ستەمی سەدە و بومەلەزرەی ڕۆژی دووشەممەی ڕەش

فازیل شەوڕۆ
  2023-02-13     390

دەمژمێر (٤) و (١٦) خوولەک و (٥٩) چرکەیی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەیە. دونیا هێمن و ئارام و کشوماتە. هەمووان لە خەوی خۆش و لەناو خەونی خەوناندا وازی دەکەن و گۆڕانی دەڵێن و یەکتر ماچ دەکەن. تەنانەت درەخت و چیمەن و بەفر و ڕووبار و گۆماوە ئاوەکانی پاش بارانەکانیش خەوتوون. تاکە دەنگ و سەدا و هاوارێک کە دەگەیشتە عەڕشی عاسمان، لوورە لووری سەگ و میاوەمیاوی پشیلە و قیڕەقیڕی قەلەرەشە هەڵفریوەکان بوو ــ کە نەیانتوانی تاکە ڕۆحێک لەو وڵاتە پانوبەرینەی تورکیا و شام وەخەبەربێنن. ئێستا چرکەی دەمژمێرەکە بوو بە (٦٠) و بە بێ پسانەوە بۆ ماوەی (٦١) چرکە، زەوی کەوتە خۆڕاوەشاندن و ئاگرلەخۆبەردان و خۆنغرۆکردن و خۆکووشتن. ئێستا دەمژمێر (٤) و (١٨) خوولەکە. پتر لە (٣٠) ملیون ڕۆح، بە زارۆک و ژن و پیاو و پیر و گەنج، بوون بە بوونەورێکی نیوەڕۆحی بێدەسەڵاتی تۆقیوی زراوڕژاو. هەر (٦٠) چرکە هاوار و زریکە و زیڕە دونیای هێنایە هەژان، دواتر، بێدەنگییەکی ترسناکیی نەبینرا و نەبستراو و چاوەڕوان نەکراو هەموو لایەکی خامۆش کرد و داپۆشی.

ئەمەریکییەکان زوو، گووڕی ئەو بومەلەرزەیان بە (حەوت) پۆینت (نۆ) تۆمارکرد و خوێندەوە، لێ لەوەشدا، سەگوسواری ئۆردوگان، بە پۆلینتێک کەمتر، هەواڵەکەیان بڵاوکردوە و یەکەم ئاماری قوربانییەکانیان لە سەرتاسەری تورکیای پتر لە (٨٤)ملیون حەشیمەت، بە (٢٣٤) قوربانی خەمڵاندا. ئەمەش گەورەترین درۆی ئەم سەدەیە بوو.

تورکیا و شام، یەکەم وڵات نەبوون، بە بومەلەرزەی(حەوت) پۆینت (نۆ) پلەی ڕێختەر بهەژێن. زانایان و پسپۆڕان، زانستییانە دەزانن تینیی ئەو گوڕرە چەندە وێرانکەر و خاپوورکەر و کوشندەیە ــ بە تایبەتی لە وڵاتێک حەشیمەتکەی نزیک (١٠٠) ملیون بێ و خانووبەری، لە جۆری ئەپاڕتمێنتی بەرز و بڵند بێ.

ئۆردوگانی وشترمرغ، ئەو بەرەبایانییە، وەک هەموو شەوەکانی دیکە، هەر لە خەیاڵی نوێکردنەوەی تەخت و تاراج و کۆکردنەوەی دەنگ و تاڵانکرد و داگیرکردنی وڵاتاندا بوو. جیهان بەو فیشاڵە گەورەی ئەو فریووی خوارد و گوتیان، دیارە خاوەن ماڵ لە ئێمە باخەبەرترە، بۆیە، وڵاتانی فریادڕەس زۆر بە ساردی و بەکاوەخۆی کەوتنەخۆ و چاوەڕوانی فرمانی سووڵتانی مەزنی عوسمانی بوون، داوای کۆمەک و هاوکارییان لێ بکات. بۆ ماوەی پێنج ڕۆژی نەپساوە، جیق جیق ئەو ستەمکارە، ئاماری قوربانییەکانی زیاد دەکرد و جیهانی لە خشتە دەبرد و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی سانسۆرکردـ هەرچەند بۆخۆیان زۆربەیان پچڕابوون. تا ڕۆژنامە نووسێکی تورک هاتە دەنگ و ڕاستییەکانی بە جیهانی گوت:"کارەساتەکە یەکجار گەورەیە، (٤) لە شارە گەورەکانی کە داڕووخاون، دەبێ سەرتاپا شۆڤڵیان لێبدرێت و لە نوێ نەخشەی بونیاتنانەوەیان بۆ بکێشرێت. ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری نەماوە، بریندار و زامدار بە سەدان هەزارن و (٢٣) ملیون کەس بێ جێگەوڕێگان، لەسەر شەقام و ناو ئۆتۆمبیل و خیوەتانن ـ کە ئەوانیش کەمن. نۆژەنکردنەوەی ئەو شار و لادێیانە، بە دەیان ملیار دۆلاری دەوێ، لە کاتێکدا ئابووریی تورکیا بۆخۆی لە شکستییدایە. تا سێ چوار مانگی دیکە، تورکیا نازانێ جێبەسەرهاتووە، جارێ برینەکە گەرماو گەرمە."

لە باکوور و ڕۆژاوای سوریاش، کارەساتەکە چەندان بار سەختتر و کووشندەتر و ماڵوێرانکەرتر بوو. ڕژێمی خوێناوی ئەسەد و چەکدارە سورییەکانی جاشی تورک و هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و داعش و سوپای ڕووس و سەربازانی ئەمەریکا، هەر هەموویان وا (١١) ساڵی ڕەبەقە ئەو ناوچانە، بە تایبەتی ناوچە کوردنیشینەکان وێران دەکەن و دەبڕن و دەکوژن و تاڵان دەکەن. بۆیە ئەوەی بەو هێزانە نەکرا، بوومەلەرزەکە لە (٦١) چرکەدا سەدانبار پتر کاولی کرد.

ڕاستە، ئەو بوومەلەرزە، ئەم دووڵاتەی بە شیوەیەک خاپوورکردەوە کە بە چەندان ساڵێ دیکە، وەک خۆیان لێناێتەوە، بەڵام بوومەلەرزەیەکی بەهێزتریش بەڕێوەیە، ئەویش ناڕەزایی و توڕەیی جەماوەی ئەو دوو وڵاتەیە، کە بەو زووانە لە ژێر پێ ئۆردوگان و بەشار ئەسەد دەلەرزن و تەخت و تاراجیان دەڕووخێنن.

هەموو بەڵگە زانستییەکان لەبەردەستن، کە ئەو (٨٦١) بەنداوەی لە تورکیا هەیە یارمەتیدەری درووستبوونی ئەو بوومەلەرزە بوون، دەسەڵاتداران ناتوانن حاشای لێ بکەن. جەماوەری تورکیا دەزانن کە ئۆردوگان (١٥٠) هەزار سەربازی بە چەک و جبەخانەوە لەسەر سنووری سووریا لە ئامادەباشی داناوە بۆ هێڕشەکەی کە بریار بوو لەم مانگەدا بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا جێبەجێی بکات. بۆچی ئەو زاڵمە، لەم کارەساتە مەزنەدا، ئەو هێزە گەورەی بانگ نەکرد، فریادڕەسی ئەو خەڵکە داماوە بن؟!

لە سوریاش، جگە لەسوپا چنگ بەخوێنەکەی بەشار، نزیکەی (٦٠) هەزار پاسدار و (٦٠) هەزار چەکداری چەتە و رووس لەو وڵاتە دا هەنە، بۆچی دەستی یارمەتییان بۆ هاوونیشتمانیانی ئەو وڵاتە درێژ نەکرد؟ ئەدی ئەوان بۆ خاتری ئەوان نەهاتوونەتە ئەوێ؟ چی دەبوو ئەگەر یەکجار، مرۆڤانە، کارێکی مرۆڤانەیان بکربووایە؟!

جگەلەمانەش، گەورەترین زوڵم و ستەم، کە من ناوی لێدەنێم (ستەمی سەد)، کۆمەڵگای جیهانی کردی دەرحەق بە خەڵکی بێدەسەڵاتی رۆژاوا و باکوور، جا هەر کەسێکن، هەر نەتەوەیەکن، هەر حیزب و گروپێکن. چونکە مرۆڤن دەبووایا، وەک دوژمن و ناحەز و ئەغیار تەماشا نەکرین.

دەسەڵاتی ئۆردوگان و هێزی بەشار و پاسداری ئێرانی و چەتەی تورک و سوپای ڕووس و ئەمەریکا و کۆی کۆمەڵگای جیهان، خائین و بێمروەت و زاڵم بوون، دەرهەق بە قوربانیانی ئەو کارەساتە مەزنە.

مێژوو، بە ڕووڕەشی ناویان لە لەوحی خەجاڵەتدا تۆمار دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×