یەکێک لە قێزەوەنترین، بە بێزترین، وناشرینترین سیفاتی مرۆڤی ڕووخاوو داڕماو و داڕووخاوو مێشک ئاودراو بە سیستەم و پەیرەوو پڕۆگرامی جنێوفرۆشی، ئاراستە کراویی و دەمشری و ئەقڵی مۆرانە لێدراوێتی.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو چارەسەری ئەمجۆرە نەخۆشانە بە دکتۆری دەروون ناس و دەواودەرمانەوە دەکرێت و بە تووندیش دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکیەوە. لە حاڵەتی بەردەوام بوونی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانەش، ناچار بە یارمەتی وەرگرتن لە هیزەکانی پۆلیسەوە، کابرای نەخۆش پەلکێشی نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشیە دەروونیەکانەوە دەکەن و ئەگەر حاڵەتەکە زۆر تووند بوو، ئەگەری بەستنەوەی بە زنجیریش لە ئارادایە.
کولتوری جنێوفرۆشی و دەمشڕی و بەزاندنی گشت سنوورێکی ئەدەبی و ئەخلاقی بۆ سووکایەتی کردن بە و لایەن یا کەسایەتیەی حەزی لێناکەی یا کێشەیەک کەتوۆتە نێوانتانەوە، لە ئەورووپا تا ڕادەیەکی بەرچاو کاڵ بۆتەوە و بەرەو نەمان ئەچێ و گەر هەشبێ زیاتر لە نێوان ئەو توێژانەوە بەربڵاوە کەوا دووچاری دەیان جۆری نەخۆشی دەروونی، ئەقڵی و بەکار هێنانی مادەی هۆشبەر و ئایدز و جۆرەکانی تری نەخۆشیە ئەقڵیەکانەوە هاتوون و دەرخەری ئەوپەڕی دواکەوتوویی و داڕمانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیە و ئەم جۆرە کەسانە بە مرۆڤی دۆڕاو لە قەڵەم ئەدرێن.
لە زمانی ئینگلیزی و دانیمارکی بەمجۆرە کەسانە دەگوترێ، دۆڕاوەکانی کۆمەڵ و ساڵانە حکومەت لە بەشە بودجەیدا، گوژمەیەکی بەرچاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە نەخۆشانە تەرخان دەکات.
بەدەر لە و بارودۆخە ناخۆش و سەخت وناهەموارەی باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشاوە ودوور لە تۆمەتبارکردنی ئەو لایەنانەی بوونەتە هۆکاری سەرەکی هاتنە کایەی ئەم دۆخە و کەڵەکە بوونی دەیان و سەدان کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سایکۆلۆژیەوە، دیاردەیەکی تریش چەند ساڵێکە وەک پەتای نەخۆشیەکی کوشندەی کۆمەڵایەتی زۆر بە زەقی دەرکەوتووەو بۆتە یەکێک لە قیزەوەنترین و دزێوترین دەرهاوێشتە بەرچاوەکانی سیاسەت و ململانێی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەم دیاردەیە لە هەندێ شوێنی جوغرافی زەقترە تا کو شوێنەکانی ترو دەکرێ بە گەڵاڵەکردنی توێژینەوەیکی تێرو تەسەل و مەیدانی و ئەکادێمی و زانستیەوە، تیشک بخرێتە سەر هۆکارەکانی دەرکەوتنی و ڕێگە چارەی گونجاوی بۆ دەست نیشان بکرێت.
گومانی تێدانیە هیچ دیاردەیەکی نەرێنی و سلبی کۆمەڵایەتی یا دزێوی سیاسی، بەدەر نیە لە هۆکارگەلێکی زاتی و بابەتیەوە. بە واتایەکی تر جۆرێک لە زەمینە و ژینگە و کۆنتێکستی شیاوو گونجاو لە پشت گەشەی ئەم جۆرە حاڵەت و دیاردانەوە هەن....جاران حاڵەت بوون، لێ مخابن ئێستاکە بوونەتە دیاردەی کوشندە و شەرمهێنەر و خەمهێنەر، لە رووبەری کۆمەڵگای کوردیدا.
ڕەگە شاراوەو هۆکارە نادیارەکانی عەقڵیەتی جنێوفرۆشی و دەمشڕی و زمان پیسی، واخەریکە دەبن بە بەڵایەکی ڕووخێنەری کەسایەتی تاکی کورد لەم ساتەوەختە ناسکەی، هەرێمی کوردستان کەوتۆتە نێو گێژاوێکی کۆتا نادیار و بێ دەرنجامی دڵخۆشکەرەوە.
کارەساتەکەش لەوەدایە تێکنۆلۆژیای زانیاری و پێشکەوتنە سەرسوور هێنەر و خێراکانی بواری ئای تی یا Information Technology ، بوونەتە پاڵنەری نشوو نوما و گەشەی کولتورێکی ناشرین، کەوا من ناوم ناوە، کولتوری دەمشڕی یا کولتوری زمانپیسی.
جا کێشەکە ئەوە نیە تەنیا خۆت ئەکەویتە بەر چەقۆو سریەی جنێوە عیار بیستو چوارەکانەوە، بەڵکو بنەماڵە و حەوت پشتیشت تۆپ باران ئەکرێ، لە کاتێکا ڕەنگە ئەوان دوورو نزیک پەیوەندیان بە تۆوە هەر نەبووبێ.
خەسڵەتەکانی تایبەت بەم کولتورە وا خەریەک ڕەگ وو ڕیشەی لە ناو جڤاکی کوردەواریدا دادەکوتێ و ناهەمواری و سەختیەکانی بەردەوامی ژیان و تەقینەوەی دۆخی جێگەی داخی هەرێم لە هەموو ڕووێکەوە، بە بێ هیچ دوو دڵیەک دەبێتە هۆکارو پاڵنەری هاتنەئارای هەلومەرجێک کەوا ڕەنگە دەرباز بوون لێی، چەندین ساڵی تر بخایەنێ و سەرمایەیەکی بەرچاوی مرۆیی و ئابوری لە پێناویدا خەرج بکرێت و دواتریش هەر نەگاتە ئەو دەرەنجامەی ئێمە خوازیاری بووین.
ئەم دۆخەی حاڵی حازر بۆتە مۆرک و سیمای جێگەی داخی جڤاکی کوردەواری و شیرازەی ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیانی خستۆتە سەر دووڕیانی داڕمان یا دەرباز بوون، خاوەنی چەند بکەرێکی داڕماوو دڕدۆنگی ئاراستەکراوە.
بکەری ئاراستە کراو، جا مێدیای بێ یا کاراکتەرە جڤاکیەکانی سەربە بزاڤە سیاسیەکان، بە بێ گوێدانە باری نالەبارو پڕ لە دڵە ڕاوکێ و بێ متمانەیی بە کۆمەڵگاو و سیاسیەکان، لە سەر جێ بە جێ کردن و بە ئەنجامگەیاندنی مەرام و ئامانجە کورت خایەنەکانی بەردەوامە.
بەردەوامە لەسەر ڕێبازی کار کاردن بۆ زیاتر لێکترازانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا...بەردەوامە لەسەر تۆمەت بەشینەوە، جنێوفرۆشی، دەمشڕی، زمان پیسی و ئاژاوە نانەوە تەنیا و تەنیا لە پێناو خۆ بە پاڵەوان کردنی تۆرە کۆمەڵایەتیە کان...بە بێ ئەوەی تەنیا بۆ ساتێکیش بیر لە ئاکامی نەخوازراوو پڕ لە مەترسی هەڵسوکەوتە نامۆکانی بکاتەوە. ئەو هەڵسوکەوتانەی نامۆن بە پانتای ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسیەوە. لەوانە دووبەرەکی نانەوە، هەوڵدان بۆ زیاتر لێکترازانی چین و توێژەکانی کۆمەڵ، ئاژاوا درووست کردن، فیتنە گێڕی و زەق کردنەوەی پەتای ماڵوێرانکەری ناوچەگەرێتی و داهێنانە قێزەوەنەکانی وەک " کۆیلە" .
ئەگەرلە سەردەمانێک کورد بە هەلسوکەوت و ئاکارە کۆمەڵ پەسەندەکانیەوە جوان بوو، ئەگەر تاکی کورد مرۆڤی ڕۆژی تەنگانە بوو...ئەگەر تاکی کورد مەردی ڕۆژانی سەخت و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران و نواندنی هەڵوێستە جوامێرانەییەکانی بوو... لێ بەداخێکی گرانەوە واخەریکە بە هەلسوکەوتە ناشرینەکانی جنێوفرۆشی و زمان پیسی و سوکایەتی کردن و هۆنینەوی قێزەوەنترین جنێونامەکانی سەردەمی پۆست داعشیزم و نکۆڵی کردنی مافەکانی ( وەک سەردەمانی پێشوو) ، بێ ئاگا یا بە ئاگا، سەرقاڵی سەلماندنی ئەو راستیەیە، جارێ زۆر زۆری ماوە شادەماری سەربەخۆیی ببڕێ و لە چنگ ئایدیا و هزرو ئەقڵیەتی بە پاشکۆ بوونی داگیرکەرانی کوردستانەوە ڕزگاری بێ و تەوقی پاشکەوتوویی و دواکەوتوویی و بن دەستیی فەرهەنگ و کولتوری بێگانە پەرەستی بپچڕێنێ و تۆزی خەسڵەتە ناشرینەکانی فەهەنگی " جنێوفرۆشی" و بێرێزی کردن" و " سووکایەتی کردن" بەرامبەر بە خوشک و براو هاوڕەگەزو هاونیشتیمانیان، لە خۆی داتەکێنێ.
دەڵێن ئاسۆ ڕوناکە، بەڵام کورد بەگشتی و بکەرە ئاراستەکراوەکانی سەربە هەندێ بزاڤی سیاسی و گۆڕەپانی تەراتێنی جنێوفرۆشی و پێدەشتەکانی تەخوین و قوتابخانەکانی دەمشڕی و سوکایەتی، بەم حاڵەیانەوە خەریکە روناکیەکانیش ئەکوژێننەوەو کانیاوەکانی سەرچاوەی مۆڕاڵ و گیانی یەکتر قەبوڵ کردنیش وشک و چاوی بینینی ڕاستیەکانیش کوێر ئەکەنەوە.