بەبێ پەروەردەیەکی باش ناکرێت کۆمەڵگای باشتر پێک بێت 

ئەیوب سڵێمان
  2023-02-22     437

پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغبەندێکی گشتگیر و هەستیاری تێکچێژراو بە کۆمەڵە سیستەمێکی کارگێڕی و تەکنیکی و سەرپەرشتیاری ئەوتۆ کە کۆکردنەوەیان لە ڕێبازێکی یەکگرتووی هاوسەنگدا، پێویست بە دیدێکی گەیی و گەشبین دەکات، بڕوای بەو بڕواو پێویستیانە هەبێت کەلە وڵاتدا هەن و شایستەی هەڵگرتنی ئەم بارە قورس و ئەرکە پیرۆزەن.

لەڕووی جێبەجێکردنەوە هەر لایەنێکی پەروەردەیی یان فێرکردن بەو زانستەوە بەستراوەتەوە کە تایبەتە بە تەکنیکی نوێی خودی ئەو لایەنەوە، کەواتە هەموو بەشە زانستیی و مرۆییەکانی کۆلێژەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێمدا ناوەندی پاڵپشت و تەواوکار دەبن بۆ بوارە جیاجیاکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی ئامادەیی.

 

پەروەردە:

بیرمەندانی بواری پەروەردە پێناسەی جیاوازیان لەسەر پەروەردە هەیە،ئەم جیاوازیانەش پەیوەندی بە دەورو نەقشی پەروەردەوە هەیە لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا. هەندێکیان پەروەردە بە پرۆسەیەک دەزانن کە گۆڕان لە هزرو بیرو رەفتاری تاکدا دروست دەکات و بەشێکیان وەک دامەزراوەیەکی جڤاکی لەبەرچاوی دەگرن و کاریگەری دوولایەنەی نێوان مامۆستاو قوتابی لە قوتابخانەدا بە کاکڵەی باسەکانیان دادەنێن. گۆڕان و پێداچوونەوەی بەردەوام بە پێکهاتەو پڕۆگرامی پەروەردەدا دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و...دا.

''ژان ژاک رۆسۆ'' پەروەردە بە کەشتییەک دەشوبهێنێت کە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان رزگار بکات. ئەو پێی وایە پەروەردە، بنەڕەت وژێرخانێکە کە دەکرێت سەرخانی کۆمەڵگایەکی تەندروستی لەسەر دروست بکەیت.

''لێستەۆرد'' ی کۆمەڵناس، پەروەردە بە کەرەستەیەک بۆ گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا ناودەبات و پێی وایە کە ئەنجامی ئەو گۆڕان و پێشکەوتنە ژیان باشی و خۆشبەختی تاکی لێ دەکەوێتەوە.

هەرچۆن بێت سیستەمی پەروەردە لە سەردەمی جیهانی بوون و تەکنەلۆجیاشدا دەوری بێ رکابەری خۆی لە پەروەردەکردنی مرۆڤدا پاراستووە، دامەزراوەی پەروەردە مرۆڤ بۆ داهاتوو پەروەردە دەکات، هەربۆیە دەبێت دیدو بەرچاوروونی باشی لە دوارۆژو پێداویستی کۆمەڵگاهەبێت. ئەزموونی وڵاتانی پیشکەوتووی وەک ئەمریکاو ژاپۆن ئەوە نیشان دەدات کە گۆڕان و پێداچوونەوەی بەردەوام بە پێکهاتەو پڕۆگرامی پەروەردەدا دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و...دا.

 

پێگەی پڕۆگرامەکان لە پڕۆسەی پەروەردەدا:

چەمکی پڕۆگرامی خوێندن مێژوویەکی دێرینی هەیەو بەپێی ژمارەی لایەنی پەیڕەوکارانیشی پێناسەی جیاجیای بۆ دەکرێت، بۆ نمونە بەپێی چەمکی شێوازی تەقلیدی پڕۆگرامی خوێندن ئەوەیە کە هەموو زانیاری و ڕاستییەکانی نێو پڕۆگرامی خوێندن دەگرێتەوە کەفێرگە بە فێرخوازی دەبەخشێت. بەڵام بەپێی چەمکی شێوازی نوێ ئەم بۆچوونەوە دەگۆڕێت و پێناسەکردنی پێشتر جیاوازە، چونکەن پڕۆگرامەکانی خوێندن زیاتر بەو شارەزایی و کارامەیانەوە پەیوەستن کە کەفێرخواز لەفێرگەدا وەریان دەگرێت و بەکاریان دەهێنێت.

ئەوەی لێرەدا گرنگە بووترێت ئەوەیە هەموو بۆچوونەکان لەو باوەڕەدان کە کتێبەکانی پڕۆگرامی خوێندن جەخت لەسەر داوا پرەنسیپییەکانی زانست و پەروەردە دەکەن و بەپێی زنجیربەندی قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی ڕێک دەخرێن. مۆرکێکی مرۆڤایەتی و ئاشتیخوازانەی پێوە دیارە، بۆیە زۆربەی سەرەداوەکانی سیستەمی پەروەردەیی هەر وڵاتێک لەگەڵ بەرنامە و پڕۆژەکانی ڕێکخراوی (یۆنسکۆ) و (یونسێف)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یەکدی دەگرنەوە و ئاڵۆگۆڕێکی هزی و تەکنیکی لەنێوانیان هەیە. لەم سۆنگەیەوە هەر وڵاتێک لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن یان ئەنجومەنێکی نیشتمانی باڵا، پلانێکی خۆی و ستراتیژی زانستی و هەیە و پەیکەربەندێکی کارگێڕی و تەکنیکی تۆکمەش بۆ شێوازی دانان و ڕێکخستنی پڕۆگرامەکانی خوێندن دادەڕێژێت. بۆ ئەم مەبەستەش سەنتەرێک یان ناوەندێکی سەربەخۆ بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە دادەمەزرێنێت.

 

شێوازی پڕۆگرامەکانی خوێندن:

بەشێوەیەکی گشتیی لە دانان و ڕێخکستنەوەی پڕۆگرامی خوێندندا دوو شێوازی سەرەکی پەیڕەودەکرێت:

1- شێوازی تەقلیدی، لەم شێوازە پڕۆگرامی خوێندن جەخت لەسەر جۆر و ڕێژەی زانیارییەکان دەکات و بە بنەمای سەرەکی پڕۆسەی فێرکردن دادەنرێت، بۆیە دەبێت بۆ وانە وتنەوەی هەر کتێبێکی خوێندن مامۆستایەکی پسپۆڕی خاوەن ئەزموون هەبێت و ناوەڕۆکی کتێبەکە بۆ فێرخواز و خوێندکاران شی بکاتەوەو بەشێوەیەکی ئاسان لێکی بداتەوە، بۆ ئەوەی فێرخوازانیش ئەو بابەتانە بەجوانی وەربگرن و بەدروستی تێ بگەن. لەکۆتاییدا تاقیکردنەوەکانی زارەکی و بەنووسین دەبنە پێوەری سەرەکی و یەکلاکەرەوەی باوەڕپێکراو کە فێرخوازان تا چەند لەو بابەتە تێگەشتوون و سەرەنجام ئاستی زیرەکی و ڕادەی تێگەشتنیان دەستنیشان بکات.

2- شێوازی نوێ، لەم شێوازەدا پڕۆگرامەکانی خوێندن کۆمەڵە شارەزایی و کارامەیی لەخۆدەگرن و وەکوو کلیلێکی فێربوون دەخرێتە بەردەستی مامۆستا و فێرخوازان، بۆ ئەوەی بە یارمەتی مامۆستایان، فێرخوازان بتوانن بازنەی شارەزابوونیان فراوانتر بکەن و بەشێوەیەکی گشتگیر و لەهەموو ڕوویەکەوە گەشە بکەن و کەسایەتییەکی هاوسەنگ لەلایەنی ژیری و جەستەیی و دەرونیان بۆ دروست ببێت و وەکوو تاکێکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی ژیانی پیشەیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بۆچوونە سیاسییەکان بکەن.

 

تایبەتمەندیەکانی پەروەردە:

پەروەردە هەموو کەسێک بەهێز دەکات هەندێک لەو ناوچانەی کە پەروەردە یارمەتیدەدات ئەمانەن:

1- لابردنی هەژاری: پەروەردە یارمەتی دەدات لە نەهێشتنی هەژاری وەک ئەوەی مرۆڤ پەروەردە بێت، دەتوانێت کارێکی باش بەدەست بهێنن و هەموو پێداویستیە بنەڕەتییەکان و پێداویستیی و پێداویستیی خێزانەکەی جێبەجێ بکات.

2- سەلامەتی و ئاسایش لە دژی تاوان ئەگەر مرۆڤ باش پەروەردە بێت، بە ئاسانی لە کەس گێل نابێت. کەسی ڕۆشنبیر کەمتر تووشی توندوتیژی خێزانی و خراپە کۆمەڵایەتیەکانی تر دەبێت. چێژ لە پەیوەندی تەندروست لە ژیاندا وەرئەگرێت واتە خەڵک کەمتر لە خۆڕا ڕائەکڕن لە فێڵکردن یان بوون بە قوربانی توندوتیژی. 

3- پێشگرتن لە شەڕو تیرۆر بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارام و پارێزراو بەڕێوەببەیت، پێویستە مرۆڤ لە بەهای پەروەردە لە ژیانی ڕۆژانەماندا تێبگات پێویستە یەکێک لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی خوێندندا بەشێکی کارا بێت ئەم جۆرە چالاکییە بەرهەمهێنەرانە زانیاری دابین دەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بژیت.

4- بازرگانی و بازرگانی پەروەردەیەکی باش بە سادەیی مانای چوونە قوتابخانە یان کۆلێژ و بەدەستهێنانی پلە نییە. بازرگانی و بازرگانی وڵاتیش بە ئاسانی گەشدەبێت ئەگەر هاوشارییەکانی باش پەروەردە بکرێن. پەروەردە یارمەتی دەدات بۆ خۆبەستنەوە و دروستکردنی متمانەیەکی گەورە لە نێوانیاندا بۆ بە ئەنجام هێنانی ئەرکە قورسەکان، لەسەر وەرگرتنی خوێندن، ستانداردی ژیانیان بەرەو باشتر دەڕوات.

5- پەروەردە پرۆسەی گەشەی خێرای نەتەوەییە کە ئەگەر پەروەردەیەکی باشتان هەبێت، دەتوانن خزمەتی باش بە وڵاتەکەتان بکەن ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی باش پێشدەکەوێت.

 

ڕۆڵی پەروەرده له کۆمەڵگەدا:

پەروەردە ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتیەیە کە کۆمەڵگا لە ڕێگەیەوە زانیاری یەکی گرنگ بۆ ئەندامەکانی دابین دەکات، لەوانە ڕاستییە بنەڕەتییەکان، کارامەیی کار و بەها نۆرمە کلتورییەکان.

یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی پەروەردە ئەوەیە کە ژیانی تاکەکەسی باشتر دەکات و یارمەتی کۆمەڵگا دەدات بە شێوەیەکی ڕێک و دروست بەڕێوەی ببات. بە دابینکردنی پەروەردە دەتوانرێت هەژاری لاببرێت و هەموو کەسێک دەتوانێت هاوکاری خۆی بۆ پێشخستنی وڵات دابین بکات.

پەروەردە یارمەتی دەدات لە دروستکردنی کۆمەڵگەیێکی باشتر ڕۆشنبیری زیاتر لە چاو کەسێکی نەخوێنەوار دا زیاتر بەهای ئەخلاقی باشتر پەرە پێدەدات. نەبوونی خوێندن کێشە دروست دەکات وەک خورافە و توندوتیژی خێزانی و خراپی تەندروستی و خراپی ئاستی ژیان. پەروەردە دەرفەتی یەکسان بۆ هەردوو ژن و پیاو و ڕۆشنبیر دەهیێت و دەتوانێت کۆمەڵگای باشتر دروست بکات. بەبێ پەروەردەیەکی باش، ناکرێت کۆمەڵگای باشتر پێک بێت.

 

ئایین و گرنگیدان بە پەروەردە و فێركردن:

پەیامی هەر ئایینێک لە ئایینە ئاسمانییەكان، بە پلەی یەک، پەیامێكی پەروەردەیی دوورمەودایە، كە مرۆڤایەتی هاندەدات بە گرینگی و بایەخەوە بۆ پرسی پەروەردە و فێركردن بڕوانن، ئەوەتا یەكەم دەقی قوڕئانی پیرۆز، كە دابەزیووەتە خوارەوە بۆ سەر پێغەمبەری مرۆڤایەتی، حەزرەتی موحەممەد د.خ فەرمانكردن بووە بە خوێندن و خوێندنەوە “اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ“، هەروەها ئایەتی “ن والقلم وما یسطرون“، كە سوێندخواردنی زاتی پەروەڕدگارە بە قەڵەم و نووسین، ئەمانەش گەواهیدەرێكی ڕاشكاوانەن لەسەر ئەوەی كە ئەركی لەپێشینەی پەیامی ئاینیی، هاندان بووە بۆ وەبەرهێنان لە توانا و بەهرە و وزە سروشتییەكان لەناو ئەو ڕووبەرە بەرفراوانەی نەخشەی ژیانی مرۆڤایەتیدا.

لێرەوەش تێدەگەین، كە ئایینی ئیسلام وەک درێژكراوەی پەیامی ئایینە ئاسمانییەكانی پێشووی خۆی، هەڵگری ستراتیژییەتێكی پەروەردەیی بەهێز و بەرینە، كە هەموو ڕەهەندەكانی پەیوەست بە پرسی پەروەردە و پێگەیاندن و فێركردنی كردووەتە ئەولەوییەت بۆ بنیاتنانی نەوەیەكی پەروەردەكراوی هۆشیار، كە بتوانێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە گەشەپێدەری بەها مرۆییەكان بێت، كە پێویستییەكی هەمیشەیین بۆ دانانی نەخشەڕێی نوێ بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا، كە هەموو پێوەرەكانی هێمنایی و ئاسوودەیی و تەبایی بۆ فەڕاهەم بكات.

وێڕای ئەو ڕاستییانەش، لە وێستگە جیاوازەكانی ژیانی پێغەمبەری مرۆڤایەتی حەزرەتی موحەممەد (د.خ)، وێنەی ڕوون بەر دیدە دەكەون، كە پەرۆشی ئەو ڕێبەرە ڕێپیشاندەرەی مرۆڤایەتی دەسەلمێنن بۆ تەكاندان بە ڕەوتی پەروەردە و فێركردن و ڕاهێنانی نەوەكان لەسەر بایەخدان بە خوێندەواری، ئەوەتا لە شەڕی بەدری گەورەدا، كاتێک  70 شەڕكەری بێباوەڕەكان بە دیل دەگیرێن، ئەو بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوەڵەكانی، هەموویانی ئازاد كرد لە بەرامبەر ئەوەی هەر یەكێكیان 10 منداڵی موسڵمانان فێری خوێندنەوە و نووسین بكات، بڕیاردان لەسەر ئەو بژاردەیەش، لەو كاتەی پێشنیاری بژاردەی دیكەشی بۆ كرابوو، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە كە ئایینی ئیسلام بواری پەروەردە و فێركردن و پێگەیاندنی لە پێشەوەی هەموو بوارەكانی دیكە پۆڵێنبەند كردووە، ئەوەشیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە تێڕوانینی ئایینی ئیسلام بۆ دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار و خوێندەوار لەوەوە دێت، کە سەركەوتووترین شێوازە بۆ سڕینەوەی سیماكانی نەفامی و دواكەوتوویی و دابڕان لە ڕەوڕەوەی پێشكەوتن، هەروەها زامنیشە بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵگایەكی تەندروست، كە پێشكەوتن و پێكەوەژیان و شارستانییەت و پێشڤەچوونی هەمەلایەنە ببنە دیارترین تایبەتمەندییەكانی.

لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، كە پەیامە ئایینیەکان پەیامێكی تێروتەسەلن، کە هاوشان لەگەڵ پرەنسیپە پەروەردەییەکانی دیکەدا، مرۆڤایەتی بەرەو شکۆمەندی ئاراستە دەکەن، لەگەڵ هەموو هەلومەرجێكی ژیانیشدا دەگونجێن بۆ ئەوەی لە گرنگیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بكرێنە ژێدەرێکی بنچینەیی، چونكە ڕەهەندە پەروەردەییەكان لە پەیامە ئایینیەکاندا یەکسانن بە بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکان، کە خەمخۆرانی مرۆڤایەتی عەوداڵی بەدەستهێنانیانن.

گەیشتن بە گەشە و پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەردەوام، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لە گەڵ سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و هێزی مرۆیی دڵسۆز و کارا کە بەرهەمی ئەم سیستەمەیە هەیە و ئەگەر بەرپرسان و دارێژەرانی سیاسەتی پەروەردەیی گرنگی بەم بابەتە نەدەن، گەشەی بەشەکانی تری کۆمەڵگە دووچاری قەیران دەبێتەوە و لە ئاکامدا لەسەر کۆی پێشکەوتن لە کۆمەڵگەدا کاریگەریی نەرێنی دەبێت. هەر لەم ڕوانگەوە زانایانی بواری ئابووری و کۆمەڵناسی یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە رێژەی پێشکەوتن و پەرەسەندنی هێزی مرۆیی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەگەرچی رۆڵی ئەرێنی پەروەردە بە دی دەکرێت، بەڵام حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە بە چۆنێتیی پرۆسەی خوێندن و ڕۆڵی پەروەردە لە پێشکەوتن و گەشەی بوارە جیاوازەکاندا گرنگییان نەداوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×