زانـکۆمـان بـۆچییـە؟!

فازیل شەوڕۆ
  2023-03-14     416

فـازیـل شــەوڕۆ

 

لەبڕی پێشەکی:

   خوێنەری بەڕێز، ئەوەی دەیخوێنیتەوە، پەخشانە نووسراوێکی ڕۆمانسیی قەڵەمبەدەستێکی ئاشقی نیو باخ و چیمەنەکانی زانکۆکان نییە. هەروەک گوتاری حەکیمێکی ئەزموونداری تەریقەتێکی ژیانناسیش نییە. بابەتەکەم، نە هاواری بانگخوازی پشت بڵندگۆی زمان درێژەکانە، نە وتاری پڕ ڕەوانبێژی و داڕشتنی تۆکمداری وتاربێژی نێو ئاپوورەی خرۆشاوە.  مەرام و مەبەستی ئەم نووسینەم، تەنها بۆ ورووژاندنی چەند پرسیارێکە، تایبەت بەو دەزگایەیی پێدەڵێن (زانکۆ)؛ پرسیارگەلێک کە پێویستە باڵاترین بەرپرسی ئەو دەزگایە، کە وەزاڕەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، تا بەردەست و باخەوان و پاسەوان و دەرگەوانی ئەو دەزگایە دەبێ لە خۆیانی بکەن. سنووری پرسیارەکان، تەیەمان و تخوبی زانکۆکانیش دەبەزێنن و ڕووبەرووی باڵاترین بەرپرسی ئەم هەرێمە دەبێنەوە و شۆڕدەبنەوە تا دەگەنە نێو مێشک و هزر و هۆشی ئەو پاککەرەوانەی خاشاکی دەوروبەری زانکۆکان پاکدەکەنەوە.

   ئەوەی لێرە دەیخوێنیتەوە، سەرچنیی چەند مانگێک لە گەڕان و سۆراغی منە، لە نێو نوێترین و باشترین کتێب و سەرچاوە، کە بە چەندان زمان نووسراون و وەک کولێرەی گەرم ئێستاش هاڵا و بۆنی تەندووریان لێدێ ــ چاپەکانیان هێ ئەم دوو سێ ساڵەی دواییە، واتا زانیاریی نوێ، بیرۆکەی سەردەمییانە، پەیامی هاوچەرخ و ئەزموونی پێشکەوتووترین زانکۆکانی جیهان، کە نووسەر و لێکۆلەر و مامۆستای شارەزا و کارامە و پسـپۆڕ، قەڵمکارییان تێدا کردووە.

زانکۆ، یانی چێ؟

    لە زمانی ئەوروپایدا، ڕەچەڵەکی ئەو وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی لاتینی دێرین (universitas)، کە بە واتای "دەستەیەک لە مامۆستا و خوێندکار"دێ. بەڵام، وەک زاراوە، بەو دەزگایە یان مەڵبەند و جێگایە  دەگوترێ کە خوێندن و پەروەردی ئاست بەرزی تێدا دەخوێندرێ، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینە و توێژینەوە و ساغکردنەوە، بە مەبەستی وەدەست هێنانی پلەیەکی ئەکادیمی باڵا لە بڕوانامەی بەکەلۆریوس (undergraduate) و پلەی ئەکادیمی و پسۆڕییە باڵاکانی  دیکە(postgraduate).

ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، (جامعة القرويين)، کە لە شاری فاسی وڵاتی مەغریبە، بە کۆنترین زانکۆی جیهان  دادەنێ، لە ساڵی (٨٥٩)، لەسەردەمی فاتیمییەکاندا  دروستکراوە و ئەکادیمیانە بابەتی زانستی تێدا خوێندراوە  و  پلە زانستیی بە دەرچووانی بەخشیوە. هەرچەندە لە ئەوروپادا لە سەدەی شەشەمدا، قەشە و ڕەبەنەکان، زانکۆی تایبەت بە خۆێندنی لاهوتییان  هەبوو.

      دەتوانین بڵێین، لە نێوان سەدەی پانزدەم و هەژدەمدا، زانکۆ، بە واتا زانستییەکەی، هات لە ئەوروپادا، لەسەر پێ بوەستێ و گەشە بکات. بەڵام تا کۆتایی سەدەی نۆزدەم، پێ نەنایە ئەو قۆناغەی کە پێدەوترێ: قۆناغی زانکۆی مۆدێرن، ئەوەبوو لەو ڕۆژگارەدا دوو فەلسەفە، تایبەت بە زانکۆ، لە ئەوروپا بووە مۆدێل:  قوتابخانە یان فەلسەفەی زانکۆی ئەڵمانی کە بە نموونەی (هۆمبۆلت) ناسراوە ــ

 (1765 -1835  Friedrich Wilhelm von Humboldt)

بنەماکەشی سێکوچکەی:"سەربەستی، سیمنیار، تاقیگە" بوو. بەرانبەر قوتابخانە یان فەلسەفەی فەرەنسی، کەبونیاتنراوە لەسەر:"یاسا و ڕێسا و لێپێچینەوە و جەڵەوگرتنی خڕ کایەکانی خوێندنی زانکۆ."

    ئیمڕۆش، کە پتر لە (٢٥) هەزار زانکۆ لە جیهاندا هەیە، دەستوور و شێواز و سیستمی جۆرەها فەلسەفەی پەروەردەکردن و بەڕێوەبردن پەیڕەودەکەن، تا ئەو ڕادەییەی کە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان "فەلسەفەی تایبەت بە خۆیان" بۆ زانکۆکانیان داڕشتوە و پەیڕەوی یاسا و ڕێساکانیان دەکەن. ــ دواتر قسە لەسەر ئەم خاڵە دەکەین.

(4) ئامانجە ئاڵتونییەکەی زانکۆ:

ئامانجی یەکەم: زانست و مەعریفەی سەردەمییانە:

     پێگەیاندن و پەروەردەکردن و ئامادەکردنی زانکۆییەکان(خوێندکاری زانکۆ) بە نوێترین و سەردەمییانەترین زانست و مەعریفە و زانیاریی کەرەستە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم، بە شێوەیەک کە بتوانن هاوتەریب و هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتە پشکەوتووەەکاندا هەنگاو هەڵگرن و لە بوارە پسپۆڕییەکانی خۆیان لێزانانە و کارامانە و سەرکەوتووەکان ئەرک و پەیامەکانیان جێبەجیبکەن، ئەمە بۆ ڕشتە مرۆی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکانیش هەر درووستە.

ئامانجی دووەم: ئابووریی بەهێز و تۆکمە:

   پشتیوانیی کردنی ئابووریی فرە لایەنی وڵات، لە بووژانەوە و گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی تیکڕای بوارە جیاجیاکانی ئەو کەرتە بایەخدارەی وڵات، کە کۆڵەگەی دەوڵەت و کۆمەڵ و تاکی هاووڵاتییە. خەمڵین و پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی وڵات، ئیمڕۆ، ئەرک و خەمی گەورەی زانکۆکانە. لەوێڕا، ئایندەی ئابووری و دارایی وڵات دەستنیشان دەکرێ و نەخشە و بەرنامە و ئایندەخوێندنەوەی بۆ دەکرێ. زانکۆ داینەمۆی بەڕێوەبردنی بازاڕی گەورەی وڵاتە.

ئامانجی سێیەم: بونیاتنانی ئایندە:

   هەموو پەیام و ئەرک و کاری زانکۆ، ڕاستەوخۆ، لەخزمەت ئایندەی وڵات و مرۆڤایەتی دایە. ئەوە زانکۆیە ژیان و ژینگە و خەون و دیدگاکانی ئایندە دەخوێنێتەوە و کارییان بۆ دەکات. نەخشە و پلان و پڕۆگرامەکان پتر بۆ ژیانی ئایندە و بونیاتنانی ئایندەی وڵات و جیهانە. زانکۆ داڕێژەر و دیزانسازیی هەموو نەخشەکانی ئایندیە، لە گشت بوار و کەرتەکان پەیوەست بە مرۆڤ و ژینگە و ژیانی داهاتووە.

ئامانجی چوارەم: بە گلۆباڵیزمکردنی زانست و ئابووری:

    سەدەی بیست و یەک، بە سەدەی عەولەمە و شاڵاوی بێسنووری تەکەڵۆژیا پشکەوتووی سەردەم ناوزەند دەکرێ. هەموو دەرگا و پەنجەرەکان بە ڕووی تاک و کۆمەڵدا کراوەنەتەوە و هەموو تۆڕەکانی ژیان هێندە ئاڵۆزانە بەیەکەوە بەستراونەتەوە کە مەحاڵە کەس بتوانێ گۆشەگیری یان  دوورەپەرێزی بکاتە کونجی ژیانی خۆی. پەرژەوەندییە فرە لایەنەکان، تێکئاڵاون و تێکسمڕاون، پێگەی ئابووری،  دارایی،  تەکنەڵۆژی، زانستی، تەنانەت ئەدەبی و هونەریش، کەوتوونەتە ژیر ڕکێفی ئەو دیاردە سەرتاسەرییەی جیهان. ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان عەولەمە و کەلتوور و داب و نەریت و ئایین و عورفی کۆمەڵایەتی، هۆشیاریی و بلیمەتی بیرمەند و زانایانی گەرەکە. ئیمڕۆ، لە دەرەوەی عەولەمەدا، ژیان ئەستەمە.

(٥) فاکتەرە سەرەکییەکەی زانکۆی ئاستبەرز:

     هەقمانە بپرسین، ئەو بنەما و فاکتەرانە چین، کە وادەکەن ئاستی زانستیی هێندێ لە زانکۆکان، بە گوێرەی پلەبەندیی جیهانی زانکۆکان، هەمیشە لە ڕیزبەندی پێشەوە دابن؟  هەرچەندە بەرنامە و پڕۆگرام و سیستمی خوێندنی زانکۆکان، بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەر دادێ و ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی پێشکەوتووتر و سەرکەوتووتر دەهاوێن، بەڵام، هەرنەبێ لە خوێندنەوی سیستم و پڕۆگرامی (١٠)  زانکۆ یەکەمینەکانی جیهان، سەروبەندی هێندی لەو فاکتەرانەمان بۆ ئاشکرادەبن، کە ئەمانەن:

یەک:  هاوسەرگیریی نێوان تەکنەڵۆژیا و زانست:

      مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ  و بابەتە زانستییەکان، هەر سێکیان بەیەکەوە، لە هەموو خوێندنەوەیەک و لێکۆڵینەوەیەک و چالاکیی زانستییدا، ڕاستەوخۆ، کەرەستە و ئامێر و داتا و زانیارییە تەکنەڵۆژییەکانی سەردەم بەکاردەهێنن. بە واتایەکی دیکە بەدەر لەو تەکنەڵۆژیایە بایەخدارە، ئەوان دەست و پییان سندم دەکرێ و مەحاڵە بتوانن کارەکانیان سەرکەوتووانە ئەنجام بدەن و بگەنە ئەو ئەنجامانەی کاری بۆ دەکەن. لەو زانکۆیانە کەرەستەی تەکنەڵۆژیی زۆر پشکەوتوو و گران بەهایان، بە پێی پێویستی خۆیان لە بەردەستە. تاقیگەی زانستیی هەیە لەو زانکۆیانە کەرەست و ئامێرەکانیان لەسەرووی ملیۆن دۆلارە... .

    ئیشکردن و ئەنجامدانی کارەکان لە نێوان مامۆستا و خوێندکارەکان، مەرج نییە لە ژێر بنمیچی یەک پۆل و هۆڵدا ئەنجام بدرێن، بەڵام مەرجە، کارەکانیان هەروەرزی بێ، جا با هەر یەکەی لە جێگەیەکیش بێ، هەمووان لە ژێر فرمان و ڕێنمای و سەرپەرشتیاریی مامۆستاکانیان دان. کارکردنی  هەماهەنگی و یەک خێزانی، مایەیی سەرکەوتنیانە.

دوو: داهێنان:

    ئەگەر جاران، زانکۆکان پتر خەریکی لێکۆڵینەوە بووبن بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی خوێندکاران و بڵاوکردنەوەی مەعریفە، ئەوا ئیمڕۆ زانکۆ دەبێ داینەمۆی داهێنان بێ. گەڕان و سۆراغکردن و لێکۆڵینەوە بە مەبەستی دۆزینە و کەشفکردنی (زانستی نۆێ)، خەون و خەمی گەورەی ئەوانە. بە واتایەکی دیکە، جاران زانکۆکان سەرقاڵی ئەو شتانە بوون کە بوونیان هەبوو، ئێستا دەبێ سەرقاڵی ئەو شتانەبن کە بوونیان نییە، هەنە بەڵام کەس دەستی بۆ نەبردوون و کەشف نەکراون. دەبێ زانکۆیی، شتێکی نوێ، بەرهەمێکی نوێ، ئامێرێکی نوێ، کەرەستەیەکی نوێ دابهێنێ، جا با ئەو داهێنانە لە درووستکردنی کەوچکێکی چا، یان دەرزییەک یان  بزمارێک بێ!

     ڕووبەر و جیهانی داهێنانەکان، بە قەد گەردوون فراوان و کراووەن. خوێندکار سەرپشکە، مەراقی چییە و چی لە دڵی خۆێیدا گرتووە، گرنگ ئەوەیە بابەتێکی (نوێ)  بخاتە بەردەست و بازاڕ. دەکرێ قەسیدەیەک، بەرنامەیەک، نەخشەیەک، ئامیرێک، بێ ... کە بتوانرێت بەرائەی داهێنانی بۆ وەرگیڕێ. مامۆستا، نمرە لەسەر داهێنان دادەنێ، نەک پەڕەی سپی. جا چەندە داهێنانەکە زانستییانە  و پیشەسازییانە و  شیاوی بازرگانی بێ، ئەوا ئەوەندە بەرزتر سەیر دەکرێ. ڕۆژانە لە زانکۆ پێشکەوتووەکاندا، نزیکەی (١٣) داهێنانی نوێ و تازەبابەتە دەخرێتە بازاڕ.

سێ: دووانە ــ بابەتی:

    هەروا باو بووە، خوێندکاری زانکۆ، یەک بابەت دەکاتە ڕشتەی سەرەکی خوێندنی خۆی، وەک بابەتی فیزیک، بابەتی جوگرافیا، بابەتی فەلسەفە، بابەتی نەوت، بابەتی کارگێڕی... تاد.  بەڵام لە زۆر لە زانکۆ ئاستبەرزەکاندا، بژاردەی دوو بابەتی ئیجبارییە، لێکۆڵێنەوەکان، دەریانخستتوە، سەرقاڵکردنی خوێندکار بە یەک بابەت، توانای بیرکردنە و داهێنانی لاواز دەکا و زۆر دەرگای بەڕوودا دادەخا. دەبێ ئەو بیر لە شتی دیکەش بکاتەوە، و بزانێ چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکا. لێرەدا زۆر بەلای پسپۆڕانی ئەو زانکۆیانە جێگەی بایەخە بتوانن وا بکەن خوێندکار، دەستێکی بابەتێکی زانستی بێ و دەستەکەی دیکەی بابەتی هونەر و ئەدەبی و مرۆیی بێ. خوێندنی پڕۆفیشیناڵی جیاوازە لەگەڵ خوێندنی زانکۆیی سەردەم. دوو جیهانی سەربەخۆن.

چوار: خۆفێرکردن تا مردن:

   فەلسەفەی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی زانکۆی سەردەم بریتییە لە ڕاهێنانی زانکۆیی لەسەر بەدواداچوون و کۆشش و سەعیکردنی دوای تەواوکردنی کۆلێژیش. بەخشینی بڕوانامە، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی زانکۆ، نابێتە زامن و گڕانتی سەرکەوتنی زانکۆیی. بۆیە زانکۆی سەردەم هەوڵدەدات، خوێندکارانی بەردەوام بن لەسەر خوێندن و فێربوون تا مردن. ئەوان زانکۆییەکانی خۆیان وا پەروەردە دەکەن، کە هەمیشە، دوای دەرچوونیشیان، بەدوای زانیاریی و زانست و مەعریفەی نوێدا بگەڕین و لە پیشە و کارەکانیانیدا پڕاکتیزەیان بکەن. تەنانەت، زانکۆ هەیە، داوا لەو خوێندکارانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان وەرگرتوو، دوای چەند ساڵێک، بچنەوە بەرخوێندن و زانیارییەکانیان لەوێ جۆش بدەنەوە. زانکۆکان دەیانەوەی دڵنیا بن کە ئاستی ئەو دەرچووانەی خۆیان، دوای چەندان ساڵێش، دانەبەزیووە و لەگەڵ گۆڕانکاریی سەردەمەکەدا هاوتەریب بۆ پێشەوە دەڕۆن. ئیستا زانکۆ خوولی کراوە و بەردەوامی هەیە بۆ ئەو دەرچووانەی حەزدەکەن زانیارییەکانیان دەمەزەرد بکەنەوەو پتر گەشی پێبدەن.

پێنج: زامنکردنی باخەڵێکی گەرموگۆڕ بۆ زانکۆییان:

مەسرەفی خوێندن لە زانکۆدا، لە وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا قورسە. زانکۆیی، جگە لە خەرجی خواردن و هاتوچۆ و پۆشاک و کەرەستە و داپێویستی خوێندن و جێگەی خەوتن، ساڵانە، بە ڕێژەی (٣٠) هەزار دۆلاری دەوێ. ئەو بڕە پارەیە بۆ خوێندکار زۆرە. بۆیە بیریان لە سەرچاوەیەک کردووەتەوە، بۆ دەستگرتنی زانکۆکانیان. ئەمەش بە یەکێک لەو ڕێگایانە: حکومەت، لە ڕێی بانک، کۆمەکی خوێندکاری هێندێ زانکۆ دەکات، بە بەخشینی بڕەپارەیەک بۆ کرێی خوێندن، هەرچەندە ئەو بڕە پارەیە کرێیەکە بە تەواوی پڕ ناکاتەوە بەڵام یارمەتییەکی باشە، ئەو کۆمەکە پێی دەگوترێ (Grant). یان هێندێ کۆمپانیا و کارگە، یارمەتی ماددی خوێندکار دەدات، وەک بەخشینی پێشینە، بەو مەرجەی کە زانکۆی تەواو کرد، لە لای ئەوان دابمەزرێ. سەرچاوەی سێیەم، ئەو دەزگا خێرخوازە زەبەلاحانەیە، کە توانای بەخشینی کۆمەکیان بە خوێندکاران هەیە. ئەوان ساڵانە یارمەتی ژمارەیەکی بەرچاو لە زانکۆییان دەدەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە چینی هەژار و کەمدەرامەتەکانن. زانکۆ هەیە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیە زەبەلاحەکان هەیە بۆ زامنکردنی کرێی خوێندکارەکانی.

بۆچی زانکۆ بە بایەخترین  دەمەزراوەی پەروەردەیی دادەندرێ؟

     زانکۆ بە بایەخترین و باڵاترین و پیرۆزترین مەڵبەند پەروەردەیی دەوڵەت و مرۆڤایەتی دادەندرێت. هەرگیز وەک قەسر و تەلار و باڵەخانەی بەرز و گەورە و فراوانی پر ژوور و پۆل و هۆڵ و تاقیگە و باخ و چیمەن سەیر ناکرێت. زانکۆ ئۆرگانێکی زیندووە لە جەستەی کۆمەڵ و نەتەوە و مرۆڤایەتیدا، کە خاوەن ڕۆحی خۆی و دەنگی خۆی و جیهانی خۆیەتی، هەرچەند بۆخۆی بەشيێکە لە پێکهاتە ئۆرگانییەکانی کۆمەڵ، بەڵام نەخشەدانەر و بریاردەری چارەنووسسازیی ئایندەی ئەو کۆمەڵە و داهاتووی کۆی مرۆڤایەتییە.

ئەو خەسڵەتانەی، ئەو مەقام و پێگە باڵا و پیرۆزەیان بە زانکۆ بەخشێووە، زۆرن،  هەرە بەرچاوەکانیان ئەمانەی خوارەوەن:

یەک: مەجلیسی مامۆستای پسـپۆڕ و شارەزایە:

      بەدەر لە دەستە و ستافی بەڕێوەبەرانی کاروباری زانکۆ، ئەو شوێنە مەزنە کۆکەرەوە و دیوەخانی شارەزاترین و ئەزمووندارترین و زاناترین مامۆستای  پسـپۆڕی وڵاتن. وەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، خاوەنەکەی ناکاتە مامۆستای سەرکەوتووی زانکۆ، ئەگەر ئەو مامۆستایە خاوەن ئەزموون و دید و فەلسەفە و تێڕاونین و حەز و توانستیی جوان و تایبەتمەند و مرۆڤدۆستانەی خۆی نەبێ. هەمیشە، دەبینین، باڵاترین و بایەخترین دامودەزگای مەدەنی و سەربازیی وڵات، کە کێشە و قەیرانێکی گرێکوێراوی یاخەیان دەگرێ، هانا بۆ مامۆستای پسپۆڕی زانکۆکان دەبەن وەک ڕاوێژپێکرا و  دەستگر و ڕێنیشاندەر. دەکرێ ئەو دیوەخان و مەجلیسە (کە زانکۆیە) ناوبنێین (گەمیەوانانی ئەو کەشتییەی وڵاتێکی لەسەر پشتە).  لە وڵاتێکی وەکو ئایرلەندا، لە نێوان (١٠٠) مامۆستای زانکۆ، سیڤی یەک مامۆستا، ناوی دەردەچێ بۆ دامەزراندان. مەرجەکانیان قورسە، چونکە مەقامێکی بایەخدار دەگرن.  بۆیە لەو وڵاتەدا مووچەی مامۆستای زانکۆ، بە ڕێژەیی ، بۆ یەک ڕۆژ(٢٥٠ دۆلارە).

دوو: ماڵی بەهێزترین توێژی کۆمەڵە:

    خوێندکارانی زانکۆ، بە گشتی، ئەو کوڕ و کچانەنە کە لە هەڕەتی تافی لاوی خۆیاندان و (١٢) ساڵێک ئەزموونی خوێندنی پێشتریان هەیە. ئەو تەمەنە دیاریکراوە، قامتێک خەسڵەت و تایبەتمەندی بەوان دەدات، کە قەت  لە هیچ توێژێکی دیکەی کۆمەڵ بوونیان نییە و بە هیچ ئامراز و وەسیلەیەکیش خەلق ناکرێ و داناهێنرێ ــ تەنانەت بە زیرەکترین ڕۆبۆتی دروستکراویش. ئەو دەستە کوڕ و کچە گەنجە، لە پۆپەی گەشەکردنی مێشکدان و هزریان کراوەیە بۆ هەموو خوێندنە وە دۆزینە و داهێنانێکی نەبوو.  ئەوان خاوەن بەهێزترین ماسوولەکە و جەستە و بەرگری و لەشولارن، ئەوان، دەستەیەکی یەکجار خەوبین و ئومێددار و هیواخوازن. ئەوا جگە لەوەی کە پردی نێوان دوو کەناری رووبارێکن کە دوو جەمسەری گرنگی کۆمەڵ بەیەکەوە دەبەستنەوە، کەناری (هەرزەکاران و سەردەمی منداڵی) لەگەڵ کەناری (پێگەیشتووان و تەمەن هەڵکشاوەکانی کۆمەڵ). واتا، ئەوان بەردی قەپان و ڕاگری هاوسەنگی نێوان ئەو دوو بەشە بایەخدارەی کۆمەڵ و مرۆڤایەترین.

سێ: کۆکەرەوەی هەر چوار ئیقلیمە:

   لە نێو هەموو مەڵبەند و دامەزراوەکانی پەروەردەدا، تەنها زانکۆیە کە خوێندکاری هەرچوار ئیقلیمی وڵاتێک (یان جیهان) لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە  و بەیەکەوە ئاشنایان دەکا و پێکەوە کار و چالاکییش ئەنجامدەدەن. ئەمە خاڵێکی زۆر بایەخدارە، ئەو فڕە ڕەنگییە لە زێد و زمان و ئایین و ئایینزا و ڕەنگ و دەنگ و نەریت و کولتوور، بۆخۆی کتێبخانەیەکی زیندووە، هەمووان فێرە دەرسی تایبەت دەکات. لە هەمووش گرنگتر، گۆڕینەوەی ئەزموونەکان و دید و بۆچوونەکانە، کە ڕەنگە ببێتە مایەی خەلقکردن و داهێنان و دۆزینەوەی (شتی) نوێ.

چوار: سەردوکانی عەتارانە:

  جاران لە شارەکاندا، عەتار هەبوو، هەر شتێکت ویستبدیایە و لەسەر هەرشتێک مەحتەل بووبای، لە لای ئەو دەست دەکەوت، ئەگەر شتەکەی نەشبووایە، لە سەفەری دواتریدا بۆ پایتەخت ، بۆی پەیدا دەکردی. ئیمڕۆ، زانکۆ، کتومت، وەک دوکانی عەتارەکە وایە، کۆلێژ و بەش و سەکتەری تایبەتیان بۆ هەموو بوارەکان هەیە. لەو پەڕی ڕشتەکانی زانستی و تەکنەڵۆژییەوە بگرە، تا ئەو پيری جیهانی ئەدەب و هونەر و کەلتوور و بابەتە مرۆییەکان. ئەمەش جیگەی بایەخی زۆر مەزنە بۆ کۆمەڵ و دەوڵەت و مرۆڤایەتیش.  

پێنج: گیرسانەوەی  زەمەن لەوێدا  پێناو مرۆڤایەتیدا:

   ئەو دەزگایەی کە هەر (سی)پێکهاتەکەی زەمەن لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، زانکۆیە. (ڕابردوو ــ ئێستا ــ ئایندە) لە یەک کات و پتر لە یەک جێگەدا، توێژینە و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێ. هەموو قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤایەتی، لە خەلقەوە، بەیەکەوە دەبەسترێتەوە، بە مەبەستی تێگەیشتن و دۆزینە و داهێنانی نوێ، بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی. لە یەک وانەدا رەنگ بێ باسی چەرخی بەردین و ئیستا و داهاتووی پەنجا ساڵی دیکەدا بکرێ.

شەش: کانگا و سەرچاوە:

   هەرچەندە ئیمڕۆ کتیبخانەی گشتی و کتێفرۆش زۆرن، بەڵام کتێبخانەکانی زانکۆ بە کولێژ و بەشەکانییەوە، بە سامانێکی نیشتمانی بە بڕشت و بەسوود و بایەخدار سەیردەکرێن. زۆربەی زانکۆ ئاستبەرزەکان، وەک کانگا و سەرچاوەی خڕ زانبینیمان لەسەرتای (٢٠٢٠) کە پەتای کڕۆنا بڵاوبۆوە،  زانکۆکان پتر لە هەموو شوێنێک و تاقیگەیەک سەرقاڵی دۆزینەوەی چارە و ڤاکسین بوون. ئەمەش لەبەر زۆری سەرچاوەکانی بەردەست و تاقیگە.

حەوت: وێستگەی ئایندەسازیی:

  داهاتووی وڵات و کۆمەڵ و خڕ مرۆڤایەتی بەندە لەسەر دید و فەلسەفە و تێڕاونین و هەنگاوەکانی زانکۆ، زانکۆ  نەک هەر بریاردەرە بەڵکو نەخشەدانەر و چارەنوسوسسازیشە بۆ ئایندەی نەوەکان و هەرچی شتێ کە بە ئایندە بەسترابێتەوە. لە زانکۆدا پەیوەندی ئێمە و ئەستێرەکان دەستنیشان دەکرێ، ئیمڕۆ، لە زانکۆدا درێژی و پانی شەقامێکی سەرەکی لە شارێکی نوێدا بریاری لەسەر دەدرێ، لەوێ، دیمەن و ڕوخساری دوای سەدەیەکی داهاتوو، نەخشەی بۆ دەکێشرێ... ئەوەم  وەک نموونەیەکی بچووک ئاماژە پێدا. ماستەرپلانی هەموو شوێنەکان،  بە پشتیوانی پسپۆڕانی زانکۆ ئەنجام دەدەرێن، هەر خۆشی کادیری ئەو سێکتەر پێدەگەێنێ.

هەشت: دامەزراوەیەکی سەربەست و سەربەخۆ:

     خەسڵەتی هەر بەرچاوی زانکۆ ئاستبەرزەکان لەوەدایە، ئەوان سەربەست و سەربەخۆن لە: بەڕیوەبردن و سیستم و پەیڕەوپڕۆگرامی خۆیان. هەموو مامۆستایەک ئازدە و سەربەستە و مافی تەواوی خۆی هەیە لە هەر بەرنامە و پڕۆگرام و تاقیکردنە و ئەزموونێک کە خۆی بە باش و پێویستی دەزانێ. زانکۆ، بۆخۆی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە یان خاوەن ئۆتۆنۆمی خۆیەتی لە هەر هەموو بریار و بەڕێوەبردنی جومگەکانی کاروباری خۆی. قەت هیچ کەسێک، تەنانەت، سەرککۆماریش، دەسەڵاتی دەست تێوەردانی کاروباری ئەوانی نییە. لەو وڵاتانەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ تێیاندا بەرقەرارە، ئەگەر ڕۆژێ، پیاوێکی ئاسایش یان پۆلیسێک یان سەربازێک پێ بنێتە نێو حەڕەمی زانکۆ، ئەوا وەک ئەنجامدانی کوتادەیەک وایە و هەرای گەورەی بەدوا دادێ. تەنها وەزاڕەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، خاوەن دەسەڵاتە بەرانبەر زانکۆکانی. زانکۆ بۆ خۆی ئاغا و کوێخای خۆیەتی.

سێ پرسیارەکە:

خوێنەری بەڕیز، ئێستا دوای، ئەو گوزەرکردنە سەرپێیە، بە ناو وشەکانی ئەو بابەتەدا، هەوڵبدە وەڵامی ئەو (٣) پرسیارە بدەوە و ئەوجا بە ویژدانەوە، تێڕاونینی خۆت بۆ (زانکۆ) دەرببڕە:

پرسیاری یەکەم:

ئایا ئێستا دەتوانی جیاوازیی نێوان (زانکۆ کارتۆنییەکان) و (زانکۆ ڕەسەنەکان) دەستنیشان بکەی؟

پرسیاری دووەم:

ئایا ئێستا گەیشتییە ئەو قەناعەتە، کە ئەو زانکۆیەی، کەسێک یان تاقمێک، لە دەرەوەی شوورەی زانکۆ، بەڕێوەی دەبات و جەڵەوی دەگرێ، مەحاڵە بتوانێ بگاتە ئاستی بەرز؟

پرسیاری سێیەم:

ئایا ئێستا  درکت بەوە کرد کە بۆچی ئێمە و مرۆڤایەتی پێویستیمان بە (زانکۆی ئاستبەرزە) و زانیت ئێمە زانکۆمان بۆچییە؟

Facebook; fazil Shawrow

Email; fzgaedi@gmail.com

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×