بەهەشتێکی خۆڵەمێشی

سامانـی وەستا بەکر
  2023-03-12     297

ڕەنگە بەشێکی زۆر لەخوێنەر، بەخوێننەوەی ناونیشانەکە خەیاڵی بۆ بابەتێکی ئاینی یان کێشەیەکی خێزانی یان وڵاتیكی دیکتاتۆر....هتد بچێ، کەمن یان دەگمەنن ئەوانەی بەخوێنەوەی ئەم ناونیشانە خەیاڵیان بۆ دیموکراتیترین و پێشژکەوتووترینی وڵاتانی جیهان بچێ.

ئەم وتارە ڕوو لەو گەنج و خێزان و هاونیشتمانیانەیە کە بە خەون و بەخەیاڵی ژیانێکی شایستەترەوە زێد، خاک، خێزان،  هاوڕێ، هاوبیر، هاوزمان، یاد و یادگارییەکانیان بەجێئەهێڵن، ڕوو لە خاکێک کە خاکی خۆی نییە، ڕوو لە کلتورێک کە هینی ئەو نییە، ڕوو لە زمانێک کە هی دایکی نییە، ڕوو لە خەڵکێک کە هاووڵاتی ئەو نییە، ڕوو لە ژیانێک کە ئازارشکێنی ژانی ئەو نییە، ڕوو لە خەونێک کە لەوێ نییە.

تێبینی// ناوەرۆکی ئەم بابەتە ئەوە ناگەیەنێ کە ولاتانی جیهانی سێیەم و دیکتاتۆر و ڕۆژهەڵاتی بەهەشتی سپی و پڕ تام چێژ و شوێنی خوشگوزەرانییە بۆ مرۆڤ بەگشتی یان لایەنی کەم بۆ هاوڵاتیانی خودی وڵاتەکان، نەخێر... ئەگەر لەو وڵاتانەیا ڕێز لە مرۆڤ بوون، لە ئازادی و یەکسانی بگیرایە، لایەنی کەمی دیموکراسی وەک واتا ڕاستەقینەکی خۆی جێبەجێبکرایە ئەوا نوسینی بابەتێکی لەم جۆرە بوونی نەئەبوو، یان بەواتایەکیتر خەڵکانێک نەئەبوون لە باشترین سیستمی بەڕیوەبردن و ترۆپکی دیموکراتیا هەست بەنامۆ بوون و جیاکاریبکەن. بەکورتی ناوەرۆکی ئەم بابەتە تەنها و تەنها هەڵدانەوە و خستەڕووی لایەنی شاراوەو باسنەکراوی ناو بەهەشتەکەی ڕۆژئاوایە، لایەنە جوانەکان دیارن و پێویست بە باسکردن ناکات.

بەهەشتێک پڕ لەڕەنگ و بێ تام و بۆن:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، کۆی ڕەنگەکان جوان دەرەکەون و ڕێزیان لێئەگیرێ تەنها ڕەنگی پێستی مرۆڤ نەبێ.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، ماف هیە، ئەرک هیە، دەنگ هەیە، ڕەنگ هەیە، بوون هەیە، بەڵام تۆ نیت.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، نان هەیە، ئاو هەیە، سامان هەیە، ناسنامە و وڵاتینامەت هەیە، بەڵام پێناسەت نییە.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، ئازادی دەربڕین، نوسین، خۆپیشانان، ڕەخنەگرتن هەیە بەڵام بوونت نیە.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پاکی، بێگەردی، ملکەچی یاساکانی، ڕێز لە کتور و نەریتەکان ئەگری و بێ تاوانی کەچی بەگشتی و وەک خەڵکانی بێگانە هەرتاوانباری، یان هەوڵ ئەیرێ زۆرێک لە هەڵە و تاوانەکان بەملی بێگانەکانا هەڵبواسرێ، بۆ نمونە لە ئێستایا لە وڵاتێکی وەک سوید ڕێژەی کوشتن و شەڕی گرووپە مافیاکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە ، لە مێدیای ئەو وڵاتەیا هەوڵێک هەیە کە کە ئەم تاوانانە بە باڵای خەڵکی بێگانەیا دادورن ئەمە لەکاتێکا کلتوری گروپە دژ بەیەکەکان بەتایبەتی "ماتۆرسکیل" سوارەکان لە سویدا مێژوویەکی کۆنی هەیە.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پێش ئەوەی لەدایکبی لەوێی، کاتێ لەسەر خاکی وڵاتەکەش لەدایک ئەبی و ئەبێت خاوەن ماڵیبت، کەچی هەر کۆچبەر و بێگانە ناسنامەتە تا ژیانئاوایی.

پێداویستی ژیان و خودی ژیان:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، کۆی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە بوونی هەیە بەڵام خودی ژیان بوونی نیە. ژیان بریتی نییە لە پێدوایستییەکانی ڕۆژانە، لە سامان و مۆڵکداری، لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری و ئاوی بەردەوام و خاوێن، لە ئۆتۆمبێلی گرانبەها...هتد بەڵکو ئەمانە هاوکارن بۆ ژیانێکی خۆشتر، وە  نیوەکەی تری ژیان کە گرنگترین بەشی ژیانە "پەیوەندییە کۆمەڵایەتتیەکان و هاوڕییەتی، بوونی دۆست و خزماییەتی....هتدە. لە بەهەشتی ڕۆژئاوایا لاوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستێکایە کە مرۆڤەکان بەتایبەتی خەڵکانی بێگانە زۆربەی کات لەبیرکردن و تامەزرۆبوونی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکانا هەست بەچێژی بەشە تەواوکەرەکەی ژیان ناکەن کە خۆی لە خزمەتگوزاری و ئاسایش و سامان و ئاو کارەبا.....هتد ئەبینێتەوە.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، مناڵەکان هەموو مافێکیان بۆ دابینکراوە، پارکی یاری و باشترین فێرگە و چالاکی جۆراوجۆر بەڵام هەستی خاوەندارێتیان کپ کراوە، واتە مناڵێک کە نەوەی دایک و باوکێکی کۆچبەرن بەردەوام بەنازناوی "بێگانە، سەر ڕەش، خەڵکانی ئەو دیوو سنور، هاتووەکان...." هەستەکانی دەمەزەرد ئەکرێتەوەو سەرەنجام هەستی خاوەندارێتی و خاوەن خاک و ئاڵا و نیشتمان لەدەستەیا.

كارو ژیان:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، مرۆڤەکان بەکرێگیراوی کۆمپانیاکانن و بە خولەک و کاتژمێر مامەڵەیان لەگەڵا ئەکرێ، واتە مرۆڤەکان بەرامبەر ئەو کاتەی کە لەکارایە پاداشت وەرەگرێ. ئەگەرچی ئەمە بەیاسا ڕێکخراوەو کەس مافی نافەوتێ ئەگەر کارەکەی کاری یاسای "سپی" بێت واتە مانگانە باج بات و بەنهێنی کاری "ڕەش" نەکات. نابێ ئەوەش باس نەکرێ کە لەکاتی نەخۆشی و خود یان مناڵ و کەسە نزیکەکانا ئەکرێ بۆماوەیەکی دیاریکراو نەچی بۆ کارو بەشی زۆری مووچەکەش وەرگری، بەلام ئەمانە ناتوانێ ئەوە بشارێتەوە کە کۆمپانیاکان مرۆڤەکان وەک ئامێرەکان ئەبینن نەک مرۆڤ، بۆ نمونە لە ساڵێکا تەنها ٥ هەفتە پشوو هەیە بەڵام خاوەنکار بەگوێرەی بەرژەوەندی کار و کۆمپانیاکەی خۆی کاتی پشووی ساڵانە قبوڵ "گیرا" ئەکا.

بوون:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، تۆ خۆت بوونت نیە، بەڵکو ئەوەی کە هەتە بوونی هەیە، ئەگەرنا تۆ تەنها ژمارەی. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سیستەمەکە بەجۆرێک ڕێکخراوەو کارەکا، ئەگەر کۆی تەمەن کۆی ئەرکەکانی سەرشان بەبێ دواکەوتن و کەموکوڕییەک جێبەجێ بکەیت و تەنانەت بۆ یەکجاریش کرێی خانوو یان هەر پسوڵەیەکیتر دوانەخەیت و لەکاتی خۆیا یان زۆر پێش کاتی خۆشی بیگەیەنیتە دەست لایەنی پەیوەندیدار، کەچی هەرنابێتە هۆکارێک یان ڕێگر لەوەی کە ئەگەر بەهەر هۆکارێکبێت نەتوانی کرێیەیک یان پسوڵەیەک نەیەیت یان تەنانەت دوایبخەیت یان بیربچی و چاوپۆشیت لێبکرێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ رووبەڕووی لێپرسینەوە و ناو ڕەش بوون ئەبیت "هەڵبەتە دوای ئاگادارکردنەوە"، ئەمەش یەک واتا ئەگەیەنێ کە مرۆڤەکان لەناو جۆرە سیستمێکی وەهایا تەنها ژمارەن و یان ڕوونتر بڵێین ئەوەی کە ئەیکەن و کە هەیانە بوونی هەیە لەنێو سیستمەکەیا ئەگەرنا تۆ خۆت دیارنیت، هەڵبەتە ئەمە بۆ کۆی خەڵکەکەیە نەک تەنها بێگانە و کۆچبەرەکان.

یاسا و بەها کۆمەڵایەتییەکان:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، ئەوەی ڕێزی لێئەگیرێ یاسایە، کە ئەمەش کارێکی باش و پۆزەتیڤە، بەڵام نابێ ببێتە هۆکارێک کە جێی کۆی بەهاکانیی تری کۆمەڵگە بگرێتەوانێ. ئەوەی کە ڕێگرە لە ڕۆژئاوا کە تاوانەکان کەمتربن یان خەڵکی دەست بۆ شتێ نەبا کە هی خۆی نیە، یان هیچ شتێک نەبات پێس ئەوەی پارەکەی بات ئەگەر شوێنەکە چۆڵیش بێت و درگاکانیش کراوەبن ئەوە ڕێزگرتن نییە لە بەهاکان هێندەی ڕێزگرتنە لە یاسا چونکە یاساکان بەجۆرێک وورد داڕێژراون کە بەرامبەر هەر تاوانێک سزایەک دایریکراوە و ڕزگاربوون لەهەڵە بوونی نیە بەبێ سزا، واتە ئەگەر خەڵکی دڵنیابن کە کۆمپانیایەک کۆی کامێراکان ئەکوژێنێتەوە و کارمەندەکانیش هیچ کاردانەوەیەکیان نابێ و دوورئەبن لە سزا ئەوا ڕێژەی دزی بۆ سەرو نیوە زیائەکا، ئەمەش بەپێی دواین توێژینەوە کەلەسەر بوون و نەبوونی یاسا و کامێرای چاودێری کراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕێنرێتەوانێ کە لە پەروەردەی کۆمەڵگەیا هێندەی گرنگی و باسی یاسا و سزا ئەکرێ زۆر لەوە کەمتر گرنگی و باس لە بەهاکانی تر ئەکرێن. سەرەنجام مرۆڤەکان گەشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە یاسا کۆی کایەکانی ژیانی گرتۆتەوە و ئەیانپارێزێ. بەلام پرسیارە گرنگەکەی ئەو توێژینەوەیە ئەوەبوو، ئاخۆ لە نەبوونی یاسا و ڕێساکانا ڕێژەی تاوان چەن زیابکات و چەن کاتی پێویستبێ تا کۆمەڵگە لەبری یاسا و لەبەر ڕێزگرتن لەبەهاکان لەتاوان دوور ئەکەونەوانێ؟

ئەمە لە ڕۆژهەڵات بەگشتی وە بەتایبەتیش لە کوردستان جیاوازترە و تا ئێستاش ڕێزی دراوسێ، هاوپۆڵ، هاوشار، هاوڵاتی، هاوڕییەتی...هتد ماون. ڕێز زیاتر لە خۆت و بوونت وەک هاوڵاتی ئەگیرێ بەپێچەوانەی ڕۆژئاواوە کە هێندەی ڕێز بۆ یاسا هەیە و ڕێز لە یاسا ئەگیرێ، کەمتر ڕێز لە خود ئەگیرێ! ئەگەر بازاڕی دراو یان دەستگێڕ و ئەو خەڵکانە بەنمونە وەرگرین کە لەسەر شۆستەکان پارەیەکی زۆریان لەسەر مێزەکانیان داناوە کەمترین ڕووداوی دزی یان پەلاماردان و دەستبەسەراگرتن ڕوویاوە لەکاتێکا سالانی پێشوو نەکامێرای چاودێری هەبوو نە یاسا و ڕێساکانیش بەهەند وەرەگیران.

کارەکتەر و کەسایەتی:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، دروستکردنی کارەکتەر و کەسایەتی زۆر ئاسان نییە، لەوەش قورستر ئەوەیە کە بتوانی کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکان دابنێی ئەگەر کارەکتەری سیاسی باڵا یان مێدیاکارێکی زۆر ناسراو نەبی، واتە کەسەکان کەمتر دەرەکەون و کەمتریش ئەبنە سیمبول یان کاریزما، ئەمە وێڕای ئەوەی کە هیچ کاریزما و خەلکێکی ناسراو ناتوانێت بەشداری گۆڕانکارییەکان بکات و بۆچوونەکانی بەهەند وەرناگیرێ ئەگەر لەدەرەوەی بازنەی بەڕیوەبردن و بڕیاردانابێ،  کە بەندە وەک خۆم ئەمە بەکارێ گونجاو و ڕێگە ڕاستەکە ئەبینم بەراورد بەوەی لەمەڕ خۆمان هەیە کە ئەگەر کارەکتەرێکی چالاک بیت ئەتوانی بەشداری گۆڕانکارییەکانبی.

سامان و باری دەروونی:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پارەیەکی زۆر هەیە بەڵام زۆرترین خۆکوشتنیش هەیە بەراورد بە ڕۆژهەڵات، کە ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ بوونی سامانی زۆر خۆشگوزەرانی ناهێنێ، بەڵکو خۆشگوزەرانی سەرچاوەکانی زۆرن و ئەکرێ سامان تەواوکەری یەکێک لە سەرچاوەکانی پێکهێنەری خۆشگوزەرانی بێت.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، خزمەتگوزارییەکان بەردەست و ئامادەن، شەقام، ئاو، کارەبا، فێرگەی خۆڕایی، چارەسەر و نەخۆشخانەی بێ بەرامبەر، بیمەی کۆمەڵایەتی، خانەی مناڵ و نەوجەوانی بێ دایک و باوک یان دوورخراوە، خانەی خەڵوەتگەی پیری، مووچەی مانگانە و کرێی خانوو بۆ خەڵکانی بێکار یان پەکەوتەو و کەمئەندام، بەڵام زۆرترین ڕێژەی خەمۆکی "کەئابە"ش هەر لێرەیە، بەواتای ئەوەی کە بوونی خزمەتگوزاری بەبێ تێکەڵەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی تاکەکان ناتوانێ خۆشگوزەرانی و کەیف و ئاسودەی بەخشبێ.

دووڕووی لە جێبەجێگرتنی یاسا:

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، سووتانی هەموو ئاڵایەک ئەچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەبڕینەوە جگە لە ئاڵای پەلکەزێڕینەی هاوڕەگەزخوازەکان نەبێت، ئەمە لە کاتێکا تەنانەت سوتاندنی قورئان و ئنجیل و تەوراتیش ڕێپێیراوە کە ئەمەش دوو ڕوویەکی ئاشکرایە لەکاتێکا سووتانی کۆی ئاڵاکان و پەرتووکە ئایینییەکان ڕێگەپێیراوبێت بەلام سوتان و دڕاندنی ئاڵای هاوڕەگەزبا و هاوڕەگەزخوازەکان بچێتە چوارچیوەی سوکایەتی و پێشێلکردنی ئازادی کەسێتییەوە.

* لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پەناخوازان و هەڵهاتوانی دەستی جەنگ و دیکتاتۆر بەتایبەتی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئاسیا، ئەفریقا ئەمریکای لاتین ئەخرێنە ژێر پەستان و پەڵپی فێربوونی زمان، کارکردن، گەڕان بەدوای خانوو و دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێ بوون، پرسیارکردن لە ڕابردوو و خۆناساندن و خۆساغکردنەوە، چاودێری ڕەفتار و بەشداری کردن لە شێوازی پەروەردەی مناڵ.... هتد، کەچی ئەمە خوا پێیاوەکانی ئۆکرانیا ناگرێتەوە، بۆ میوانە خاوەنماڵەکانی ئۆکرانیا هۆکارەکانی گەیاندن، نەخۆشخانە، خانووبەرە، گەشتکردن، ئامێرەکانی پەیوەندی و ئامێرەکانی....هتد هەمووی بە خۆڕاییە ئەمە وێرای ئەوەی مناڵ و گەنجی ئۆکرانیا بەبێ سێ و دوو ئەخرێنە باشترین فێرگە. ئەوەی پێویستە بۆ ژیانکردن بۆ هاتووەیەکی ئۆکرانی بەردەستە و بگرە ئەو پۆشاک و جانتا و پێڵاوەی ئەوان بەکاریئەهێنن تەنانەت بۆ خەڵکانی وڵاتانی خانەخوێش دابینکردنی ئاسان نییە ئەمەش دیاسانەوە دووڕووی جیاکاری و پلەبەندی مرۆڤایەتی لای ولاتانی ڕۆژئاوا ئەسەلمێنێ کە چۆن جیاوازی لە نێوان هەڵهاتوویەکی دەستی جەنگی وڵاتانی نائەوروپی و ئەوروپیا ئەکەن ئەمە وێڕای ئەوەی خەڵکانی نا ئەوروپی ئەگەر کۆی ڕۆژ و ساڵەکانی تەمەنی لەو وڵاتە بەسەر بەرێ هەر نازناوی بێگانەی لێنابڕی و هەمیشە هەر پێی ئەوترێ خەڵکی بێگانە.

ئەم هەیرە ئاو زیاتر ئەکێشی بەڵام ئەکرێ ئەوەی لەسەرەوە باسکراوە بەسبێت یان لایەنی کەم بەشی ئەوە بەرچاو ڕوونی بۆ کەسێک تیابێ کە خەو بە بەهەشتتێکی خەیاڵییەوە ئەبینێ و زێد و خۆشەویستانی خۆی بۆجێئەهێڵێ.

هەڵبەتە بابەتەکە ڕێژەییە واتە مەرج نییە هەموو ئەو خاڵانەی باسکراون لە کۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا و کەسایەتییەکان وەک یەکبێت، بەواتای ئەوەی ئەکرێ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر جیاوازتر و لە شوێنێک زۆر و لە لایەکیتریش کەمتر.

بەکورتی گۆڕینەوەی ئازار بە ئازارێکیتر چارەسەر نییە، لەسەر خاک و زێدی خۆت خزمەتگوزاری و هەموو مافێکت نییە، لەسەر خاکی بێگانەش هەستی نامۆی و غوربەت و تەنیای تەنگت پێهەڵەچنێ، ڕوو لە ژیانێک کە ئازارشکێنی کۆی ژانەکان نییە، ڕوو لە خەونێک کە لەوێش پڕ نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×