ئایا «ئەندازیاری ڕاپەڕین»، یاخود «نەخشەسازی ڕاپەڕین»، کێ بو!؟

شه‌ریف عەلی
  2023-03-07     2515

بەوردی سەرقاڵی تێزی دکتۆراکەمم. بەڵام ھەندێک دۆست بەردەوام پرسیاری جۆراوجۆر دەکەن. یەکێک لەو پرسیارانە کە چەند ھاوڕێیەک ئاڕاستەیان کردوم: ناونیشانی ئەم بابەتەیە.

 

بەڕێزان، من سێ ساڵ پێش ئێستا لە بابەتێکی تایبەت دا، لە ڕێی چەندین بەڵگەنامەوە، وەڵامی ئەو پرسیارەم داوەتەوە.

 

ئەگەر زانستییانە بیخەینەڕو، ئەندازیار «نەخشەسازی ڕاپەڕین» بریتی بوە لە: «ئیتلاعاتی سوپای پاسداران».

 

ئیتلاعاتی سوپای پاسداران نەخشەیەکیان داڕێژاوە بۆ دامەزراندنی «کۆماری ئیسلامیی عێراق» لە عێراق دا، کە ھاوشێوەی کۆمارەکەی ئێرانی خومەینیی بێت و، بشبێتە لقێک لە کۆمارەکەی خومەینیی.

 

بۆ ئەو ئامانجە، بەشی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران «کە لقێکی جیایە لە خودی دەزگای ئیتلاعات خۆی»، ھەستان سەرکردەکانی گروپە عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان بە پێی نەخشەکەیان ڕێکخست.

 گروپەکانی سوپای پاسداران سەرەڕای حیزبی دەعوە، بە پێی ڕێکەوتنێک کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦ كە لە نێوان مام جەلال-نەوشیروان و سوپای پاسداران، ئیمزا کراوە، یەکێتییش بوەتە بەشێك لە سوپای پاسداران و، پێکەوە چەندین چالاکیان تا ساڵی ١٩٩١ ئەنجام داوە، وەک ھێرش بۆ سەر ھەڵەبجە، سلێمانیی، بیرە نەوتەکانی کەرکوک و ھتد.

 

نەخشەکەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ ڕۆژی یەکی سێ، ڕێکدەخرێت. بەڵام یەکێتیی ناتوانێت وەک حیزبی دەعوە لە کاتی خۆی دا ئامادە بێت، چونکە گروپە کوردییەکان، پێکەوە ناکۆک دەبن و لەگەڵ یەک ھەڵناکەن!

 

حیزبی دەعوە لە کاتی خۆیدا ڕاپەڕین لە شارەکانی باشوری عێراق ڕێکدەخات و شکست دەھێنێت. چونکە بەڵگەنامەکانی سی-ئای-ئەی دەیسەلمێنن کە ئەمریکا-بەریتانیا گوێیان بە سەددام نەداوە لە دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی شیعەکانی باشور. چونکە ئەمریکا-بەریتانیا لەگەڵ ئەوە نەبون کە کۆمارێکی ھاوشێوەی کۆمارەکەی ئێران، لە عێراق، بێتەکایەوە.

 

دامرکاندنەوە و داپڵۆسینی ڕاپەڕینی باشوری عێراق وادەکات کە ئێران زۆر لە گروپە کوردییەکان توڕە ببێت. چونکە لە کاتی خۆیدا بە پرۆژەکەی ئێران ھەڵنەساون! بەڵام سەرکردەکانی یەکێتیی بیانوی ئەوە دێننەوە کە تەنیا بە ئەوان ڕاپەڕین بەکردەیی ناکرێت. بەڵکو پێویستە ئێران ھەمو گروپە کوردییەکان بۆ ئەو کارە ڕێک بخات. ئەمە وا دەکات ڕاپەڕین لە باشوری کوردستان چەند ڕۆژێک دوا بکەوێت، لە ڕاپەڕینی باشوری عێراق.

 

کاتێک ڕاپەڕینی باشوری کوردستان و، دواتر کۆڕەویش ڕودەدات. ئەمریکا و بەریتانیا دێنەسەر ئەو باوەڕەی کە دەتوانن پرۆژەکەی ئێران کە دامەزراندنی «جمھوری ئیسلامیی عێراق» بو لە عێراق دا، ھەڵبگێڕنەوە، بەوەی: سەددام بمێنێتەوە بۆ حوکمی باشور و ناوەڕاستی عێراق، کوردیش بکەنە حوکمڕانی باکوری عێراق «باشوری کوردستان».

 

 ھەرچەندە، لەوکاتەدا تورکیای ھاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا-بەریتانیا لەگەل ئەم ئەجێندایەی ئەمریکا-بەریتانیا نابێت. بەلام ئەمریکا-بەریتانیا پرۆژەکەی خۆیان جێ بە جێ دەکەن، کە وەک دەلاقەیەک جێ پێی خۆیان لە نێوان ھەردو ڕژێمی ئێران و سەددام، بکەنەوە بۆ پرۆژە دورمەوداکەیان، کە ئامانجەی دورمەودایان سەرەتا ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەددام و، دواتریش ڕژێمەکەی ئێران دەبێت.

 

بۆیە، ئەگەر ھەستوسۆز وەلا بنرێت، بێگومان لە ڕوی زانستییەوە «ئایدیای ڕاپەڕین» ھی ھەر لایەنێک بێت، ئەوا ئەو لایەنە دەبێتە «ئەندازیار: نەخشەسازی ڕاپەڕین». 

 

ئایدیای ڕاپەڕین ھی بەشی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بوە. بۆیە ئێران «ئەندازیاری ڕاپەڕین» بوە، نەک مام جەلال، یان مەسعود، یاخود نەوشیروان. 

یەکێتیی، پارتیی، حسک، شیوعیی و حەرەکە: تەنیا جێ بەجێکاری فەرمانەکە بون. 

 

تەنانەت بەڵگەنامەکان دەیسەلمێنن کە لە ھەر کۆبونەوەیەکی باڵای گروپە کوردییەکانیش دا فەرماندەی سوپای پاسداران ھەبوەو، مەسەلەکەی پیشان داون و، ئەرک و ڕۆڵەکانی بۆ دیاری کردون! ئەوەش نەک لە پێناو بەرژەوەندی کورد، بەڵکو وەک ئاماژەمان پێ دا: ئێران ئامانجێکی تری تایبەت بە خۆی ھەبوە!

 

من مەبەستم ھەڵسەنگاندنی زانستییانەیە، نەک ڕاپۆرتی پڕۆفیسۆرە قبوڵخاسەکانی گروپە کوردییەکان. چونە کێ خاوەنی ھەر «ئایدیا» یەک بێت، لە ڕوی زانستییەوە ئەو کەسە دەبێتە ئەندازیاری مەسەلەکە. واتە لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی خۆراوا: «ئایدیا» چەقی گرنگی پێدانە!

 

ئەوە وەلامی من بو بۆ پرسیاری ئەو چەند ھاوڕێ بەڕێزە. گەر ڕۆژگارێکیش لە ناو کورددا، زانکۆکان دەسەڵاتی زانستییان پێ بەخشراو، ئەکادیمیست بە لێوەشاوەیی خۆی پێ بگات. ئەوکات بە تەواوی دەسەلمێت کە وەڵامەکەی من زانستیی بوە.

 

گەر مەجالم ھەبێت، لە ھەفتەی داھاتودا، بۆ یەکەمجار چەند بەڵگەنامەیەکی «زۆر نھێنیی» تیمی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی کە ھی بەرواری ٢٠ تا ٢٥ ی ٣ ی ١٩٨٨ ە، لەسەر کیمیابارانی ھەڵەبجە بڵاودەکەمەوە.

 

ھەرچەندە یەکێتیی وەک بکوژو ھەمەکارەی زۆنی خۆی، بە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ قبوڵخاسەکانی سەرف کرد، بەڵام تا ئێستاش بە پارتیی و گروپەکانی تریشەوە، نەیانزانی چەند جۆر چەکی کیمیاوی لە ھەڵەبجە بەکارھاتوەو، کێش بەکاری ھێناوە!

 

بە پشت بەستن بە چەند بەڵگەنامەیەکی «زۆر نھێنیی»، وەک یەکەم نوسەر لە ئاستی جیھان دا، بۆ یەکەمجار دەیسەلمێنم کە سێ جۆر چەکی کیمیاوی دژی خەڵکی ھەڵەبجە بەکارھێنراوە. 

دوو جۆریان لەلایەن عێراقەوە بوەو، جۆرێکیشیان لەلایەن ئێرانەوە بوە.

 

ئێران فەرمانی کردوە بە «پاسداران-حیزبی دەعوەو یەکێتیی» کە نەھێڵن خەڵکی شارەکە بڕواتە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئێران خۆی بەنھێنیی جۆرە چەکە کیمیاوییەکە کە دژی خەڵکی ھەڵەبجە بەکاری ھێناوە، قوربانیانی خەڵکەکە زیاتر بکات و، لە ئاستی نێودەوڵەتیی دا بەسەر ڕژێمەکەی سەددام دا بیشکێنێتەوە. تەنانەت بەڵگەنامەکان ئاماژەش بەوە دەدەن کە ھێزەکانی پاسداران و دەعوە قیناع و دەرزی دژە کیمیاوییان بۆ خۆیان پێ بوە! واتە ئێران مەسەلەکەی زۆر بە پلانێکی تۆکمە ئەنجام داوە!

 

بەڵام تیمی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی، بە پشت بەستن بەو کاربەدەستە باڵایانەی کە لە ناو ڕژێمی ئێران کاریان بۆ ئەمریکا کردوە. زانیارییان دەستکەوتوە کە ئێرانیش بەنھێنیی یەک جۆر چەکی کیمیاوی دژی خەڵکی ھەڵەبجە بەکارھێناوە. بەڵام بە ئاشکرا خۆی وەک فریادڕەسی خەڵکەکە نیشان داوە.

 

بە پێی بەڵگەنامە زۆر نھێنییەکانی تیمی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی، ژمارەی قوربانیانی خەڵکی ھەڵەبجە دوو ھەزار و شەش سەد و پەنجا کەس بوە. ھەروەھا، ژمارەی کوژراوەکانی بەرەی پاسدارانیش «پاسداران-دەعوەو یەکێتیی» دوو ھەزار و سێ سەد و پەنجا کەس بوە. 

 

واتە: شەھیدانی خەڵکی ھەڵەبجە پێنج ھەزار کەس نەبون.

 

چاوەڕوان بن، ئینشائەڵا، ھەفتەی داھاتو لە مەجالێکدا بە وردی پوختەی ئەو چەند بەڵگەنامە «زۆر نھێنی»یەی تیمی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی وەردەگێڕم، کە بە وردی ھەم باسی دوو جۆرە چەکە کیمیاوییەکەی عێراقی تێدایەو، ھەمیش چۆنیەتی بەکارھێنانی جۆرە چەکە کیمیاوییەکەی ئێران و کاریگەرییەکانیشی تێدایە دژی خەڵکی ھەڵەبجە، لەگەڵیشی دا کۆپی بەڵگەنامەکان لە «ئاوێنە» بڵاودەکەمەوە.

 

کەیسی ھەڵەبجە کە من خۆم منداڵێكی سێ ساڵان بوم بەسەر پشتی دایکمەوە لەو کارەساتەدا، تراژیترینە. تا ئێستا ھیچ توێژەر و سەرکردەیەک زۆر زانیاری ھەیە لە بارەیەوە نایزانێت. بەڵام لەبەر ئەوەی ھەردو پڕۆفیسۆری سەرپەرشتیاری دکتۆراکەم بەسەریان فەرز کردم کە ھەم ئەرشیفی بەڵگەنامە نھێنییەکانی بەریتانیاو، ھەمیش ھی سی-ئای-ئەییش دەبێت بۆ تێزەکەم بەچڕی بەکاربێنم. منیش وەک دەورانی ماستەرەکەم لە زانکۆی لەندەن، ئەو دەرفەتەم قۆستەوەو، بەدەر لە «بابەت و ناونیشانی تێزی دکتۆراکەم»، ھەستام ھەزاران بەڵگەنامەی زۆر نھێنیی ترم لەسەر کورد و کارەساتەکانی کۆکردەوە.

 

شەریف عەلی، خوێندکاری دکتۆرایە لەدبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×