دزینی ڕاپەڕین

ئارام قادر حەمەسور
  2023-03-04     314


①ڕاپەڕین.. بەردەوامی ستەم

دوای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱/۳/٥ لە کوردستانی باشوور، بە ماوەیەکی کوورت حیزبەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانییان کرد،  هەنگوینەکەی دەسەڵات و پارە، یەکێتی و پارتی کرد بە دژی یەک. شەڕی ناوخۆ لەسەر پارە بوو نەک چەسپاندنی ئومێدەکانی ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ سوکایەتیی و سەرەتای نائومێدییەکان بوو، هەزاران گەنج بە شەڕی ناوخۆ بوونە قوربانیی و بە چرۆیی نێژران. وەک ئەفڵاتوون دەڵێت؛ کەسێک توانای حکوومڕانی خۆی نەبێت، ناتوانێت حکوومڕانی خەڵکیش بکات. هەر لە سەرەتاوە ئامانجەکانی ڕاپەڕینیان خستە ژێر پرسیا، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

هۆشی منەی ڤێتنامی دەڵێت: بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕەکان گەندەڵ بکەیت، غەرقیان بکە لە پارەدا. سەرکەوتنی ڕاپەڕین بە ماوەیەکی کوورت، کوتایی ڕاپەڕین و ئامانجەکانی بوو. وەک عەلی وەردی دەڵێت: سەرکەوتن گۆڕی شۆڕشە. واتا زۆرکات سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان کۆتایی خەون و ئومێدەکانی خەڵکە، سەرکەوتن دەبێتە گۆڕی ئامانجەکان.  دەبینین لە دونیاشدا شۆڕشە گەورەکان دوای سەرکەوتن بوونەتەوە دۆزەخ وەک پێش شۆڕش. شۆڕشی فەرەنسا 1789 دوای خۆی ڕۆپسپیری ستەمکاری دروستکرد. شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917ی ڕووسیا ستالینی بەرهەمهێنا و بە ملیۆنان کەسی کووشت. شۆڕشی کوبای گیڤارا و ڤیدڵ کاسترۆ، دواتر کاستڕۆی کردە ستەمکارێکی گەورە و تامردن کورسی دەسەڵاتی چۆڵنەکرد. دەبێت لە پاڵ هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا گومانی ستەمکارییمان هەبێت، چونکە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان زۆرکات دۆزەخیان فراوانتر کردووە.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەندان ڕاپەڕین و شۆڕشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام کەمیان توانیویانە گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی درووست بکەن. وەک عەلی شەریعەتی گوتی: گرفتی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئەم ناوچەیە ئەوە کە ستەمکار دەگۆڕن لە جیاتی ستەم. واتا ستەمکارێک دەڕوات بەڵام ستەمکاریی هەردەمێنێ. هەمیشە ستەمکاریی لە ستەمکار مەترسیدارترە، چونکە ستەمکاریی کولتوورێکی ترسناک درووست دەکات.

②ڕاپەڕین و ئەدەبیات

لە ئەدەبیاتدا بە چەندین شێوە مەترسییەکانی ستەمکاریی دوای شوڕش و ڕاپەڕینەکان نیشاندراوە.
- نوسەری بەریتانیی (جۆرج ئۆرویل) لە ساڵی 1944ڕۆمانێك دەنووسێت بەناوی (كێڵگەی ئاژەڵان)AnimalFarm. پاش ڕێگرییەكی زۆر لە ساڵی 1945 لە بەریتانیا بڵاو دەبێتەوە. ڕۆمانێكی مێژووی سیاسییە، ئەم ڕۆمانە باسی شۆڕش و دوای شۆڕش دەكات لە زمانی ئاژەڵانەوە. هەرچەندە ئەم ڕۆمانە گوزارشتە لە شۆڕشی ئۆكتۆبەری1917ی روسیا و دواتر هاتنە سەر كاری ستالین و كووشتنی ملیۆنان كەس بە ناوی شۆڕشەوە.
 بەڵام ئەم ڕۆمانە وێنادەكرێت بۆ گشت شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی دونیا، لە كێڵگەی ئاژەڵاندا چەندان ئاژەڵی وەك  (بەراز و مەڕ و بزن و كەر و ئەسپ و ماین و مریشك و قەلە ڕەش) دەژین، بەرازیك خەون بە شۆڕش و ڕزگاربوون لە دەستی مرۆڤ دەبینێت و دواتر بۆ بەرازەکانی دەگێڕێتەوە و دەمرێت. دواتر ئەو خەونە دێتەدی و ئاژەڵەكان شۆڕش دژی خاوەنی كێڵگەكە دەكەن كە مرۆڤە و دەستبەسەر كێڵگەكەدا دەگرن. دوو لە بەرازەكان ڕابەرایەتی شۆڕشەكە دەكەن، بە ڕۆیشتنی ڕۆژگار هەنگوینی دەسەڵات بەرازەكان بەرەو فەرمانڕەوایی و ستەمكاریی و گەندەڵیی دەبات،  بە ناوی خیانەتەوە دوو بەرازەكە یەكتر تۆمەتبار دەكەن و دواتر بەرازێكیان لە كێڵگەکە دەردەكرێت و تاكە بەرازێك ڕابەرایەتی كێڵگەكە دەكات و دەبێتە ستەمکار. ئەمەش هەرچی حەرامە حەڵاڵی دەكات بە تەنیا بۆ بەرازەكان، بەرازەكان بنەماكانی شۆڕش پشتگوێ دەخەن. ئاژەڵەكانی تریش بێئیرادەن و تامردن دەبنە كۆیلەی بەرازەكان و خۆزگە بە سەردەمی پێش شۆڕش دەخوازن. 

ئۆرویڵ نیشانمان دەدات گوڕینی دەموچاوەکان گرنگ نییە و نابێت بە ماسکەکان بڕوا بکەین، بەڵکو هەمیشە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان پێویستیان بە گوومانە.

-- نیکۆلای گۆگۆل ڕۆماننووسی ڕووسی، ساڵی 1842 چیرۆکێکی نووسیوە بە ناوی (پاڵتۆ)TheOvercoat.
ئەم چیرۆکە کاردانەوەی زۆری هەبووە تا ئێستاش، بۆیە دۆستۆیفسکی دەڵێت؛ هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتوینەتە دەرەوە. (ئەکاکی) پاڵەوانی چیرۆکەکەیە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکی حکوومی فەرمانبەرە، ئەکاکی خاوەنی پاڵتۆیەکی کۆن و شڕە و ناتوانێت بیگۆڕێت، لە سەر ئەم پاڵتۆ شڕەی دەبێتە گاڵتەجاڕیی هاوڕێکانی. لە ژێر ئەم گاڵتەجاڕییەدا ئەکاکی ئەم پاڵتۆیە دەگۆڕێت و پاڵتۆیەکی نوێ بەدرووستکردن دەدات لە کاتێکدا ئەکاکی زۆر هەژارە. ئەکاکی پاڵتۆ تازەکە دەپۆشێت و ماوەیەک هەست بەئارامی دەکات، بەڵام شەوێک چەند کەسێک ڕێگە لە ئەکاکی دەگرن و پاڵتۆکەی لێدەسەنن، ئەمەش خەمێکی قووڵ بۆ ئەکاکی درووست دەکات، دواتر کاربەدەستان بە ساردی وەڵامی داواکەی دەدەنە بۆ دۆزینەوەی پاڵتۆکەی، لە کۆتاییدا ئەکاکی بەم خەمەوە دەمرێت.

ئەم چیرۆکەی گۆگۆل ڕیالیزم و ڕەخنەگرانەیە و بەکۆمەڵگە دەڵێت؛ بە ڕووکەشەکان نەخەڵەتێن. لێرەدا پاڵتۆ هیمایە بۆ دەسەڵاتی سیاسیی و کاتێک پاڵتۆکە کۆن و شڕ بووە ئەوا دەسەڵات بێکەڵک بووە، دواتر لە ڕێگەی شۆڕش و ڕاپەڕینەوە ئەم پاڵتۆیە کە وێنای دەسەڵاتە  دەگۆڕێت بۆ پاڵتۆیەکی تازەتر بەڵام لە پاڵتۆ شڕەکە خراپتر دەبێت و دەبێتە کارەسات. گۆگۆل نیشانمان دەدات کە گوومان درووستبکەین بۆ گۆڕانکارییەکان، مەرج نییە گۆڕانکارییەکان لە دۆزەحەوە بمانبەن بۆ بەهەشت، زۆرکات شۆڕشەکان دۆزەخ گەرمتر دەکەن.

دوای سی و دوو ساڵ  لە ڕاپەڕین، ئەوەی دەیبینین حکوومڕانییەکی خراپە. دەسەڵاتدارییە نەک دەوڵەتداریی، تا ئێستاش دوو حیزبی دەسەڵات، دوو حکومڕانی جیاوازن. ئومێدەکان هێشتا  یۆتۆپیان و نەتوانراوە کۆمەڵگە خۆشبەخت بکرێت، هێشتا کۆمەڵگە بە دەست نەبوونی بنەما سەرەتاییەکانی ژیان دەناڵێنێت، هێشتا خەڵک کێشەی مووچە و ژیان و برسییەتی و نادادیی و سووتەمەنی هەیە. وەک جۆن لۆک گوتی: هەر دەسەڵاتێک کۆمەڵگەکەی برسی بکات ستەمکارە. ئێمە بە ڕاپەڕین ستەمکارمان گۆڕیوە، بەڵام ستەم بەردەوامە. ڕاپەڕین وەک پاڵتۆکەی گۆگۆڵ و مەزرای ئاژەڵانی ئۆڕوێڵ ترسناک بوو. ڕاپەڕین، لە ماشێنی ستەمکارێکی بێگانەوە بۆ ماشێنەکانی ستەمکاری ناوخۆیی بردین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×