ساحەی شەهید نەجم، کوردستان‌و برایەتی کلاسیکۆی کەلار لەساڵیادی کەلاردا

هەورامان نعمت
  2023-03-01     428

ساحەی شەهید نەجم سیمبولێکی وەرزشی جوانی پڕ یادگاریی کەلارییەکان بوو .

کەلار هیچ شوێنێکی گشتی تێدا نەبوو وەکو سینەما یان پارکێکی گشتی ، ئەو ساحەیە تاکە شوێنی گشتی بوو لەکەلار دوای سەنتەری بازاڕ.

ئەگەر لە بازاڕ زۆر بێزار بوویتایە باشترین و تاکە بژاردە هەر ئەوە بوو بەرەو ساحەی شەهید نەجم بکشێی.

جگە لەوەی خولی تیپە میلیەکان و قوتابخانەکان و یارییەدۆستانەکان لەوێ دەکرا ، شوێنی یەکتر بینین و ژوانی زۆربەی گەنجانی کەلاریش بوو.

لەکاتی یارییەکان هاندەران ئەڵقەیان ئەبەست لەدەوری یاریگا، کوڕ ئەو کوڕە بوو تۆزێ پێش یاریەکە لە ڕیزی پێشەوە شوێنێ بۆ خۆی بگرێت و دانیشێ.

لە پشتی هاندەرانەوە عەرەبانەی پاقلەو شێلم و گوڵەبەڕۆژەو هەمووشتێک لەوێ قەتارەیان بەستبوو.

گەرمو گوڕترین و پڕ لە ململانێترین یاری ئەو یارییە بوو کە برایەتی وکوردستان بەریەک دەکەوتن لە خولەکاندا ،ئیتر ئەوە یاری کلاسیکۆی کەلار بوو.

تاوەکو پێش نۆژەنکردنەوەی یاریگای خۆجێیەتی کەلار کە ئێستا هی یانەی شێروانەیە ، یاریەکانی هەردوو یانەی خانەقین و شێروانە لە خولی نایابی کوردستان هەر لەو ساحەیە دەکرا ، باوەڕ ناکەم یانەیەکی کوردستان هەبێت لەو ساحەیە یاری نەکردبێت ، چوارباخ ، کمال سلیم ، سلێمانی ، ئاشتی ، ئاسۆ برایەتی تورکمان ئەکاد هتد.

جاروبارێکیش لەم ساحەیە دەبوو بەشەڕ بەداخەوە جارێک لەو جارانە کوڕێک گولەی بەرکەوت و گیانی لەدەست دا ، جارێکی تر پەلاماری حەکەمەکان درا خەڵکی سلێمانی بوون وابزانم حەمەی عەبۆلیان لەگەڵ بە هەزار دەردی سەری گەینرانە ناو مزگەوتی شێخ ئیبراهیم بۆ ئەوەی دەستس خەڵکیان پێ نەگات.

بەداخەوە

دڵڕەقانە و بێ ڕەحمانەو بێ عەقڵانە و چاوچنۆکانە ئەم یاریگایە کرا بە پرۆژەی نیشتەجێبوون کە ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورە بوو ، نەفەسی لە کەلار بڕی.

لە بری ئەوە، دەبوو ئەو شوێنە بکرایە بە پرۆژەیەکی جوان پارکێک و ساحەکەش وەکوخۆی بمێنێتەوە.

دەستی چاوچنۆکی وتەماعکاری بۆیەکەمجار لەکەلار بەر ئەو شوێنە کەوت.

ئەو شوێنە بە چەن ناوچەی چڕی دانیشتوان دەورە دراوە ( سەنتەری بازاڕ، گەڕەکی بنگرد ، گەڕکی ماڵەکانی لای شێخ ئیبراهیم، کوڵەجۆیەکان، گەڕەکی شۆڕش) نەدەبوو بکرێتە ڤێلاو شوقە ، بۆشایی و هەناسەیەک بوو بۆ ئەو گەڕەکانە ئەو هەموو ناوچەی نیشتەجێبوونە پێویستی بە بڕێک سەوزی هەیە.

کێ سەرۆکی شارەوانی و قایمقام بوو لەوکاتەی کرا حەقوایە بەردبارانی بکرێت بیدرێتە دادگا.

ئەوانەی دەستیان هەبوو لە ئاسانکاری بۆ ئەو پرۆژەیە بەرپرسیاران لە تێکدانی نەخشەی کەلار ، هەڵبەتە خەڵکی کەلاریش بێ دەنگ بوون ،دەبوو لەوکاتەدا خەڵکی کەلارو وەرزشکاران ڕازی نەبوونایە.

تۆ وەکو کەلارییەک چ یادگارییەکت هەیە لەگەڵ ساحەی شەهید نەجم چ ڕوداوێک لەوێ لە بیرەوەریت ماوەتەوەو بیرت ناچێتەوە؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×