کەس نەبێ و رەجەب سەرپاڵە بێت

نەوزاد شوانی
  2023-01-13     577

یەکێک لەمەرجە سەرەکیەکەنی  هەر بەرنامەیەکی گفتوگۆیی(حواری)، توانای پێشکەشکارە لە چۆنیەتی بەرێوەبردنی گفتوگۆ و دابەشکردنی کات و کۆنترۆڵکردنی ئاراستەکان. بەڵام لەوە گرنگتر ئاستی مەعریفی و شارەزایی  پێشکەشکارە لە بابەتی گفتوگۆکان و ناسینی گۆشەنیگای بەشداربووان و ئاراستەکردنی پرسیاری پەیوەندیدار.  لە بەرنامەیەکی لەگەڵ رەنج (کە لەوانەیە بە یەکێک لە باشترین پێشکەشکارەکان ئەژمار بکریت) لە گەڵ چەند بەشداربویەک، رەنج  حاجی کاروانی کادیری  ئیسلامی بە (مصلح اجتماعی) چاکسازی کۆمەڵایەتی ناساند.

ئەم پێناسەیە بۆ کاروان جێگای سەرسوڕمان بوو بۆ من. جونکە ئەو وێنایەی لە زەینی مندا بۆ ئەو کەسایەتیە مێژویانەی پاشناوی چاکسازی کۆمەڵایەتیان بۆ بەکارهاتوە لەنزیک و لە دورەوە خزمایەتیان لەگەڵ کەسایەتی و کاروچالاکی کارواندا نیە.  بۆیە پەنام برد بۆ حاجی گوگڵ، بە بەکارهێنانی دەستەواژەی  (مصلح اجتماعی ) عەربی و (social reformer)ی ئینگلیزی، دوای گەڕان و بەراوردکرن گەیشتم بەم پێناسانە:

چاکساز(مصلح) كێیە؟

کەسێک خەبات ئەکات بۆ گۆڕانکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ئاینی. یا کەسێک پلانرێژی و کارئەکات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە یاسا، دامەزراوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ئاینی بە ئامانجی تازەگەری و بەرزکردنەوەی ئاستی کاریگەرییان.  (فەرهەنگی کامبریدج)  

http://Cambridge English Dictionary – Apps on Google Play

کەسێک فشار دروستئەکات و داکۆکی ئەکات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی. (فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بۆ خوێندکار)

http://Oxford Learner's Dictionaries | Find definitions, translations, and grammar explanations at Oxford Learner's Dictionaries (oxfordlearnersdictionaries.com)

کەسانێک کە بەشداری ئەکەن لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵکانی تر.

http://( https://www.enotes.com/)

چاکسازیی کۆمەڵایەتی چیە؟ 

چاکسازیی کۆمەڵایەتی دەستەواژەیەکی گشتیە بۆ وەسفکردنی بزواتێکی رێکخراو لەلایەن گروپێکی کۆمەڵگاوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا. ئەم گۆڕانکاریانە زۆربەی کات پەیوستن بە بابەتی نادادی  لە مامەڵەکردن لەگەڵ گروپ و توێژە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا و دەستەبەرکردنی دادوەریەکی زیاتر بۆیان.  

https://www.enotes.com

چاکسازی کۆمەڵایەتی بریتیە لە شکڵپێدانەوە و گۆڕینی یاسا و ریسا و نۆرمگەلێکی جێگرتو لە کۆمەڵگادا لەبەر روناکی پارادیمێکی کولتوری نوێ. https://study.com/learn/lesson/the-transcendentalism-movement-and-social-reform.ht

نمونەی چاکسازانی کۆمەڵایەتی.

مارتن لوتەر١٤٨٣ - ١٥٤٦. قەشەیەکی مەسیحی بوو بە رووی کاتولیکیەتی رۆما و ئیمپراتۆریەتی رۆمانی پیرۆز وەستایەوەو  زۆرێک لە سروت و پراکتیزەکانی رۆمای رەتکردەوە. پاپا بڕیاری دا لە کەنیسەی کاتۆلیکی وەدەری نێ و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچو لە لایەن دەستەڵاتەوە.  بەڵام هەر سوربوو لەسەر بیروراکەی و بو بە بنەمای مەزهەبی پرۆتستانتی و پیوریتانی کە ئێستا رێژەیەک لە کریستیانەکانی جیهان پەیڕەوی ئەکەن. 

قازی نەزرولئیسلام ١٧٩٩ -١٩٧٦ :  مەلا و شاعیر و مێوزکیزانێکی بەنگۆلی بوو لە پاشخانێکی ئاینی. رۆڵی بەرچاوی بینی لە نزیک خستنەوەی پەیڕوانی ئاینە جواروجۆرەکانی نیمچە کیشوەری هیند و دژبەرێکی سەرسەختی  سیستەمی کاست و جیاکاری لەسەر بنەمای ئاین و زوبان و چینە کۆمەڵایەتیەکان بوو. سەرباری ئەوەی توشی رەخنە و هێرشێکی خەست بوو لە لایەن کۆنەپارێزەکانی زۆربەی ئەتنیک و ئاینەکانی نیمچە کیشوەری هیندی بەڵام ئەو هەر سوربوو لەسەر بانگەشەکەی. 

راجا رام مۆهان رۆی ١٧٧٢ - ١٨٣٤.  لە پاشخانێکی هیندوکی پەروەردە بووە و شارەزاییەکی قوڵی هەبووە لە ئاین و کولتور و زمانەکانی نیمچە کیشوەری هیندیی و بە باوکی هیندی مۆدێرن ئەژمار ئەکرێت.  کاری کردووە بۆ چاکسازی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئاینی و گۆنجاندنی کۆمەڵگای هیندی نەریتی لەگەڵ گۆڕانکاری و پێداویستیەکانی سەردەم و ئاڵنگاریەکانی مۆدێرنە.

مەلای گەورەی کۆیە ١٨٧٦ -١٩٤٣.  مەلا محمەد کوڕی مەلا عەبدوڵای جەلیزادە. مامۆستای زانستە ئاینیەکان و شاعیر و روناکبیرێکی گەورە بووە و بەرگریکارێکی گەورەی مافی ژنان بووە و کاری کردووە بۆ خوێندنی کچان. کچی خۆی ناردۆتە قوتابخانە لە گەڵ کوڕاندا کە سەرکێشیەکی گەورە بووە  بە هۆی  بەربەستە کولتوری و ئاینیەکان.

ئەمانەو و سەدەها نمونەی تری چاکسازانی کۆمەڵایەتی  لە چەند تایبەتمەندیەکدا هاوبەشن.

یەکەم:  بزوتنەوە چاکسازیەکان و  چاکسازان سەرکێشیان کردووە دژی دۆگما و قاڵبە چەقبەستوە باوەکان بەقازانجی پێشکەتنخوازی و کرانەوە و بەرگریکردن لە گروپ و توێژە لاواز و پەراوێزخراوەکان. 

دووەم: چاکسازان کەسایەتی بەتوانا و کارێزماتیک بوون و خاوەنی دید و فەلسەفەی خۆیان بوون و قاڵبە باوەکانی سەردەمی خۆیان قبوڵ نەکردووە سەرباری سەختی کارەکە و گەورەیی مەترسیەکان لەسەریان. 

ئایا کاروان و هاوشێوەکانی و ئەو کارانەی ئەنجامی ئەدەن، ئەو ئاراستەیەی بانگەشەی بۆ ئەکەن لەکوێ دید وتوانا وئاراستەی بزوتنەوە چاکسازیەکان و چاکسازانە؟!

 کاروان و هاوشێوەکانی خوازیارن پێوەرەکانی نیمچە دورگەی عەرەبی بەر زیاتر لە هەزار ساڵ بەسەر شوێن و سەردەمێکی تەواو جیاوزدا بسەپێنن کە باشوری کوردستانی سەدەی بیست و یەکە .  کاروانەکان  نەک رووبەرووی دۆگما جەقبەستوەکانی کۆمەڵگا نابنەوە، بەڵکو کار بۆ باڵادەستکردنەوەی ئایدیۆلۆجیا و شەریعەتێکی جەقبەستوو ئەکەن، کە تەنها لە سایەی فەرمانڕەوایی دڵخوازی کارونەکاندا ئەکرێ پیادە بکرێت کە تەنها ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیبان و دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام و لەباشترین حاڵەتدا جمهوری ئاخوندیی ئێرانە.  

کاروان و هاوشێوەکانی  خاوەنی هیچ دید و فەلسەفە ئایدیایەکی سەربەخۆ نین و لاسایی کەرەوەی دید و ئایدیای سەلەفن کە هەر ئێستا لە نیمچە دورگەی عەرەبی شوێنی لە دایکبونی ئەو ئایدیایە، هەوڵ ئەدرێت بۆ وەلا نانی.

بۆیە ناوزەدکردنی کاروان بە جاکسازی کۆمەڵایەتی  هەڵەیەکی میتۆدی کوشندەیە و بێجگە لەوەی خزمەتێکی خۆڕاییە بە فەندەمێنتالیزمی ئیسلامیی و لە باشترین حاڵەتدا پاسێکی کوشندەیە لە شوێن و کاتێکی مەترسیداری گۆڕەپانەکە.  

لە کۆمەڵگای مۆدێرندا پیشە و تایبەتمەندیەک هەیە بە ناوی راوێژکار یا توێژەری کۆمەڵایەتی کە رۆڵێکی هاوشێوەی چاکسازی کۆمەڵایەتی ئەگێڕێت بەڵام زیاتر تەکنیکی و لەسەر ئاستی تاکەکەس.  ئەمانە پیشەگەر و هەڵگری بڕوانامەن لە زانستەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و لە شوێنکاری وەک زانکۆکان، قوتابخانەکان، دادگای باری شارستانی، دادگای نەوجەوانان، دەزگاکانی پەیوەند بە خێزان و بەندیخانە جاکسازیەکاندا… هتد  کار ئەکەن.  دەی باشە کاروان لە کوێی ئەم پێناسەیەیە. کاروان کادیرێکی ئیسلامی سیاسیە و هەڵگری ئایدیۆلۆجیایەکە و خوازیارە کۆمەڵگا هەمووی بە پێی پێوانە و چوارچێوەی ئەو ئایدیۆلۆجیایە بێتەوە. 

هەر لە سیاقی گفتوگۆکەدا کاروان باسی ئەوەی کرد کە چارەسەری خەڵکی کردووە و چاکی کردونەتەوە لە نەخۆشی هاورەگەزبازی(قسەی کاروانە). باشە ئەگەر هاورەگەزبازی نەخۆشیە؟ دیارە کە لە دوو ئەگەر بەدەر نیە. یا ئەوەتا جەستەییە کە کاری پزیشکی جەستەییە (physician ) هەر کەس بە پێی تایبەتمەندی خۆی، یا دەرونیە کە کاری پزیشکی دەروونیە (psychiatrist )، ئەی کاروان کام لەمانەیە. 

وەک پێشتر گوتم کاروان کادیری حیزبێکی ئیسلامی سیاسیە و کار بۆ چاککردنی کۆمەڵگا ناکات و خاوەنی ئەو توانست و زانستە نیە تا ئاوها کارێک بکات.  بەڵکو شێلگێڕانە کار بۆ لە قاڵبدانی کۆی کۆمەڵگا ئەکات بەشێوازی ژێر دەوارەکانی نەجد و حیجازی بەر لە زیاتر لە هەزار ساڵ. چەکی زانستی کاروانەکان کتێبەکانی تەفسیر و حەدیس و سوونەت و کردەوەکانی سەلەفە کە هیچی بۆ جارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەمڕۆ ناشێن. ئەگەر لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بۆ نمونە پرسیاری پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی لە کاروان و هاوشێوەکانی بکەیت،  ئەگەڕێنەوە بۆ کتێبەکانی نەسائی و ئەبو داود و تەبەری و ئیبن تەیمیە ……. بێ ئەوەی ئامادەبن دان بەوەدا بنێن کە ئەو بابەتە کێشەی ئەو سەردەمە نەبووە و لەو سەرچاوانە وڵامت دەست ناکەوێت، جونکە مەفروز وایە لە ئاینەکەیاندا وڵامی هەموو پرسیارێک هەیە. 

وەک چۆن مەلا عەلی کەڵەک، رەشکە و میزی حوشتر و میزی خۆدی نەخۆشی بۆ چارەسەری شێرپەنچە دەستنیشان  ئەکات،  جارەسەرەکانی کاروانیش قورئان خوێندن و شەونوێژ و تەهلیلەیە، بێئاگا یا ئاگادار لەوەی کە زۆربەی خەڵک کە قورئان ئەخوێننەوە لە ماناکەی تێناگەن. 

بۆیە پێم وایە ئەم شێوازە  لەمامەڵەکردن لە گەڵ کەسانێکی وەک عەلی کەڵەک و کاروان و مەلا مەزهەر و مەلا لەتیف …هتد، دابین کردنی پلاتفۆرمێک و خزمەتێکی خۆڕاییە بۆ رەوتی ئیسلامی سیاسی ئوسوڵی پێشکەشیان ئەکرێت و ناونانیان بە مامۆستا و دکتۆری توبی نەبەوی و موسڵیحی ئیجتماعی بێجگە لە گەورەکردنی ناو و ستاجوی بێ ناوەڕۆکی ئەمانە هیچی تر نیە. ئەمانە ئەگەر لە وڵاتێک بن لای کەمی سەروەری یاسا و رێزگرتنی فرەیی تێا بێت، وەک مەلا کرێکار و دەیڤد ئێرڤینگ و ئەبو هەمزەی میسری ئەدرێنە دادگا و ئەخرێنە زیندانەوە. هەر دەزگایەکی راگەیاندن و رۆشنبیری و زانستی کە رێوشوێنی خۆی لە کۆمەڵگادا بە لاوە گرنگ بێت زیاتر لە جارێک بیری لێئەکاتەوە بەر لەوەی رێگا بە بەشداری خەڵکانی وا بدات لە کار و چالاکیەکانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×