وردەكاریی گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردنی داهاتوو

سەرتیپ جەوهەر
  2023-01-23     449

قەبوڵكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2018 بارودۆخی كوردستانی خستە دۆخێكی ئاڵۆز. ئەو تێبینی و سەرنج و گازندانەی ئێستا بەر لەهەڵبژاردنی رابردوو هەبوو، بڕیاربوو بەم یاسایەو بەم كۆمسیۆنەو بەم لیستی دەنگدەرانە هەڵبژاردن نەكرێت، كە كرا بڕیاربوو ئەنجامەكە قەبوڵنەكرێت، بەڵام كرا! ئەوانەیشی بوونە هۆی ئیمزاكردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بەرپرسن لەم ئاڵۆزیانەی ئێستاو دەبێ ئەنجامی دەرهاویشتەكانیشی لەئەستۆ بگرن.

گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن و تێبینی و سەرنجەكانی حزب و لایەنە سیاسیەكان چ لەسەر قانونی هەڵبژاردن و قانونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و شێوازی دەنگدانی كۆتاكان دیارن چین كە دەكرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوە بیخەینە روو:

یەكەم: گۆڕینی شێوازی تاك بازنەیی لەهەڵبژاردن بۆ فرەبازنەیی كە دەكرێت بكرێتە سێ‌ بازنە یاخود چوار یان زیاتر. چونكە بەپێی مەنتقی هەڵبژاردنی رابردوو، دەشێت پارێزگایەك رێژەی دەنگدانی زیاتربێت لەپارێزگایەكی دیكەو كورسی دەنگدانی پارێزگایەكی دیكە ببات.

دووەم: پرسی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆتا بۆ پەرلەمانی كوردستان. بەپێی شێوەی دەنگدانی ئێستا كۆتاكان ناتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بكەن و ئیرادەیان زەوتكراوە، بۆیە لایەنەكان جگە لەپارتی، كۆكن لەسەر ئەوەی شێوازی دەنگدانیان بەجۆرێك بێت گرەنتی نوێنەرایەتیان بكات. واتە رێگری بكات لەوەی هێزی سەربازیی یان گروپ و پێكهاتەی دیكە دەنگیان لەباتی بدات.

كۆتاكان خۆیان بەڕەسمیی داوادەكەن هەم لیستی دەنگدەرانیان، هەمیش سندوقی دەنگدان و تەنانەت رۆژی دەنگدانیشیان جیابكرێتەوە، بۆئەوەی زەمان و گرەنتی دەرچوونی نوێنەری راستەقینەی خۆیان بكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان.

سێیەم: گرفتی لیستی دەنگدەران. ئەم لیستەی ئێستا گرفتی زۆری هەیەو بەكەڵكی هەڵبژاردن نایەت، جگە لەبوونی ناوی دووبارەو مردووان، هاوكات دەیان هەزار كەس كە تۆمار لە تۆمارە لاوەكییەكانی تۆماری رەگەزنامە، گرفتیان هەیەو رەگەزنامەیان یەكلایی نەكراوەتەوە.

بەپێی زانیاریی 97 تۆماری لاوەكی لەهەولێر هەیە، لەدهۆك 27 تۆمار لەدهۆك و 17 تۆماریش لەسلێمانیی هەیە. هەر تۆمارێك 200 خێزان لەخۆ دەگرێت و ناسنامەو رەگەزنامەی عیراقیان لەلایەن فەرمانگەو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم پێدراوەو مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە ئیعتیرافیان پێنەكراوە. یەكێكە لەكێشەو گرفتە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئەو كەسانە بریتین لەكوردی پارچەكانی دیكەو بیانی پێشتر لەلایەن حكومەتی هەرێم ناسنامەو رەگەزنامەی عیراقیان پێدراوەو لەو تۆمارە لاوەكیانە ناونوسكراون، بەڵام دوای پەسندكردنی دەستور بووە یەكێك لەكێشە ئاڵۆزەكان، چونكە بەغدا ئیعتیراف بەو رەگەزنامانە ناكات.

دوای كۆكردنەوەی ژمارەی تۆمارەكان و بەگریمانە وەرگرتنی هەر خێزانێك بە 5 كەس، دەبێتە 141 هەزار كەس. لەو ژمارەیە 124 هەزار كەسیان لە هەولێرو دهۆكەو 17 هەزاریشیان لەسلێمانی ناویان تۆماركراوە.

لەوبارەیەوە دوو بۆچوون هەیە، هەردووكیان زەحمەتە سەربگرێت. یەكەمیان هەڵبژاردنی داهاتوو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق سەرپەرشتی بكات كە تۆمارێكی وردترو باشتری هەیەو دەنگدەران بایۆمەتریان كردووەو بەشێوازێكی پێشكەوتوو هەڵبژاردنەكە بەڕێوەدەبات. یاخود بۆ دەنگدانی هاوڵاتیان كارتی نیشتیمانی بكرێتە بنەمای دەنگدان، كە ئەمەشیان گرفتی تایبەت بەخۆی هەیە.

چوارەم: گرفتێكی دیكەی ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی بەشێوازی پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و وەرگرتنی سكاڵاو تانەو یەكلایی كردنەوەی ئەنجامەكانیەتی، رەنگە هەر لایەنەو بۆچوونێكی هەبێت. ئەمەیان پەیوەندی بەقانونی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە هەیە بۆیە داوادەكرێت هەمواربكرێتەوە.

پێنجەم: ئەنجومەنی كۆمسیاران ماوەكەیان كۆتایی هاتووەو پێویستە ئەنجومەنێكی نوێ‌ لەپەرلەمان دەنگیان لەسەربدرێت و دەستبەكاربن، ئەم ئەنجومەنەی ئێستا بەپێی قانون ناتوانن ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەببەن.

بەدڵنیاییەوە گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن زۆرو ئاڵۆزترە، تێبینی و سەرنجی لایەنەكان زیاترە، نازانم فشاری دەرەكی چەندە دەتوانێ رێخۆشبكات بۆ رێككەوتنی لایەنەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتیی، ئەگینا بەڕوانین لەقەبارەی گرفتەكان و لەم واقعەی ئێستا، مومكین نییە بتوانرێت هەڵبژاردن تا كۆتایی ئەمساڵ بكرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×