(عَقدٌ مِنَ الباطن)ەکەی پارتی

هاوڕێ جەمال
  2023-01-31     520

گەر لە روانگەی تیۆرە بەناوبەنگەکەی بیرمەندی فەرەنسی (جان جاک روسۆ) ١٧١٢-١٧٧٨ز، بڕوانینە کۆمەڵگە، کۆمەڵگە بە دوو قۆناغدا گوزەردەکا؛ قۆناغی سروشتی کە قۆناغێکە تاکەکان تێیدا لە دۆخێکی ئاشتەواییدا دەژین، دواتر قۆناغی مەدەنی دێ کە بەھۆی پێکدادانی بەرژەوەندیەکانەوە تاکەکان رووبەرووی یەکدی ئەبنەوەو ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە مەترسیەوە.
بۆ ئەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێ، و ئاژاوەو شەڕانگێزی بڵاو نەبێتەوە، تاکەکانی کۆمەڵگە لە قۆناغی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، ھەریەکەیان لە جێگەی خۆیەوە دەستبەرداری بەشێک لە مافەکانی ئەبێ بۆ گشت واتە کۆمەڵگا بۆ ئەوەی لەرێگەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەوە ئەوەی کە پێی دەوترێ سیستەم و یاسا بچەسپێنرێ، ئەمەش لە پێناو سنووردانان بۆ ھەر ھەڕەشەو مەترسیەک کە رووبەرووی ئازادیە تاکەکەسیەکان دەبێتەوە، لە پاش قۆناغی کۆمەڵگەی سروشتی و ھەنگاو نان بەرەو قۆناغی کۆمەڵگەی مەدەنی.
بەپێی بۆچوونەکەی رۆسۆ ھاوکێشەکە بەوشێوەیەیە؛ لە نێوان گەل و چینی فەرمانڕەوادا گرێبەستێک ھەیە، لەو گرێبەستەدا گەل لەبەشێک لە ماف و ئازادیەکانی سازش ئەکا بۆ دەسەڵات، لە بەرامبەریشدا دەسەڵات ئەرکی پاراستنی مافی گشتی و تایبەتی گەل و ئاسایشی تاکەکانی لە ئەستۆ دەگرێ.
دیارە ئەم بۆ چوونەی جان جاک رۆسۆ دوابەدوای سەردەمی رۆشنگەری (١٣٠٠ز-١٦٠٠ز) لە ئەوروپا ھاتۆتە بوون، بەتایبەت پاش ئەوەی حوکمی کلێسا لە فەرمانڕەوایی گەل پاشەکشەی کرد، ھەر بۆیە زووبەزوو بیرمەندان و فەیلەسوفەکانی ئەو دەمە، بیریان لەوە کردەوە، لە رێگەی تیۆریەوە، بنەماکانی سیستمێک دابڕێژن کە تێیدا، ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە، کە لە غیابی حوکمی کەنیسە بۆ کۆمەڵگە دروستبوو.
ئەتوانم بڵێم شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە خۆرئاوادا،بەو ھەموو بەرەوپێشچوونە ژیاریەی ھەبووە تا ئەم ساتەش، پشتی بەستووە بە پرەنسیپە نەگۆرەکانی بۆچوونەکانی رۆسۆ لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتداران لەلایەک و گەل لە لایەکی تر.
ئێستا گەر بێین ئەم تێگەیشتنەی سەرەوە پراکتیزەبکەین، و بیبەستینەوە بە واقعی کۆمەڵگەو دەسەڵاتی کوردی، و بەنموونە چەمکی مافی مولکیەت (خاوەنداریەتی)وەربگرین، مولکیەتی سامانە سروشتیەکان بەنموونە نەوت، نەوت چونکە ئەوەی لە مڕۆدا بۆتە گێرمەو کێشەی نێوان دەسەڵات و گەل، نەوتە، گەرنا سامانە سروشتیەکانی تر وەک ئاو، کانزاکان، و خاک و تەنانەت وزەی خۆر، لە ریزی سامانە سروشتیە گرنگەکانن و کەمتر بوونەتە خاڵی ناکۆکی نێوان ھەردوو سەری ھاوکێشەکە.
نەوت و غاز، وەک دوو سەرچاوەی گرنگی سامانە سروشتیەکان لە کوردستان، کە دۆسیەی نەوت لە لایەن پارتی و گازیش لەلایەن یەکێتیەوە سەرپەرشتی ئەکرێ، رۆژ لە دوای رۆژ لە جیاتی شەفافیەت و روونی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دوو دۆسیەیە، لێڵ ترو ناروونتر ئەبن، بەجۆرێک گەر بەپێی تێڕوانینەکەی رۆسۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان سازشی لەسەر مافی خاوەندارێتی ئەم سامانە بۆ دەسەڵاتدارانی کردبێ، ئەوا پێویستە یان پێویستبوو دەسەڵات ئەم سازشە نەقۆزێتەوەو بە ئارەزووی خۆی بێ گەرانەوە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم، مامەڵەو سەودا بەم سامانە گرنگەوە نەکا، بەتایبەت دامەزراوەیەکی شەرعی وەک پەرلەمان کە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ئەکا، پێویست بوو ئاگاداری ئەم سەوداو مامەڵەیە بوایە.
بە پێچەوانەوە ئەوەی باسدەکرێ، رێککەوتنی ژێر بەژێری پارتیە لەگەڵ تورکیا، بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی گرێبەستەکە بەپێی تێڕوانینەکەی رۆسۆ ئاگایان لەم مامەڵەیە بێ!.
لە ناو یاسای مەدەنیدا دەستەواژەی (عَقدٌ مِنَ الباطِن) مان ھەیە، واتە گرێبەستێک لە ناوەوەی گرێبەستە سەرەکیەکە، بۆ ئەوەی خوێنەر روونتر تێبگا ئەم نموونەیە ئەھێنینەوە؛ حکومەت کە دەکرێ وەزارەتی پەروەردەبێ وەک لایەنی یەکەم، لەگەڵ بەڵێندەرێک وەک لایەنی دووەم، گرێبەستێک، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خوێندنگایەک رێکدەخا، بەڵام لە لایەکی ترەوە، بەڵێندەرەکە ھەڵدەسێ بە گرێبەستکردن لەگەڵ بەڵێندەری لاوەکی بۆ جێبەجێکردنی چەند بڕگەیەکی پرۆژەکە، بەم گرێبەستە ئەڵێن (عَقدٌ مِنَ الباطِن)، دیارە ئەمە ئەبێ بە ئاگاداری لایەنی یەکەم بێ کە حکومەت و وەزارەتی پەیوەندیدارە، ئەویش بە کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی کارپێکراوەوە.
پارتیش لە رێگەی گرێبەستێکی نادیارەوە کە لە گەڵ بەڵێندەری لاوەکی (واتە تورکیا) بەنەوتی کوردستانەوە مامەڵە ئەکا، تەنانەت لە ئاستی باڵاش سەرکردەکانی ئەو حزبە جگە لە چەند کەسێکی دیاریکراو، وردەکاریەکەی نازانن ، ئەم گرێبەستە ھیچ بنەمایەکی نە یاسایی نە ئابووری نیە، چونکە ھەروەک لەسەرەوە روونمان کردەوە، گرێبەستەلاوەکیەکە واتە (عَقدٌ مِنَ الباطِن) ، پێویستی بە رەزامەندی لایەنی یەکەمی گرێبەستە سەرەکیەکەیە کە گەلە، ھەر بۆیە دەکرێ بڕگەکانی ئەم گرێبەستە لاوەکیە بەشێوەیەکی دیفاکتۆ لە ئێستایا جێبەجێبکرێن، بەڵام ئەم دۆخە ھەروا نامێنێتەوەو، و درەنگ یا زوو ئەبێ ئەم مامەڵەو، سەودایە بەرێگە راست و یاساییەکەی خۆیدا بڕوا

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×