سەبارەت بەکۆمەکبەخشین، چی ببەخشین بۆ لێقەوماوانی تورکیاو سوریا؟

شوان رەشید
  2023-02-12     712

بۆ هەر یەکە لە تورکیا و سوریا دەیان و سەدان هەڵمەتی کۆمەکبەخشین و کۆکردنەوەی هاوکاریەکان لە زۆر شوێنی جیهان بەرپاکراوە، قەبارەی کارەساتەکە ئەوەندە گەورەیە کە خەڵکی خێرخوا دەست بۆ پارەی گیرفان و رایەخی ماڵەکانیان و جلە تایبەتیەکانیان ئەبەن و ئەیبەخشن بە هەڵمەتەکان. ئەمەش مایەی دڵخۆشی و ئومێدە بەوەی هێشتا ویستی هاوکاری و چاکەکاری لە ناو خەڵک بەردەوامی هەیە. بەڵام دەبێت لە بەخشیندا رەچاوی پێداویستی خەڵکی لێقەوماو بکرێت، ئایا ئێستا ئەوان پێویستیان بە چیە کە ئێمە دەتوانین دابینی بکەین؟

هەرچەندە زەمینلەرزەی هەفتەی رابردوو زیانی گیانی و ماڵی بە هەر یەک لە سوریا و تورکیا گەیاندوە، بەڵام بارودۆخی ئەو دوو وڵاتە و خەڵکەکەی و قەبارەی زیانەکانیان تەواو لە یەکتری جیاوازن. تورکیا وڵاتێکی گەورەی بەهێز و پێشکەوتوو، سوریای دوای شەڕێکی وێرانکەر و ئابلوقەدراوی بێتوانا و لاواز.
لە سەر بنەمای جیاوازیەکانی دۆخی تورکیا و سوریا دوای زەمینلەرزەکە، چاوەڕوانی ئەو دوو دەوڵەتە لە دەوڵەتانی کۆمەکبەخش و خێرخوازان و تیمەکانی فریاکەوتن تا ئەندازەیەک جیاوازە. بەڵام پێداویستی هەنووکەیی خەڵکی لێقەوماوی هەردوو وڵاتەکە بە پێی ستانداردی بەهاناوەچوونی دوای کارەساتەکان تا ئەندازەیەکی زۆر هاوشێوەن.
شارەزایانی بواری فریاگوزاری دوای کارەساتەکان و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان کۆمەڵێک پێوەر و بنەمایان بۆ پرۆسەی فریاگوزاری و هاوکاریەکان بۆ خەڵکی لێقەوماو داڕشتوە کە دەبێت رێکخراوەکان و تیمەکانی فریاگوزاری لە کاتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی فریاگوزاری رەچاوی بکەن. هەروەها ئەولەویەت و خزمەتگوزاریە لە پێشینەکانیان لە چوارچێوەی هەرەمێک بە ناوی هەرەمی بەدەمەوەچوون داڕشتوە. کە بە پێی ئەو هەڕەمە یەکەم پێداویستی خەڵکی لێقەوماو بریتیە لە ئاساییش و پاراستن و بەردەوامبوون لە ژیان. واتا هەرە لە پێشینەترین ئەو خزمەتگوزاری و پێداویستیانەی دەبێت پێشکەش بەو خەڵکە بکرێت ئەوانەن کە ژیان و سەلامەتیەکەیان مسۆگەر دەکەن و پایەی یەکەمی هەڕەمەکە وەردەگرن. بەڵام لە نێو ئەم پایەشدا لە پێشتر و لە پێش و پێداویستی ئاسایی دێن.

بۆ نمونە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردنەوە بۆ ئەوانەی بە سەلامەتی رزگاریان بووە، پلەی یەکەم لە لیستی پێداویستیەکان وەردەگرێت ، بەڵام خزمەتگوزاری و پێداویستیە پزیشکیەکان بۆ ئەوانەی زامدار و شکاوی و نەخۆشیان هەیە لە پاڵ خواردن و خواردنەوە لە پێشترە. دوای ئەمانە جلوبەرگ و پۆشاک و کەرستەکانی خۆگەرمکردنەوە و پێداویستی دیکە دێن کە راستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیان و سەلامەتی خەڵکی لێقەوماوەوە هەیە.

خزمەتگوزاری و پێداویستیەکان دەبێت بەپێی قۆناغەکان پلەبەند بکرێن و لە کاتی خۆیاندا پێشکەش بە لێقەوماوان بکرێن. بە نمونە ماددە خۆراکیەکان لە قۆناغێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازن، راستەوخۆ دوای کارەساتی زەمینلەرزە ئەو خواردەمەنیانە پێویستن کە ئامادەکراون و لە قوتونراون، چونکە خەڵک کە ماڵی نەبێت، کەرستەی چێشت کردنی نیە، بۆیە بەخشینی برنج و دۆشاوی تەماتە و ئارد و رۆن لە یەکەم کاروانی فریاکەوتن بەخشینێکی گونجاو نیە و پێداویستی خەڵکەکە پڕ ناکاتەوە. باشترە خواردنی ئامادەکراو و میوەی فرێشی داپۆشراو یان لە قوتونراو ببەخشرێن و بگاتە دەستی لێقەوماوان. پێویستە خواردەمەنیە لە قوتونراوەکان لەو جۆرە قوتوانە بن کە کلیلی هەڵپڕچرینیان لەگەڵ خۆیاندایە نەک ئەوانەی پێویستی بە ئامێری کردنەوە و هەڵپچڕینی قوتوەکان هەیە، قوتو باشترە لە شوشە بە هۆی ئەگەری شکان. واباشترە خواردەمەنیەکان هەمەچەشن بن بۆ دابینکردنی پرۆتین و ڤیتامین و مادەکانزاییەکانی بۆ سودمەندان.

یەکێکی دیکە لەو کۆمەکانەی بۆ ئەم قۆناغە بەباش ئەزانرێت، خواردەمەنیە وشکەکانن، وەک میوەی وشککراو، چەرەزات و کاکڵە گوێز و بادام و ئەو خۆراکە وشکانەی پێداویستیە هەنووکەییەکانی لێقەوماوان پڕ دەکەنەوە کە هەیانە چەندین کاتژمێر و چەند رۆژێک بەبێ خۆراک ماوەتەوە و جەستەی لاواز بووە.
هەروەها گەیاندنی ئاوی پاکی خواردنەوە یەکێکە لە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی قۆناغی یەکەمی دوای کارەساتەکە. گەیاندنی خواردنەوە ئامادەکراوەکانی وەک شەربەت و خواردنەوەکانی ووزە و (شیر) یش بۆ ئەم قۆناغە بە زەرور و گونجاو دادەنرێت. شیری منداڵان و خواردمەنی گونجاو بۆ منداڵانیش یەکێکە لە پێداویستیە لە پێشینەکان و زەرورە دابین بکرێت.

ئەمانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکردن، لایەنی کەمی پێداویستیە هەنووکەییەکانی بەردەوامبوون لە ژیان و سەلامەتی خەڵکی لێقەوماوی کارەساتەکان و بە دیاریکراویش زیاندمەندەکانی زەمینلەرزەکانی تورکیا و سوریان.

گرنگە لە هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خەڵکی لێقوماوی تورکیا و سوریا ئەو خاڵانەی سەرەوە لە بەرچاو بگیرێن. بەخشینی هەر پیداویستیەکی دیکە هەم ووزەی هەڵسوڕاوانی هەڵمەتەکە بەهەدەر ئەدات هەمیش دەبێتە بارگرانی بۆ ئەوانەی سەرپەرشتی پرۆسەی فریاگوزاری لە ناوچە زیانمەندەکان دەکەن.
تیبینیم کردوە لە هەڵمەتەکان جلوبەرگێکی زۆر کۆدەکرێتەوە کە رەنگە بەو قەبارەیە و بەمشێوەیە بۆ خەڵک پێویستی نەبێت. بەشێکی زۆر لەو جلوبەرگانەی بۆ تورکیا نێردراون، لە قەراخی رێگاکان و لە نزیک شوێنە زیانمەندەکان فڕێدراون و کەس بەلایاندا ناچێت. کەسێکیش لە یەکێک لە ڤیدیۆکان بە زمانی تورکی و لە نزیک گومبەتی ئەو جلەفڕێدراوانە بانگەواز دەکات کە جلوبەرگ نەنێرن چونکە ئەوان پێویستیان بە خواردمەنی زیاترە لە جلوبەرگ. هەروەها ناردنی برنج و دۆشاوی تەماتە و ئارد و ئەم کەرستە خۆراکیانە بۆ تورکیا کە لە بنەڕەتدا زۆربەی لە تورکیا دێت، بەخشینێکی نەگونجاوە و وزە و خەرجی زیاتریش دەخاتە سەر پرۆسەکانی بەهاناوەچوون، ئەگەر لە جیاتی ئەم کەرەستە خۆراکیانە پارە ببەخشرێت رەنگە زۆر باشتر و گونجاوتر بێت بە تایبەتیش لە ئێستادا کە خەڵک ماڵی نیە چجای ناندین و ئامرازەکانی چێشتلێنان.

بۆ ئەوەی ئەم سەرلێشێوایەش روونەدات باشترە تیمەکانی سەرپەرشتیکردنی هەڵمەتەکانی کۆمەککردن و کۆکردنەوەی هاوکاریەکان لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بانگەوازێکی روون تایبەت بە جۆری کۆمەکەکان بۆ خەڵک بکەن و دیاری بکەن ئایا چ بابەتێک وەردەگرن و چ وەرناگرن. تا خەڵک بەرچاوی روون بێت و ئەوە ببات کە سودی بۆ خەڵکی لێقەوماو هەیە و لە وڵاتەکەی خۆیان دەستیان ناکەوێت یان کەمە و پێداویستیەکانی خەڵکەکە پڕناکاتەوە.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×