ڕاپرسییەکەی کۆمپانیای شیکار سەبارەت بە پرسی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بڵاوبونەوەی لە (الصباح)، ڕۆژنامەی نیمچە فەرمی حکومەتی عیراق، کاردانەوەی خێرا و مشتومڕی پڕ لە هەڵچونی خستە نێوان هەولێر و بەغداوە.
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی ئەجێندای سیاسی لە پشتی ڕاپرسییەکەوە، خودی دەزگاکە، کە بنکەی سەرەکیان لە هەولێرە، بە فەرمی ئەوەیان ڕاگەیاند، کارەکە بۆ هیچ ئامانجێکی سیاسی و حیزبی ئەنجام نەدراوە، بۆیە دەبێت وەک کاری دامەزراوەیەکی مەدەنی، کە هەڵبژاردن، کۆچی گەنجان، پەروەردە و هەندێ پرس و بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بازنەی کار و چالاکییەکانیاندایە، مامەڵە بکرێت.
قسەی ئێمە لەبارەی خودی ڕاپرسییەکەوە نییە، هێندەی قسەکردنە لە میتۆدی مامەڵەکردن و پەرچەکردارەکان لەگەڵ ئەنجامی ڕاپرسییەکەدا. بۆ هەرێمی کوردستان و مانەوەی وەک قەوارەیەک، هیچ بایەخێکی نابێت کێ ڕاپرسی دەکات، بابەت و ئەنجامی ڕاپرسییەکەش چی دەبێت، کاتێک تۆ لە ناوەوە بەهێز بیت و بەشی ئەوەندە ژێرخانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوریت پتەو کردبێت، نە مەترسیت لە ڕاپرسی دامەزراوەیەکی مەدەنی هەبێت، نە ڕاپرسییەک شەبەقی درزەکانی ناوەوەت گەورەتر دەرخات و لە ئاستی فەرمیدا عەرشی دەسەڵاتەکەت بخاتە لەرزین و پەرچەکرداری ناعەقڵانییەوە.
بە بڕوای من، گرفتی هەرێم لەگەڵ خودی ڕاپرسییەکەدا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەنجامی ڕاپرسییەکە و ئەو کەسانەدایە، کە پرس و ڕایان پێکراوە، واتە لەگەڵ بەشدارانی ڕاپرسییەکە و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندایە، بەڵام لەبری ئەوەی وەڵامی کێشە و قەیرانەکانی ناوەوە بدەنەوە، بۆ گواستنەوەی سەرنجی خەڵک لە ناوەوە بەرەو دەرەوە، گرفتەکان هەناردەی بەغدا دەکەن. دەسەڵات لەبری ئەوەی هەوڵدات ئەم میتۆد و نەغمەی کارکردنە بگۆڕێت، کە لەگەڵ ناوەوەی هەرێمدا کاری پێدەکات، دێت و بابەتی ڕاپرسییەکی ئاسایی دەزگایەکی مەدەنی، لە ڕوی ناسیۆنالیزمی نەژادییەوە دەکات بە سەنتەرێک بۆ دروستکردنی تارماییەکی قورستر بۆ بەرچاوگرتنی هەمو ئەوانەی هێزی تێگەیشتن لە حەقیقەتی ناسیۆنالیزم و گوتاری بچوک و چروکی دەسەڵاتی کوردیان نییە. ئیدی بەشێکی گرنگ و جەوهەری گرفتەکە لێرەیە لە هەولێر، نەک لە بەغدا. هەولێر بەهێز بکەن، دەزگا و دامەزراوەکانی ئیداری، پەروەردەیی، سوپایی و ئەمنی، بە نیشتیمانی بکەن، ڕێز لە کەرامەتی ئینسان بگرن و پەلاماری ماف و ئازادییە تایبەتی و کەسییەکانیان مەدەن، ئیتر ڕاپرسی بە موشەکیشەوە بێت، دیوارە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم لەبەردەمیدا ئەستور و قایم دەبێت.
حیزبی دەسەڵاتداری کوردی بە هیچ پێوەرێکی فیکری، حیزبی داکۆکی لە بەرژەوەندی نەتەوەیی نییە. دەسەڵاتی کوردی، مۆدێلی دەسەڵاتێکی سەرگەردانە، بەر لە هەر شتێک خەریکی خۆی و خەمی خۆیەتی، بە دوای کۆمەڵێک بەرژەوەندی بچوکی حیزبی، بنەماڵەیی، خێزانییەوەیە، خەریکی بچوککردنەوەی نیشتیمان و نەتەوە، کۆی پیرۆزی و بەها مێژویی و کولتورییەکانی گەلێک و نیشتیمانێکە لە ناو لەپی دەستەکانی حیزب، بنەماڵە، خێزان و سەرۆکدا، ئیدی سەرۆک زەرد، یان سەوز، یان هەر ڕەنگێکی دی بێت، جیاوازی نییە، کەچی گەرەکییەتی ئەم تێزە بچوک و خێڵەکییەی وەک تێزی ڕاستەقینەی بەرگری لە نەتەوە و نیشتیمان لێ قبوڵ بکەین. ئەوان دەخوازن لە پشتی تارماییەکانی ئەم گوتارەوە، کە بە ناوی نەتەوە و بەرگری لە بەهاکانی نیشتیمان دەیخەنە بازاڕی سیاسییەوە، جگە لە ئەڵقە بچوکەکانی چواردەوری خۆیان، عەوامیش تێوەبگلێنن و بابەتێکی لە چەشنی ئەم ڕاپرسییەش وەک شەڕ و ململانێی مێژویی هەولێر-بەغدا، لە هەندێ ئاستی فەرمی و جەماوەریشدا ڕاسیستانە، وەک ململانێی نەژادی کورد-عەرەب، لێکبدەنەوە.
لە ماوەی تەمەنی سیاسی خۆیدا، دەسەڵاتی کوردی بە ڕونی ئەوەی پێشانداوە، کە لەوە بچوکترە شەڕ بۆ کەرامەت و ئیرادەی نەتەوەیی بکات، لەوە وێرانترە بتوانێت ماڵی لێکترازاوی کوردی و ئەو هەڵوەشانە ناوەکییەی ئەوان ڕوبەڕویان کردۆتەوە چارەسەر بکەن. بەڵگەنەویستیشە، ماڵی هەڵوەشاو و شێواو ڕەگەزەکانی بەرگری و مانەوەشی لاواز دەبێت و توانای چالاککردنی دروشمە حەماسی و خەڵەتێنەرەکانیشی بۆ نێو ڕوبەری کۆمەڵایەتی کەمتر دەبێت. ئەم ماڵە سیاسییە تەمەن سی ساڵییەی ئێمەی کورد، بە ناوی نەتەوەوە، یان بە ناوی دین و مەزهەب و تائیفەوە، چەندێکیش فو بکەیت بە جەستەی شەکەتیدا، بۆ شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی هیچ هێزێکی دەرەکی بە کەڵک نایەت. چاوەڕوانی و ئەگەرەکانی سەرکەوتن لە ڕوبەڕوبونەوەی دەرەکیدا ئەگەر لە ئاستی سفردا نەبێت، ئەوا لە نزمترین ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا دەژیت.
تۆ سی ساڵی تەواوە لە ناوەوە خەریکی هەڵوەشان و تێکشکاندنی ئیرادەی ئینسانی کوردی، زیادتر لە سی ساڵە نیشتیمان و میللەتێکتان خستوەتە بازاڕی مامەڵەی دۆسییە نهێنی و هەواڵگرییەکانی ئەنقەرە و تارانەوە، زیادتر لە سی ساڵە چەند شەقامێک، بەرزەپرد و ئەندەرپاسێکتان دروستکردوە، بەڵام سەدان هێندەی ئەوە، مرۆڤی ئێمەتان لە خودی خۆی و ماناکانی مرۆڤبون خاڵی کردۆتەوە، سەدان هێندە پێکهاتی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و سایکۆلۆژی ئینسانی ئێمەتان ڕوبەڕوی داڕمان و شێواندن کردۆتەوە.
ئەوەی لە بەرامبەر مەترسییەکانی دەرەوەدا زامنی مانەوەی شوناسی سیاسی قەوارەیەک دەکات، شەقام و بەرزەپرد و بینا و باڵەخانە بەرزەکان نین، ئەوە ئیرادە و هێزی ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگەکەیەتی، ئیرادەیەک زیادتر لە سی ساڵە ئێوە لەبری بەهێزکردنی، تێکیدەشکێنن. بۆیە ئەوەی لە ئێستادا و بە پلەی یەکەم نەک مەترسی، بەڵکو مەترسییەکی تەواو ڕاستەقینەیە بۆ سەر مانەوە و ئایندەی قەوارەی هەرێم، سیاسەتی حیزبی کوردی و ئەو ماکینە سیاسی، میدیایی، پەروەردەیی، سەربازی و ئەمنییەی تێکشکاندنە، کە بە درێژایی تەواوی ئەو ساڵانە، کۆمەڵگە و جوانییەکانی مرۆڤبون و پرسی نەتەوەبونی پێ دەهاڕن.