گەرمەشینێ بۆ دایە گیان

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-02-05     614

حاجی رەحمەی شێخ حەسەنی شێخ عەبدولڕەحمان (1932 – 2022)

ڕۆژی دووشه‌ممەی ڕێککەوتی (11. 5. 2015) ، بە بۆنەی ڕۆژی دایکانەوە، ئەم چەن کۆپلە ڕەنگینە باڵدارەم، بۆ یەکەمین جار بڵاوکردەوە. ئەوا ئەوڕۆش جارێکی دیکە، بە بۆنەی کۆچیدوایی دایکمەوە بڵاویدەکەمەوە!
دایک پیرۆزه‌!
گه‌نجێ له‌ ڕۆژی شاییه‌که‌یدا، چه‌پکێ گوڵی، له‌سه‌ر جێگه‌ی دایکی به‌جێهێشت، له‌سه‌ری نووسی: تۆ له‌ ژیانمدا، جوانترین ئافره‌تی.
له‌ دایکێکیان پرسی: لەنێو مناڵه‌کانتدا، کامیانت له‌ هه‌موویان خۆشترده‌وێ؟!
ئه‌ویش گوتی: نه‌خۆشه‌که‌یان تا چاکده‌بێته‌وه‌. ونبووه‌که‌یان تا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌. چکۆله‌که‌یان تا گه‌وره‌ده‌بێ. تا ده‌شمرم، هه‌موویانم خۆشده‌وێ!
له‌ دووکه‌سیان پرسی: بۆ له‌ کاره‌کانتان دواکه‌وتوون؟
یه‌که‌میان گوتی: سه‌رقاڵی دایکم بووم. 
دووه‌میشیان گوتی: دایکم سه‌رقاڵیکردم و دوایخستم.
منیش ده‌ڵێم: وه‌ڵامی یه‌که‌میان، له‌ لووتکه‌ی ڕه‌وشت بەرزی دایه‌ و وه‌ڵامی دووه‌میشیان، لە ئەو پەڕی کەرێتی دایە! 
ئاخر دایک هێنده‌ پیرۆزه‌، بۆیه‌ په‌یامبه‌ری ئیسلام فه‌رموویه‌تی: (به‌هه‌شت له‌ژێر پێی دایکان دایه‌!) جا تو خوا هه‌ق نییه‌، به‌ قوربانی دایك بین و ئه‌وه‌ی دڵی دایكیشی دێشێنێ، به‌ر نه‌فره‌تی یه‌زدانی مه‌زن که‌وێ!
* * *
دایکم نەخوێندەواربوو، هیچ پەیمانگە و زانکۆیەکی تەواو نەکردبوو. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، وەک دایکێکی کارامە و دڵسۆز، پەروەردەکارێکی گەورەبوو، (6) کوڕ و (2) کچی، بە جوانترین شێوە، پەروەردە و گەورە کردووە. سوپاس بۆ یەزدانی مەزن، هەموو جگەرگۆشەکانت، گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکانت بوون، بۆیە سەربەرز و خۆشەویستی نێو کۆمەلانی خەڵکن. 
ژنێکی کوردی خواناس و بڕوادار بوو، سەری پچووایە، نوێژی نەدەچوو، حەجیشی کردبوو. هەمیشە ئامۆژگاریدەکرین، فێری کاری چاکە، لێبووردن و داڵپاکی دەکردین، لە خراپەکاریی و بێ ڕەوشتی دووریدەخستینەوە. شەرمی لە کەس نەدەکرد، قسەی زۆر لە ڕووبوو، هەمیشە چاک و خراپی، لە یەکدی جیادەکردەوە و زۆر بە ڕاشکاوی دەدوا. بەرگەی هەموو ژان و ئازار، نەخۆشیی و ناخۆشییەکی دەگرت، ورەبەرز و چاکەخواز بوو. 
* * *
ڕۆژی (28. 12. 2022)، ڕۆژژمێرەکەی تەمەنی دڵی دایکم، لە لێدان وەستا، نازانم، چۆن بوو، دڵی منیش نەوەستا؟!!
ئەو ڕۆژە، لەسەر جێی مەرگ ڕاکشابوو، چاوەکانی نووقابوون، دەنگی کپبووبوو، بە هیچ شێوەیە قسەی بۆ نەدەکرا، بەڵام گوێی لە دەنگی دەوروبەرەکەی بوو. کەچی پێش ئەوەی گیانی پاکی دەرچێ، پەنجەی شایەتمانی بەرزکردەوە، تا گیانیشی دەرچوو، هەر ڕایگرتبوو.
دایکم هێنده‌ی خۆشده‌ویستم، له‌ بای شه‌و لێم ده‌ترسا. وای ده‌زانی، هێشتا کۆرپه‌ ساواکه‌م و له‌ شیر نه‌بڕاومه‌ته‌وه! ته‌نانه‌ت زۆر شه‌و، تێلێفۆنی بۆ ده‌کردم و لێی ده‌پرسیم: ئه‌وه‌ له‌ کوێی؟! بۆ سەرم لێ نادەی؟! زوو بڕۆره‌وه‌، زوو بنوو، جوان خۆت داپۆشە ... ئاخر هەرگیز بیرم ناچێ، ڕۆژی (7. 12. 2022)، ماتۆڕێ لێیدام، دەست و قاچی شکاندم، چ لە نەخۆشخانە و چ لە ماڵەوە، هەر بەسەرسەرمەوەبوو. 
* * *
ناخۆشترین ڕۆژ لە ژیانی مرۆدا، ئەو ڕۆژەیە، کە دایکی دەمرێ. چونکە دڵی دایک، لەگەڵ هەناسەی مناڵەکانیدا لیدەدا! ئاخر دایک ئەو مرۆڤە مەزنەیە، هەموو خۆشەویستی، سۆز و قوربانییەک، بێ بەرانبەر بە جگەرگۆشە کۆرپە ساواکەی دەبەخشێ. بۆیە کاتێ دایکم مرد، شتێکی لە قووڵایی ناخی جەرگ و دڵمەوە دەرکێشا، ژانێکی زۆری هەبوو، ئێستەش کاتێ یادیدەکەمەوە، ئازارمدەدا! 
له‌ ته‌مه‌نی (56) ساڵیدا بووم، باوکی بەڕێزم (حاجی شێخ موحه‌ممه‌دی شێخ عه‌زیزی باراوی 1919-2008) مرد، خۆم به‌ هه‌تیو نه‌زانی. به‌ڵام ئێسته‌ له‌ ته‌مه‌نی (72) ساڵی دام، یەزدانی مەزن، دایه‌ (ره‌حمه)‌ی‌ خۆشەویست و دڵسۆزی، بۆ خۆی بردەوە، ئینجا هه‌ستده‌که‌م، به‌ ته‌واویی هه‌تیوبووم. ئەی خوایه‌ گیان نه‌ده‌بوو، قه‌زای گۆزه له ‌دیزه‌ بکه‌وێ‌؟!! 
* * *
ئەی دایە گیان! 
بۆ لە ئەم بیرە قووڵە بێبنە تاریکەی ژیاندا، بە تەنیا بەجێتهێشتم؟!!
تۆ ڕۆیشتی، کوله‌که‌ی دڵه‌که‌مت له‌گه‌ڵ خۆت برد. 
تۆ ڕۆیشتی، چرای بنه‌ماڵه‌که‌مان کوژایه‌وه‌. 
تۆ ڕۆیشتی، ڕشتەی پێوندیی کەسایەتیمان پچڕا.
تۆ ڕۆیشتی، ده‌رگه‌ی نزا و پاڕانه‌وه‌ داخرا. 
تۆ ڕۆیشتی، به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و هه‌واڵپرسین نه‌ما. 
ئاخر ئیدی کێ، سه‌رزه‌نشتمبکا و به‌ئاگامبێنێته‌وه‌؟!
چه‌ن به‌سۆز و میهره‌بان، دڵسۆز و خه‌مخۆر، به‌ڕیز و خۆشه‌ویست بووی. 
تۆ له‌ ئامێزی بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژاری خواناسی شێخانی (ئامادین – سیرێ)دا، چاوت به‌ ژیان هه‌ڵهێنا، به‌ سه‌ربه‌رزیی و ڕه‌وشتبه‌رزیی گه‌وره‌بووی، به‌ ڕووسووریی و بێباکی، بۆ لای خوا‌کەی خۆت گه‌ڕایته‌وه‌. ئاخۆ ده‌بێ، چی له‌ ئه‌وه‌ خۆشتربێ، دڵی که‌ست زویرنه‌کردبێ، به‌ته‌نگ هه‌مووانه‌وه‌ بووبی؟! 
ئاخر نازانم، بە ئەم تەمەنەوە، بۆ کێ بگریم؟ ئایا بۆ هەموو ئەوانەی خۆشمویستوون و پێیان نەگەیشتووم، یا بۆ هەموو ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەی کۆچیدواییانکردووە، یا بۆ دایک و باوک و کەسە خۆشەویستەکانم، بگریم و سەر لە قوڕبنێم؟!  
هەر چەندە (5) برا و (2) خوشکم هەیە، بەڵام کەسیان وەک تۆ، بۆ من بەپەرۆش نەبوون و نین. بۆیە وا هەستدەکەم، لە ئەم ژیانە کورتە هیچوپووچەدا، جگە لە تۆ، کەسی دیکەم نییە. ئەوا تۆش ڕۆشتی، ئیدی کەسم نەما و لە خوا بێکەسترم!
مه‌ترسه‌ و بێ خه‌مبه‌، هه‌رچه‌نده‌ تۆ بێ ئەمەکبووی، زوو به‌جیتهێشتم، به‌ڵام کوڕه‌ گه‌وره‌که‌ت، هێنده‌ بێ ئه‌مه‌ک نییه‌، تۆی له‌بیرچێته‌وه‌. دڵ له‌ دڵ مه‌ده‌، دڵم هه‌ر لاته‌ و به‌جێت ناهێڵم، منیش دێم بۆ لات.
* * *
ئەی دایە گیان! 
سڵاو لە ڕۆژی لە دایکبوونت. 
سڵاو لە ئەو کاتانەی لە ژیاندا بووی. 
سڵاو لە ئەو ڕۆژەی گیانت سپارد و چاوەکانت لێکنا. 
سڵاو لە ئەو ساتەی، بۆ نێو گۆڕە تەنگوتارەکەت دایانهێشتی.
سڵاوت لێ بێ، کە ئێستە لە باوەشی خاک دایت و چاوەڕێی سۆزی یەزدانی مەزن دەکەی!
دایکە گیان! هەمیشە لەنێو دڵ و هۆشمدا دەژی، هەرگیز لەیادت ناکەم، چونکە بە ڕاستی پەروەدەکارێکی بێ وێنە بووی، خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی جگەرگۆشەکانت بووی. 
* * *
دایە خۆشەویستەکەم، لە ئەم ڕۆژانەدا، هۆنراوەیەکم بۆ هات، ئەوا منیش، پێشکەش بە گیانی پاکی تۆی دەکەم:
دایە گیان! 
خۆزگە، فرمێسک ڕەنگی هەبووایە
جارجار، پێنووسم لێ پڕکردایە
بە خەتێکی جوان، بمنووسیایە
خۆشەویستیی تۆ، هەر لە دڵمایە!
منیش وەک (جوبران خەلیل جوبران) دەڵێم:
سێ ژن لای من جوانە: (دایکم، سێبەرەکەی و وێنەکەی.) 
* * *
 بەداخەوە، تازە دایە گیان ڕۆیشت و ناگەڕێتەوە. خۆزگە هیچ نەبووایە، تەنانەت لە خەویشدا بووایە، سەرێکی لێ بدامایەتەوە و بمبینیایەتەوە، وەک جاری جاران، بە وردی سەرنجی بدامایە و لێی بڕوانیمایە، ئامۆژگاریبکردمایە و گوێم بۆ ڕاگرتایە. 
دایە گیان! ئەوا ماوەی (40) ڕۆژە، بێ کەس و هەتیوت کردووم، جێگەکەت هەرگیز پڕنابێتەوە! یەزدانی مەزن، لەبەر خواناسییەکەت، نەخۆشییەکەت و ئازارەکەت، ماندووبوون و پاکییەکەت بتبەخشێ.
دایكە گوڵ و دڵەکەم بنوو، به‌ ئارامیی چاولێکبنێ، خوای گه‌وره‌ ئاگای لێت بێ. هیوادارم، قه‌رزای خه‌ڵک و خوا نه‌بی، به‌هه‌شتی به‌رینیش جیگه‌ت بێ. خوات له‌گه‌ڵ و گیانی خاوێنی بێئارامی شه‌که‌تیشت، له‌ به‌هه‌شتی به‌ریندا ئارامبگرێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×