لەوکاتەوە بەردەوام هێڵنج دەدەم

هێمن ئەحمەد
  2023-01-15     471

ساڵ ساڵانی نەوەدەکان بوو. کاتی جەنگی خوێناوی براکوژی و کورد کوژی و هەمو شتێک کوژی بوو. مامۆستایەکی هاوڕێم هەبو،  براکەی قوربانیی جەنگی خوێناوی و ململانێی کوردایەتی (شەهید)بوو. خێزان و چەند منداڵێکی لەپاش خۆی جێ هێشتبو. مامۆستای هاوڕێم، وەک قوربانیەکی گەورەتر لە ئەوان، خێزانی براکەی مارەکردەوە و شانی دایە بەر ئەو ئەرکە قورس و پیرۆز و لەهەمان کاتدا چارە گرانە. مامۆستا هەمو هەوڵێکی دەدا لەپێناو بەخێوکردنی خێزان و منداڵەکانی براکەی. دەتوانین بڵێین؛ داهاتی ڕۆژانەی زۆربەی خەڵک تەنانەت سکیشی تێر نەدەکرد، موچە هیچ پێویستیەکی پڕ نەدەکردەوە، کار دەست نەدەکەوت و ژیانکردن و بەزیندویی مانەوە پاڵەوانیی دەویست لەو سەردەمەدا. گرانی، بێکاری، تێکچونی باری ئاسایش، قەیرانی کۆمەلایەتی و کۆچ و ڕەوی گەنجان و بگرە خێزانیش بەرەو هاندەران ببوە باو و شانازی و ئازایەتی. بەڵام ئەم لە هەمو ئەم ڕوداوگەلانە تۆکمەتر و  بەهێزتر و گەوەتر بوو. دوای ئەرکی مامۆستایەتی، کارتۆنێکی پڕاوپڕ لە کەلوپەل و خواردنی منداڵانی دەخستە سەر  سەری و بە کوچە و کۆڵانەکاندا دەیگێڕا و هاواری دەکرد. هەرچەندە سەیرم دەکرد، تێبینی ئەوەم دەکرد کە؛ ئەم کارە لە ئەو نایات، شەرمم دەکرد لێی بڕوانم، چونکە ئەو لە من بە ئەزمونتر و بەتەمەنتر بوو، وە دەمزانی کە شتێک مامۆستای هاوڕێمی پابەند و زنجیر کردوە زۆر لەوە گەورەترە کە من لە بیرمدا شاردومەتەوە. لەهەمو ئەمانە ناهەموارتر و شەرمەزارانە تر ئەوە بو، مامۆستا هەر بە ئەم کارتۆنەی سەر سەریەوە زۆربەی ڕۆژەکان دوای ئەرکی وانەوتنەوە و خوێندنگە خۆی دەکرد بە بینای پەروەردەدا و لە ڕاڕەوەکاندا دەهات و دەچو لەپێش چاوی سەدان فەرمانبەر و مامۆستای تر، کەچی کەم خاوەن ویژدان هەبوون لەڕوانینی دڵیان خورتەیەک بکات. ئەو ساتانەی ڕوبەڕوی ئەم دیمەنە دەبومەوە، دۆزەخ وەک خۆی دەهاتە پێش چاوم و سەرم قورس دەبوو. ئەو هەرگیز نە لە کار نە لە گفتوگۆی شیرین لەگەڵ هاوپشە و کەسانی ئاسایی ماندو نەدەبوو. هەمیشە مرۆڤ خوازیار بو زیاتر لەتەکیدا بمێنێتەوە ئاشنای وتە و بەسەرهاتە خۆشەکانی ببێت. هەرچەند سەرنجم دەدا و دوا خانەکانی مێشکم دەخستە گەڕ تێنەدەگەیشتم ئەم هاوکێشە لار و خوار و قێزەونە چیە! بۆچی دوای قوربانیەکان دەبێت کەسانی تر بکرێنە قوربانی؟ لەبری قەرەبوکردنەوە و دڵنەوایی کردنیان. ئاخر مرۆڤ کاتێک سزا دەدرێت کە تاوانێکی ئەنجام دابێت. ئەی بۆچی کەسانی ئاسایی و بێ تاوانیش مەحکومن لە چوارچێوەی هەندێ یاسا و نەریت و کەلتور و بیروباوەڕی باوی کۆمەڵایەتیدا؟ لە هەمو شتێک نا هەموارتر و بە ئازارتر ئەوەیە؛ لەو ساتەوە مامۆستای هاوڕێم بەردەوامە لە ڕەنجدان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، هیچ شتێک لە بارو دۆخ و بژێوی ئەوی نەگۆڕیوە و ئەویش وەک قەڵایەکی بەرز و سەخت ماوەتەوە و بەردەوامە لە ڕوبەڕوبونەوەی گرفتەکان و ناهەمواریەکانی ژیان. تەنها گۆڕانکاریەک لەژیانی مامۆستا ئەوەیە کە ئەو ئێستا وەک هەڵۆیەکی بەتەمەن دەردەکەوێت و هیچ شتێک ناتوانێت لە ڕکابەری و بەرخودان بیوەستێنێت مەرگ نەبێت. ئەم مامۆستا بەڕێزە لە هەر وڵاتێکی تر بوایە دەکرا وێنەکەی بکرایەتە لۆگۆ  و سیمبوڵی دڵسۆزی و خۆڕاگری و قوربانیدان. بەڵام بەداخەوە خەریکە هاوشێوەکانی مامۆستای هاوڕێم هێندە زۆر دەبن ئەمیش جارێکی تر دەبێتەوە قوربانی لە نێویاندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×