کۆمەڵکوژی هەڵەبجەو خەمساردی دەسەڵاتدارانی هەرێم

عوسمان عەسکەری
  2023-03-17     427

هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا گەلی کورد ماتەمینی بۆ هەڵەبجەی شەهید دەگێڕێت کە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر و لە ١٦ ی ٣ی ١٩٨٨ دا، ڕژێمی عێراق بە چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی شارەکەی بۆردومانکرد. کۆی گشتی قوربانیانی ئەو تاوانە زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندو ڕزگاربووانیش هەتا ئێستا بەدەست ئەو نەخۆشیانەوە دەناڵێنن کە بەهۆی بەرکەوتنی گازەکەوە دووچاری بوون. تراژیدیای گەورەی هەڵەبجە لەوەدایە کە شەهیدان و ڕزگاربووانی شارەکە هەتا ئێستاش ئەو دانپێدانانە نێودەوڵەتیەیان بەدەست نەهێناوە کە دەبوو بەدەستی بێنن، هەر بۆیە نە حکومەتی عێراق، نە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ قەرەبویەکی مادی و مەعنەوی قوربانیانی شاری هەڵەبجەیان نەکردووە.

هەمووان ئەو ڕاستیە دەزانین لە هەلومەرجی بەریەککەوتنی زلهێزەکانی دونیاو نرخاندنی بەرژەوەندیەکانیاندا، دەنگی ئەخلاق و بەهای ئینسانیەت لەناو دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک لە ڕوانگەی گەورەیی تاوانەکەوە بڕوانینە کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە، ناتوانین پێداگری لەسەر ئەوە نەکەین کە ئەو بۆمبە ژەهراویانەی بەسەر هەڵەبجەدا خراونەتە خوارەوە، بە شێوازی خۆیان جیاوازن.! جیاوازیەکە لەوەدایە، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بەگازی ژەهراوی یەکێکە لە دڕندەترین تاوانەکانی دونیای سەردەم و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، خودی تاوانەکە ئەو هەڵوێستە ڕیسوا دەکات کە جیهان بەرامبەر تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەو تراژیدیای گەلی کورد هەیەتی.!!

 

کۆمەڵکوژی هەڵەبجەو یاسای نێودەوڵەتی.

بەپێی یاسای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و تاوانی جەنگە، کەچی بینیمان سەبارەت بە بۆردومانی هەڵەبجە، دۆخەکە تەواو جیاوازە، بەتایبەتی، هێشتا هیچ کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی و پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، بەفەرمی دانیان بەوەدا نەناوە ڕژێمەکەی سەدام بە چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی هێرشی کردۆتە سەر هەڵەبجەو ئەو تاوانە دڕندانەیەی ئەنجام داوە، هۆیەکەشی بۆ خەمساردی و بێ توانایی حکومەتی هەرێم و بێکەسی و گۆشەگیری گەلی کورد دەگەرێتەوە لە ناوچەیەکی دابڕاوی ئابلوقەدراودا.  

کۆمەڵکوژی هەڵەبجەو خەمساردی دەسەڵاتدارانی هەرێم.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاست گەورەیی تاوان و تراژیدیای هەڵەبجە ئفلیج و خەمساردە، هۆکاری بەشێک لەو خەمساردیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیا چەکسازیە ئەوروپی و ئەمەریکیانەی هاوکاری ڕژێمی بەعسیان کرد دەستی بگاتە چەکی کۆمەڵکوژ، بۆیە دەسەڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان لەپێناو پاراستنی ئەو کۆمپانیایانەدا کارێکی جدییان نەکرد تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە به‌جینۆساید بناسێنرێ و هه‌وڵێكی ئەوتۆیان نه‌داوه‌ كۆمپانیا به‌شداره‌كانی چه‌كسازیی رژێمی به‌عس بدرێنه‌ دادگا جیهانیه‌كان. ئەگەر ئەوە ڕووبدات عێراقی دوای سەدام و ئەو کۆمپانیا چەکسازیانە ناچار دەکرێن زیانه‌كانی بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه‌ ببژێرن. ڕەنگبێت ئەمەریکاو ئەوروپاش ترسی ئەوەیان هەبێت، ئەگەر عێراق بخرێتە ژێر باری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە، ئێرانیش داوای قەرەبووی ئەو بۆمبە ژەهراویانە دەکات کە سوپای عێراقی سەدام لەجەنگی دژ بە ئێران بەکاریانهێنا، بۆیە کەیسی هەڵەبجە وەک دەسکەلایەکی سیاسی زلهێزەکان، بەتایبەتی ئەمەریکاو بەریتانیا، سەردەمانێک بۆ داگیرکردنی عێراق بەکاریانهێنا، ئێستاش بۆ پاراستنی کۆمپانیا چەکسازیەکانیان لەدژی ئێران بەکار بێت.

 

     کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و قەرەبووی تاوان.

لەدوای ڕووخانی سەدام، لەژێر گووشاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، عێراقی نوێ بە بڕی ٥٣ ملیار دۆلار لەداهاتی نەوت ئەو زیانانەی کوێتی قەرەبو کردەوە کە بەهۆی داگیرکردن و سوتاندنی بیرە نەوتەکانی کوێتەوە لەلایەن سوپای عێراقی سەدامەوە بەر وڵاتەکە کەوتبوون، هاوکات ئسرائیلیش بەهاوکاری ئەمەریکاو ڕێکخراوی نەوتەوە یەکگرتووەکان بەبڕی ٨٠ میلۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق قەرەبووی وەرگرت لەباتی ئەو موشەکانەی سوپای عێراق لە کاتی شەڕی کوێت بە ئسرائیلیەوە نابوو، سەرباری ئەوانە ئسرائیل جارێکی دیکە داوای نزیکەی ٢٥٠ ملیارد دۆلار قەرەبوو لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئێران دەکات لەبری زیانی سەروەت و سامانی ئەو جولەکانەی لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا لە ئێران، عێراق، ئوردن، سوریا، لوبنان، میسر، یەمەن، جەزائیرو مەغریب دەرکران. لە کۆی ئەو ٢٥٠ ملیاردە ٢٠ ملیارد دۆلاری بەر عێراق دەکەوێت و دڵنیام ئسرائیل ئەو قەرەبووەش لە عێراق وەردەگرێت، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ڕشدو لێزانن، بە حەق و ناحەق پشتیوانی دەکرێن، بەتایبەتی ئەوان تەنیا لە خزمەتی گەلەکەیاندا کار دەکەن نەک ژیانی لوکسی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا.  

 

 

کۆمەڵکوژی هەڵەبجەو ئەرکی حکومەتی هەرێم.

هەتا ئازاری ٢٠٠٣ ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ئەوەی زەمینە بۆ داگیرکردنی عێراق خۆش بکەن بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، سەدام حوسێن چەکی کۆمەڵکوژی بەرهەمهێناوە. تەنانەت لە ٥ ی شوباتی ٢٠٠٣ دا، کۆڵین پاوڵ چووە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڵگەی هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژی لەعێراقدا خستە ڕوو، چونکە ئەوە تاکە ئارگیومێنت بوو کە ئەمەریکاو بەریتانیا توانیتیان لەڕێگایەوە قەناعەت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنن و عێراق داگیر بکەن، کەچی لە دوایین پشکنینەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکەی دا، هیچ بەڵگەیەکیان نەخستەڕوو کە عێراق چەکی کیمیاوی و بایۆلۆجی بەرهەمهێناوە، ئەوەش هۆدانێکە عێراقی دوای سەدام لەبەرپرسیارێتی تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە دەپارێزێ و قوربانیانی تاوانەکەش لە قەرەبوکردنەوە بێبەش دەکات. بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم و ڕۆشنبیرانی کوردستان خۆیان ڕێکبخەن و ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و بەدەستهێنانی بەڵگەنامەو ڕێکخستنی کۆنفرانسی تایبەت بەتاوانی جینۆساید تەرخان بکەن، لەو ڕێگایەوە هەوڵ بدەن سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانیەکان ڕابکێشن بەفەرمی دان بەتاوانی هێرشی کیمیاوی سوپای عێراق بۆ سەر هەڵەبجەو کۆمەڵکوژی ئەنفال و جینۆسادی گەلی کورددا بنێن، ئەوکات بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی زیان و قوربانیانی تاوانەکە بخرێتە سەر داهاتی نەوتی عێراق و ئەو کۆمپانیا چەکسازیانەی لە بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژدا هاوکاری ڕژێمی بەعسیان کرد.

 

بەڵگەکان

https://www.dw.com/ar//a-60718089

https://www.bbc.com/arabic/middleeast-46840901

https://www.nrttv.com/ar/detail3/3469

https://www.youtube.com/watch?v=W-KRtlq1nzg

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×