۆیەتی، یەکەم دێڕی ڕۆمانەکە لە زیندانەوە دێتە ئاخافتن کاتێک موزەفەری سوبحدەم دەڵێ (من لەبەرەبەیانی یەکەمەوە زانیم دیلی کردوم لە کۆشکێکدا لەنێو جەنگەڵ و دارستانێکی نادیاردا) ئیتر تەواوی ڕۆمانەکە دەبێتە هەوڵی ڕاکردن لەزیندان و کاریگەریەکانی زیندان لەسەر مرۆڤ. لە ڕۆمانی جەمشیدخانی مامم، جەمشید لەدوای هەر فڕینێک لەزیندانێک دەنیشێتەوە. لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی، تاریق ئاکنسو بۆ ئەوەی مناڵەکانی بە دەوڵەت و سیستم ئاشنا بکات کە خۆشی شەیدایانە لەهەوڵی پاراستنی دایە، زیندانی شارەکەیان نشان دەدات، وەزیفەی زیندان لەم ڕۆمانە وەزیفەیەکی نۆرماڵ نیە کە تەنها کاری سزادان و بەندکردنی یاخیان بێت بەڵکو وەزیفەیەکی شاراوەترو ئاڵۆزتری هەیە کە وەک دیدەم شاهین جەلادی زیندان دەڵێ ئەو هیچ کات پرسیار لە زیندانیەکان ناکات پێش ئەوەی ئەشکەنجەیان بدات. لە شانۆنامەی بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان، بێ گوناهی و هەست نەکردن بە تاوانباری گەورەترین تاوانە، لەم دەقەدا بەختیار کار لەسەر ئەوە دەکات مرۆڤ چۆن لەنێو زیندانی زمان بەندە، چۆن زیندان دەبێ بە بونیاتی سیستمی رەمزی و فکریمان، هەرچەندە ئەم دەقە شانۆییە کار لەسەر کۆمەڵێک ڕەهەندی ئالۆزتری فکری دەکات کە سنوری ئەم وتارەی ئێمە دەبڕێت بەلام دواجار لێکەوتەکانی هەمان کاریگەریان هەیە لە ئاستی هۆشیاری. هەڵبەتە ئێرە شوێنی ئاماژادان نیە بەتەواوی بەرهەماکانی بەختیار بەڵام ئەگەر ڕەگەزێک دەستنیشان بکەین کە خاڵی هاوبەشی تەواوی کارەکانی بەختیار بێت ئەوا بێگومان زیندان ئەم ڕەگەزەیە کە وەک هێڵێک بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە و کۆ ئایدیایەکی گشتیمان پێدەدات.
دەتوانین بڵێین ڕۆمانی بەندەر فەیلی هەوڵێکە بۆ چڕکردنەوەی تێگەیشتن لە ئایدیای زیندان لەیەک دەقدا، هەروەها قولبونەوە و ڕوانینێکی زۆر چڕی ئەدەبیانەیە لە زیندان کە دیوە مادیەکەی فاشزمە کە بەختیار لە زنجیرەکانی دۆنکیشۆت وا پێناسەی دەکات کە `` سستمێکی مۆڕاڵی هزریە، زادەی دۆخی کەلتوری و مێژوییە کە ئەگەر ژێرخانەکەی لەنێو کۆمەڵگا چەسپی ئەوا هیچ هێزێک لێی بەدەرنابێت``. یەکێک لە گرفتە مەترسیدارەکانی فاشیزم ئەوەیە کە دەبێت بەبەشێک لە ستایلی ژیان و چێژ، مرۆڤەکان چیتر توانای ئەوەیان نامێنێت کە بتوانن وەک جۆرێک لە لەجۆرەکانی پێکهاتەی ئەخلاقی و سایکۆلۆژی بیبینن بەڵکو دەبێت بەو ئەگەری هەبونەی کە تاکە ڕێگایە لەبونی ئینسانی خۆیان دڵنیاببنەوە. لەم حالەتەدا مرۆڤ ناتوانێت رەفتارەکانی خۆی بخاتە ژێر رەخنە، هەروەک بۆنی دەم کە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت خۆی هەستی پێ بکات.
زیندان یان فاشیزم ئەم سیستەمە مۆڕاڵی و هزریەیە کە ئەگەر لە مێژوی خۆرهەڵاتی جیابکەیتەوە شتێک نامێنێتەوە بەنێوی دونیایی خۆرهەڵاتی بۆ تێگەیشتن و بەرخورد لەگەڵی، لەهەمانکاتیشا بەهۆی ئەوەی فاشیزم وەک بەختیار ڕونی دەکاتەوە کە پێکهاتەیەکی ئەخلاقی و سایکۆلۆژی هەیە، بۆیە بەتەنیا هێزی فکر و تیۆر بەبێ هێز و پاڵپشتی ئەدەب ناتوانێت لەقاوغە شاراوەکەی یان لە جیهانی تاریک و نادیارەکەی دەرون دەری بهێنێت بەرخوردی لەگەڵ بکات. ڕۆمانی بەندەر فەیلی چڕترین و نزیکیرین هەوڵی تێگەیشتنە لە فاشیزم لە هەناوی فاشیزمدا، هەوڵێکە بۆ دەست لێدان و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هێزە سحری و ڕەمزاویەیی فاشیزم کە مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت هەرگیز خەیاڵیشی پێوەبکات.
یەکێک لە پێشمەرجە سەرەکیەکانی مانەوە و گەشەکردنی فاشیزم ئەوەیە وا بکرێت کە مرۆڤ سەرەتایەکی ڕونی نەبێت لەوەی تێبگات مێژوی ئەم ستایلە ژیانە و ئەم ئەخلاقیاتە لەکوێوە هاتوە و چۆن گەشەی کردوە، بەڵکو وەک پێدراوێکی پێشوەختە دەبێ قبولی بکاتو وا مامەڵەی لەتەکدا بکات کە پێش ئەمیش هیچ ستایلێکی تری ژیان جگە لەبەربەریەت و ئەنارکیەت بونی نەبوە، واتا وەک باوەڕهێنانی ئاینی کە ژیژاک لە کتێبی ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژی ڕونی دەکاتەوە کە دەبێ پێشوەختە باوەڕ بهێنیت و قبولی بکەیت دواتر ئارگیۆمێنتی ئەقلانی بۆ بێنیتەوە.

بەندەر فەیلی لە زیندان و لەبەشی سێدارە لەدایک دەبێ کە بەهۆی چەند هۆکارێکی نادیارو و بەبڕیاری کەسانی نادیار تەواوی مێژوی ئەم مناڵە نادیار و ونە، هیچ کەس شتێکی ئەوتۆ لەسەری نازانێت، ئەوەشی کە کەمێک زانیاری دەزانێت بەبڕیارێک بۆی نیە باسی بکات، بەندەر لەڕۆژی لەدایک بونیەوە مافی ئەوەی لێسەندراوەتەوە مرۆڤێکی ئازاد بێت بۆی نیە لەبەندینخانە بچێتە دەرەوە، بۆ هەتاهەتایە دەبێ لەجەهەنەمی بەشی سێدارە بمێنێتەوە، نابێ فێری زانست و زانیاری بکرێت، ئەبێ دونیابینی ئەم مرۆڤە لە سنوری دیوارەکانی بەندینخانەکە نەچێت بەولاوە، فراوانی ئاسمان و زەوی بۆ بەندەر بەقەد فراونی زیندانەکەیە، مرۆڤەکانیش دوو جۆرن، گوێڕایەڵەکان و تاوانباران. بەرکەوتنی بەندەر بە جیهان و بە مرۆڤەکان لە ڕێگای زیندان و ئەو زیندانیانەیە کە بە مەرگ سزادراوان، هەڵبەتە هیچ هونەرێکی ئەوتۆی پێویست نیە بۆ دەرخستنی هاوشێوەیی دۆخی بەندەر لەگەڵ جیهانی خۆرهەڵات یان دەکرێت بڵێن ئەمە خودی مێژوی خۆرهەڵاتە کە فاشزیزم هەر ڕۆژەی بەجۆرێک خۆی تیا نمایش دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە. بۆ ئەوەی فاشیزمی خۆرهەڵاتی بتوانێت نمایشەکانی خۆی بەردەوامی پێبدات، کاری یەکەم و لەپێشینەی بریتیە لە داماڵینی مرۆڤ لەتەواوی توانای پەیوەندیگرتن بەدونیا و توندکردنەوەی سنورە قەدەغەکان و کوشتنی توانای هزر و بیرکردنەوەیە لە ڕێگای تۆڕی ئایدۆلۆژی و دسپلینەوە، بەم جۆرەش توانای خەیالکردنیش لەمرۆڤ دەسەنێتەوە و هەرگیز ناتوانێت بیر لە بەزاندنی سنورەکانی ئەم سستەمە ستەمکارە بکاتەوە. ڕەگەزی ڕادیکاڵی ئەم ڕۆمانە کە تەواوی ئایدیایی سەرەکی لەسەر بەندە بریتیە لەوەی یان فاشیزم ئەم سیستەمە مۆڕاڵی و هزریەیە کە ئەگەر لە مێژوی خۆرهکە ئەم ئایدیا بنەڕەتیە کۆکە لەگەڵ تێزە ئەدۆرنۆیەکە کاتێک دەی وت ` ژیانێکی هەڵە ڕاست ناکرێت`. مرۆڤ کاتێک لەزیندان لەدایک دەبێت ناتوانێت لەمانای ئازادی بگات، ئازادی بەهرەیەک و پێدراوێکی سروشتی نیە، مرۆڤ بەئازادیەوە لەدایک نابێت وەک ئەوەی ڕۆسۆ بانگەشەی بۆ دەکرد، بەڵکو ئازادی داهێنراوی دەستی مرۆڤە، بەرهەم دەهێنرێت و سستمێکی هزریە، دۆخێکی کەلتوری و مێژوییە، مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ئازادی بگات پێویستە لە زیندان تێگەیشتبێت، تێگەیشتن لەئازادی بەنێو تێگەیشتن لەزینداندا دەڕوات، تێگەیشتنیش لە زیندان تەنها لەدەرەوەی زیندان بەرهەم دێت، بەڵام کاتێک مرۆڤەکان ناتوانن دۆخێکی هزری، کەلتوری، سیاسیان هەبێ کە دەرفەتبدات لەدەرەوەی زیندان ئەم ئەگەرە دروست ببێ ئەوا هەر هەوڵ و دەرفەتێک دوبارە گەڕانەوەیە بۆنێو خودی زیندان. هەر ئەمەشە بارودۆخی بەندەر فەیلی کاتێک بەهۆی بۆردومانی ئەمەریکەیەکان زیندانەکە دەروخێت و ئازادی دەبێ بەڵام ئەو هەرگیز ئەزمونێکی ئاوای نەبوە، تەنانەت زۆر بێزارە لە ئازادیەکەی نازانێت چی لێبکات، لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی ڕاکردنیشی بۆ دەڕەخسێ بەڵام ئیرادەی نابێت و نازانێ بۆ کوێ ڕابکات، شوناسنامەی ئەو هەمیشە بریتی بوە لە زیندانیەک ئەگەر ئەم شوناسنامەیەی نەمێنێت نازانێت چی بکات چۆن خۆی ببینێت، بۆیە کاتێک لە پۆلیسخانەی موسەییەب زیندانی دەکرێتەوە خۆشحالە کە شوناسنامەی دیلی پێدراوەتەوە.
هەڵبەتە ئەم ڕۆمانە بەتەواوی وردەکاریەوە کاری لەسەر خاسیەت و ستراتیجیەتەکانی کارکردنی ئەخلاقیاتی فاشستی خۆرهەڵاتی کردوە، بەوەی ئەم ئەخلاقیاتە دەزانی زیندان هەرچەند ئاستەم و نەبڕیش بیت، هەرچەندە یاساو ڕێساکان توندو سستماتیک بێت بەڵام ئەگەر لەڕوی زیهنی و ئەخلاقیەوە زیندانیەکان تەواو شوناسنامەی زیندانی خۆیان قبول نەکەن ڕاگرتنی دەبیتە کارێکی ئەستەم. لێرەدا ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا و زانست دەورێکی گرنگ دەبینێت، زیندانی خۆرهەڵات یان جیهانی خۆرهەڵات ڕێگا بەزانست و فێربون دەدات بەڵام زانایان ئەوانەن کە خۆیان لەژێر رەحمەتی زینداندان و چاوەڕێی پەتی سێدارە دەکەن، کاراکتەرێکی وەک فوئاد شەبیب لەگەڵ ئەوەی کاراکتەرێکی یاخیە بەڵام دواجار ناچارە فرمانەکانی بەرێوەبەرانی زیندان جێبەجێ بکات چونکێ لە جۆری تاوانبارانە بۆیە کاری زانست ئەوە نیە ڕێگا بۆ ئاژاوە خۆش بکات و وا لەمرۆڤ بکات بەرگەی زیندان نەگرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەرکی بریتیە لە پێدانی کەمێک زانیاری بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە ڕەچەڵەکی ئاژەڵ دوربکاتەوە ڕێگا خۆشبکات بۆ پەسەند کردنی فرمانەکان، چونکێ مرۆڤ لە بونیاتی ئاژەڵی خۆیدا ناتوانرێت پێشبینی بکرێت کە ئەمەش مەترسیدارە بۆ بەڕێوەبەرانی زیندان، باشترە مرۆڤ کەمێک بزانێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستەمۆ بکرێت.  

ئایدۆلۆژیا تەواوی ستراکچەری زیندان پێک دێنێت، هەر هەنگاوێک و کردارێک مانایەکی ڕەمزی ئایدۆلۆژی لەپشتە، تەواوی بونیاتی زیندان کە جیهانی خۆرهەڵاتە لەم ڕۆمانەدا، ئایدۆلۆژیایی فاشستی حوکمی دەکات، مرۆڤەکان بەشێکیان بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن و بەشەکەی تریشیان سزا دەدرێن، هەوڵی گەورەی ئایدۆلۆژیا ئەوەیە ڕێگا لەهەر دەرفەتێک بگرێت کە چێژی توندوتیژی کەم بکاتەوە یان توانای جەلادبون نەهێلێت، بۆیە کاتێک بەندەر ناتوانێت چیتر چێژ لە دیمەنەکانی سێدارە وەربگرێت دەبێتە گەورەترین مەترسی لەسەر سیستەمەکە و دەردو درم بڵاو دەکاتەوە.
یەکێکیتر لەکارەساتەکانی جیهانی خۆرهەڵات بریتیە لەوەی کە ئەم جیهانە تەنها لە ڕێگەی جەنگ و داگیرکاریەوە بەر جیهانی خۆرئاوا کەوتوە، سەرجەم بەرکەوتنەکانیش بە سودی فاشیزمی خۆرهەڵاتی شکاوەتەوە و زیندانەکان گەورەتر و پڕتر کراون لە زیندانی. کاتێ خۆرئاوا دەگات زیندانەکان داناخرێن، بەڵکو شوێن گۆڕکێ بە کاراکتەرەکان دەکەن، جەلادەکانی دوێنێ (نازم تائی و سەید شەهاب) لەهەمان شوێن بەدەستی جەلادی نوێ لەدار دەدرێن، نازم تائی خۆشحالیشە کە بەندەر هەم دیسان بەشدارە لە پڕۆسەکە، دەیەوێت پێش مەرگی خۆی سەرکەوتنی فاشیەت ببینێت. بۆ خۆرئاوا درێژەدان بە چیرۆکی فاشیزم پڕبایەختر بوە، هەرگیز ماهیەتی خۆرهەڵات گرنگ نەبوە، ئەوەی گرنگ بوە نیشاندانی ستەمکاری و دواکەوتوی خۆرهەڵات وەک ڕەوایەتیەک بۆ داگیرکاری و تاڵانکاری، بۆیە کاتێک ئەمەریکیەکان بەندەر لە زیندان دەهێننە دەرەوە بۆ ئەوان گرنگ نیە کە ئەم مرۆڤە تا چەند دەتوانێت سود لە ئازادیەکەی ببینێت یان فێری ئەوە بێت کە ئازادی چیە و ژیانێکی شایستە دەست پێبکات، بۆ خۆرئاوا مرۆڤئ خۆرهەڵاتی هەرگیز ناتوانێت ئازادی بناسێت، ئەمە لەقسەکانی کۆلۆنێڵە ئەمەریکیەکە دەردەکەوێت کە دەڵێتە، بەڵکو وەک پێدراوێکی پێشوەختە دەبێ قبولی بکاتو وا مامەڵەی لەتەکدا بکات کە پێش ئەمیش هیچ لەگەڵ ئەمەش بۆ ئەمەریکەیەکان شوناسنامەی بەندەر وەک زیندانیەک گرنگترە چونکێ بەم جۆرە دەتوانن گوتارێکی میدیایشی پێ دروست بکەن لە ڕێگای نیشاندانی ستەمکاری خۆرهەڵاتیەوە ڕەوایەتی بەهەر کارێک بدەن کە مەبەستیانە، ئەمەش ئاسان جێبەجێ دەکرێت چونکێ گرفتی بەندەر فەیلی و جیهانی خۆرهەڵاتیش ئەوەیە کە ناتوانن جیهانی خۆیان بخوێننەوە و لێی تێبگەن، ناتوانن گوزارشت لە دونیابینی خۆیان و ئازارەکانیان بکەن، زیندان سەرکوتکاری پێداون و زمان و هزریشی لێ سەندونەتەوە، وەک بەندەر لە شوێنێک دەڵێت کە ڕەنگە ئەم توانایەم نەبێت باسی خۆم بکەم. لەدەرەنجامدا ئەگەری ئەوەی لەگەڵ هاتنی خۆرائاوا ئەخڵاقیاتی زیندان توانای ڕاست بونەوەی نەبێت لەشکستی خۆی بو بە هەڵم و توایەوە، وەک بەختیار خۆی لە زنجیرەکانی دۆنکیشۆت ئاماژەی پێدەدات کە جەنگی عراق دەریخست ئەمەریکیەکان هیچ بەهایەکی وەها جیاوازیان پێ نەبو و خەونی سەقامگیرکردنی مۆدێلێکی جیهانی قەبولکراوی سیاسەتیان لەباربرد. هەڵبەتە ڕۆمانەکە بەتەنها فۆکەسی چڕنەکردۆتەوە لەسەر ڕەهەندی سیاسی، بەڵکو ڕەهەندی دەرونی و کۆمەڵایەتیش ڕوبەری گرنگ پێک دێنن و کاریگەری گرنگیشیان بەسەر ئاڕاستەی ڕوداوەکانەوە هەیە لەمانە، عەشق و هاوڕێیەتی وەک دوو غەریزە و  وزەی دەرونی لە ململانێیەکی چڕدان لەگەڵ زیندان بۆ ڕزگارکردنی ژیان بەڵام هەژمونی زیندان/فاشیەت شتێک نیە ڕوبەرێکی هێشتبێتەوە بۆ ئەگەری ڕزگار بون. ئەم بنکە فاشیزمە کە تەواوی ژێرخانی کۆمەڵگا پێک دێنێت هێلکاری و وێنەی تەواوی ڕەهەندەکانی تری ژیان دەکێشێت، هیچ وزەیەکی ژیان نابێت بە ئەگەر و توانای ڕزگار بون، بەندەر وەک زیندانیەکی ئەبەدی دەبێ عەشق و خۆشەویستی بەشێوەی وانەی خوێندن لە زیندانیەکانی بەشی سێدارە فێر ببێ، یوسرا وەک ئافرەت دەزانێ ئەگەر مرۆڤ چانسی ئەزمون کردنی عەشقی نەبو ئەوا یاخی دەبێ، بۆیە دەیەوێت بەهەر جۆرێکە ئەم غەریزەیە بتەقێنێتەوە لەبەندەر کاتێک لەشی خۆی نیشان دەدات، بەڵام هەوڵەکە زۆر تراژیدی دەبێ کاتێک مرۆڤ دەیەوێت خۆشەویستی و عەشق ئەزمون بکات لەکاتێکا هیچ لەسەر ژیان، ئازادی و ئینسان نازانێت. عەشق دەتوانێت واتلێبکات لەزیندان ڕابکەیت بەڵام بێ تێگەیشتن لەئازادی و ژیان ئەستەمە بزانیت چی لە عەشق بکەیت و چۆن بژیت. دەکرێت بڵێین ئەمەش هێڵێکی تری ڕادیکاڵی ڕۆمانەکەیە کە بە پێچەوانەی ئەخلاقیاتی ڕۆمانتیکی ئاڕاستەی گرتوە. لەدەرەنجامدا ئەم ڕۆمانە بریتیە لە ڕەتدانەوەی تەواوی هیوا ساختەکان و خەونە خۆشەکان، ئەم هیوایانەی وەک بەختیار خۆی دەڵێت کە دۆنکیشۆتانی خۆرهەڵات بەخەڵکی دەیدەن و لەبەرامبەردا هەڵماڵینی ماسکە ساختەکان کە ئەگەر تەنانەت دەرەنجامەکەی نائومێدیش بێت بەڵام دواجار پێویستە ئەم زیندانە ببینین کە دەستێکی نادیار هەمومانی مەحکوم کردوە تا ئەبەد زیندانی بین و لە چاوەڕێی سێدارە ژیان بگوزەرێنین.

هەرەها نابێت ئەوەشمان بیربچێ کە ئەم دەستە نادیارە هەرگیز گفتوگۆمان لەگەڵدا ناکات، وەڵامی پرسیارەکانمان ناداتەوە، بۆیە جگە لەهەڵبژاردنێکی ڕادیکاڵانە چارەیەکی تر لەئارادانیە ئەویش ناساندن و دان نانە بەوەی کە فاشیەت ژێرخانی تەواوی ئەخلاقیاتی خۆرهەڵات پێک دێنێت و ئەوەی تر سەرخانە.
 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×