کاکە رەنج ئاوا چارەسەرنابێ

نەوزاد جەمال
  2023-02-06     724

یەکدووجارە تێبینی بەرنامەی 'لەگەڵ رەنج'ی رەنج سەنگاوی دەکەم. لەسەریەک 'تۆن' بابەتەکان وەک کێشە و مەترسی دەخرێنەڕوو. هێنانەقسەی گرێکوێرەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە میدیاکاندا، هەنگاوێکی باشە. بەڵام، ئەوەندی میدیاکان کێشەوگرفتەکانیان وەک پڕکردنەوەی بڕگەیەکی کەناڵەکانیان لێکردووە، قورسایی تەواوی کێشەکان و ئاسۆی چارەسەرەکان دیارنیین.

چیتر پێویست ناکات بڵێین میدیا سەربەخۆ نییە یان سەر بەم و ئەوە. هەموو هاوڵاتییەک دۆخی میدیا لە سێ دەیەی دوای راپەڕینی لای روون و ئاشکرایە. جاران میدیا بەردەوام هەواڵی تەشریفاتی و پتر لە ستایشی بەرپرس و کاربەدەستانابوو. چونکە، وەک رۆژمێری بەرپرسەکانی لێهاتبوو. ئەوەش وایکرد جەماوەر لێیان بتەکێتەوە و رووبکاتە کەناڵە بیانییەکان.

بەڵام، پاش ئەوەی "گوتاریی رەخنە"ی سیاسی هاتەئاراوە، میدیا ناحزبییەکان هاتنەمەیدان و دواتر حزبییەکانیش هاتنەڕیزەوە. چونکە، رای گشتی پێویستی بەوەبوو دەنگوڕەنگی کێشەکان بگاتە کاربەدەستەکان. بەڵام، رەخنەکردن و دروستکردنی پرسیاری هەستیار، بەلای بابەتی لابەلا یان بێئاسۆ و بێ ووردەکارییدا شۆڕبوونەوە. لەبەرئەوەی، چیتر کەس بەوە 'ناڵێ ئەشەدوبیلا' ئەگەر جاڕبدەی گەندەڵی هەیە. راستییەکە وەک تیشکی خۆرە و دۆخی ئێمەوە وەک چەمانەوەی 'وشترەکەی" لێهاتووە، کەپێیانووت بۆ پشتت کوڕە؟،ووتی توخوا شوێنی راست لەمنا هەیە!

گەندەڵی و ناعەدالەتی و نایەکسانی و جیاوازیکاریی، راستیەکی حاشاهەڵنەگرن. تەنانەت، بەرپرس و کاربەدەست و کادێری حزبییەکانیش ماڵیان ئاوابێ، پێیلێدەنێن! بەڵام، نەبوونی ووردەکاری تەواو و پێدانی زانیاری دروست و پشتڕاستکراوە لەسەر 'کواڵیتی خۆراک' چەندە گرفتی دامەزراوەکانە، ئەوەندەش کەمدەستی میدیاکانە. لەکاتێکدا ئەرکی میدیاکار بەتایبەتی بەرنامەیەکی بنکۆڵکاری وەک ئەوەی کاکە رەنج، ئیشی هەر ئەوەنییە لەسەر سینیەک کێشەکە بورووژینێ. بەڵکو، پێشکەشکردنی داتا و زانیاری وورد و پشتڕاستکراوەوە تا وێینەیەکی بەرچاوڕوونی کێشەکەبێت، بخاتەڕوو.

پیشاندانی ئەوەی هەموو خۆراک و خواردنەوەکان لە ئاوە تا چا، لە چپس وشیر و ئاردە و هتد... کواڵیتیان نزمە یان خراپە، یا هەڕەشەن لەسەرمان، هیچ زیادەیەک ناخەنە سەر خەرمانی زانین و تێگەیشتنی بینەر. چونکە، لە نەخوێندەوارێکەوە، پیرەپیاو پیرەژنێکەوە تا منداڵ و دکتۆرێکی تەنانەتی تەندروستی و بواری خۆراکیش، هەمان قسە ئەکەن. کەسیان ناڵێن کواڵیتی خۆراک و کەشوهەوامان جێی حەسوودییبردنە. ئیتر، ئەو راستییە، تەحسیڵ حاسڵە.

 ئەی چارە و کێ بەرپرسیارە؟ ووردەکاری زانستی و داتا و ئاماری ئەو بابەتە کوا؟ ئەو کۆمپانیانەی ناویان تۆمارکراوە و مۆڵەتیان هەیە کامانە کە ژەهرەخۆراک هاوردەدەکەن؟ جۆری خۆراکەکان و براندەکانیان کامانەن؟ چەند کۆگای هەڵگرتن هەن و لەکوێن؟ کێ دەسەڵاتی پشکنینی و مۆڵەتی هاتنەژوورەوەیان ئەدات؟ پێوەرەکان و ئامیرەکانی پشکنین چیین. چەند کەس بەو خۆراکانە، ژیانیان کەوتۆتە مەترسییەوە یان شوێنەرواریان لەسەر دەرکەوتووە؟ هیچ نەوترا لەبەر چاو کاڵێ.

 ئاخر، ئەرکی راگەیاندن گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی نییە؟ بۆ لە بەرنامەیەکدا راستییەکان و زانیارییە بەدەستهاتووەکان سانسۆرکراون؟ پسپۆڕەکان هیچیان بە بینەر نەوت؟ ئەی بەتەمان بەکێ بڵێن و کێ ئاگاربکەنەوە؟ ئایا بە راپۆرتێ بڕواتە ژوورەتاریکەکان و دیزەبەدەرخۆنەبکرێ، چاکدەبێ؟ چۆن پسپۆڕکەی خۆراک لە خەمی منداڵ و کەسوکارییدایە و بەتەلەفۆن دەڵی ئەو مادانە فڕێدەن، هاوڵاتی بینەر ئاگادار ناکاتەوە. ئەوە شاردنەوەی زانیاریی نییە؟

 ئەو جۆرە باسکردنە هەر وەک ئەوەی پێشتور کە لەسەر تەندروستیی بوو، کاریگەریی نابێت. چونکە، ویستی ئەوەنییە بکرێت بەقەزییە و رای گشتی بخرێتە جوڵە. جگەلەوەش، بێئەوەی مەبەستیشی بێت، گەندەڵەکان بەئاگادێنێتەوە چۆن تەکنیکی باشتر لە گزیکردن بەکاربێنن. خەڵکیش لەبەر ئەمری واقیعێکدا بەجێدەهڵێت کە هیچ دەرەتانێکیان نییە. مادام، هەموو خۆراک و دەرمانەکان خراپن، ئیتر منی بێچارە ئەبێ بڵێم هیچم لە دەستنایە. باڵادەستەکانی لەپشتەوەیە و ئەلتەرناتیڤیش نییە. رێگەیەکیتریش شکنابەم دەستم بگەیەنێ بەخۆراکی باش. با تائێوارە هۆشیارییم لە بارەی جۆرەکانییەوە هەبێت، خۆ بازاڕەکە لە دەستی مندا نییە. بازاڕ تەحەکوم بەوەوە دەکات چی بخۆم و بخۆمەوە! ئەگەر رۆنەکە نەخۆم لەبەر خراپی، لە خواردنەوەی چاکەدا باجەکەی دەدەمەوە.

 کێشە وا ناخرێتەڕوو و نەچارەسەریشی بەدواداێت، ئەگەر ووردەکاری تەواو بەئامار و داتا و توێژینەوەی خۆماڵی نەبێت.  دەبێ، دڵسۆزی وروژاندنی بابەتە لە میسداقیەتی تەواوی کشێەکەدا بەزانیاری دروستەوە هەبێت. دەنا، خەڵکی ئەتۆقێنی و تەسلیم بە دۆخەکەی ئەکەیت. ئەیخەیتە ژێرباری ئەو قەناعەتە تاڵەکوشندەیەی: چیبکەین هەر ئەوەیە، یان مردن لە برسا، ژەهراویبن بەتێرخوارد لە خۆراکی خراپ.

لێرەوە، ئەو جۆرە باسکردنەوە وەک رووشاندنی برینەکەیە. بێئەوەی نیازتبێ،زانیاری پێویست بۆ ئاگادارکردنەوەی بینەر، بشاردرێتەوە. ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ جەستەیەکی گیاندەرچوو کە تەنها شۆکی لێئەدەیت و هەڵئەبەزینەوە. یان دەرزی ئاژنمان ئەکەیت بەو بابەتانە، تا رادێن و بارئەهێنرێن لەسەر قبوڵکردنی هەموو شتێک بەبێ بەرگرییکردن. وەکئەوەی لە ڕێگەیەوە بابەتیتر بشاردرێتەوە. چونکە، هەر رۆژە قەیران و کێشەیەک دەبێتە رۆژەڤ و ئەمیان و ئەوانیترمان لەبیرئەباتەوە. وروژاندنێک کە رازیمان بکا بە چارەنووسێکی رەها کە ناچارییە ئیتر کەیفی خۆتە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×