عیراق، وڵاتێكی بەدبەخت

سەرتیپ جەوهەر
  2023-01-13     490

بەشی یەكەم

 

دەمێك بوو حەزمدەكرد سەردانی شاری بەسرە بكەم و بیبینم. پار لەگەڵ برادەرێك رێككەوتین بچین. من دەمویست ئەو شارە ببینم و لەسەر بارودۆخی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی ناوچەكە بنوسم، بەڵام رێكنەكەوت. ئەمساڵ دەرفەتێكی لەناكاو هاتەپێش و كاتەكەیشی لەباربوو بوو، چونكە تەنها لەزستاندا سەردانیكردنی بەسرە گونجاوە، كاتەكانی دیكە، بەتایبەت هاوین هی ئەوە نییە سەردانی ناوچەكە بكەیت، گەرمایەكی ئێجگار زۆرو شێی ئەوێ‌، ژیان دەوەستێنێ.

رۆژی 3ی ئەم مانگە بەماشێن لە هەولێرەوە بەڕێكەوتین، پلانمان بوو بەچەند قۆناغێك بگەینە بەسرە، چونكە لەهەولێرەوە تا ئەوێ‌، نزیكەی هەزار كیلۆمەترە، لانیكەم 12 بۆ 15 سەعات لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیلە.

ئەوەی من دەیگێڕمەوە بەدواداچوون و چیرۆكی گەشتێكی رۆژنامەوانیی نییە، بەڵكو سەربردەی چەند رۆژێكەو بەشێك لەو وێنەو دیمەنانەیە كە لەڕێگەو بان و خەڵك بینیومە، ئەگینا پرس و بابەتی زۆر گرنگ و جێی سەرنج هەیە كەبەشێكیان پەیوەندیدارە بەهەرێمی كوردستانەوە پێویستدەكات بەدواداچوون و توێژینەوەی جددی لەسەر بكرێت، بەڵام زەمینەسازیی و كاتی دەوێت. لەم چەند ئەلقەیەشدا، هەوڵدەدەم بەشێك لەسەربردەكە كورت و پوخت بكەمەوە.

لەدوای ریفراندۆمی ئەیلولی 2017جگە لەكەركوك، یەكەمجارم بوو بەئۆتۆمبێل رێگەوبانی بەغدا ببینمەوەو پێیدا بڕۆم. لەم سەردانە لەكەركوك تا نزیك فاو چووم. رێگەیەكی دوورو نەپساوەیە، لەهەندێك شوێن و ناوچە، بەنێو بیابانێكدا تێدەپەڕیت، وەك وێنەی وەستاوە چونكە هیچ جوڵەیەكی تێدا نییە، بەتایبەت لەنێوان ناسریە تا دەگەیتە بەسرە، رێگایەكی دوورو درێژەو هەستدەكەیت ئەو رێگەیە كۆتایی نییە.

ملی رێگەمان گرت بۆ بڕینی ئەو سەدان كیلۆمەترە، هەركە لەسنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەرەو ناوچە جێناكۆكەكان (كەركوك) دەرباز بوین، لەو رێگەیە بەهەزاران هەزار وێنەی كەسایەتی و لێپرسراو و پیاوە ئاینیەكانی شیعە بەدەرگاو دیوارو تاوەرو شەقامەكان هەڵواسرابوون، لەبەرئەوەی ئێمە لە 3ی مانگ بەڕێكەوتین كە رۆژی كوژرانی قاسمی سولەیمانیی و ئەبو مەهدی موهەندس بوو كە لەلایەن ئەمریكاوە لە لە3ی كانونی دووەمی 2020 لەنزیك فرۆكەخانەی بەغدا بەموشەك كوژران، نەك هەزاران، بەڵكو دەیان و سەدان هەزار وێنەیان لەهەموو كوچەو كۆڵانێكی عیراق هەڵواسرابوو.

من ناوچە جێناكۆكەكانم لەهەردوو قۆناغ بینیوە. تا ئۆكتۆبەری 2017 ئەو ناوچانە لەژێر كۆنترۆڵی تەواوەتی هێزە سیاسیەكان و پێشمەرگەو ئاسایشی كوردستان بوو، بۆیە سیمای كوردستانی بوون بەروونی دەبینرا. هەر لەهەڵكردنی ئاڵا لەسەر بەشێك لەباڵەخانەو ماڵ و بارەگای حزبەكان، هەم ئیدارەو سیمای كوردبوونی ناوچەكە بەروونی دەبینرا، بەڵام ئەمجارەو دوای 5 ساڵ تێپەڕین بەسەر لەدەستدانی ئەوناوچانە لەلایەن حزبەكانی كوردستان، بەڕاستی زۆر خەمباربووم كە ئەوناچانە هێدی هێدی سیمای كوردستانی بوون كاڵدەبێتەوە! هەر لەنەمانی نیشانەو سیما نەتەوەییەكانی وەك ئاڵاو وێنەی شەهید و نوسینی تابلۆی كوردی لەسەر دوكان و بازاڕەكان، هەمیش لەدەستدانی رۆڵ و كاریگەری كورد لەرووی ئیدارییەوە لەناوچەكە.. تد. لەمە واوەتر سەدان و بگرە هەزاران دروشم و وێنەی لێپرسراو و پیاوە ئاینەكانی شیعە بەسەر دیوارو باڵەخانەو جادەو بانەكانەوە دەبینی، ئەمە سەرباری سیمای هێزی سەربازی عەرەبی لەهەموو ناوچەكان و هەستكردن بەتەسلیمبوونی كورد بەو واقعە! لەكاتێكدا پێشتر كورد تا حەمرین هێزی پێشمەرگەی هەبوو، وەك هێزی سەردەست و بڕیاردەری ناوچە جێناكۆكەكان مامەڵەی دەكرد. من بیرمە هێزی پێشمەرگە زۆر لەخوار توزخورماتوو بنكەو بارەگاو سەنگەریان هەبوو، بەڵام مخابن چوار ریانی سەلمان پاك بەوێنەی قاسمی سولەیمانیی و ئەبو مەهدی موهەندس و قەیس خەزعەلی دەوردراوە! ئێستا جگە لەتەعریبێكی هێواش، هاوكات كورد وەك گروپێكی ژێردەست و بێدەرەتان خۆی دەبینیت.

بەهەرحاڵ. هەركە لەهەرێمی كوردستان دەردەچیت بەرەو ناوچە جێناكۆكەكان، یان ناوچەكانی دیكەی عیراق، بەروونی ئاوهەواو شەقام و شێوەی ژیان دەگۆڕێت. راستیەكەی رێگاوبان و جادەو شارەوانیی و رەنگەكان بەتەواوی گۆڕانیان بەسەردا دێت. ئێستا جیاوازییەكەیان زۆرە، مخابن عیراق لە 2003 وە خزمەتێكی ئەوتۆی نەكراوەو میللەتێكی بێدەرەتانەو گیرۆدەی ئەو كەمینە سیاسیە حوكمڕانەی بووە كە لەژێر ناوی ململانێی قەومی و تایفی ئەم وڵاتەیان وێرانكرد! ماوەی یەك دوو ساڵێكە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی نرخی دینار، ئابوری عیراق دەستی بەگەشەكردن كردووە. پرۆژەی زۆر گەورە لەبەغداو بەسرەو موسڵ و ناوچەی دیكەش دەستی پێكردووە، بەڵام ئەنجامی گەشەكردن و ئاوەدانیی، لەوانەیە دوای 5 ساڵی دیكە دەركەوێت.

عادەتەن ئێمە كە سەردانی ناوچەكانی دیكەی عیراق دەكەین، بەراوردی ژیان لای خۆمان و ئەو ناوچانە دەكەین، هەر لەباری سیاسیەوە تا باری ئابوریی و گوزەرانی خەڵك و نرخی كاڵا و شتومەك و.. تد. بێگومان لەهەندێ رووەوە لەكوردستان زۆرباشترەو لەهەندێ روویشەوە، بێگومان خراپترە.

لەكەركوك دەرباز بوین، لەخاڵس واتە بەر لەوەی بگەینە بەغدا لەبەنزینخانەیەك لاماندا تاوەكو بەنزین تێبكەین، بینیم لەتابلۆیەك نرخی سوتەمەنی بەمشێوەیە نوسرابوو:

بەنزین لیتری: 450 دینار

نەوتی سپی لیتری: 150 دینار

زیتی گاز لیتری: 400 دینار

رۆنی Sلیتری : دوو هەزار دینار

سوتەمەنی لەناوچەكانی دیكەی عیراق بەراورد بەهەرێمی كوردستان زۆر هەرزانترە. گرفتی سوتەمەنی بەتایبەتیش نەوت و گازو بەنزین، لەگرفتە درێژخایەن و نەپساوەكانی كوردستانە، ئەوەی زۆر سەرنجڕاكێشە لەونێوانەدا، بەشێك لەو سوتەمەنیەی لەشارەكانی دیكەی عیراق بەو نرخە هەرزانە دەفرۆشرێت، لەكوردستان پالفتەدەكرێت و حكومەتی بەغدا پشتیوانیی دەكات، كەچی لەكوردستان هاوڵاتیان بەدەست گرفتی سوتەمەنیەوە، گرفتار بوون و حكومەتی هەرێم خەمساردەو چارەسەری ئەم گرفتە ناكات.

ئەو رێگەیەی بەغدا، قەرەباڵغ و گەلێك ناخۆشە، ئەمە جگە لەنەبوونی هیچ رەنگێك لەو رێگەوبانە. دونیایەكی خۆڵەمێشی كزو مات. لەلایەك ژینگەیەكی پیس و ناڕێك لەلایەكی دیكە ئەو خەڵكەیشی كە لەو رێگەیە دەیبینی بەدەموچاویانەوە دیارە زۆر ماندوون بەدەست ژیان و ئەم جوگرافیایەوە، هەست بەوە دەكەیت خەماوین و دەمێكە ئارامیان نەبینیوە.

هەرچۆنێك بێت ئێمە گەیشتینە بەغدا لەسەر رێگای خێرا لاماندا رێگەی فرۆكەخانە، دەیان پرۆژەی باڵەخانەی نوێ‌ و مۆدرێن بەرزدەبوونەوە. یەكێك لەو هاوڕێیانەی لەگەڵم بوون، شارەزای ناوچەكە بوو وتی ئەو پرۆژانە، بەشێكیان هی حزب و لێپرسراوانی كوردستانن، ئەمانە لەبەرامبەر سازشی سیاسی و دەنگدانی پەرلەمان و هەندێكیشیان نفوزی سیاسی پرۆژەكانیان وەرگرتووە! جگە لەحزب و لێپرسراوانی حزبە حوكمڕانەكانی كوردستان، ناوی چەند كەسێكی هێنا لەكوردستان خۆیان بەئۆپۆزسیۆن دەدەن و فرمێسك بۆ زوڵم و ستەمكاریی لەخەڵكی كوردستان دەڕێژن، كەچی لەبەغدا خەریكی بازرگانیەكی سەیرن، مەگەر ئەوانەی لەنزیك رووداوەكانی بەغدان لەو واقعە باشتر تێبگەن. لەوە سەرنجڕاكێشتر ئەوەیە كە پرۆژەكانیان بەناوی فەرماندەو پیاوە دیارەكانی مێژووی ئیسلامی و عەرەبن.

من شەوێك لەبەغدا مامەوە، لەشوێنی مانەوەم كوڕێكم بینی بۆخۆی بازرگانی دەكردو پرۆژەی وەبەرهێنانی هەبوو. ئەو كوڕە نهێنی و زانیاریی سەیری لەبارەی بازرگانیكردن و وەرگرتنی پرۆژە لەلایەن حزب و كاربەدەست و لێپرسراوانی حزبەكانی كوردستانەوە هەبوو، ئەو دەیگوت بەرپرسی كورد هەیە، پرۆژە لەحكومەت وەردەگرێت و تەنها رەزامەندی پرۆژەكە بەملیۆنان دۆلار دەیفرۆشێتەوە! هەروەك پێشتریش ناوی چەند لێپرسراوێكی باڵای كوردستانم بیستبوو كە نەك ملیۆنان دۆلار، بەڵكو شەریكە قازانجی پرۆژە زەبەلاح و ستراتیژییەكان بوون و پێگەی خۆیان بۆ دەستكەوتنی ملیارەها دۆلار بەكارهێناوە، لەكوردستانیش موزایەدەی نیشتیمان پەروەریی دەكات!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×