قەت هێندەی ئێستا نیگەران نەبووم، هێندەی ئێستاش دەستم لەسەر دڵم نەبووە کە خوا نەکات بەهۆی دروستکردنی قەیرانی سیاسی و ئەخلاقی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی هەقیقی و ڕوودانی هەندێک لایەن کارەساتێکی دیکە تووشی میللەتی دڵسۆز و بەشخوراوی کوردستان بکەن. پێویستە میللەتی کورد لەبەر خۆڕاگری و دڵسۆزیی بۆ دۆز و مافەکانی مەدەنییەکانی خەڵاتی نۆبلی (دڵسۆزیی) پێ ببەخشرێت. دەزانن بۆ؟ چونکە تاکە میللەتە بێ موچە مل بۆ هیچ هەڕەشە و ئاڵۆزیی و فشارێکی دەرەکی و مانۆرە سیاسیی و ململانێ حزبییە ناوەخۆییەکانی نەدات. ئەم کوردە لەهەندێک لە حزبەکانی خۆڕاگرترە و بێ خزمەتگوزاریی مرۆیی و سەرەتاییەکان مل بۆ داگیرکەر و هەتا خودی هەندێک لە حزبە کوردییەکانیش نەدات و بەردەوام بێت لەمانەوە و هەنگاو بۆ دواڕۆژێکی باشتر.
من دڵنیام ئەو دۆخی مووچە و هەڵکشان و داکشانە ئابووری و ناعەدالەتی لە دەستخستنی داهات و دابەشکردنی لەهەر کوێیەکی دونیا بووایە، نەک حکوومەتێک، بەڵکو جەندان حکوومەتیشیان ئاڵگۆڕ دەکرد. کەچی لە پایتەخت و دەڤەری دهۆک و بەشێکی پارێزگای سلێمانی هاووڵاتیان ئامادە نین نە هەنگاوی بەکردەوە، بەڵکو قسەی رەقیش دژی حکوومەت نەکەن. من لە دەستەبژێرێکی ڕۆشنبیر، یان سیاسی هەمیشە هەواڵ و زانیاریی خراپم بەدەست دەگات، نیشانی دەدەن کە خەڵک زۆر بێزارە، لەهەمان کاتدا ئاماژە بەو هەڵومەرجە ئابووریەش دەکەن، کە خەڵک هێشتا دەستی بەزۆر زێدە مەسروف و بەفێڕۆ دان نەگرۆتەوە.
لەدوای سەدان ساڵ بۆ یەکەم جارە وەزیریی دەوڵەتێکی مەزنی وەکو ئەمەریکا بێتە هەولێر مەبەستم تەنیا سەردانەکە نییە، بەڵێ گەیشتە (هەولێر) و بە زمانی خۆی و لەبەردەم ڕاگەیاندن و بەبەرچاوی هەموو دونیا داوا لەلایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات” یەکبگرن و هێزی پێشمەرگە یەکبخەن". ئەو بەزاتی خۆی وسا ئاخاڤت و گۆتە هەمووان ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن.
(لۆید ئۆستن)ی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە ٧ی ئازاریی ٢٠٢٣ لە هەولێر لەتەک کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵات و سەرۆک بارزانی گوتی: "پێویستە سەرکردەکانی کورد ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکبگرن و بۆ بونیادنانی هەرێمێکی سەلامەت و خۆشگوزەرانی کوردستانی عێراق". ئەو لە دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم (نێچیریڤان بارزانی) و دواتریش کۆبوونەوەی لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) قسەی لەسەر بەردەوامی و پێویستی (پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە کرد). (ئەلینا ڕۆمانۆسکی) باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا گوتیەتی: " لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆبۆوە و ئەمەریکا پابەندە بە پاڵپشتیکردنی هەولەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و نوێکردنەوەیان بە مەبەستی دڵنیابوون لەتێکشکاندنی یەکجارەکی داعش".
ئەمە گوتاری ئێستای ئەمەریکایە. دەمێکە ئەمەریکا و ئەوروپاییەکان بەجدی داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن وریا بن و یەکبگرن و چاکسازیی بکەن و هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەن و ڕێکخستنەوەیەکی سەردەمیانەی تێدا بکەن. ئەوان ئامادەن و درێژە بەهاوکارییەکانی خۆیان بۆ هەرێم و پێشمەرگە بدەن. لەهەموو سەرچاوە مێژووییەکاندا گوتاری کوردی بریتیی بووە لەگلەیی و ناڕازیبوون لەهەڵوێستی سارد و سڕ و پشتگوێخستن و دووڕوویی و وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانی کورد لەلایەن زلهێزەکانی دونیا. کەچی ئەڤڕۆ ئێمە هەڵوێست و داواکارییەکی پێچەوانە دەبینین. ئەوەتە بەئاشکرا ئەمەریکا داواکاری بۆ کورد و لەپێناو کورد هەیە. دەپرسم ئەگەر لە شۆڕشی ئەیلول وەزیرێکی وڵاتە زلهێزەکان بهاتبایە ناوپردان دەسەڵاتێک و دەوڵەتێکی چۆنمان دەبوو؟ ئەگەر لەسەردەمی کۆماری کوردستان بەرپرسێکی باڵای سۆڤیەت، یان بەریتانیا و ئەلمانیا و ئەمەریکا نانێکیان لەگەڵ پێشەوا لە مەهاباد بخواربایە کوردستان ئێستا پێگە و بوون و هەبوونی چۆن دەبوو؟
ئەگەر لەجیاتی فڕۆکە و بەکارهێنانی سوپا دژی حکوومەت و دەسەڵاتی شێخ مەحمود ئینگلیزەکان نەفرەتیان لە کورد نەکردبایە و لینین وەڵامی نامەکەی شێخی بدابایەوە کوردستان ئێستا لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن دەبوو؟ ئەگەر بەریتانیا و وڵاتەکانی دیکە وەڵامی نامەی شێخ ئەحمەدی بارزانیان بدابایەوە، کورد ئێستە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی چۆن دەبوون؟. گوتاری گلەیی و پاساوهێنانە بۆ فەشەل و نسکۆی سیاسی و سەربازی کورد هەمیشە دەبەستینەوە بە دڕندەیی داگیرکەران و خیانەتی بێگانە و خراپی هەلومەرجی نێودەوڵەتی! ئەی ئێستا دەبێت ئەم گوتارە چۆن و بەچ شێوازێک شی بکاتەوە.
هەندێک لایەن ئەم داوایە بەجددی وەرناگرن و جۆرێک لەئیهمالی و خۆدزینەوە لەهەڵسوکەوتیان بەدی دەکرێت، یان لەژێر فشاری دەرەکی و هێزە ناحەزەکانی کوردستان نایانەوێت پێشمەرگە لەچوارچێوەی هێزێکی پێشکەوتووی یەکگرتووی دامەزارەوەیی رێکبخرێتەوە. نایانەوێت گوتاری سیاسی کوردستان یەکگرتوو بێت و هەڵوێستی سیاسی یەکگرتوو دروست بکەن.
پێش چەند مانگێک وەزیری پێشمەرگەی (شۆڕش ئیسماعیل کە ئەندامی یەکێتی نیشتیمانییە) وەکو وەفدی فەرمی سەردانی ئەمەریکای کرد، دوای گەڕانەوەی وەفدەکە بەماوەیەکی کورت لەلایەن یەکێتی لەکارەکەی لادرا و (ڕێباز بێرکۆتی)یان لەشوێن دانا و هێشتا ئەویش سوێندی یاسایی نەخواردووە، کەچی لە پێشوازی وەفدی ئەمەریکی بەشدار بووە. ئەمە پەیامێکە هەزار لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. ئەمە گوتارێکە سەدان شیکردنەوەی بۆ دەکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەکردەوە دەستی بەڕێکخستنەوەی پیشمەرگە لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە و چۆنیەتی ڕێکخستنەوەی کارەکانی ئەم وەزارتەی کردووە، یەکێتی هێشتا لەقۆناغی بیرکردنەوەدایە. ئایا ئەم لایەنانەی تا دوێنێ و لە هەڵبژاردنەکان دروشمی (یەکخستنی پێشمەرگەیان) هەبوو، بۆچی لەبەرانبەر ئەم دۆخە کارتە سیاسییەکان بەئاراستەی پیادەکردنی داواکەی ئەمەریکا بەکار ناهێنن هەم بە دەنگدەرەکانیان بێژن ئێمە پابەندی دروشمەکانی خۆمانین و هەمیش ئەو لایەن و گروپانە ڕووبەرووی بەرپرسیاریەتی مێژوویی بکەنەوە، کە نایانەوێت بەکردەوە پێشمەرگە یەکبخەن.
هەقە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم داوا و فشارەی ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی دۆستی ئەوروپایی جدیتر لە جدی وەربگرێت و چی دیکە بەهۆی ڕکابەری حزبی ئەم پرۆسەیە دوا نەخات، کە ئێمە هەموومان دەزانن ئەم پرۆسەیە بۆ دواڕۆژی کوردستان چەندە گرنگ و پێویستە و بەکردەوە هەنگاو و خواستێکی نیشتیمانی ستراتیژییە. هەقە دەسەڵاتداران و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێنج دەقەش بێت ئەم پرۆسەیە دوا نەخەن. هەر لایەنێک کار بۆ پەکخستن و دواخستنی یەکخستنەوەی پیشمەرگە بکات، بخرێتە بەر نەفرەتی سزای دەنگدان و ئەخلاقی بەرپرسیاریەتی و لێپێچینەوەیی سیاسی. پێویستە ئەو لایەنانەی لەبەر هەر هۆکارێک خەمساردن لەپرۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن، چونکە مێژوو چی دیکە بەزەیی بەکەس نایەتەوە. پێنج دەقە هەنووکە زۆرە و چاوەڕوانی پتر زۆر لەئامانجە گرنگانە لەدەست دەدات، کە دۆزێکی گرنگی ستراتیژییە.
ئەمەریکا ڕاشکاوانە وەکو دەوڵەتێکی نافەرمی دیفاکتۆ هەڵسوکەت لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەتەک داواکانی، گوتارێکی ئاشکرای فشار ئامێزیشی لەسەر هەرێم بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە بەگڕ خستووە. ئەو گوتارەکەیان وەکو هەڕەشە بەکارنەهێناوە، بەڵام ئەوان پەرۆشن بۆ (یەکبوونی هەڵوێست و گوتاری سیاسی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان) و (ڕێکخستنەوەی مۆدێرنانەی هێزەکانی پێشمەرگە).
بیری لێ بکەنەوە، تەنیا بۆ پێنج دەقە بیری لێ بکەنەوە، ئەم وڵاتە مەزنە خاوەن ئیرادە و بەهێز و کاریگەرە، بەزاری خۆی بەکورد بڵێت (تکاتان لێ دەکەین سەرکردەکان کار بۆ یەکگرتن و چارەسەری کێشە ناوەخۆییەکانتان بکەن) و (تکایە پێشمەرگە یەکخەن و ڕێکبخەنەوە و ئێمە بەردەوام دەبین لەهاوکاریی و پاڵپشتیتان) ئەگەر نا. کەچی کوردە فەندەی، یان هەندێک لایەنە قرچۆکەکانی (یەکگوتاری) بەئاشکرا و پێچەوانەی تەوژم بیانەوێت پرۆسەکە دوا بخەن و وا بکەن هەنگاوەکان بچەقێت و کێشەی تێ بکەوێت، دەبێت چاوەڕوانی چ نەفرەتێکی سیاسی بن.
کورد سەد ساڵە وەکو پرۆسەیەکی سیاسی دەیەوێت بۆ گەیاندنی دەنگ و خواستەکانی بگاتە پرسگەی هەندێک وڵاتی مەزنی دونیا، کەچی ئێستا ئەم وڵاتە مەزنانە خۆیان لەنێو کوردستان و بەئاشکرا و لەبەردەم ڕای گشتی و بێ گەڕانەوە بۆ هێزە ناوەندییەکانی دەوڵەت و خودی دەوڵەت و حکوومەتەکانی ناوچەکە بە کورد دەڵێن (یەکبگرن) و (پێشمەرگە ڕێکبخەنەوە). کەچی لایەنە سیاسی و حزبییەکان خۆیان بخەنە سەر گازەرەی پشت و بەهەموو دەنگ و ئاوازێکی ناسازەوە (لێ لێ لێ ... لێ بڵێن).
پیاوی چاک بن و لەبیری مەکەن با چی دیکە بەر غەزەبی مێژوو نەکەوین، ئەگەر لە ئایندەدا گلەیی لەوە بکەین دەوڵەتە زلهێزەکان پشتیان لە کوردستان کرد، کوردستانیان پشتگوێ خست و ئێمەیان فرۆشتەوە!... ئەمڕۆ هەموو کەسێک بەهەموو هەستەکانییەوە دەبینێت و دەبێژێت نەخێر ئەوەی دەگوزەرێت هەندێک حزبی سیاسی کوردیی لاملیان کرد و نەیانهێشت کورد ببێتە هیچ!!.
داوا دەکەم حکوومەتی هەرێم بۆ پێنج دەقەش چییە، ئەم مەسەلەیە دوا نەخات و بە قسەی ئەمەریکا و دۆستە ئەوروپاییەکان بکات (یەکبگرن) و (پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە دوا نەخرێت). ئەمەریکا بەشێوەیەکی شەفاف و ئاشکرا و بەزەقی و هەندێک توندیشەوە داواتان لێ دەکات، ئێوەش هەنگاو بنێن و ئەوەی نایەوێت کوردستان خاوەنی (یەک گوتار) و (یەک هێزی پێشمەرگەی مۆدیرنی پڕ چەکی نوێ بێت) بە ئاشکرا و ڕاشکاویی بە خەڵک بڵێن، بۆچی و چۆن و لەبەرچی ئەو لایەنە، یان هەر لایەنێک ملی هەورازە خەتی گرتووە و نایێتە ڕایێ.!