لەنێوان هێلكەو شەق وەشێنەكانی لەندەن

كاوە ڕەش
  2023-03-01     385

لەبەریتانیا بەپێی بڕگە یاسایی ژمارە ٥ لەتاوانی گشتی، چ شەق یاخود هێلكە بهاوی، هەردوكیان بەتاوان هەژمار دەكرێن و سزای یاسایی و غرامەی بەدواوەیە. 

سەرەتا دەمەوێت بەڕاشكاوی بڵێم، من لەگەڵ هیچ كردوەیەكی توندوتیژی، چ جەستەیی بێت یان دەروونی، بە بینراو و نەبیندراوە نیم و ڕەتی دەكەمەوە. تەنها دەمەوێت دوور لەیاری كردن لەسەر هەست و سۆزی شەقام، ڕیالیستیانە ڕووداوو شتەكان ببینین.

دوور كەوینەوە لەبەشێك لەو دونیایەی ئەمڕۆ، كەناویان ناوە fake news  واتا هەواڵی ساختە.

بەداخەوە لەدونیای ئێمە كوردا، نەك تەنها بەشێك لەهەواڵەكان ساختەن، بەڵكو بۆ چەند مەرام و دەست كەوتی شەخسی زۆر لەكارو چالاكیەكانیش بونەتە ساختە.

من وابیر دەكەمەوە كوردی هەرچوارپارچەی كورستان، كاتێك بەهەر هۆكارێك ڕوو لەدەرەوە دەكات و داوای مافی پەناهەندەیی دەكات، شیاوی ئەوەیە بێ هیچ بیانو بەهانەیەك، مافی پەناخوازی پێ بدرێت. چونكە میللەتێكین هێشتا خاوەن دەوڵەت قەوارەیەكی سەربەخۆو ئازاد نین. بەتایبەتیش كەبەشێكی مەینەتی و نەبوونی كیانی سەربەخۆی كوردیی، هۆكارەكەی ووڵاتانی خۆرئاواو هاوپەیمانەكانیان.

بەڵام بەداخەوە، هێشتاش بەشێك لەووڵاتان، خۆیان لەداخوازی مافی پەناهەندەیی بۆ كورد دەدزنەوەو نایەنەوێ دان بەهەڵەكانیان دابنێن و ببنە نەوایەك بۆ كوردی پەڕاگەندە.

لەكاتێكدا، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا لەگەیاندن، دەزانن ڕەوشی كورد لەووڵاتانی توركیاو ئێران و عێڕاق و سوریا، چۆنە.

لەگەڵ ئەوەش، لێرەدا ڕاستیەكی تاڵ هەیە دەمەوێ بێ شكاندنی هیچ كەسێك بیدركێنم، ئەویش ڕێكخستنی كۆمەڵێك گردبونەوەو ناڕەزای دەربڕینی فەیكە،بەناوی كەسانێك كەخۆیان لێ بۆتە سەرمەشقی دەنگی ناڕەزایی كوردانی دەرەوە.

زۆر بەداخەوەش چەند كەسانێكی زۆر كەم، كەژمارەیان لەپەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات، دێن گردبونەوەو ناڕەزای فەیك بۆ دەوڵەمەند كردنی كەیسی شكستخواردوی پەناخوازی ڕێك دەخەن و دەیانەوێ بەو هەوڵانە، جارێكی دیكە تێهەڵچونەوەو چاوخشاندنەوە بەداوكاری ڕەتكراوەیاندا بكرێت.

نەبونی مافی مانەوە، هیچ لانگی نیەو زۆربەمان ئەو قۆناغە سەخت و پڕ دڵەڕاوكێمان بەسەربردووە، بەڵام هیچ كات پەنامان نەبردۆتە بەرئەو ڕێگایانەی بچنە بواری سوكایەتی و توندتیژی زمان و جەستەو هەڕەشەكردن.

لەسەر دواین كاردانەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووش لەڕووبەڕووبونەوەی پارمانتارێكی هەرێم و كەسێكی كورد لەلەندەن، كەیەكیان هێلكەی تێگیراوەو ئەو دیان بانگەشەی ڕفاندن و ئازاردانی دەكات، لەلایەن پارلەمانتارەوكەوە، چەندین چیرۆك و هەواڵی فەیك و سوكایەتی و هەڕەشەو زمانی زبر، لەسەر ڕووپەڕی مێدیاو سۆشیال مێدیا، بینراو بیسترا.

دیاردەی هێلكە هاویشتن تایبەت نیە تەنها بەكوردو بەچەند كەسانێك كەدەڵێن چالاكوان و دەنگی ناڕازی، بەڵكو چەندین جار گەورەترین كاربەدەست و كەسانی هەرە پلەباڵای بەریتانیایە هێلكەیان تێگیراوە، بەڵام كەسی هێلكە تێگر لەشوێنی ڕووداوەكە دەستگیر كراوەو سزای یاسایی و غرامەی مادیش كراوە. 

هەربۆیە دەشێ ڕووداوەكانیش بەپێی شوێن و كات لەڕووی یاسایی سزادانیشەوە جیاواز بن.

ڕەنگە تێگرتنی هێلكەو گوتنەوەی دروشم دژی ئەو پارلەمانتارە لەبەردەم شوێنی كۆبونەوەیان لەپارلەمانی بەریتانیا، جیاواز بێت لەوەی خۆت بچیتە شوێنی پشوو و مانەوەیان لەهۆتێلێك، یان سەر شەقامێكی گشتی ڕووبەڕووی ببیتەوە.

بەهەرحاڵ ئەوە یاسا دەتوانێت زیاتر بڕیاری لەسەر بدات.

بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەبەڵگەوە ڕوونە، كەكەسێك بەهێلكە تێگرتنەوەو  وێنە تۆماركردنێ بەمۆبایلەوە، هێرش دەكاتە سەر یەكێك لەپارلەمانتارە بانگهێشت كراوەكان بۆ بەریتانیا، لەشوێنێكی گشتی

وەدوای ئەو ڕووداوەش، كەسی هێلكە وەشێن، بانگەشەی هێرشكردنە سەری دەكات لەلایەن پارلەمانتارە هێلكە تێگیراوەكەوە، بەڵام تا ئێستا بەڵگەی وێنەو ڤیدۆی هاوشێوەی خۆی بڵاو نەبۆتەوە.

وەكەسی هێلكە وەشێن، بەبڵاوكردنەوەی وێنەیەكی فەیك كەبانگەشەی هەڵاتنی پارلەمانتارەكەی دەكرد، بەپشتی لۆریەوە بۆ دەرەوەی بەریتانیا.

تەنانەت بەشێك لەمێدیا كوردییەكان، زۆر بەزووی و بێ پشتڕاستكردنەوەو بەدواداچوون، كەوتنە هەڵەی ئەو وێنە فەیكەوە، وەك دەیان هەواڵی دیكەی فەیك، بڵاویانكردوە.

ئەوەی جێی داخ و بێزارییە لێرەدا،  ئەو كەیسە تەنها بۆ لێكوڵینەوەو بەدواداچونی پۆلیس و یاسا جێ نەهێڵدراوە، بەڵكو كراوەتە هێرشی چەند بەرەیەك بۆسەر یەكتری، كەئامانج تەنها كەسێكی پارلەمانتار نیە، بەڵكو هێندەی سوكایەتی كردن بەپیشەو شێوەژیانی خەڵكەوەیە. ئەو جۆرە هێرشەی ئەمڕۆ لەناو سۆشیال مێدیاو خودی بەشێك لەڕاگەیاندنەكانی كوردستانی باشور دەبینین، وەك چەكی شكاندنی مرۆڤ. ناچێتە خانەی ڕەخنەو سەرنج و ناڕەزایەتی دژ بەكردارەكانی ئەو پارلەمانتارە، بەڵكو دەبێت ئاگاداری سنورەكانی ئازدیی ڕادەربڕین بین. 

كاتێك دەبینین چەندین كەس دێن لەبارەی باری دارایی و پلەو پێگەی كۆمەڵایەتی ئەو پارلەمانتارە دەدوێن، ئایە پێتان وایە لەساڵی٩٢ وە، كەپارلەمان دامەزراوە، دەیان كەسی هەرە پلە بەرزی سیاسی و سەربازی خوێندەوارو نەخوێندەوارو  یاخود خاوەن و بڕوانامەی پلە بەرز، لەپارلەمانی كوردستان نەبوون؟ مەگەر ئەوان چیان گۆڕیوە لەژیانی خەڵك، تا تۆ بێت كەسێكی وەك ئەو پارلەمانتارەی پێ بشكێنی گوایە عاڕەبانچیەو لوقمەقازی فرۆش بووە، پێت وابێت پارلەمان جێگای ئەو نیە، یان بڵێن، خاوەن بڕوانەمەی بەرز نیە؟ لێرەردا پێ دەچێ بەشێك لەخەڵك هەر حەزی لێبێت پلەو پۆست و پارەو گەڕان، تەنها لای خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانی بێت.

لەكاتێكدا ئەو گروپە پارلەمانتارە، بەشێوەیەكی فەرمی و دیاری كراو سەردانەكەیان ئەنجامداوە.

سودی پارلەمانی هەرێم چیەو چەند بەسەر چووە، ئەوە بابەتێكی دیكەیە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، ئەوانەی ئاگاداری بوارە جیاوەزەكانی ووڵاتی بەریتانیان و لێی ژیاون، دەبێ بڵێن; هەر لەو بەریتانیایەی هێلكەوەشێن و شەق وەشێن تێدا كەوتونەتە مل ملانێ، خودی وەزیری ناوخۆو سەرۆكی شارەوانی لەندەن و تەنانەت سەرۆك وەزیران و دەیان پارمانتار، كاتێك وەك پەناهەندە هاتونەتە ئەو ووڵاتە، خاوەنی یەك پاوەند نەبوون، وەك خۆیان دەڵێن، وەزۆربەیان خێزانەكانیان، كرێكاری و شوفێری و ئیشی تاقەت پڕوكێنیان كردووە، بەڵام هیچ كاتێك و هیچ كەسێك،ئێستا نایەت وەك چەكی سوكایەتی و توندتیژی زمان و جەستە بەرەو ڕوویان بكاتەوە.

شكاندنی مرۆڤ بەهۆی ڕەگەزیی و ئاینی و ڕەنگ و شێوەو قەبارەو باری دارایی، یاخود كارو كاسپیەكەی، لەگەڵ بناماكانی مافی مرۆڤ یەكناگرنەوە، لایەكی دیكەوە، هیچ كەس و گروپێیكش نابێت، خۆی وەك دەمڕاستی هەموو كوردانی بەریتانیاو ئەوروپا بزانێت، ئیدی لەهەر بوارێكی كارو چالاكی دابێت. 

ئێمە هەموومان هەریەكەو بەشێوازێك و لەهەر پارچەیەكی كوردستانەوە، بەهۆی چەوساندنەوەو نەبوونی كیانی سەربەخۆی كوردیی و ژیانێكی شایستەو نەبوونی ئازادی سیاسی و ئاینی و ڕەوشی كۆمەڵایەتی، لەووڵاتانی دەرەوە پەناهەندە بوین.

هەمووشمان بەشێوازێكی جیاواز، بەشدارین لەڕووبەڕوو بونەوەی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتانەی لێی هەڵهاتوین.

نابێ دونیای سۆشیال مێدیا، دامان بشۆرێ لەبەهاكانی مرۆڤ بوون و سڵ لەهێرش و زمانی زبر نەكەینەوە.

لەڕابردوودا كوردانی دەرەوە، بەناساندنی دۆزی كوردو بەسیاسەت و نوسین و هونەرو ئەدەبەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام بەداخەوە خەریكە هەموو جوانییەكانی كوردانی دەرەوە دەبێتە شەڕی لایڤی سەر سۆشیال مێدیا، لەپێناو خۆ دەرخستن و ئامانجێكی شەخسی.

 ئێمە هەموومان دژی گەندەڵیی و قۆرغكاری دەسەڵاتدارانی هەرچوارپارچەی كورستانین، خۆ ئەگەر بمانەوێ بەووڵاتی دەرەوە بڵێن دەسەڵاتدارانی كورد ستەمكارو گەندەڵ و دزو جەردەن، ئەوان ئەگەر خۆیان كوێرو كەڕ نەكەن، زۆر لەئێمە باشتر دەزانن و خۆیان سەفارەت و دەیان كۆمپانیاو چەندین دەست تێكەڵكردن و پەیوەندیان، لەگەڵ دەسەڵتدارانی ئەو ناوچەیە هەیەو ساڵانە ڕاپۆرتی لەسەر بڵاو دەكەنەوە.

بۆیە ئەگەر بمانەوێ پەیام بگەیەنێن، نابێت تەنها لەچوارچێوەیەكدا، كێشەكەمان بچوك بكەینەوەو پەیوەست بین بەمل ملانێی شەخسی چەند كەسێكەوە، بەڵكو كوردبون و كوردستانی بوون و ڕووبەڕووبونەوەی ئەوانەی بوونەتە هۆكاری ماڵ وێرانی كوردو ئاوارەبوونمان، ئەركە لەپێشینەكەمان بێت، لەهەندەران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×